دزێك دەبێتە هۆی ئاشتــكردنەوەی دوو هاوسەر

دزێك دەبێتە هۆی ئاشتــكردنەوەی دوو هاوسەر
هەریەكێك لەئێمە كاتێك گوێبیستی ئەوەبین كە دزێك ماڵی كەسێكی نزیكمان یاخود هاوڕێیەكمانی بڕیوە زۆر نارەحەت دەبین، چونكە بیرمان بۆ ئەوە دەچێت كەدەبێت ئەو دزە كێ بێت و كێ یارمەتی داوە؟ لەلایەكی ترەوە دەمانەوێت بزانین چی بردووە؟ لەهەموو بارەكاندا حاڵەتێكی ناخۆشە، بەڵام ئەگەر جارێك دزێك بچێتە سەر ماڵێكی نووسەرێك دەبێت لەماڵەكەیدا چی بەرێت؟ لەكاتێك كە ئەو ماڵە پڕەیەتی لەشەڕ و ناخۆشی تەنانەت بە رەنگی ماڵەكەدا هەست بەناخۆشی و دووری نێوان هاوسەرەكان دەكەیت، ئەوەی لەم رووداوە كۆمەڵایەتیەدا گوێبیستی بووین تووشی شۆك بووین، چۆن كابرای دز ئەو میهر و سۆزەی هەبووە.
دوای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە
لەدوای تەواوبوونی دەوام گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لەبەرئەوەی بۆ چەند شەوێك بوو كە بەجێم هێشتبوو، بەرلەمن هاوسەرەكەم ماڵەكەی بەجێ هێشتبوو، داوای ئەوەی كردبوو ئەگەر من بچمەوە، ئەو جارێكی تر پێ ناخەتەوە ئەو ماڵە، هەرلەبەر ئەوەش بوو نەدەچوومەوە، كاتێك تەلەفۆنم بۆ كرد وەڵامی نەدامەوە، منیش كەلوپەلەكانم لەماڵەوە بەجێهێشتبوو هەردەبوو بچمەوە و سەرێك بدەم، دووبارە تەلەفۆنم بۆ كردەوە بەتووڕەییەوە وەڵامی دامەوە وتی: چیت لەمن دەوێت، پێموت توڕە مەبە تەنیا پرسیارێكم هەیە بزانم تۆ رۆیشتوویتەوە بۆ ماڵەوە یان نا؟ وتی: نەخێر و تەلەفۆنەكەی داخستەوە.
بەپەلە رۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ چوونە ژوورەوەمدا موچوڕكەیەك بەهەموو گیانمدا هاتوو بیرم بۆ ئەو كاتانە چۆوە كە لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە خەندە چەند بەروویەكی خۆشەوە پێشوازی لێدەكردم یان كوڕەكەم رایدەكرد بۆ باوەشم. لەكاتێكدا هەموو ژیانم پڕ بوو لەبەختەوەری و شادی بۆ چركە ساتێك دڵمان ئازاری پێنەگەیشتووە ئێستا بۆچی وامان لێهاتووە؟ لەم بیركردنەوەدا بووم، چوومە ژوورەوە، هەستم كرد ماڵەكەمان شپرزە بووە، كەلوپەلەكان بەسەریەكدا دراون، نەمدەزانی چی روویداوە؟ هەموو ژوورەكان گەڕام، بینیم هەمووی تێكدراون، زانیم كە دز هاتۆتە ماڵەكەمان، لەوە بێتاقەت نەبووم كەبزانم چی بردووە لەبەرئەوەی دینارێكم لەو ماڵەدا شك نەدەبرد كە هەبێت و ئاڵتونیشمان نەبوو، بەڵام هەردەگەڕام تا بزانم چی بردووە، لەگەڕانی ماڵەكە تەواو هیلاك بووم، دەستمكرد بەكۆكردنەوەی كەلوپەلەكان بەتایبەت ژووری نووستنەكەی تەواو دابوو بەسەر یەكدا.
نووسینێك بووە مایەی خێر
لەدوای تەواوكردنی ئیشەكان چوومە هۆڵی دانیشتن و ویستم ئەو كاغەزانە كۆبكەمەوە كە ئەو شەوەی ناخۆشیمان بوو خەریكی نووسینی بابەتێك بووم بۆ رۆژنامە، لەكاتی كۆكردنەوەی كاغەزەكاندا بینیم ئەو كاغەزە هەرلەشوێنی خۆیەتی كە بۆ خەندە نووسیبوم كە تەنیا بێتەوە سەرخۆی بیرێك لەرابردوومان بكاتەوە، هەروەها تێیدا نووسیبووم: خەندە گیان خۆت باش دەزانیت هەموو ژیانی خۆمم كردە قوربانی تۆ، بەهەرشێوەیەك بێت توانیم ماڵەوەمان رازی بكەم كەلەگەڵ تۆ هاوسەرگیری بكەم، دوای ئەوەی رازی بوون چۆن ماڵمان پێكەوەنا و وردە وردە بەكاری رۆژنامەنووسی و نووسینی بابەت بۆ رۆژنامەو گۆڤارەكان چۆن بەشی بژێوی ژیانی خۆمان پارەم پەیدا دەكرد، هاوكات یارمەتی تۆمدا تاخوێندن تەواو بكه‌یت. چۆن بیرت چۆتەوە كە رۆژ هەبووە بەهەردووكمان پێنج هەزار دینارمان پێنەبووە، ئێستاش تۆ بەقسەی خوشك و هاوڕێكانت كە پێتوایە ئەوانە دڵسۆزی تۆن، بیانوو لەمن دەگریت و داوا دەكەیت خانوویەكی باشترت بۆ بەكرێ بگرم، یان ماڵمان بچێتە گەڕەكێكی باشتر، خۆت باش دەزانی من ئەو توانا ئابووریەم نییە. ئەمانەو چەندین قسەی ترم بۆ نووسیبوو، كە بینیم لەخوار نووسینەكەی منەوە كەسێك شتێكی نووسیوە، كە سەیرم كرد دەبینم نووسراوە: (برا گیان من ئەم كاغەزەم خوێندەوە تەواو دڵم پڕبوو بۆ تۆ ئەی چۆن ئەو ژنەت زوڵمت لێدەكات و بەجێت دەهێڵێت و بەقسەی خەڵك ژیان لەخۆی تێكدەدات، من بۆ دزی هاتبوومە ئەم ماڵە، بەڵام كاتێك ئەم كاغەزەم بینی و خوێندمەوە زانیم كە ناخۆشی كەوتۆتە نێوانتان، بۆیە بڕیارمدا هیچ نەبەم و بچمە دەرەوە).
بەڕاستی تووشی سەرسوڕمان بووم چۆن دزێك ئەم شتە دەنووسێت، گومانم كرد كەسێكی تر هاتبێتە ئەم ماڵەو ئەمەی نووسیبێت بۆئەوەی ئێمە ئاشت ببینەوە، بەڵام باوەڕیشم نەدەكرد، چونكە حاڵەتەكە زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، هەر لەو كاتە تەلەفۆنم بۆ خەندە كردەوە دووبارە بەتوڕەیەوە وەڵامی دامەوە، پێموت: بۆچی توڕە دەبیت ئەوەتا دز هاتۆتە سەر ماڵەكەمان، ئەو شەوەی كە منیش ماڵم بەجێهێشت كاغەزێكم وەك گلەییەك بۆ تۆ نوسیبوو، كاتێك دزەكە ئەمەی بینیوە شتی لەسەر نوسیوە. وتی: چۆن شتی وادەبێت هەرگیز باوەڕ ناكەم. وتم: هەرئێستا بۆت دەهێنم. كاتێك چووم بۆ ماڵی باوكی خەندە، خەندە دەرگاكەی لێكردمەوە، یەكسەر كاغەزەكەم پیشان دا كە ئەوەی بینی دەستی كرد بەگریان و وتی: هەرئێستا دێمەوە. دەڵێم خۆزگەم هەموو دزێك كە دەچێتە سەر ماڵان، دزێكی خوێنەوار بێت بۆئەوەی هەرچیەكی بینی بیخوێنێتەوە بۆئەوەی ئەگەر كێشەو ناخۆشیەك لەوخێزانەدا هەبێت و شتێكیان نوسیبوو با ئەویش پەیامێكیان بۆ بەجێ بهێڵێت، چونكە ئەمە ببێتە هۆكار بۆ ئاشتبوونەوە و رێكبوونەوەی ئەندامانی خێزان، هەربۆیە بیرم لەوەكردۆتەوە لەیەكێك لەرۆژنامەكاندا ئەو كاغەزە وەك خۆی بڵاو بكەمەوە ئەگەر هاوسەرەكەم رازی بێت.
Top