چۆن رێگری لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی نێوان هاوسەران دەكرێ؟
December 5, 2013
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پێویستە هاوسەران لە پابەندبوون بە خۆشەویستی تێبگەن
ئەڤین هروری ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پرۆسەی هاوسەرگیری لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا شێوەیەكی تەندروستی لەخۆ نەگرتووە»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «زۆرجار كچ ئەو دەرفەتەی پێنادرێت بە ئارەزووی خۆی هاوسەری ژیانی خۆی دەستنیشان بكات، بەڵكو لەلایەن خێزانەكەیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت». گوتیشی «ئەگەر هاوسەرگیری لەسەر بنەمایەكی تەندروست ئەنجام بدرێت و خۆشەویستی و لەیەكگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت، واتا خۆشەویستییەكە دوولایەنە بێت، ئەوا بێگومان ئەو خۆشەویستییە هەر بەردەوام دەبێت».
ئەڤین هروری ئەوەی ڕەتكردەوە كە دوای لەدایكبوونی منداڵ خۆشەویستیی هاوسەران بەرامبەر بە یەكتری كاڵ ببێتەوەو گوتی «دوو كەس دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و دەبنە هاوسەر و هاوژینی یەكتر، لەخۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش دەبن و دەبنە تەواوكەری یەكتری، گرنگ ئەوەیە هاوسەران لە پابەندبوون بە خۆشەویستی تێبگەن، ئەوكات بوونی منداڵ نەك ڕێژەی خۆشەویستییەكەیان بەرامبەر بە یەكتر كەم ناكات، بەڵكو بناغەی خێزان و خۆشەویستییەكەشیان قایمتر و توندوتۆڵتر دەكات».
فشاری ئابووری لایەنی مەعنەوی و عاتفی كاڵ دەكاتەوە
هروری هێما بۆ ئەوە دەكات كە «زۆرجار ئافرەت و پیاو بە مەبەستی بەسەربردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە هەردووكیان لەدەرەوە كاردەكەن، لەو كاتەدا پێویستە بەرنامەڕێژییەك بۆ ژیانی خۆیان دابنێن و كاتی قسەكردن و گفتوگۆكردن بهێڵنەوە، هەروەها پێویستە سەرقاڵبوون بە ژیان و ئەركی ڕۆژانە نەكەنە هۆكارێك بۆ ئەوەی دووقۆڵی نەچنە دەرەوە، یان سەیرانێك نەكەن، چونكە ژیان هەموو ئیشكردن و ماندووبوون نییە، ئەگەرچی ژیانی ئێستا بەرەو مەدەنییەت دەچێت و پێچەوانەی جاران كە چەند برایەك پێكەوە لەماڵێكدا دەژیان، بەڵام ئێستا پێش ئەوەی ئەو دوو هاوسەرە بچنە ناو پرۆسەكە، كار بۆ ئەوە دەكەن كە چۆن جێگە و ماڵێكی سەربەخۆ بۆ حەوانەوەیان ئامادە بكەن، ئەوەش باری ئەو دوو هاوسەرە قورستر دەكات، بێگومان كاتێك بیر و هزری مرۆڤ بە لایەنی ئابوورییەوە سەرقاڵ بێت، یان فشاری ئابووری زۆر بۆ خۆی دروست بكات، ئەوكات لایەنی مەعنەوی و لایەنی عاتفی كاڵ دەبێتەوە،
دابونەریت رێگر بووە لەوەی
گەنج بە هونەری مامەڵە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ئاشنابێت
دەروونناس سامان سیوەیلی سەرۆكی سەنتەری خێزان، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە زۆرینەی گەنجان و لاوانی وڵاتی ئێمە بە هونەری مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ئاشنا نین، سەبارەت بە هۆكارەكەشی گوتی «بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵگەكەمان زۆربەی گەنجان بە سایكۆلۆژی و پێداویستییە رۆحییەكانی ڕەگەزی بەرامبەر ئاشنا نین، تەنانەت لەنێو پڕۆگرامی خوێندنیشدا نەمانتوانیوە گەنجانی وڵاتی خۆمان پەروەردە بكەین تاوەكو بە شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ئاشنایان بكەین».
سیوەیلی جەختی لەوە كردەوە كە «ڕەگەزی مێینە هەمیشە ئەولەوییەتی لەژیانیدا پێداویستی بە سۆز و خۆشەویستییە، بەڵام لای ڕەگەزی نێر ئەو پێداویستییە ژمارە یەك نییە، بەڵكو پاڵنەری سێكسی و غەریزەی جنسی لای ئەو بە پلەی یەكەم دێت»، گوتیشی «بەداخەوە بەشێك لەپیاوانی كۆمەڵگەی ئێمە كاتێك پێ دەنێنە قۆناغی هاوسەرگیری رەچاوی سۆز و خۆشەویستی ناكەن، لەبەرئەوەی لەم وڵاتەدا چەپاندنی سێكسی زۆرە، كوڕە سەرەتا هەندێك موجامەلات لەپێناو تێركردنی پێداویستییە سێكسییەكانی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر دەكات، پاش ماوەیەك لە تێپەڕبوونی ژیانی هاوسەرگیری كە جۆرێك لەتێربوون روودەدات، پاشەكشە لەمامەڵەكردن و موجامەلەكردن دەكات، جگە لەوەی كوڕ و كچی وڵاتی ئێمە بەر لەهاوسەرگیری ئەركی دیكەیان لەسەر شان نییە و وەكو دوو مرۆڤی رۆمانسی دەردەكەون، بەڵام كاتێك دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری و هاتنە ئارای منداڵ، كاركردنی زۆر، ماندووبوون و شەكەت بوونی جەستە، فشاری ئابووری و دەروونی لەئەرك و بایەخدانەكانیان بەیەكتر كەمدەكەنەوە، ئەو فشارانە زۆرجار پەل دەكێشێتە ناو جێگەی نووستن، بۆ نموونە هەندێكجار ئەو جەستانەی زۆر ماندوون و ئەو بارە دەروونییانەی زۆر نائارامن، ئارەزووی سێكسیشیان كەم دەبێتەوە، ئەوەش كاریگەری دەخاتەسەر كەمبوونەوەی سۆز و خۆشەویستی، لەبەر ئەوە بەداخەوە بەشێك لەئافرەتان ئەوەندە خۆیان سەرقاڵ دەكەن بە ماڵ و منداڵ و مێوان، لە بیریان دەچێتەوە ئەركێكی سەرەكییان فەرامۆشكردووە كە گرنگیدانە بە هاوسەر».
كاڵبوونەوەی خۆشەویستی مەترسییەكی
گەورەی بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان هەیە
ئەو دەروونناسە ئەوەشی خستەڕوو كە ئافرەتان ئەوەندەی گرنگی بە زنجیرە دۆبلاژكراوەكان دەدەن، ئەوەندە بایەخ نەك بە هاوسەرەكانیان بەڵكو بە منداڵەكانیشیان نادەن، بەپێچەوانەوەش هەندێك لەپیاوان ئەوەندەی ئالودەبوون بە ئینتەرنێت ئەوەندە كات بۆ هاوسەر و منداڵەكانیان تەرخان ناكەن»، گوتیشی «ئەو هۆكارانە لەڕووی رۆحییەوە بۆشاییەك لای مرۆڤەكان دروست دەكات، كە هەندێكجار بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە پەنا بۆ ناپاكیی هاوسەری دەبردرێت، هەندێ كاتی هاوسەران هەیە بە هێڵی سوور دادەندرێت و ناكرێ بدرێتە كەسانی تر، یان بە كاركردن و سەرقاڵبوون بە ئامێرە تەكنەلۆژییەكان بەسەری ببەن، گرنگە هەفتانە جارێك بۆ دووجار هاوسەران دانیشتنی تایبەتیان لەسەر ژیانی تایبەتی خۆیان هەبێت، بەدەر لەوە گرنگە هەموو شەوێك و هەموو رۆژێك لەو كاتانەی كە لەكاتی كاركردنیان دەمینێتەوە، پشكی شێر لەكاتەكان بە یەكتر ببەخشن، راستە ژیان سەخت بووەو مرۆڤەكان نیازیان بەكاركردنی زیاترە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نایەت كە لەسەر حیسابی ژیانی خێزانی بێت، پێویست بوون بە سۆز و خۆشەویستی پەیوەست نییە بەكاتەوە و بڵێین بۆ سەرەتای ژیانی هاوسەرییە، بەڵكو تاوەكو مردن ئەو پێداویستییە رۆحی و دەروونییە بەردەوام بۆ ژیانی هاوسەری بۆ نوێ بوونەوەی خۆشەویستی نێوانیان پێویستە، چونكە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی مەترسییەكی گەورەی هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان، بۆ پەنابردنەبەر ناپاكی هاوسەری، بۆ تووشبوونی ئافرەتان بە نەخۆشیی دەروونی، چونكە بەشێك لەو نەخۆشییە دەروونییانەی كە ئافرەت تووشی دەبێت، هۆكاری نەبوونی سۆز و خۆشەویستی و گرنگی پێنەدانیانە لەژیانی هاوسەریدا».
بە باوك و دایكبوونی هاوسەران بەخشینی
سۆزی هاوسەری كەم دەكاتەوە
توێژەری كۆمەڵایەتی زۆزك تاهیر، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت «زۆرهۆكاری خۆكردەیی هەیە وا لە هاوسەران دەكات كە خۆشەویستییان بەرەو كاڵبوونەوە بچێت، كە زۆرجار بە هۆی نەبوونی پەروەردەیەكی خێزانی هۆشیارانەیە، چونكە سیستەم دانان بۆ منداڵ و رێكخستنی كاتەكانیان، كاتی گونجاو بۆ دایك و باوك دروست دەكات و وادەكات بتوانن زیاتر بەیەكەوە دانیشن و رازونیازیان بكۆرنەوە، جگە لەوە فشاری باری دارایی گومانی تێدا نییە كە گرفتی خێزان زیاتر دەكات».
ئەو توێژەرە ڕایوایە بە باوك و دایكبوونی هاوسەرانیش تا ڕادەیەك لە كاتەكانی بەخشینی سۆزی هاوسەرییان كەم دەكاتەوە، نموونەشی بەوە هێناوە كە كاتێك ژووری تایبەت بە منداڵ نەبوو، داهاتی باش نەبوو بۆ پەروەردەی منداڵ، یان خۆراكی باش و پێداویستی ڕۆژانەی منداڵ بە باشی دابین نەكرێ، ئەمانە وا دەكەن كە زۆربەی كات دایك و باوك بیر گرفتی منداڵەكانیان بكەنەوە، نەوەك لەوپەیوەندییەی لە نێوان خۆیان، بەڵام ئەمانەش دەكرێ چارەسەری بۆ بكرێت، ئەویش بەهۆی دانانی بەرنامەیەكی گونجاو، گۆڕینەوەی دیاری، هەستكردن بە یەكتری و یارمەتیدان لەكاروباری یەكتری، هەروەهادانانی كاتی تایبەت و تەرخانكردنی بەشێك لە كاتەكانیان بۆ راگۆڕینەوە لە نێوان خۆیان».
خۆشەویستی كۆن نابێت تاوەكو تازە بكرێتەوە
بەڵام ڕاگەیاندنكار هۆشمەند چەكوانی، ڕایوایە «خۆشەویستی ڕاستەقینە هێچ رێگرێك كاریگەری لەسەر دانانێت و هەرگیز رێژەی كەم نابێتەوە»، سەبارەت بەو هاوسەرانەش كە رێژەی خۆشەویستییان كەم دەبێتەوە گوتی «ئەو حەزە كەم و زۆر دەبێت، ئەوەی لە خۆشەویستی تێگەیشتبێ، دەزانێ خۆشەویستی هەرگیز ئاستی دانابەزێ، ئەو حەزانەش بەر لەبەیەك گەیشتن لە لووتكەدان و گەرموگوڕن، بەڵام دوای بەیەك گەیشتن، ئەو حەز و خواستانە لە برسیەتییەكی بێ ئەندازەوە دەگەن بە تێربوون لە كەسی بەرامبەر، بۆیە لەوكاتەدا هەست بەوە دەكرێت لە ڕووكەشدا ساردییەك هەیە، ئەو ساردییەش ئاماژەیە بۆ تێربوونی خواستە سێكسی و رۆحییەكان، هەرئەو تێربوونەشە هاوسەرەكان هەست بە وەرەس بوون و بۆشاییەك دەكەن و دەیانەوێت بەدوای شتێكی تازەدا بگەڕێن، بەڵام خۆشەویستی كۆن نابێت تاوەكو تازەی بكەیتەوە، ئەو هاوسەرانەی لە خۆشەویستی تێگەیشتوون، بە پیری و پەككەوتەییش یان لەكاتی هاتنە پێشەوەی هەر نەخۆشی و ناخۆشییەك یەكەمین كەسن كە بەهانای یەكترەوە دەچن و لە هەموو كاتەكاندا ئەوپەڕی خۆشەویستی و پەرۆشی بەرامبەر یەكتری دەردەبڕن».