دوای حەوت مانگ لەهاوسەرگیریم هێـــــشتا هەركچم
October 26, 2010
کۆمەڵایەتی
بەهێنانی ژنی دووەم ژیانی من و خوشكەكەم گۆڕا، ئەوەی پێیبوترێت خۆشی لەناو خێزانەكەماندا نەما. باوەژنەكەمان زۆر خراپ بوو، رۆژ بەرۆژیش باوەژنەكەمان خراپتر دەبوو، هەرلەیەكەم رۆژەوە چەند مەرجێكی بە باوكم وتبو، بەڵام باوكم دڵی نەهاتبوو پێمان بڵێت، باجیەكەمان ئەوەندە زۆری بۆ هێنابوو، تا رۆژێك لەرێگەی پورمەوە پێیڕاگەیاندین كە بۆماوەیەك بچینە ماڵی پوورم، تا كێشەكەی خێزانەكەمان بەلایەكدا دەكەوێت. بۆماوەی هەفتەیەك لەماڵی پوورم ماینەوە، بێتاقەت بووین بۆیە بەباوكمان وت راست و دروست دەیەوێت چیمان لێبكات ناتوانین بەو شێوەیە بمێنینەوە، باوكیشم پێیوتین بەهاتنەوەی ئێوە ژیانم لێتێكدەچێتەوە، ئەگەر بكرێت بۆماوەیەكی زیاتر لەماڵی پوورتان بن، خۆم لەقاتی سەرەوەدا دوو ژوورتان بۆ دروست دەكەم، بۆئەوەی بەجیا بژین. من رازی بووم، بەڵام نیازی خوشكم رازی نەبوو.
ئەم رۆژانەش تێپەڕی و ئەو ماوەیەی باوكم داوایكرد، لەماڵی پوورم ماینەوە، من لەپۆلی شەش بووم خوێندنم سەختر بوو، ژیانیشمان بەو ناخۆشییە تێدەپەڕی، سەرەڕای ناخۆشییەكان پۆلی شەشم تەواو كرد. نیاز لەپۆلی چواری ئامادەیی بوو وازی لەخوێندن هێناو مێردی كرد. بەمە ئەوەندەی تر ژیانم ناخۆش بوو، نەشمدەتوانی رێگربم لەم مێردكردنەی، چونكە لەسەرێكەوە مافی خۆی بوو و داخوازیكەرەكەشی كوڕی پوورم بوو، هەروەها لەگەڵ خۆشی دەیبرد بۆ دەرەوەی وڵات.
بەهەر دەردە سەرییەك بێ خوێندنم تەواو كرد و لە پەیمانگای مامۆستایان وەرگیرام، لەنیوەی ساڵی یەكەمدا، رۆژێك باجیەكەم بانگی كردم و وتی:(نەورۆز) وەرە كوڕێكی باش هەیە بۆ شووی پێناكەیت، وتم ئەو كوڕە كێییە و كاری چییە؟ وتی تۆ هەقت نەبێت دایكی خۆت بۆت جێبەجێ دەكات. كەمێك دڵم خۆش بوو، بەڵام دەترسام تووشی كەسێكی خراپم بكات، پاش چەند رۆژێك پێی وتم: نەورۆز ئەمڕۆ كوڕەكە دێت بۆماڵمان یەكتر ببینن، ئەویش مامۆستایە وەك خۆت، برازای خۆمە و كوڕی چاكە.
ئەو رۆژەی كە دەبوو (خالید) بهاتایە بۆماڵمان، نەهات بۆ رۆژی دواتر هات، پاش نیوەڕۆیەك بوو هات، هەستم بەئاسودەیی دەكرد، وتم وا بیر دەكەمەوە كە ئەم داخوازییە سەر دەگرێت و بەدڵی خۆم دەبێت، بۆیە ئەو رۆژە یەكترمان بینی و یەكتریشمان بە دڵ بوو، نزیكەی چەند كاتژمێرێك پێكەوە دانیشتین قسەمان كرد. بەرواڵەت كوڕێكی شۆخ و شەنگ بوو.
ئەم مەسەلەیە گەیشتە لای باوكم و ئەویش رای منی وەرگرت لەسەر ئەو بابەتە، كە زانی من بەدڵمە و پێمخۆشە، رازی بوو.
هەموو لایەنەكانی مەراسیمی هاوسەرگیریەكەمان بەكۆتا گەیشت و رۆژێكمان دانا بۆ ئاهەنگی گواستنەوە، رۆژی هەینی بوو لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 دا، كە بۆ مانگی هەنگوینی بڕیارماندا بچینە سەیرانگەی دۆكان، دوای تەواوبوونی وێنەگرتن و ئاهەنگەكەمان چووینە سەیرانگەی دۆكان، ئەوەی من بینیم و بەسەرمداهات هەرگیز بەخەویش شتی وام نەبینیبوو.
(خالید) لەگەڵ چوونە ژوورەوەمان بۆ ژوورەكە وتی: نەورۆز ئەمشەو بەتەمای هیچ نەبیت، چونكە من تەندروستیم باش نییە. منیش زۆر بەئاسایم وەرگرت. بۆ بەیانی (خالید) زۆر بێتاقەت بوو نەمدەزانی بۆچی بێتاقەتە؟ لێمپرسی، هیچ وەڵامێكی نەدامەوە، دووبارە بۆ شەوی داهاتوو هەمان شتی پێووتمەوە، بەڵام بۆ بەیانییەكەی وتی: نەورۆز گوێ بگرە، ناتوانم هیچ پێوەندییەكی ژن و مێردایەتی ئەنجام بدەم لەبەرئەوەی تەندروستیم هیچ باش نییە، وتم: باشە چیتە بابچین بۆلای پزیشك، وتی: قەینا پێویست ناكات، بەهەرحاڵ ئەو رۆژەشمان تێپەڕاند، بۆ شەوی داهاتوو دانیشتبووین خەریكی چا خواردنەوە بووین ئەوەندەم زانی پەرداخەكەی خستە خوارەوە و هاواری كرد و وتی: بڕۆ دەرەوە، پێموت بەو شەوە بۆ كوێ بڕۆم چی بووە چیم كردووە؟ هەر پێیداگرت كە بچمە دەرەوە، منیش ترسام و چوومە دەرەوە، نەمدەزانی چی بكەم؟ بۆیە تەلەفۆنم بۆ باجیەكەم كردو پێموت، باجیەكەم وتی: كەمێك ئارام بگرە باش دەبێت.
پاش نیو كاتژمێر لەدەرگای ژوورەكەمدا، دەرگاكەی بۆ كردمەوە و هیچ قسەی نەكرد، بەترس و لەرزەوە چوومە ژوورەوە. بینیم دوو سێ حەبی بەدەستەوەیە و خەریكە دەیخوات، داوای ئاوی كرد و ئاوەكەم پێدا، پاش چارەكێك بەبێ ئەوەی قسە بكات خەوی لێكەوت، هەر ئەو كاتە بۆم دەركەوت كە خالید نەخۆشی دەروونی هەیە، لەبەرئەوەی دوو رۆژە حەبی نەخواردووە، بۆیە تووشی ئەو حاڵەتە بووە. بۆ بەیانی داواملێكرد كە بڕۆینەوە، باش بوو بەقسەی كردم، بەڵام داوای لێبوردنی كرد بۆ ئەو حاڵەتانەی بەسەریدا هاتووە و وتی تكات لێدەكەم، ئەگەر پرسیاریان كرد بڵێ هەموو شتێك تەواو بووە.
كە گەڕاینەوە هیچ كەس پرسیارێكی لێنەكردین، بەلامەوە سەیر بوو، بەم جۆرە بۆماوەی (7) مانگ ژیانمان گوزەراند دوای چەندین شەڕ و ناخۆشی، كاتێك كە بە ماڵی باوكیمان دەوت، دەیانووت هیچ نییە خۆی هەروا توڕەیە. كوڕە بابە چی توڕەیە!! بەهەرحاڵ بەم شێوەیە بەڕێم كرد تا رۆژێك خەریكی چێشت لێنان بووم لە چێشتخانە پەلاماری دام و زۆری لێدام، بەپەلە لەژێر دەستی رام كرد، بۆیە چوومەوە بۆماڵی باوكم و ئەمەم بە باوكم وت، باجیەكەم وتی: خۆم قسەی لەگەڵدا دەكەم، كاتێك پێی وتبوو، لەوەڵامدا وتبووی هیچ نییە كەمێك باری دەروونم تێكچووبوو، كە ئەمەم بیست وتم دەبێت لەگەڵمدا بێیت بۆلای پزیشكی دەروونی.
ئەو رۆژەی چووین بۆلای پزیشك زۆر ئاسایی وەریگرت و هات لەگەڵمدا، كە چوین بینیم چەندین راپۆرتی دیكەی بۆ پزیشكەكە هێنابوو، پزیشكەكە پێیوتم: ئەم كوڕە نەخۆشی دەروونی هەیە، چۆن ئاگادارنیت؟
كە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە تەلەفۆنم بۆ باجیەكەم كرد و وتم ئەمە نەخۆشی دەروونی هەیە بۆ پێتنەوتم؟ پێیوتم: پزیشكەكە درۆ دەكات هەر جار جارە وای لێدیت. ئەم مەسەلەیەم بەگرنگ وەرگرت و داوای جیابوونەوەم كرد، ئەو شەوەی كە پێموت تووشی حاڵەتێك بوو خەریك بوو بمرێت، ئەوەندەی دیكە ترسام، چونكە ماڵی باوكی هیچ گرنگیان بەو مەسەلەیە نەئەدا و بەلایانەوە ئاسایی بوو. هەربۆیە كە وتم جیا دەبمەوە نەیانهێشت وتیان: ئەوەندەی دیكە كوڕەكەمان باری دەروونی ئاڵۆز دەبێت، بۆئەوەی رزگارم بێت لەدەستی، داوای جیابوونەوەم كرد و لێی جیابوومەوە. كاتێك پێموتن كە ئەوە حاڵی كوڕەكەتانە باشە بۆچی ژنی بۆ دەهێنن؟ لەوەڵامدا وتیان: وتومانە ئەگەر ژنی بۆ بهێنین لەوانەیە چاك بێتەوە، نەمانزانیوە ئەوەندەی دیكە خراپ دەبێت، بۆیە ئەو حاڵەتانەی بەسەریدا هاتووە پزیشك پێیوتبوو ئەگەر دەرمان بخۆیت تووشی نەزۆكیت دەكات و منداڵتان نابێت، بەڵام پزیشك بێ ئاگابوو لەوەی كە هەربەكچێنی كۆتایی بەژیانی هاوسەریمان دەهێنین.