ئەو فاكتەرانەی دەبنە هۆی جنێودان لەلای منداڵ

ئەو فاكتەرانەی دەبنە هۆی جنێودان لەلای منداڵ
شێوازی پەروەردەكردن و هەوڵدان بۆ دانانی سیستمێكی پەروەردەیی دروست لەخێزاندا رۆڵ و ئەركی دوو كاراكتەری سەرەكی خێزانن كە (دایك و باوك)ن، ئەگەر ئەم دوو تاكە توانیان لەخێزانەكانیاندا باشترین ئاكار و شیرینترین زمانی گفتوگۆ كردن بەكاربهێنن، گرەوی پەروەردەیەكی باشیان بردۆتەوە، بەو مانایەی توانیویانە وا لەمنداڵەكانیان بكەن لە خاڵە پۆزەتیڤەكاندا لاساییان بكەنەوە بەتایبەت لەتەمەنە دیاریكراوەكاندا كە منداڵ هەڵگری زمان و رەفتاری دایك و باوك دەبن. یەكێك لەو ئاكارانە بەكارهێنانی وشەی دزێو و نابەجێیە واتە (جنێودان) وەك راهاتن و خوگرتنێك بەكاری دەهێنن، بە تێپەڕبوونی كات لەلایان ئاسایی دەبێتەوە. بێگومان ئەم حاڵەتەش پێدەچێت چەند فاكتەرێكی هەبێت كە دەرخەری ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیری ئەو خێزانە دەردەخات، هەروەك لە رێپۆرتاژەكەماندا خاڵە لاوازەكانی بەدیار دەكەوێت.
هۆشمەند عوسمان فەرمانبەر لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: تاك لەناو خێزاندا و دواتریش لەناو كۆمەڵگەدا چەندین ئاكار و رەفتاری ناڕاستەوخۆ و كاریگەری لەسەر دروست دەكات، سروشتی مرۆڤ بەچەشنێكە لەگەڵ تێكەڵبوون و هۆگربوون بە كەسانی دەوروبەر تەواوی ئاكارەكانیان هەڵدەگرێت. زمان وەك فاكتەرێكی گفتوگۆكردن و لێكتێگەیشتن لە هەموو فاكتەرەكانی دیكە زیاتر كاریگەری دەبێت، بۆیە كاتێك لەخێزانێكدا دایك و باوك یاخود ئەندامانی دیكە بە وشەی ناشیرین لەگەڵ یەكتر دەدوێن، بێئاگان لەوەی چ كاریگەرییەكی نێگەتیڤیان لەسەر ئاستی بیركردنەوە و زمانی منداڵەكانیان بەجێهێشتووە. دەكرێت ئەم خووە دزێوە لەناو ببرێت، هەرچەندە ئەمە كارێكی ئەستەمە بۆكەسێك لەسەری راهاتبێت، بەڵام نابێت رێگەش بدەین ببێت بە كولتوورێك.
خاتوو پڕشنگ حەمەئەمین چالاك لەبواری پەروەردەی منداڵان (باخچەی ساوایان): بۆچوونی وایە دایكان زۆرجار باس لەوە دەكەن فاكتەری فێربوونی جنێودان لە منداڵەكانیاندا بۆ باوك واتە رەگەزی نێر لەخێزاكانیاندا (باوك یان كوڕەكانی) دەگەڕێنێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان زۆرترین كات لەدەرەوەی ماڵن و بەپێی جۆری كارەكانیان تێكەڵ بەكەسانی دیكە دەبن، ئیتر لەهەر ئاست و چینێكی كۆمەڵگەدابن. بێگومان ئێمە دەبینین ئەو منداڵانەی لە باخچەی ساوایاندان زۆر وشە بەكاردەهێنن كە جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو منداڵە چۆن فێری ئەو وشانە بووە؟ یاخود چۆن دەتوانێت لە رووی زمانەوانیەوە گۆی بكات و بۆی بووترێت، كاتێك بەدواداچوون دەكەین دەبینین لەخێزانەكەیەوە فێری بووە، یاخود لەئەنجامی تێكەڵبوونی لەگەڵ منداڵانی دیكە ئەو جنێو و وشانەی وەرگرتووە. دەبێت بە پلەی یەكەم دایك زۆر رێگر بێت لەم ئاكارە لەخێزاندا و تەنانەت كاریگەری لەسەر تەواوی ئەندامانی دیكەی خێزانەكەیەوە هەبێت بۆئەوەی منداڵەكانیان لەبەكارهێنانی وشەی ناشیرین و بەكارهێنانی جنێو بەدوور بگرێت.
نەوزاد كەریم كە خاوەنی دوكانی جلوبەرگی پیاوانە سەبارەت بە جنێودان و فێربوونی منداڵ، دەڵێت: فێربوونی جنێو و بەكارهێنانی لەناو خێزاندا خوویەكی نابەجێیە، بەڵام وەك خۆم زۆرجار هەوڵمداوە لێی دووربكەومەوە و دووبارەی نەكەمەوە، بەڵام نەمتوانیوە، چونكە هەر لەمنداڵیەوە فێر بوومە، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە لەدەرەوەی خێزانیشدا زیاتر بەكاردەهێنرێت. لەگەڵ هاوڕێكانمدا و خاوەن دوكاندارەكانی دیكە وشەی ناشیرین و جنێو زۆر بەكاردەهێنین، ئەمەش نیشانەی نزمی ئاستی رۆشنبیری دەردەخات، وامان لێدەكات هیچ سنوور و شەرمێك لەنێواماندا نەمێنێت. هەر بەم زمانی گفتوگۆیەوە دەچینە ماڵەوە جارێكی تر لەوانەیە بەقورستریش لە چوارچێوەی خێزانەكانماندا بەكاری بهێنینەوە.
سیروان عەلی نووسەر و رووناكبیر دەڵێت: بۆچوونم وایە بەكارهێنانی جنێو لەناو خێزانی كوردا بۆتە كولتوورێك، دەبێت لەناو ببرێت، چونكە یەكێك لەبنەماكانی لادانی پەروەردەی منداڵ جنێودانە و دووبارەكردنەوەی چەمكە خراپەكانە، خێزانی كورد لە زۆر لایەنەوە گرفتی هەیە، دایك و باوك نزمی ئاستی رۆشنبیری وای لێكردوون بیر لەهیچ كارێكی دیكە نەكەنەوە، بۆ نموونە كڕینی ئەو فیلمە كارتۆنیانەی دۆبلاژ دەكرێن پڕاوپڕن لە وشەی نا تەندروست و ناپەسەند، هاوكات ئەم وشانە وەردەگرێت و لەگەڵ خێزانەكەیدا پێی دەدوێت، بەهەمان شێوە پڕە لە وشەی نەگونجاو. باوك زۆرجار لەگەڵ منداڵەكەیدا دەدوێت و دەیەوێت ئامۆژگاری بكات لەبەرامبەردا بەجنێودان فێری دەكات، لەدواییدا ئەگەر ئەو منداڵە لەبەرامبەریدا بەكاری هێنا لەوانەیە تووشی لێدان و سزادانی بكاتەوە، بەڵام ناخودئاگایە كە ناڕاستەوخۆ لەچركە ساتەكانی ئامۆژگاری وەك دیارییەك پێی بەخشیووە، پەروەردەكردنی منداڵ ئەركێكی هەروا سانا نییە كە ئێمە لێی دەڕوانین، دەبێت هەمیشە دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیاندا زۆر هۆشیارانە مامەڵە بكەن تا لەئاكامدا ئاسودە بن لە شێوازی پەروەردەكردنی منداڵەكانیاندا.
جیاوازی توێژ و چینەكانی كۆمەڵگە پێدەچێت كاریگەری هەبێت لەسەر شێوازی پەروەردە و بەكارنەهێنانی جنێولە خێزاندا، لەم لایەنەوە (شۆخان نوری)ی قوتابی زانكۆی سلێمانی، كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەكان دەڵێت: دروستە، جیاوازی چینەكان فاكتەرێكە بۆ پەروەردە و شێوازی ژیانی خێزانەكان، بەڵام فاكتەرێكی رێژەییە، چونكە خێزان هەیە هیچ پلەیەكی خوێندەوارییان نییە و منداڵەكانیان لەسەر باشترین ئاست پەروەردە كردووە، هۆشیاری و ئاستی تێگەیشتن وادەكات تاچەند ئەو دایك و باوكە لەخەم پەروەردەكردندان، دەزانن منداڵ لەچ تەمەنێكدا هەڵگری ئاكارەكانە. بەجنێودان پەروەردەی ناكات و هەوڵنادات منداڵەكەی تێكەڵ بە منداڵێكی دیكە ببێت كە بزانێت ئاستی پەروەردەی خێزانەكەی چۆنە؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی ئاسایی ئەوانەی كاری جۆراوجۆری وەك: فیتەر- دروومان- شۆفێری .. دیكە دەكەن و زۆرتر تێكەڵ بەخەڵكی ئاسایی دەبن، پێدەچێت جنێودان كارێكی ئاسایی بێت و بەلایانەوە و هیچ زەحمەت نەبێت، تەنانەت وتنەوەی ئەو وشانە لەشوێنە گشتییەكان زۆرجار بەرگوێمان دەكەوێت، دەكرێت هەموو تاكێك راستە خاوەن هەر كارێكە، بەڵام كەسێتی خۆی بپارێزێت، زمانی گفتوگۆكردنی لەوپەڕی جوانیدا بەكاربهێنێت.
كاوە مستەفا وەك توێژەری كۆمەڵایەتی خوێندنەوەیەكی هەیە بۆ ئەم تەوەرە و دەڵێت: مرۆڤ لەژیانی ئاسایی خۆیدا هەوڵ ئەدات زۆر بە سادەیی بژێت و بە ویستی خۆی رێچكەیەك هەڵبژێرێت، بەڵام مەرج نییە ئەم خواستەی هەمیشە بەوشێوەیە بێت كە خۆی دەیەوێت، بۆیە ئەگەر ئەوە نەبوو، لانی كەم هەوڵێكی بۆ ئەدات، لەسادەترین مافی ژیانی خۆی دەگەڕێت. لەم كاتەنەدا لەوانەیە پێی خۆش بێت لەوپەڕی سادەیی دابێت و لە دەستنیشانكردنی هاوڕێكانیدا ئەو كەسانە بدۆزێتەوە لەگەڵیدا دەگونجێن، تەنانەت بۆ دروستكردنی پرۆسەی هاوسەرگیری رەچاوی دەكات، كاتێكیش خێزانی پێكهێنا، بێگومان هەروا دەمێنێتەوە، ئەم كەسانەی بەو جۆرە بیردەكەنەوە تەنانەت لەزۆر شتی دیكەشدا هەر جیاواز دەبن. زمان وەك هۆكارێكی لێكتێگەیشتن لەوپەڕی سادەییدا بەرجەستەی دەكەن، گرنگی نادەن بەو فەزایەی تێدا دەژین یاخود بۆ ئەو كاریگەریە خراپانەی بەسەر پەروەردە و بیركردنەوەی منداڵدا دروستی دەكەن، جۆرەها وشە بەكاردەهێنن ئەگەر لەوپەڕی بێماناییدابن، منداڵ زۆرجار لە ماناكانی تێناگات، بەڵام دەبینێت لەلایەن دایك و باوكیەوە بەكاردەهێنرێت، پێیوایە ئەمە وشەگەلێكی تەندروستن، هەر ئەمانە لەزهنی منداڵەكەدا وێنایەكی جیاواز لەخۆ دەگرن و جارێكی تر لە قاڵبێكی دیكە بەكاریان دەهێنێتەوە. هاوكات دەربڕینی ئەو وشانە چەندین كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتیشی لێكەوتۆتەوە، تاكی كوردی لەزۆركاتدا خۆڕاگر نییە، بۆ دەربڕینی حاڵەتی بێزاری جنێو دەدات.
Top