لە ڕۆژی جیهـــــانی مندڵاندا منداڵانی سەر شەقام تەنها لە تەلەفیزۆن یادكردنەوەی ئەم ڕۆژەیان بەبیر دێتەوە
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
ئەمساڵیش هەروەكو ساڵانی پێشوو ئەو منداڵانەی كە لەسەر شەقامەكان كاردەكەن لە یادكردنەوەی ئەم رۆژە بێبەشن و نازانن رۆژێك هەیە بە ناوی رۆژی جیهانی منداڵان، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە باری گوزەرانی ئەم منداڵانە ئەم راپۆرتەمان ئامادەكرد، ئەم راپۆرتە دەیەوێت بگات بەو وەڵامەی ئایا بۆچی تا ئێستا ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵیەوەیە بۆ كار دەكەن و بۆچی رێگەیان پێدەدرێت؟
لە دەسپێكدا محەمەد ئەیوبی تەمەن 12 ساڵان قسەی بۆ كردین و وتی"بۆماوەی دوو ساڵە ئەمكارە دەكەم و دەتوانم لێرە بژێوی خۆم و خێزانەكەم دابین بكەم، پۆلی پێنجەمی بنەڕەتیم، ئێستا رۆژانە لە كاتژمێر 8 دێم و 5 ئێوارە دەگەڕێمەوە، رۆژانە 10 هەزارێكم دەستدەكەوێت، بەڵام پێشتر لەبەر قوتابخانە یان بەیانیان دەهاتم یان ئێواران". كاتێك كە پرسیاری ئەوەم لێكرد ئاگاداری رۆژی جیهانی منداڵانە وتی "بۆ منداڵیش رۆژی هەیە، بەڕاستی ئاگاداری ئەو رۆژە نیمە و منیش حەزم دەكرد وەكو منداڵانی تر پشووی هاوین لە ماڵەوە بە یاری بەسەر بەرم، نەوەك لێرە لەبەر ئەو گەرمایە نان پەیدا بكەم"، وتیشی "زۆر حەز دەكەم بەشداری ئەو ئاهەنگانە بكەم كە دەڵێن لەو رۆژەدا ئاهەنگ بۆ منداڵان دەكرێت"، لە كۆتاییدا ئەو منداڵە تەنیا داواكاری ئەوە بوو پۆلیس لێبگەڕێن ئەوكارە بكات.
دواتر مەریوان غەفوور كە تەمەنی 11 ساڵان بوو لە بەرامبەر باغی شار بنێشتی دەفرۆشت وتی "بە ئارەزووی خۆم ئەوكارە دەكەم و ئەو پارەیەی دەستم دەكەوێت نیوەی بۆ خۆمە و نیوەشی بۆ ماڵەوە، باوكم فەرمانبەرە ئەو مووچەیەی كە وەری دەگرێ ناتوانین پێوەی بەڕێوەبچین، بۆیە منیش نیوەی پارەكەی خۆمی دەدەمێ، رۆژانە دەتوانم لێرە 12 هەزار ئیش بكەم"، ئەو منداڵە ئەوەشی وت كە ساڵی پار بوو تیمێك هاتن وتیان تۆ منداڵی نابێت كاربكەی دواتر مانگانە 30 هەزاریان بۆ بڕیمەوە بەو مەرجەی كە كارنەكەم، بەڵام من پارەكەم وەرنەگرت، چونكە بە 3 رۆژ 30 هەزار زیاتر پەیدا دەكەم، وتیشی "ئاگاداری رۆژی جیهانی منداڵانم كە (1/6)ـە، بەڵام ئێمە هەموو ساڵێ لەو رۆژە بێبەشین". ئەوەشی خستەڕوو زۆر كەس هەنە لێرە قسەی ناشیرینیان پێدەڵێن و شەڕیان پێدەفرۆشن، ئەوە جگە لەوەش پۆلیس لێناگەڕێت لێرە عارەبانەكەم دابنێم.
یاسین عەزیز تەمەن 14 ساڵە و پۆلی 7ی بنەڕەتیە لەبەر ئەوە كاردەكات، چونكە باوكی پیرە و توانی كاركردنی نییە و باوكی دوو ژنیشی هەیە، ئەو منداڵە ئاخێكی هەڵكێشاو وتی "نزیكەی 4 ساڵ دەبێت لێرە كاردەكەم، چونكە خۆم براگەورەم و دوو خانەوەدا بەخێو دەكەین"، بەدەم گریانەوە وتی "خۆمنیش ئەگەر باوكم دەوڵەمەند بوایە بۆ دەهاتم لەسەر شەقام كاربكەم و خەڵك پێم پێبكەنێ و غەدرم لێبكات، بۆخۆم وەكو منداڵانی تر بەشداری خولێكی هاوینەم دەكرد"، سەبارەت بە رۆژی جیهانی منداڵان ئەو منداڵە دەڵێت "لەلای ئێمە باسی ئەو رۆژە مەكە، چونكە ئێمە لێی بێبەشین، بەڕاستی لە تەلەفزیۆن دەبینم كە هەموو ساڵێك یادی دەكرێتەوە، جارێ ئێمە تەنیا تەماشا دەكەین، واتە بەشداری ناكەین"، لە قسەكانیدا بەردەوام بوو وتی "پێش ئەوەی دەڵاڵخانە تێك بدرێت، كاری دەست فرۆشیم دەكرد، دواتر كە تێكدرا لەبەر ئەوەی بچووك بووم مێزیان پێم نەدا، بۆیە ئێستا لەسەر شەقام كاردەكەم، كارەكەم تا راددەیەك قورس نییە، بەڵام شوێنەكەم گەرمە زۆر جار بەرگەی ناگرم، بۆیە داواكارم لە حوكمەت مووچەیەكم بۆ ببڕێتەوە، هەرچەندە پێشتر مووچەم بۆ بڕدرابۆوە، بەڵام مانگانە تەنیا 50 هەزار بوو، بەو مەرجەی ئەو بڕەیان بۆ بڕیمەوە نابێت ئەمكارە بكەم، بەڵام نەمان دەتوانی پێوەی بەڕێوە بچین، بۆیە بەناچاری هاتمەوە سەر كارەكەی خۆم".
سلێمان ئەنوەر كە لە ترافیك لایتی لای بەنزینخانەی ئاكار چاوەڕێی ئەوەی دەكرد ترافیك لایت رابووەستێت بۆ ئەوەی بچێتەلای شوفێران و كلێنكسیان پێ بفرۆشێت، كاتێك كە هەندێك پرسیارم لێی كرد وتی قسەت بۆ ناكەم، بەڵام دواتر وتی قسەت بۆ دەكەم، بەڵام بەو مەرجەی كە وێنەم نەگری، دواتر رێككەوتین. ئەو تەمەنی 13 ساڵانەو پۆلی پێنجەمە دەڵێت "بۆ ئەوە ئەو كارە دەكەم بۆ ئەوەی بتوانم خەونەكانی خۆمی پێ بهێنمەدی، ئەویش ئەوەیە بتوانم كار بكەم پلەی ستێشنێك بكڕم، چونكە خەونی پێوە دەبینم، لەلایەكی ترەوە ئەو منداڵە دەڵێت بۆ ئەوە كار دەكەم نامەوێت داوا لە ماڵەوە بكەم بڵێم پارەم بدەنێ، بگرە من بە ماڵەوە دەڵێم پارەتان ناوێت"، سەبارەت بە رۆژی جیهانی منداڵانی وتی "هەتاوەكو ئێستا هەر دەزانم رۆژێك هەیە بە ناوی منداڵان، بەڵام هەتاوەكو ئێستا نەچوومە بۆ یادكردنەوەی ئەو رۆژە، بەڵام دەبینم منداڵانی تر لەو رۆژەدا كڵاو لەسەر دەكەن و دڵیان خۆشە".
لە كۆتاییدا فەرهاد عوسمان سەرپەرشتیاری منداڵپارێزی كوردستان دەڵێت "لە لای ئێمە هەموو رۆژێك (1/6)ـە، ئێمە وەكو منداڵپارێزی كوردستان لەبەرنامەمان دایە سنوورێك بۆ ئەو منداڵانە دابنێین كە لەسەر شەقامەكان كاردەكەن، لەو گۆشە نیگایەوە دەمانەوێت چارەسەری ئەو كێشەیە بكەین"، وتشی "لە ساڵی 2007 هەتاوەكو 2010 رووپێوكمان كرد، تەنیا لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك 14878 منداڵی ئیشكەر هەیە، زۆرترین رێژەش بەر شاری هەولێر كەوتووە كە دەگاتە 55،3% ". سەبارەت بەوەی ئایا ئەو منداڵانە دەخوێنن وتی " 78،6% منداڵان ئیش دەكەن و دەخوێنن و 21%مندڵانی ئیشكەر دابڕاون لە خوێندن و 90،4% تەمەنیان لە نێوان 6_14 ساڵی دەستیان بە ئیشكردووە". دەربارەی شێوازی ئیشكردنەكان وتی "16،1% منداڵان بە تەنیا ئیش دەكەن و لە 20،9 منداڵانی ئیشكەر لای كەسێك ئیش دەكەن و لە 47،4% منداڵانی ئیشكەر لەگەڵ خێزان ئیش دەكەن. هۆكارەكانیشی چەند رێژەیەكی هەیە لە 26% منداڵانی ئیشكەر لەبەر هەژاری ئیشدەكەن و لە 20،8% منداڵانی ئیشكەر خێزانەكانیان دەیانێرن بۆ ئیشكردن. 7،1% منداڵانی ئیشكەر لەبەر بێزاربوون لەماڵەوە ئیش دەكەن. هەر لەو پێوەرەدا نزیكەی 30%ی ئەو منداڵانە لەبەر هەژاری ئیش دەكەن. لە 70% زیاتریش كەمی ئاستی رۆشنبیری خێزان بووە، لەوانە لەبەر چاولێكەری یان خێزان پارەی هەبووە نەیداوە بە منداڵەكەی یان دایك و باوك خۆی ئیشی پێدەكات دەڵێت با مرۆڤێكی كاسبی لێ دەربچێت، یان دەڵێت 5_6 منداڵم هەیە لێیان بێزار بوومە لە ماڵێ با بچێتە دەرەوە بچێت ئیش بكات و هەم دەخافرێت و هەمیش پارەی دەست دەكەوێت". ئاماژەی بەوەشدا ئەوان تیمێكیان هەیە بۆ ئەو دیاردەیەو دەچن سەردانی ماڵی ئەو منداڵانە دەكات و ئەوان بڕیار دەدەن كە ئایا مانگانە بڕی چەند مووچەیان بۆ بڕدرێتەوە بەو مەرجەی نەگەڕێنەوە سەر ئیشكردن، بەڵام هەشە دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی لەبەر ئەوەی چاوی لەوەیە كە مووچەكەی بدرێتێ و كاریش بكات، وتیشی "بەڵام ئێمە چاودێری دەكەین، ئەگەر گەڕایەوە سەر كارەكەی، ئەوا مووچەكەی لێ دەبڕین". لە كۆتایی قسەكانیدا فەرهاد وتی "لە وانەیە هەندێك لە منداڵان بە هۆی ئیشكردنەوە تووشی كاری هەڵەش ببن، رێژەی زۆریشی ئەو مندڵانەی كە كاردەكەن خێزانەكانیان نە خوێندەوارە".