پاش چواردە ساڵ لە ئاوارەیی و دەردە غەریبی، كە هاتەوە بە تاوانێك تۆمەتباركرا

پاش چواردە ساڵ لە ئاوارەیی و دەردە غەریبی، كە هاتەوە بە تاوانێك تۆمەتباركرا
(هیوا) كە سەری خۆی هەڵگرت و رۆیشت هەژدە ساڵان بوو
(هیوا) كە گەڕایەوە وڵات كۆمەڵێك هیوا و ئاواتی وەدینەهاتووی لە دڵدا هەبوو، ئومێدی ئەوەی هەبوو هیچ نەبێ بەهۆیەوە قەرەبووی ئەو ساڵانەی بێبەشی و مەحرومیەتی خۆی و خێزانەكەشی بكاتەوە. بەڵام كە لە فڕۆكەخانە دابەزی هەر هێندەی زانی و چی وای پێنەچوو كە خۆی لەبەردەم بنكەی پۆلیس بینییەوە. ئەفسەرەكە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا كرد و پێیگوت: (هیوا) تۆ بەتاوانی ساختەكردنی بەڵگەنامەی رەسمی تۆمەتبار كراوی و لێكۆڵینەوەت لەگەڵ دەكەین. (هیوا) جارێ وەڵامی نەدابۆوە كە رۆژانی نەبوونی و مەینەتییەكانی هەژاری و رۆژە ناخۆشەكانی رێگەی هاتوونەهاتی سەفەری وەك برووسكە فیلمێك بە مێشكیدا گوزەری كرد. ئەو رۆژەی بەبیر هاتەوە كە بە باوكی وت: بابە چیتر بەرگەی ئەو ژیانە پڕ لە رەزاڵەتییە ناگرم. نە دینارێكی سووتام لە باخەڵ دایە نە كارێك هەیە بیكەم، سەری خۆم هەڵگرم و بڕۆم زۆر باشترە بێئیش و بێكار دانیشم، دەڵێن برسێتی رەگێكی لە هاری دایە دەترسم تووشی برادەری خراپ بم و ئەوانیش تووشی تاوانم كەن. بابم چاوی پڕ فرمێسك بوو سكی بە گەنجێتی من دەسووتا و خۆشی وەزعی زۆر باش نەبوو، كەچی زۆر ئازایانە خۆی سەر سەخت و وەك پۆڵا نیشان دەدا. حەزی نەدەكرد بڕۆم، بەڵام حەزیشی نەدەكرد رێگەم لێبگرێت. هەرچۆنێك بوو بەو حاڵەوە بەبێ پارە و پوول جگە لە هەزار دینارێكی ئەوسا هیچیترم پێنەبوو. ملی رێی هاتوو نەهاتم لەگەڵ كاكی قاچاخچی گرت. ئەوها لەگەڵ قاچاخچی رێكەوتبووم كە ئەگەر چەند نەفەرێكی بۆ پەیدابكەم نە پارەم لێوەردەگرێت نە خەمی نان و مەسرەفیشم دەبێ. منیش بەزیادەوە نەفەرم بۆی پەیداكرد و ئەویش كردمییە هاوكار و هاوبەشی خۆی. باوكم كە نەخۆش بوو بە جگەرە فرۆشتن بە هەر جۆرێ بوو خەرجی رۆژانەی ماڵەوەی دابین دەكرد. خەمی بابم نەبوو ئەوەندەی خەمی دوو خوشكە جاحێلەكانم بووم. هەر چۆنێك بوو چاوێكم هەر لێیاندەبوو! بە دڵی پڕ كەسەرەوە خواحافیزیم لێیانكرد و رۆیشتم و چارەنووسی خۆم دایە دەست قەدەر. بە هەزار دەردە سەرییەوە چەندین رۆژ و هەفتە بەڕێوە، شاخ و داخ و دەشت و چۆڵەوانی ئێران و تۆرانمان بڕی. من لەهەموو هاوسەفەرەكانم گەنجتر و بچووكتر بووم. ئاخر تەمەنم تەنیا هەژدە ساڵ بوو، هەڕەتی گەنجایەتی و خۆشی تەمەنم بوو. بەڵام نە هەستم بە خۆشی تەمەن و نە خۆشی گەنجایەتیش دەكرد. خۆشی چی كە ژیانت یەك پارچە مەینەتی و نەبوونی و ناخۆشی بێت. بە پتر لە سێ مانگان ئینجا گەیشتینە وڵاتی یۆنان. ساڵێكیش لەوێ مانەوە، بە بەڵگەنامەی ناسنامە و وڵاتنامەی ناوی كەسێكی خوازراوەوە خۆمان ئامادە كرد كە بچینە وڵاتێكی ئەوروپی. خۆمان لەناو كامیۆنێكی گەورە و درێژ حەشاردا، ئای چ رەزاڵتێك بوو خودایە، شانزە كاتژمێر لەناو شتوومەكان بە پشوو سواری قەرەپەستانێ و خۆ دانە پاڵ یەكەوە قەتیس بكرێت و بەند بیت، كوڕە هەر وەخت بوو بخنكێین، بۆ بڕە هەوایەك سوێمان دەبۆوە، كامیۆن كەپس و هەوا بڕو بێ كوون و كەلێن بوو، بە نۆرە هەموو ئەوانەی لەناو كامیۆنەكە بووین بەنۆرە دەممان دەخستە سەر ئەو كونەی كە ئەو كەمە هەواییەی لێدەهاتە ژوورەوە. هەتا گەیشتینە شوێنی مەبەست وەخت بوو هەڵبترۆقین. لەوێش ساڵەهای ساڵ چاوەڕێ بووم تا هەق و هقوقێكیان داینێ. ئیتر دەستم بە كار كردن كرد و شەو و رۆژ خۆم ماندوو دەكرد تا بتوانم بڕە پارەیەك بۆ ماڵەوە بنێرمەوە، باوكم چیتر بەو نەخۆشییەوە كار نەكات. زۆرم كەیف بەوە دەهات كە پارەكانم بۆیان دەناردەوە و بابم و دایكم دەیانگوت بەسە كوڕم چیتر پارەمان بۆ مەنێرەوە ئێستا لە خودای بەزیاد بێت لە هیچمان كەم نییە بەو بڕە پارەییەی كە بۆت ناردووین گوزەرانمان باشبووە.. (هیوا) لەو خەیاڵاتانەدا بوو كە ئەفسەرەكە بانگی كرد و ئاگاداری كردەوە كە وەڵامی پرسیارەكانی بداتەوە. دوای ئەو ئاگادار كردنەوەیەی ئەفسەرەكە، هیوا زنجیرەی یادەوەرییەكانی پچڕا، ئاوڕێكی لە ئەفسەرەكە دایەوە و پێیگوت: كاكە من بەڵگەنامەم ساختە نەكردووە بۆ ئەوەی تاوانێك بكەم، ئەو بەڵگەنامانەم بەناوی خۆمەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە وڵاتێكی ئەوروپی وەربگیرێم و بحەوێمەوە. بەخۆشم دەرمنەهێناوە. كە گوفتاری وەرگیرا بردیانە لای دادوەر و ئەویش بڕیاریدا دوانزە رۆژ بەند بكرێت. هیوا خەریكبوو شێت دەبوو، دەیگوت: بابە ئاخر من چواردە ساڵە ئاوارە و غەریب بووم هەر هیچ نا با دوو سێ رۆژان بچووبامایەوە لای كەس و كارم. لە هەمووشی ناخۆشتر هیوا شەش رۆژ بوو گیرا كەس و كاریشی وایاندەزانی هێشتا نەگەیشتۆتەوە. بووە دە رۆژێك بە هۆی كەسێكی خێرومەندەوە خەبەر گەیشتەوە ماڵیان. باوك و دایك دوای چواردەساڵی ئاوارەیی و غەریبی كە بۆ تاقە جارێكیش نەیاندیتبوو، لە بەندیخانە پێشوازییان لە كوڕەكەیان كرد و لە ئامێزیان گرت. هەر چۆنێك بوو بە زووترین كات پارێزەرێكیان بۆی گرت و بە دەستەبەسەری ئازاد كرا هەتا رۆژی دادگایی كردن. بەوە باش بوو پاش چوار مانگ كە پەڕاوی گەیشتە دادگای تایبەتمەند دادوەرەكە ساڵێكی حوكم دا، بەڵام جێبەجێكردنەكەی بۆ راگرت.
Top