لەناو زانكۆكاندا پۆشینی جلوبەرگ ململانێ و رای جیاواز دروست دەكات

لەناو زانكۆكاندا پۆشینی جلوبەرگ ململانێ و رای جیاواز دروست دەكات
زانكۆ وەك هەموو شوێن و جێگەیەك لەئەنجامی تێكەڵاوبوونی بیر و هزرە جیاوازەكان بێبەش نییە لە ململان فیكری و هزرییەكان، وامنیش لەم راپۆرتەدا لەزاری قوتابیانی زانكۆ خۆیانەوە ئەو كێشەو گیروگرفتانەو هۆكارو كارو دەرەنجامەكانیان بەشێوەیەكی وردو میكانیزمێكی هزریانە شیدەكەینەوە:
بەناز عەبدوڵا: هەندێكجار ئەوەندە تیروتوانجیان لێداوەو ئازاریان داوە لەرووی دەروونیەوە وبێزاریان كردووە، ناچار بووە بڕواتە ماڵەوەو جلوبەرگەكانی بگۆڕێت.

خاتوو بەناز عەبدوڵا رەحمان كە قوتابی كۆلیژی ئەدەبیاتە ئاماژەی بەوەدا: كە زۆرجاربووە لەلایەن قوتابیەكانی هاوپۆلیەوە رەخنەی لێگیراوە لەبەر ئەوەی كەگوایە بەبڕوای ئەوان جلەكانی رووتن ناگونجێن لەگەل داب ونەریتە كۆمەڵایەتیەكاندا و نابێت ئەم جۆرە جلانە لەبەر بكات، بەڵكو دەبێت جلوبەرگی درێژ لەبەر بكات و حیجاب ببپۆشێت، تەنانەت هەندێكجار ئەوەندە تیروتوانجیان لێداوەو ئازاریان داوە لەرووی دەروونیەوە و بێزاریان كردووە و ناچار بووە بڕواتە ماڵەوەو جلوبەرگەكانی بگۆڕێت و جلێك لەبەر بكات كەبەدڵی هاوپۆلەكانی بێت. ناوبراو وای دەبینی نەبوونی رۆشنبیری كەسێتی هۆكارێكی سەرەكیە بۆهەموو كێشەكان، چونكە نابێت كەس ئەو دەستەڵاتە بدات بەخۆی و هەموو ژیانی هاوپۆلەكەی سنووردار بكات بەئارەزووی خۆی جۆری جلوبەرگ پۆشینی بۆ دابنێت.

خاتوو بەیان ئەسعەد: برادەر هەبووە ماوەی هەفتەك یان مانگێك قسەی لەگەڵم نەكردووە، چونكە جلەكانم مۆدێرن بووە

خاتوو بەیان ئەسعەد قوتابی كۆلیژی كارگێڕی و ئابووری :وای دەبینی هەموو كێشەكان كەئەمڕۆ كۆمەڵگەیان هەراسانكردووە، دەرئەنجامی دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكانن، تاكەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەیانگوێزنەوە بۆ زانكۆ، لەبەر ئەوەی تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی ئێمە سەرجەمیان دیلی دابونەریتەكانن، هەموو كێشەكانیش هەڵقوڵاوی ئەو دابونەریتە كۆمەڵایەتیانەن، زۆرجار لەناو زانكۆ برادەرم هەبووە ماوەی هەفتەیەك یان مانگێك قسەی لەگەڵم نەكردووە، چونكە جلەكانم مۆدیرن بووە و بەڕای ئەو نابێت كچێك جلەكەی مۆدێرن بێت و دەبێت هەمووان جلەكانیان جلی گونجاو بە داب ونەریت بێ بێت، وەك ئەوەی هەندێك لەو كەسانە دەیانەوێت.

خاتوو نیان عەبدولواحید: ئەو جلانەی كە ئێمە لەبەری دەكەین جلێكی رەسمی رۆژانەیە لەهەموو جیهاندا بەكاردێت و زۆر ئاساییە كە هەموو كەسێك لەبەریبكات، بەڵام تاكەكانی كۆمەڵگە بەچاوێكی نامۆ تەماشایان دەكەن

خاتوو نیان عەبدولواحید كە قوتابی زانكۆیە ئاماژەی بەوەدا: كە زۆربەی ئەوكچانەی كە بیروباوەڕی ئازادیان هەیە لەناو زانكۆدا جلوبەرگی مۆدیرن لەبەر دەكەن رۆژانە لەناو زانكۆدا تووشی كێشە دەبن، چونكە بەشێكی زۆری قوتابیانی زانكۆ كەسانی كولتوورین و مرۆڤی خێڵەكین و دژایەتی كچە قوتابیە نوێخوازەكانی ناو كۆلیژ دەكەن و بەوە تاوانباریان دەكەن كە گوایە ئەم كچانە جلوبەرگەكانیان ناگونجێت لەگەڵ نەریتی كۆمەڵایەتیدا كە لەكاتێكدا ئەو كچانە هەمووی جلەكانیان مۆدێرنە و جلی رەسمی رۆژانەیەو زۆر ئاساییە كە هەموو كەسێك لەبەری بكات، بەڵام تاكەكانی كۆمەڵگە بەچاوێكی نامۆ تەماشایان دەكەن، چونكە تاكەكانی ناو ئەم كۆمەڵگەیە دژایەتیان دەكەن و بەئاشكرا دەیانەوێت ئەو كچانە ناوبانگیان بزڕێت.

خاتوو ئارەزوو ئەحمەد: چەندین جار بیستوویەتی كە قسەی بۆهەڵبەستراوەو تاوانباركراوە، چونكە جلوبەرگی ئەم زۆر رووتن ناگونجێن لەگەڵ دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان و كولتووری كۆمەڵگەی ئێمەدا..

خاتوو ئارەزوو ئەحمەد: ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ناوبانگی زڕێنراوە و قسەی زۆری لەسەر كراوەو تەنانەت بوختانیشی لەلایەن هەندێك لە هاوپۆلەكانیەوە پێكراوە، لەبەر ئەوەی كەجلوبەرگی مۆدیرن لەبەر دەكات، چەندینجار بیستوویەتی كە قسەی بۆهەڵبەستراوەو تاوانباركراوە، چونكە جلوبەرگی ئەم رووتن ناگونجێن لەگەڵ دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان و كولتووری كۆمەڵگەی ئێمەدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كەتەنیا تاوانی ئەو ئەوەیە كەئەو جلانەی كەلەبەری دەكات جلوبەرگی زۆر ئاساین لەهەموو جیهاندا قوتابیانی زانكۆ و خەڵكانی رۆشنبیر لەبەری دەكەن و لە هیچ پارچەیەكی دنیادا كەس لەبەر جلوبەرگەكانی سزا نەدراوە تەنیا لای ئێمە نەبێت كەمرۆڤ لەبەر جلوبەرگی بوختانی پێبكرێت و لە رووی دەروونیەوە ئازاربدرێت.

خاتوو هیرۆ حەمید: زۆر لەو كچانە گلەیی لە كۆمەڵگە دەكەن بەوەی كە رۆژانە تووشی كێشە دەبن خۆیان بەرپرسرن، چونكە جلوبەرگی رووت و بێمانا لەبەر دەكەن و خۆیان بەشێوازێكی ناشیاو دەڕازێننەوە كە ناگونجێت لەگەڵ داب ونەریتی ئێمەدا

خاتوو هیرۆ حەمید: رای پێچەوانەی هەبوو بەوەی دەبێت كاتێك كەسێك جلێك لەبەر دەكات پێویستە رێزی دەوروبەرەكەی بگرێت و خۆشی وەها لێنەكات كە لەوانی تر جیاواز بێت، واتا نابێت ئەو جلە ببێتە هۆیەك بۆ سەرنجڕاكێشانی دەوروبەر، بەڵكو دەبێت جلوبەرگ و هەڵسووكەوتمان بگونجێت لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگەدا، نابێت هێڵی سوور ببەزێنین، چونكە ئێمە كەسانی رۆژهەڵاتین و كۆمەڵگایەكیشمان هەیە زۆر پابەندە بەدابونەریتەكان، لەبەر ئەوە نابێت جلەكانمان وەهابێت كێشەمان بۆدروست بكات.

خاتوو سەوسەن عبدولواحید وەك قوتابیەكی كۆلیژی پەروەردە وای دەبینی: یەكێك لەگەورەترین گرفت لەبەردەم ئەواندا ئەوەیە كە كچان ناتوانن لەناو كۆلێژدا بەئازادی جلوبەرگ لەبەر بكەن لەبەر ئەوەی كە هەندێك قوتابی بەتایبەتی ئەوانەی كەئاراستەی ئاینیان تووندەڕەوانەیە و پابەندن بە دابونەریتی كۆنەخواز زۆرجار هەراسانیان دەكەن و داوایان لێدەكەن كە جلوبەرگی درێژ لەبەر بكەن و حیجاب بپۆشن، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا ئەو كەسانە ئازادن خۆیان چۆن بژین، بەڵام نابێت دەستەڵاتێك بدەن بەخۆیان كە ئازادی كەسانی تر پیشێل بكەن و لەرووی دەروونیەوە ئازاریان بدەن، هەندێك جار بووە كە قوتابیانی پۆلەكەی قسەیان لەگەڵ نەكردووە، چونكە ئەم نەبۆتە باڵاپۆش(محجبە) وەك كچەكانی تر و جلوبەرگی مۆدێرنی لەبەر كردووە.

ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ لەناو قوتابیاندا و بەگشتی و قوتابیانی كچدا بەتایبەتی چینێك هەن كەزۆر پابەندن بە دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان و زۆریان باڵاپۆشن (معبەبەن) دەیانەوێت هەموو هاوپۆلەكانیان وەك خۆیان بن، كەئەمەش تاڕادەیەك ئازادی كچەكانی تر پێشێل دەكات، چونكە نابێت و ناكرێت تۆ ئازادی كەسی بەرامبەرت پێشێل بكەیت و دەست بخەیتە ناو ئەو شتانەی كەتایبەتن بە ئارەزووی خودی یان سەربەستییەكانی كەسی، چونكە هەموو كەسێك ئازادە چ جۆرە جلوبەرگێك لەبەر دەكات، ئەوكەسە ئازادە خۆی حیجاب بكات یان دەتوانێت نیقابیش ببەستێت و بۆئەوەی كەس نەیببینێت، بەڵام نابێت زۆر لە هاوپۆلەكانی بكات، هەرچەندە ئەگەر لەرووی دەروونییەوە تەماشابكەین ئەو كەسانە تاڕاددەیەك رەنگە ئارەزووی خۆسەپاندنیان تیادا دروست بووە، چونكە لەخێزانێكدا گەورەبوونە كەهەموو شتەكان بەسەریاندا سەپێنراوە.
Top