فەیسبووك رێگەیەك بۆ یەكترناسینی گەنجان یان دەربڕینی ناخە چەپێنراوەكان

فەیسبووك رێگەیەك بۆ یەكترناسینی گەنجان یان دەربڕینی ناخە چەپێنراوەكان
لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی لەكوردستان دا دەبینرێت بە تایبەت لە بواری پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا كە ژیانی مرۆڤایەتی ئاسان كردووە بەوەی لە ماوەیەكی كورت بە تونایەكی كەم بگەین بە ئامانجەكانمان، لەوانەش ئینتەرنێت توانیویەتتی پێوەندی هاوڕێیەتی نێوان تاكەكان ئاسانتر بكات. بەڵام ئەم ئاسانییە چەندین كێشەو گرفتی بۆ تاك دروست كردووە، بەشێوەیەك كە تاكی تووشی دڵەڕاوكێ و گومان كردووە لەبەرامبەر یەكتریدا، بەهۆی ئەوەی لەژێر پەردەوە ناو و ناوبانگ، وێنەی خۆیان دەگۆڕن. فەیسبووك ئەو سایتە ئەلەكترۆنیەیە كە گەنجانی لەدەوری خۆی كۆكردۆتەوە، بزانین بەشداربووانی ئەم سایتە چۆن پێناسەی ئەم ماڵپەڕە ئەلەكترۆنیە دەكەن.
زریان عەلی خوێندكار لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی دەڵێت "وەك بەشداربوویەك لەفەیسبووكدا، لە رێگەی ئەم سایتە ئەلیكترۆنیە توانیومە كۆمەڵێك هاوڕێ بناسم، لەگەڵ ئەوەشدا بەسایتێكی خراپی نازانم و لەگەڵ خراپ بەكارهێنانیشی نیم، وەك كۆمەڵێك لە هاوڕێیان باسی هەندێك لەلایەنە خراپەكانی ئەم سایتە دەكەن، بۆنموونە كچەخاڵەكەم كە دانیشتووی وڵاتی سویدە لەفەیسبووكدا بەشدارە، بەڵام ناوێرێت وێنە خۆی لەپڕۆفایلەكەیدا دابنێ، بەڵام من وێنەكەی خۆم داناوە و هیچ كێشەیەكیشم بۆدروست نەبووە، بەبەردەوامیش لەگەڵ هاوڕێكانی فەیسبووكدا پێوەندیمان هەیە و هەر لە رێگەی ئەم سایتەوە رۆژانە چەندین زانیاری وەردەگرم و لێی سوودمەند دەبم، هەر لەناسینی هاوڕیان و هاوكاریكردنی هاوڕێكانم تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی لەسەر فەیسبووك دادەنرێن".

رامین محێدین كە ئەمە ناوی فەیسبووكەكەیەتی بە وتەی خۆی یەكێكە لەبەشدارە چالاكەكانی فەیسبووك و دەڵێت "ئەم ماڵپەڕە توانیویەتی كۆمەڵێك لە هاوڕێ دێرینەكانم كە بەهۆی سەفەر و هەندێك رووداوەوە لەیەكتری دابڕابووین، كۆبكاتەوە. بەڵام ئەگەر بەگشتی باسی چۆنیەتی فەیسبووك بكەم هەندێك لەهاوڕێ كچەكانم كێشەیان بۆ دروست بووە لە كاتی كردنەوەی فەیسبووك دا، وەك داواكردنی پێوەندی خۆشەویستی یاخود داواكردنی دەرهێنانی وێنە، دیارە كە ئەوەش بۆ كاری خراپە ئەگینا وێنەی كچانیان بۆچیە؟ بۆچی كەس داوای وێنەی من ناكات. هیوادارم ئەم دیاردە ناشیرینانە نەمێنێ بۆ ئەوەی بتوانین سوودێكی باش لەم ماڵپەڕە وەربگرین".

ئەژی كامیل بەكارهێنێكی فەیسبووكەو كە ناو و وێنەی خۆی گۆڕیوە بۆ ئەوەی ئەندامانی بنەماڵەكەی نەزانن ئەوە تەنیا لەسەر كارەكەی ئەم ماڵپەرە دەكاتەوەو دەڵێت "براكەشم لە فەیسبووكدا بەشدارە، بۆیە ناو و وێنەی خۆمم دانەناوە، هەتا رۆژێك براكەم ویستی چاتم لەگەڵ بكات، چونكە ئاتم كردووە، بەڵام وەڵامم نەدایەوە، بەردەوام دەینووسی بۆچی وەڵامم نادەیتەوە. ئەمە تەنیا لەبەرئەوەی كە من ناوەكەم كچە، باشە دەپرسم ئاخۆ دەبێت چەندی وەك من بەم شێوەیە فەیسبووكی دانابێت. كوڕان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان كە كچان بەقسەكانی خۆیان ئیستیغلال بكەن. من دەڵێم فەیسبووك پێویستی بە كچی زۆر وریا هەیە، ئەگینا كێشەیان بۆ دروست دەبێت یاخود نابێت بەهیچ جۆرێك وێنەی خۆیان دابنێن، ئەگەرچی هەندێك لە كوڕانیش وێنەی خۆیانیان دانەناوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەرچیان پێخۆش بێت دەیكەن و دوایی دەیسڕنەوە و دەیگۆڕن بۆ ناوێكی تر. ئەمانە هەمووی لایەنە خراپەكانی فەیسبووكە.

سەلمان كاوە ناوی فەیسبووكەكەیەتی و وێنەیەكی جوانی بیانی داناوە، دەڵێت رۆژانە بۆماوەی 3كاتژمێر و شەوانەش بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەسەر فەیسبوك دەبم. هاوڕێیانم زۆرن نزیكەی 654هاوڕێم هەیە، نزیكەی 88هاوڕێی كچم هەیە. 4پێوەندی خۆشەویستیم لەناو ئەم سایتەدا هەیە. دووانیان بە پێشنیاری خۆم بووە، بەڵام دوانەكەی تریان بە پێشنیاری كچەكان بووە. ئەم پێوەندیانە تەنیا خەیاڵن و مرۆڤ بۆ چەند كاتێك مەشغوڵ دەكات، خۆ ئەگینا هیچ كات ئەم پێوەندییە ناكەمە پێوەندی هاوسەرێتی، كچەكان بۆ خۆشیان هەمان باوەڕیان هەیە، بەڵام سێیەمەكەیان ئەگەر بۆم رازی بكرێت هەوڵئەدەم بڕیاری هاوسەری پێبدەم و زۆریش وابەستەی خۆمم كردووە، چونكە ئەو لە ئەوروپایە ئەوەندە باسی كوردستان و كورد بوون و نیشتمانم بۆ كردووە، خەریكە شێت دەبێت بۆ ئەوەی بێتەوە، ئەگەر ئەو پیلانەی بۆم داناوە سەربگرێت، ئەوا دەیهێنم بۆ ئەوەی سەفەرەكەی دەرەوەم مسۆگەر بكرێت، ئەگەر چی باوكم زۆر مەزهەبیەو پێموانیە رازی ببێت بەو هاوسەرییەی من، بەڵام هەوڵی خۆمی بۆ دەدەم".
Top