كـچان چـۆن لـەنـێو بەشــە نـاوخـــــۆییەكـاندا ژیـان دەگـوزەرێـنن

كـچان چـۆن لـەنـێو بەشــە نـاوخـــــۆییەكـاندا ژیـان دەگـوزەرێـنن
دەشێ بڵێین كە بەشە ناوخۆیی ماڵی دووهەمی كچانە، ئەو ماڵەش ژیانێكی تایبەت و فرە رەنگی هەیە بۆ كچان. ئەوەی لە ژیانی خۆیاندا نەیان بینیوە و نەیان چەشتووە لەم ماڵەدا دەیبیستن و دەیچێژن. هەربۆیە هەر كچە و بەجۆرێك و بە رەنگێكی جیاواز بەم وێستگەیەی تەمەنیدا رەتدەبێ و بەجۆرێ گوزارشت لەم ئەزموونە تایبەتییەی خۆی دەكات. با لە میانی وەرگرتنی را ی چەند كچێك ئەم وێستگەیەش بەسەر بكەینەوە و سووچێكی ئەم جیهانە داخراوەی كچان نیشان بدەین...
(ژیان عەلی) خوێندكاری بەشە ناوخۆییە بەمجۆرە باس لە چۆنیەتی بەسەربردنی ژیانی نێو بەشەناوخۆیی دەكات و دەڵێت: دەتوانم بڵێم كە لەبەشە ناوخۆیدا ژیانێكی تایبەتمان هەیە. وا هەست دەكەم كە ئێمە لە سەربەسترین كاتی خۆمانداین و ئێرە تایبەترین ژیانی تەمەنمانە، چونكە فیلتەری ژیانی بەشە ناوخۆیی باشترین تاقیكردنەوەی كچانە لەوەی كە چۆن بتوانن متمانە لەسەر خودی خۆیان دروست بكەن و چۆن بتوانن پێوەندییەكانیان لەسنووری ئاسایی بپارێزین و پێوەندی نوێ دروستبكەن. بەرنامەی كاتەكانمان بەسەیری فیلم و گوێگرتن لە گۆرانی و قسە و گفتوگۆ بەسەر دەبەین و دواتر جلەكانمان ئامادە دەكەین بۆ رۆژیی دوایی و دواتر قسەو باس و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی رۆژ دەستپێدەكەین، چونكە ئەوەی هەرچی بەسەر بێت و ببینێ هەمووی دەزانیت. فەزایەكە كەس ناتوانێت نهێنی تێدا بپارێزێت. ئەگەرچی هەندێك كەسی فزوڵیشی تێدایە، بەڵام فەزای شوێنێكە بۆ خۆی وایە. دواتر (ئەڤین ئەحمەد) خوێندكاری قۆناغی سێییەمی كۆلیژی زانست هاتە ناو قسەكانمان و ئەویش بەمشێوەیە بیروڕای خۆی دەربڕی و وتی: رۆژانە لەدوای دەوامی كۆلیژەوە دەڕۆینەوە بەشە ناوخۆییەكەمان، فەزای نێو بەشە ناوخۆیی فەزایەكی زۆر بەرتەسك و ناخۆشە، بەتایبەتی تۆ كە بتەوێ كاتێك بۆ خوێندنەوە دیاریبكەی، بۆیە زۆربەی كاتەكەمان بە پێكەنین و نووستن بەسەر دەبەین. تەنها ئەو كاتانە دەخوێنینەوە كە رۆژانی تاقیكردنەوەكان دێنە پێشەوە. هەر لەبەر ئەوەیە زۆركەمە كچێك لەناو بەشە ناوخۆیی بژێت و بتوانێت یەكەم دەربچێت لەبەشەكەی خۆیدا.
(هانا جەمال) خوێندكاری بەشە ناوخۆیی قلیاسانی كچان دەڵیت: ماوەی سێ ساڵە لە بەشە ناوخۆیی ژیان دەگوزەرێنم. سەرەتا زۆر بە ئاواتی بووم پێیبگەم، بەڵام بەڕاستی ژیانی نێو بەشەناوخۆیی زۆرناخۆشەو زۆركێشەی هەیە. تەواوی رۆژەكانم بەشتی بێسوود و بێكەڵك دەڕوا، دوور لە فێربوونی زانست، چونكە ئەوكاتەت پێی نابەخشێ كە سوود وەربگرین.
(كوردە عەلی)یش خوێندكارێكی بەشی ناوخۆییە ئەویش هەر بێزاری خۆی لە ژیانی نێو بەشە ناوخۆیی دەربڕی و وەك خۆی دەڵێ: بەردەوام بێزارم لەبەشی ناوخۆیی، چونكە كەسایەتی خوێندكارەكان لەیەك جیاوازن و دوورە، بۆ نموونە بوونی چەند خوێندكارێك لەژوورێكدا كە هەر یەكەی كەسایەتییەك و میزاجێكی هەیە، ئەوەش بۆ من زۆر قورسە و چەندین كێشە رووبەڕووم دەبێتەوە، بەتایبەت لە تاقیكردنەوەكانمدا لەوكاتانەش هەندێك رێگری دەكەم لە كارەكانیان وەك گۆرانی لێدانی مۆبایلەكانیان یاخود تێلیفۆن كردن و هەڵپەڕكێ و ئەو بابەتانە كە كچەكان حەزیان لێییە. ناتوانین ئەو كەشە دروستبكەین و بخوێنینەوە تەنها خەریكی قسەو گێڕانەوەی یادگارییەكانی قۆناغی ئامادەین.
(خەرمان عوسمان) خوێندكاری بەشی ناوخۆی كانیی ئیسكان دەڵێت «زۆربەی شەوەكانی بەشە ناوخۆیی بە وێنە گرتن و قژ ئتوكردن و جل ئتوكردن بەسەر دەبەین و بۆ سبەینانێی كۆلیژ خۆمان خەریك دەكەین. ژیانی بەشە ناوخۆیی زۆر داخراوە. بەو جۆرە نەبێت بۆمان تەواو نابێت، زۆرجاریش بەدیار چیرۆكی یەكترەوە دادەنیشین، چونكە ئەوەی كچەكان لە ژیاندا پێیان ناوترێت لەناو بەشە ناوخۆیدا زۆربەئازادی بەبێ ترس دەیڵێت، دەتوانم بڵێم ئەو بەشە ناوخۆییەی ئێمە ئازادترین كات و ژیانی كچێنیمانە كە بەسەرمان بردبێت.
(تاڤگە جووتیار) قۆناغی چوارەمی كۆلیژی كارگێڕی دەڵێت «ژیانی بەشە ناوخۆیی لەمێژووی ژیانی كچێنیم دا زۆر تایبەتە، چونكە پەروەردەی مێینەی ئێمە لەسەر ئەوەیە كە تائەوكاتەش دێینە بەشە ناوخۆیی هیچ سەربەستیەكمان نییە، تەنانەت لە شتە ئاساییەكانی ژیانماندا. هەر بۆیە بەشە ناوخۆیی وەك قوتابخانەیەك وایە كە چۆنمان پەروەردە دەكات لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین بڕیاربدەین لەسەر ئەوەی چۆن دێین چۆن دەڕۆین. فێرمان دەكات چۆن بەرپرسیاریتی و خۆ ناسی خۆمان ببەین بەڕێوە، چونكە تائەوكاتەی لەناو خێزانین خێزان سەروەرە لە بڕیاردان بۆمان. هەربۆیە ژیانی بەشە ناوخۆی دەتوانێت فێری زۆر شتی گرنگی كردین. بەڵام خاتوو(ئەژین سیروان) كە قۆناغی چواری كۆلێژی ئادابە لەیەكێ لە بەشە ناوخۆییەكانی هەولێر دەژی بۆچوونێكی سەرنجڕاكێشی شیكاریی هەیە و دەڵێ: راستییەكەی ژیانی نێو بەشەناوخۆیی بەتایبەتی هی كچان فرە رەهەند و فرە رەنگ و پڕ لە نهێنییە. ئەمەش بۆ كەسیەتی خودی كچەكان دەگەڕێتەوە كە سەر بە كام جیهانن. كچ هەیە شەرمن و كەم تێكەڵ و داخراو و گۆشەگیرە، ئەوەندە ئاگای لە دنیای پڕ لە عەشق و سەفای كچان نییە، ئەم جۆرەیان لەناو بەشەناوخۆیی كێشەیەكی وای نییە كە لێی بێزار بێ مەگەر دەنگە دەنگ و قاقای پێكەنینی كچانی تر نەبێت. كچیش هەیە تەنیا خەریكی عەشقبازی و دڵدارییە و فڕی بەسەر خوێندنەوە نییە و خۆشترین ساتی تەمەنی ژیانی نێو بەشەناوخۆییە. هەیە دنیای بەفشە وەگرتووە و ئەوەندە بایەخ بە خوێندن نادات تەنیا حەزی لەسەفرە و گەشت و گەڕان و پیاسە كردن و كات بەسەر بردنە.
Top