خشڵ و زێڕ بەخۆوەكــــردنی ژنان، لە نێوان چاولێكەری و حەزی بـەخۆ نازین دا

خشڵ و زێڕ بەخۆوەكــــردنی ژنان، لە نێوان چاولێكەری و حەزی بـەخۆ نازین دا
بەشێكی بەرچاو لە كچان و ژنان ئارەزووی كڕین و بەخۆوەكردنی خشڵ و زێڕ و زیوی جۆراو جۆرن، ئەمەش شتێكی ئاساییە كە ئافرەت حەز بە خۆ رازاندنەوە و خۆجوانكردن بكات، چونكە زێڕ و زیویش بەشێكە لە ئێكسسواراتی جوانی و تەنانەت بەشێكی كەم لە پیاوانیش حەز بە زێڕ بەخۆوەكردن دەكەن، بەڵام بێگومان بە رێژەیەكی كەمتر لەچاو ئافرەتان. دیارە سروشتی ئافرەت وایە هەم ناسكە و هەم سەرچاوەی سۆز و جوانیشە، بەڵام ئایا ئەم رەفتارە چاولێكەرییە یان تەنیا هەر ئارەزووێكی جوانكاریانەیە؟

بەبڕوای خاتوو(نیان زوهێر) ئافرەت زۆر لەمێژە ئاشنایە بە زێڕ و زیو و خشڵ. ئەو زیاتر لەسەری دەڕواو دەڵێ: جاران هۆیەكانی جوانكاری شتێكی وەها نەبوو بۆ خۆ رازاندنەوە. لەبەر ئەوە هۆیەكانی خۆدەرخستن هەر زێڕ و زیو و مۆری و مەرجان و ئەو جۆرە بابەتانە بووە، بەڵام ئێستاكە دەبینی دنیایەك كەرستەی جوانكاری هەمەڕەنگ و هەمەچەشن هەیە كە سەرت سووڕ دەمێنێ لەو هەموو جۆرە بابەتانە، بەڵام زێڕ و خشڵیش رەواجی خۆی ئەگەر لە جاران زیاتر نەبێ، كەمتر نییە. ئەوەش بە رای من چەند هۆییەكی هەیە، لەوانە زۆربوونی پارەو داهات، باشبوونی باری دارایی خەڵك و گەرمبوونی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ و زیو. خاتوو (جوان عەبدولڕەحمان)یش لەو بڕوایە دایە شتێكی ئاساییە ئافرەتان زێڕ و زیو و خشڵ بەخۆیانەوە بكەن، بەڵام دەبینی ئافرەتی وا هەیە نێزیكی نیو كیلۆ زێڕ بەخۆیەوە دەكات.(جوان) درێژە بە خستنەڕووی بۆچوونەكەی دەدات و دەڵێ: زۆر ئاساییە هەر ئافرەتێك پارچە زێڕێك بەخۆوە بكات، ئەوجا ئەو پارچەیە چ ملوانكەیەك بێ یا گوارەیەك یان ئەڵقەیەك بێ یا هەر پاچە زێڕێكی تر بێ. بەڵام بە رای من ئەوەی كە نائاساییە ئەو زێڕە زۆرەیە كە بەشێكی زۆری ئافرەتانی ئەمڕۆ لە بۆنەكاندا، بەتایبەتی لە ئاهەنگەكانی بووك گواستنەوەو شەكراو خواردنەوەو ئاهەنگەكانی رۆژی لە دایكبوون و رۆژی دەرچوونی قوتابیانی كۆلیژ و بۆنەی دیكە، چەندین پارچە زێری گرانبەها و قورس و گەورە و گران بەخۆیانەوە دەكەن، كە رەنگە بەهەمووی كێشەكەی (50-100) مسقاڵ بێت. ئەمەش بەڕاستی تەنیا بۆ خۆدەرخستن و ناز بەسەر خەڵكەوە كردن و چاولێكەرییە و هیچیتر.

(سەردار حەمید)ی زێڕنگەر هاوڕایە لەگەڵ قسەكانی خاتوو جوان و دەڵێت: ئافرەتی وا دەوڵەمەند هەیە هەر جارەی كە دێتە دوكانەكەم بایی دەفتەرێك یا دوو دەفتەر دۆلار زێڕ دەكڕێ. ئەوجا ئەوە قایشی لیرەیەی تەواوە، نیو لیرەیە، ئەوە گەردنلغە پشتێنە، دوانزە تاك بازنی خەلیجییە یا هیندییە. تاد تەنانەت پێڵاوی زێڕیش پەیدابووە. پاچە زێڕی وامان هەیە خۆی لە كیلۆیەك زیاتریش دەدات و ئافرەت هەیە لەیەك بۆنەدا بوخۆوەی دەكات. ئەمەش ئەوەندەی من تێیگەیشتبم تەنیا خۆدەرخستن و نازكردن بەسەر خەڵكی و چاولێكەرییە، دەنا كیلۆیەك زێڕی بۆچییە بەخۆی وەبكات، پارچەیەك دووان بەسە.

ئایا ئەم هەموو زێڕ بەخۆوەكردنە
جۆرێك نییە لە لاساییكردنەوەی ژنە عەرەبەكانی كەنداو
بەقسەی (عیماد رەمزی)ی زێڕینگەریش ئەو جۆرە زێڕ بەخۆوەكردنە زیاتر لاساییكردنەوەیە وەك لەوەی بۆ جوانی بێت. ئەو لەمبارەبەوە دەڵێت: ناوە ناوە دەچمە (دوبەی) زێڕی گرانبەهاو قورس و گران دەهێنم. ئەوجا ئەو زێڕانەش یا زێڕی ئیماراتییە یانیش هیندییە. زێڕی هیندی نەخشەكەی زۆر جوان و هونەرییانەیە، بۆییە دەست هەقیشی زۆر گرانە، لەچاو هەقدەستی زێڕی عێڕاقی یا لوبنانی. زێڕ و نەخشی هیندی بەناوبانگە، زۆربەی ژنان و كچانی كەنداو زێڕی كەنداو دەكڕن. لێرەش رەواجێكی زۆری هەیە، بەڵام بەزۆری ژنە دەوڵەمەدەكان دەیكڕن، چونكە پارەكەی زۆرە و هەقدەستەكەشی گرانە، كە قیمەتەكەی لەدەفتەرێك دۆلار بەسەرەوەیە. بە رای من ئافرەتانی ئێرەش بە زۆری لاسایی ئافرەتە خەلیجییەكان دەكەنەوە. ئەوەتا زۆر شت هەیە بەناوی ئەوانەوەیە، بۆ نموونە عەبای خەلیجی، كە ئەمە كتومت لاساییكرنەوەی ئافرەتانی خەلیجییە، دەنا ئافرەتی كورد هەتا جلی كوردەواری هەبووبێ، لەگەڵ جلی مۆدەی ئاسایی، كەی عەبای خەلیجی زانیوە؟ هەر لەمبارەیەوە خاتوو (سومەیە جەلال)ی فەرمانبەریش وتی: ئافرەت هەقی خۆیەتی حەز لە زێڕ بكات و پارچەیەك دووان بەخۆوە بكات، بەڵام ئەگەر زێڕ بەخۆوە كردن بۆ (تەباهی) كردن و نازكردن بەسەر خەڵكیی و خۆجیاكردنەوە و خۆ بەگەورە زانین بێ، ئەوە هەر زۆر نا ئاساییە، لە مەسەلەی جوان دەردەچێ دەبێتە شتێكی تر. بۆیە لاموایە هەموو شتێك لە سنووری ئاسایی خۆی جوانە.
Top