پاش دوو ساڵان خۆی رادەستی دادگا كرد

پاش دوو ساڵان خۆی رادەستی دادگا كرد
شەوێكی شووم و نەگریس
مام(باپیر) كە تەمەنی لەسەرووی شەست و پێنچ ساڵییەوە بوو، ئەو ئێوارەیە كە رۆژووەكەی شكاند لە چاو رۆژانی تر كەمتری خوارد، وەنەبێ لەبەر ئەو پارێزەش كە پزیشك بۆ دانابوو، بەڵكو هەر لە خۆڕا سەرودڵی تۆزێك گیرابوو، وەك(ئەحمەد)ی كوڕە گەورەكەی وتی: دەتوت بابم شتێكی لێ عەیان بوو، ئەو ئێوارەیە كز و مات بوو، كە تەماشای دەمووچاویت دەكرد زۆر مەلوول دیار بوو، خەمبار و بێ زەوق و سەلیقە و بێ ئیشتیابوو، (ئەحمەد) درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بابم پاسەوانی شەوانی بیرە ئاوێكی گەڕەكێكی ناو شار بوو، دەوامی ئێشكگیرییەكەی هەفتەی سێ شەو بوو، چەندی هەوڵم لەگەڵیدا كە مادام تاقەتی نییە بچێت، با نەچێت و وتم: بابە ئەگەر ئەوڕۆ پێت ناكرێت بچیت، مەڕۆ، پێتەوە دیارە كە تەواو نیت، تەلەفۆنێك بۆ حاجی(حوسێن)ی دەكەم، بەڵكو ئەوشەوە ئەو بڕوات، وتی: نا كوڕم نا، هیچم نییە، بەس تۆزێك بێ تاقەت و بێ حەوسەڵەم، نازانم ئەمڕۆ بۆچی دڵم هێندە توندە...! هەندێكی تر هەوڵم لەگەڵیدا بەڵام نەهاتە رایێ و وتی: هەر دەچم، خۆ لەوێ قوڕكێشی ناكەم، چۆن لێرە پێم پاڵداوەتەوە، لەوێپش هەروا، پاش فتارێ، چایەكی خواردەوەو پێڵاوەكانی لەپێ كردوو خواحافیزی كرد كە گەیشتە دەرگاكە ئاوڕێكی دایەوە و وتی: كوڕم(ئەحمەد) چاوت لە دایكت بێ، پاش ئەو قسەیە رۆیشت، بەڵام چۆن رۆیشت، هەروا بوو، جارێكی دیكە بە زیندوێتی نەمانبینیەوە، سەیر لەوەدابوو، نە كاتژمێرەكەی و نە ناسنامە و نە مۆبایلەكەشی نەبرد، هەتا من بەوەم زانی، ئەو رۆیشتبوو، دەرچوو بوو، دایكیشم وتی: (ئەحمەد) كوڕم ئەگەر پێت دەكرێ هەستە بۆی ببە، نەوەك شەوێ شتێكی پێویست بێ، منیش وتم: دایە قابیلە چی پێویست دەبێ، ئەمشەو بۆ خۆی لێی پاڵ دەكەوێ و بەیانیش قیت قیت دێتەوە، شەو وەك هەموو شەوان، درەنگانێك چوومە سەر جێگاكەم و خەوتم، باوكم بەیانی تا درەنگانێك، كە چووە چێشتەنگاویش هەر نەهاتبۆوە، من چووبوومە سەركار، دایكم زۆر تەنگاوببوو، كە گەیشتە نێزیكی دوانزەی نیوەڕۆ، دایكم تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی وتم هەتا ئێستاش نەهاتۆتەوە، منیش وتم: ئەرێ دایە خۆ منداڵ نییە، بزربێ، تۆ وا خۆت تەنگاوكردووە، دە لێیگەڕێ، كەی دێتەوە بابێتەوە، كاتژمێر بووە یەك و نیو، بۆ نانخواردن گەڕامەوە ماڵەوە، بەڵام نانخواردنی چی بۆ دایكم و خوشكەكانم و خێزانەكەم هێشتیان نانێك بخۆم؟ هەر چۆنێك بووبێ پێیم وتن، دەباشە، لێیدەگەڕێم و دەرپرسم و سۆراغێكی دەكەم، بەڵام لێمگەڕێن، با پاروە نانێك بخۆم، پاش نانخواردن چوومە سەر شوێنی ئێشكگرییەكەی، پاسەوانێكی دیكەی لێبوو، بەڵام چ زانیاری لەسەر نەبوو، چوومە ئەو مزگەوتەی كە هەموو رۆژێ دەچوو نوێژی بە كۆمەڵی تێدا دەكرد، لەوێش نەبوو، چەند گەڕام، هەر سۆراغی نەبوو، ناچار پاشنیوەڕۆ بەدەستی بەتاڵ گەڕامەوە ماڵ، كە دایكم زانی هیچ هەواڵێكی نییە، هێندەی دیكە تەنگەتاو بوو، بووە ئێوارە هەر دەنگوباسی نەبوو، بەهەر جۆرێك بێت دایكم غافڵاند و شەو بەبێ باوكم رۆژمان كردەوە، بۆ بەیانی بەڕاستی هەموومان تەنگاو ببووین و نیگەرانی بە هەموومانەوە دیاربوو، ئیتر ئەو رۆژە كەسوكارمان هەموو تێگەیاند وتمان نەبادا چووبێتە ماڵە خزمێك، بەڵام لای هیچ خزمێك نەبوو، چوومە چەند بنكەیەكی پۆلیس، لای ئەوانیش زانیاری نەبوو، قەت بیرمان بۆ ئەوە نەدەچووە، بچینە نەخۆشخانە، بووە دوو رۆژ خزمێك پێی وتین ئەرێ بۆ ناچنە نەخۆشخانەی فریاكەوتن بزانن لەوێ نییە، كە وایوت ئەو پێشنیازە وەكو بروسكە لە مێشكی دامو وتم: بزانە چەند رۆژە قەت فكری وامانكردۆتەوە، چوومە نەخۆشخانەی فریاكەوتن، بەڵام هیچ زانیارییەكی وام بەدەست نەكەوت، ئەو دوو رۆژە دەستمان لێشووشتەوە گوتمان: تازە مسۆگەر شتێكی لێهاتووە، دەنا هەتا ئێستا هەواڵێكی هەر دەبوو، ئەو دوو رۆژە خزم و كەسوكار دەهاتن و دەیانپرسی ئامۆزایەكەم كە یاریدەدەری پزیشكی بوو، وتی: ئەحمەد كە چوویتە نەخۆشخانە لە كێت پرسی؟ گوتم: وەڵڵا لەو پزیشك و پەرستیارەكانی ئەوێم پرسی وتی: كاكی خۆم ئەوان چووزانن باوكی تۆ هاتۆتە ئێرە یان نە، خۆیان سەریان قاڵە و رۆژانە دەیان كەس چارەسەردەكەن، پاشان كێ دەڵێ ئەوان هەمان كارمەندی ئەو رۆژە بووینە ئەگەر باوكت چووبێتە ئەوێ، بڕۆ سەردانی بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانە و دادپزیشكی و مەیتخانە بكە، بەڕاستی بۆچوونەكەی جوان بوو، وتی بەیانی وەرە منیش لەگەڵت دێم، رۆژی چوارەم من و ئەو ئامۆزایەم بەیەكەوە چووینە بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانە، پرسیارمان كرد و ئەوانیش تۆماریان دەرهێنا و بە وردی سەر وسۆراغی حاڵەتێكی وەهایان كرد، ئەوەی لێی دەگەڕا لێكۆڵەرێكی دادی بوو پاش وردبوونەوەیەكی باش وتی: چوار شەو پێش ئێستا پیاوێك كە پیربووە بە رووداوی ئۆتۆمبێل مردووە، بەڵام ناو و ناونیشانی نازانین و هیچ زانیارییەكیشی لەسەر نەبووە، ئێستا تەرمەكەی لە مەیتخانەیە، كە وایگوت چووینە شوێنی مەبەست و بەرپرسی بەشەكە ئێمەی بردە ناو هۆڵی مەیتەكان، ئای خودایە كە بە سام و ترسناك بوو، دەتگوت دەتبەنە دۆزەخ، بەڕاستی هەر كە چوومە ناو هۆڵەكە لە ترسان هەموو لەشم وەك مینای ئاوێ دەلەرزی، دەرگای بەفرگرەیەكی بۆ كردمەوە، مەیتێكی لێبوو، پیاو بوو، كەڵەگەت و بەژن و لاق درێژ، سمێڵ گەورەی رەنگ ماش و برنجی، رەنگی پێستی سپی زەرد هەڵگەڕای سیس ببوو، تۆقی سەری كون ببوو، ناو مێشكی دیاربوو، ملیشی برینێكی گەورەی هەڵزڕای هەبوو گەیشتبووە ئێسكی ملی، لاچاوێكیشی هەڵزڕابوو ماسوولكەی چاوی هەمووی دیاربوو، بە خوا ترسناك بوو، خەریكبوو بڕشێمەوە، چێتر نەوێرام تەماشای بكەم، بە بەرپرسی مەیتخانەكەم گوت: كاكە لایدە، هەو نییە دڵم تێكەڵهات، ماڵت ئاوابێ، ئەوە چییە نیشانم دەدەی، كابرا بزەیەكی تاڵی هاتێ و دەرگای بەفرەگرەی داخستەوە، یەكێكی تری پێ نیشاندام ئەویش، بە پێچەوانەی ئەوەی یەكەم، لاواز، چوورچ، قۆڵێكی لە شانیدا بڕابۆوە، نیوەی شەویلاكی نەمابوو، كارێژی ددانە گەورەكانی دیاربوو دەتوت پەیكەری ئێسكت لە پێشدا درێژكراوە، پیاوێكی تەمەن لەسەرووی پەنجا ساڵییەوە بوو، تەپڵی سەری كەچەڵ بوو، بەخۆشی هەتا بڵێی ناشیرین و بێزەوەر بوو، ماشەڵڵا ترسناك بوو، دەتوت دێوەزمەیە، كە ئەوەشم دیت رووی خۆم وەرگێڕا و وتم: ئەوەش هەو نییە یەك دوویەكی دیكەشی پێنیشانداین، هەونەبوون وتی: كاكە هەر مەیتێكی دیكە ماوە كە چەند شەوێك پێش ئێستا بە رووداوی ئۆتۆمبێل مردووە و بێكەسوكارە، ئەگەر ئەوە نەبێت، مانای وایە لێرە نییە و بڕۆن لە شوێنێكی تر بگەڕێن، وتم: دەدەی زوو نیشانم بدە چاوەكەم، لێرە وەختە دڵم بتەقێ، پشیم سواربوو، دەرگای بەفرگرەكەی دیكەی كردەوە كە چاویم پێكەوت، زانیم باوكمە، بە ئاسانی ناسیمەوە، چونكە بە مردنەكەی نەشێوابوو برینێكی بچووكی كە هێندە پەنجەیەكی دەستی كون ببوو، لەسەری بوو و هیچی تر، لێی چوومە پێشەوە تەماشای دەموچاویم كرد، باش دیقەتم دایێ، فرمێسك بە چاومدا هاتەوە خوارەوە، وتم: ئەوە هەوە خۆیەتی، كە دڵنیابووم ئەوجا كۆستم كەوت، قەدەمم شكا و نەمتوانی لە جێی خۆم ببزوم، دانیشتم و لە ناو هۆڵەكە و لەو شوێنە سارد و سڕە، بەزەوییەكەوە نووسام و دەستم بە گریانێ كرد، كابرای بەرپرسی هۆڵەكە و ئامۆزاكەم تاوێك لێگەڕان و پاشان بن پیلیان گرتم و هەڵیانساندم، بە هەر جۆرێك بێت، هاتینە دەرەوە، ئامۆزاكەم هەواڵی دایە كەسوكار و خزمان، نیو كاتژمێری پێنەچوو بردیانە مزگەوت، من و ئامۆزاكەم و یەك دوو خزمی تریش چووینە بنكەی پۆلیسی نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بزانین ئەوە بەچی مردووە و كێ كوشتوویەتی، چی روویداوە؟ كە چووینە لای لێكۆڵەرە و ئەفسەرەكەی بنكە وتی: ئەوە چەند شەوێك پێش ئێستا پۆلیسی فریاكەوتن هێنایان، لە رۆخی شەقامێك كە تاریك بووە، كەوتبوو، پێدەچوو ئۆتۆمبێلێك لێیدابێت، كە پشكنینی بۆ كرا، دەركەوت ئۆتۆمبێل لێیداوە، بەڵام بێئەوەی ئەو شوفێرەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لێخوڕیوە بناسرێت یان خۆی رادەستی پۆلیس كردبێت، یان ئۆتۆمبێلەكەی ناسرابێت، جا لەبەر ئەوەی باوكت هیچ ناسنامە و شتێكی پێنەبووە، وەك مۆبایل یان هەر شتێكی تر كە بەهۆیەوە بە كەسوكاری بگەین، ئەو زانیاریانەی وەكو تەمەن و رەنگ و روو، باڵا و كێش و چەند شتێكی ترمان لەسەری تۆماركرد و رەوانەی دادپزیشكمان كرد، ئێستاش ئەگەر سكاڵاتان لەسەر تۆمەتباری نادیار هەیە ئەوەتا دۆسییەی بۆ بكەینەوە، ئەگەرنا ئێمە دۆسییەی هەر دەكەینەوە تا نیوەڕۆ خەریكی ئەو بابەتە بووین، ئەوجا هاتینەوە بۆ دانانی تازییە و بەڕێكردنی مردوو، كە چوومەوە دایكم، تازە پێی زانیبوو، جارێكم خۆ نیشانی داو و هەر وەختبوو بمخوا و دەیوت هەمووی خەتای تۆیە ئەگەر باش بە دوایدا بگەڕابای ئێستا نە ئەوهای بەسەردەهات و نە كابراش دەیتوانی خۆی شوون بزربكات، هەر چۆنێك بێت خۆم لێی دزییەوەو و خەریكی كاروباری ناشتن و تازییە و ئەو شتانە بووین.
خۆ ئاشكراكردنی تاوانبار
(ئەحمەد) درێژەی دەداتێ و دەڵێ: نێزیكی دوو ساڵ بەسەر رووداوی مردنی باوكم بە ئۆتۆمبێل دا رەتبوو، ئەو رووداوەمان لە بیركردبوو كە كێ كوشتوویەتی یان نەیكوشتووە، ئەوە ئەركی پۆلیسە، كە بگاتە ئەنجامێك و لێكۆڵینەوەی خۆی بكات، ئەگەر ئەو تاوانبارە نەبینێتەوە ئێمە لە كوێ دەتوانین بیدۆزینەوە، بەیانییەك كاتژمێر دەوری نۆ بوو پۆلیسێك دەچێتە ماڵمان و پسوولەیەكی پێڕاگەیاندن بە دایكم دەدات، كە نیوەڕۆ هاتمەوە پسوولەكەیان پێدام، نەمزانی مەسەلەكە چییە، رۆژی دواتر چوومە بنكەی پۆلیسی و ئەفسەری بنكە پێگوتم": كە كابرایەك خۆی تەسلیم كردووە و دەڵێ: پێش دوو ساڵ بە ئۆتۆمبێل لە پیرە پیاوێكی داوە و كوشتوویەتی. ناونیشانی شوێنەكەی پێداوین و لێكۆڵینەوەمان كردووە و دەركەوتووە كە باوكی تۆیە كە پێشتر سكاڵات لەسەر كەسێكی نادیار تۆماركردووە، پێشی دووپات بكەوە بزانە ئەوەی كە دەیڵێ لەسەر بابت بە تەواوەتی جێبەجێ دەبێ، یان نە، پاش پرسیار و وەڵامێكی زۆر دەركەوت رێك راستە لەگەڵ باوكمیەتی، ئینجا پێمگوت: ئێستا كە خۆت رادەستی پۆلیس كردووە شتێكی چاكت كردووە، بەڵام من تەنیا یەك پرسیارم هەیە، چۆن بوو دوای دوو ساڵ بەسەر رەتبوونی تاوانەكە ئەوجا بۆ پۆلیس ئاشكرا دەكەی و خۆت تەسلیم دەكەی؟ كابرا گەنجێكی سی ساڵە بوو، تەماشایەكی ئەفسەری بنكەی كرد و ئاخێكی هەڵكێشا و وتی: لە راستیدا ئەو دوو ساڵە بڕوا ناكەم هیچ شەوێك بە ئاسوودەیی خەوتبم، ئازاری ویژدانم لێنەدەگەڕا بۆ تاوێك پشوو بدەم، هەموو شەوێ خەونی ناخۆش ناخۆشم دەدەیت، زۆرجار لەگەڵ دەنگی گریانم لە خەو بە ئاگا هاتووم، كەسیش بە نهێنییەكەی نەدەزانی، ئاخیرییەكەی بە باوكم وت ئەویش زۆری پێ سەیر بوو چۆن شتێكی وەهام شاردۆتەوە و نەمهێشتووە كەس پێی بزانێت، وتی: كوڕم ئاخر گیانی خەڵكی خۆ بەرد نییە، بەیانی هەر ئاشكرا دەبێ ئەوسا رەنگە دوژمنداریشمان بۆ پەیدا بێت و خانەوادە و كەسوكاری لێتخۆش نەبن، ئەوجا چۆنییەتی رووداوەكەی بۆ گێڕامەوە كە بەمشێوەیە بوو: ئێواریەك كە دنیا تازە تاریك داهاتبوو، لە نزیك بیرێكی ئاوی فڵانە گەڕەك پێچ كردنەوەیەك هەبوو، شوێنەكە تۆزێك سەخت بوو، نەشدەبوو، پیادە لێی بپەڕنەوە، باوكت بەو شوێنەدا خەریكی پەڕینەوە بوو، هۆڕنم لێدا گوێی پێنەدا، لامدا، كە چاوی بە ئۆتۆمبێلی من كەوت كشایەوە پاش، منیش هاتمەوە شوێنی پێشترم وتم ئەوە تازە چووە دواوە، كەچی لە ناكاو دەرپەڕی و بە هەر جۆرێك بێت هەوڵمدا خۆمی لێدەرباز بكەم، بەڵام ئاخیرییەكەی بەلایەكی ئۆتۆمبێلەكەی هەر لێمدا و كەوتە سەر شوشتەكە، بە پەلە هاتمە خوارێ، كە تەماشام كرد تەواوبووە و مردووە لە ترسان نەمزانی چی بكەم، لەوێ بەجێمهێشت و وتم: خێرەومەندێك هەر دەبێ هەڵیبگرێ و بیباتە نەخۆشخانە، ئەوە هەموو مەسەلەكە بوو، كە لە قسەكردن تەواوبوو پێم وت بەردەوامم لەسەر سكاڵای خۆم لە دژی، رۆژهات رۆژی رۆیی خزم و كەسوكارێكی زۆری هاتنە تكا و رجایێ، بەمجۆرە ناچار بووین لەبەر خاتری تكای خەڵكێكی زۆر لێیخۆش بین، بەڵام كە دادگایی كرا، دادگا ساڵێكی زیندانی حوكمدا.
Top