لەنێوان دوورخستنەوەو خۆ دوورخســتنـەوەدا.. بۆچی ئافرەتانی ئەندازیار لە پــــــــــڕۆژەكاندا نابیندرێن
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
_ ئەندازیار (سازان فازڵ) لە شارەوانی چوار دەڵێت: ئاساییە گەر ئێمەش بەشداری پڕۆژەكان بكەین بەمەرجێك زۆر لەناو شار دوور نەبێت، من وەكو خۆم هیچ رێگرییەكم نییە لە ماڵەوە، بەڵام لەوانەیە زۆر خێزان رێگە نەدەن كچەكانیان درەنگ بگەڕێنەوە، یان هەندێ فەرمانگە جیاكاری لە نێوان ئەندازییارە پیاو و ژنەكان بكەن، بەرای من گرفت لە هەردوو ئاستی ئیداری كۆمەڵایەتیدا هەیە.
_ بە بڕوای (شنۆ تەحسین)ی ئەندازیاریش لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی ئەو مەسەلەیە لەسەر ئافرەتەكە خۆی رادەوەستێت، ئەو وتی: گەر ئافرەتەكە سوور بێ لەسەر مافی خۆی و پێداگیری بكا بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكانی دەرەوەو وەرگرتنی هەمان ماف و ئیمتیازاتەكانی هاوتای پیاوەكان، دەتوانێ شتێك بە شتێك بكات،(شنۆ)هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە هەندێ فەرمانگەدا (وەك هاوكارە كچەكانی بۆیان باس كردووە) بە ئەنقەست ئەندازیاری ئافرەت لە كارەكان پەراوێز دەخرێن تا لە دەرماڵەی دەرچوون و سەر پڕۆژەكان بێبەشیان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەر و ئەندازیارە پیاوەكان رێگە و شوێنی جۆراوجۆر دەگرنەبەر، بۆ نموونە درەنگ دەردەچن و درەنگیش دەگەڕێنەوە بەم جۆرەش چانسی ئافرەتەكان كەمتر دەبێ و ئەم كردارە رێگری دروست دەكات.
_ (پێشڕەو عومەر)ی ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر پێیوایە زوو دەرچوون و درەنگ گەڕانەوە لە پڕۆژەكان و پێكهاتەی فسیۆلۆژی ئافرەتان وایكردووە ئەوان هاوشێوەی پیاوان بەشداری پڕۆژەكان نەكەن، هەروەها وتی: زۆر جار ئێمە كاتژمێر یانزەی شەو دەگەڕێینەوە، بەڵام ئافرەت ناتوانێت ئەوەندە بمینێتەوە، ئەوان حەز دەكەن زوو دەربچن و زوو بێنەوە، بەڵام ئێمە ئەو كێشەیەمان نییە، لەلایەكی دیكەوە ئافرەت ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ وەستاو كرێكار و مەكائین بكات، ئەوە زۆر زەحمەتە بۆ ئافرەت، بەڵام پیاو پێی دەكرێت شەڕ لەگەڵ هەموویان بكات، بەبۆچوونی من ئافرەت لەبەر سێ هۆكاری سەرەكی بەشداری پڕۆژەكان ناكات، یەكەم ئەندازیارە ژنەكان ناتوانن تا درەنگ بمێننەوە، دووەم شوێنی بڵند و دوور كە رێگەكان سەختن ئافرەت ناتوانێت بیانبڕێت،دواتریش ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ستافی پڕۆژەكە بكات. (پێشڕەو) لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: كاری دیكە هەیە كە ئافرەت دەتوانێ بیكات وەك چاودێری و موشتەریات و كۆمپیوتەر و نەخشەشازی.
_ بە وتەی ئەندازیار(رازان هادی) بەڕێوەبەری نەخشەدانان لە شارەوانی چوار، لای ئەوان هیچ جاوازییەك لە نێوان ئەندازیارانی پیاو و ئافرەتدا ناكرێت و دەڵێت: ئێمە جیاوازی ناكەین بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەكان، تەنیا جیاوازییەكە لێهاتووییە و كامیان شارەزاییان زیاتر بێت ئەویان چانسی بەشداریكردنی زیاتر دەبێ، بۆ نموونە لە پڕۆژەكانی ئەم دواییە زۆربەی سەرۆك لیژنەكان ئافرەت بوون، نەوەكو لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەندازیارە ئافرەتەكان زیاترە لە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان، بەڵكو لەبەر ئەوەی توانستیان زیاترە و چالاكترن لە كارەكانیان، هەروەها وتیشی: ئێمە كاتێك لیژنە دادەنێین سەرۆك لیژنەكە ئافرەتە و یەكێك لە ئەندامەكانیان پیاوە، لە رووی دەرچوونیشەوە ئافرەتەكان زووتر دەگەنە سەر پڕۆژەكان و زۆر جددی ترن لە پیاوەكان. لە كۆتایی قسەكانی ئاماژەی بەوەشدا كە چەند پڕۆژە لە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان هەبێت، پێی باشە بیدات بە ئافرەتان، چونكە سەركەوتووترن بە بەراورد بە پیاوەكان.
_ نەقیبی سەندیكای ئەندازیارانی كوردستان(عەبدولرەحمان عەلی) دەربارەی ئەو بابەتە ئاماژەی بەوەدا كە بەپێی یاسای سەندیكا ئەندازیارانی ژن و پیاو هاوتان لە ماف و ئەركدا، نابێ فەرمانگەكان لەرووی دەرفەتی كاركردن و دەرماڵەو ئیمتیازاتەوە جیاوازیان لە نێوان بكەن.(عەبدولرەحمان)باسی لەوەش كرد تا ئێستا دەربارەی ئەو بابەتە هیچ داواو سكاڵایەكیان پێنەگەیشتووە، هەروەها وتی: دەرگای سەندیكا كراوەیە و بێگومان پشتگیری لە ئەندازیارە ئافرەتەكان دەكەین و هەر حاڵەتێكی لەو جۆرەش تێبینی بكەین، هەڵوێستمان دەبێ و بێدەنگ نابین.
چەند سەرنجێك
_لەمیانی ئەو ریپۆرتاژەدا هەوڵماندا زۆرترین ژمارەی ئەندازیاری ئافرەت بێنینە قسەكردن، بەڵام هەریەكەو بەبیانوویەك خۆی لە بابەتەكەمان دەدزییەوە.
_ چەند ئەندازیارێكی ئافرەت لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر كە نەیانویست ناویان بڵاوبكرێتەوە وتیان: ئێمە حەز دەكەین بەشداری لە پڕۆژەكان بكەین، چونكە لە رووی ماددی و مەعنەوی سوودمەند دەبین، بەڵام بەڕێوەبەر ئەو دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ، هەروەها هەندێك لە ئەندازیارە پیاوەكانیش لەبەر بەرژەوەندی ماددی خۆیان و لە پێناو وەرگرتنی دەرماڵە، ئاستەنگمان بۆ دروست دەكەن وەك درەنگ دەرچوون بۆ سەر پڕۆژەكان و درەنگ گەڕانەوە تا ئێمەی ئافرەت نەتوانین بەشداری بكەین.
_لەسەرجەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی سەردانمان كردن، داوای بینینی چەند وێنەیەكمان كرد گوزارشت لە بەشداری ژنان لە پڕۆژەكانیان بكات، بەڵام لای هیچیان گرتەی لەو جۆرە دەست نەدەكەوت، لە كاتێكدا ئەرشیفی وێنەی فەرمانگەكان پڕبوو لە وێنەی ئەندازیارە پیاوەكان!!