مەحروم كردنی دایكێك لـــە دیتن®

مەحروم كردنی دایكێك لـــە دیتن®
(پەریزاد)هەمووی ساڵ و نیوێك لای مێردی مایەوە، كە مێردەكەی تەڵاقیدا. كێشەی (پەریزاد) تەڵاقەكە نەبوو بەڵكو ئەو منداڵە بوو كە مێردەكەی بە هەموو جۆرێك دەیویست لێی زەوت بكات، با لێگەڕێین (پەریزاد) بەخۆی دەردی خۆی باس بكات و ئێمەش گوێی لێبگرین.
لە تەمەنێكی زۆر زوو مێردم كرد، بەڵام چ مێردێك، كەسێكی رەزیل و پارە پەرست! دەوڵەمەند بوو، بەڵام هەژارێكی دەستكورت لەو تێرتری دەخوارد، دەوڵەمەندییەكەی هەر رووكەش بوو، دەنا پیاوێكی چاوتەنگی هیچ نەخۆر بوو، كە هاتە خوازبێنیم، رام لێنەبوو، چونكە شانزە ساڵ زیاتر لەمن گەورەتر بوو، بەڵام كەسوكاری هەردوولا بەهاریان هێنایە سەر چۆكان، ئەوەندەیان بە شان و باڵی هەڵدا كە كوڕێكی تا بڵێی باش و رێكوپێكە، زۆر چاوتێر و سەخی تەبیعەتە، كەسێكی نەرم و نیان و هێمن و لەسەرخۆیە، دڵسافەو باشە، بە كورتی وەسف نەما نەیخەنە پاڵی، پاش بیركردنەوە و دوو دڵییەكی زۆر رازی بووم، ئینجا رێوڕەسمی مارەكردن و شەكراو خواردنەوە رێكخرا، لەو ماوەیەدا چییان وتبوو لەسەری، بەتایبەتی كەسوكاری خۆی، هەوڵی دەدا، وا خۆی دەربخات، دوو سێ مانگ بە دەزگیرانی ماینەوە، لەو ماوەیەدا لە هەندێك شتی قەڵس دەبووم، وەكو ئەوەی زۆر لەسەر شتان دەڕۆیی، هەستم دەكرد ئەگەر ململانێی لەگەڵ یەكێك هەبایە رق و كینەیەكی زۆری لە بەرامبەر هەڵدەگرت، هەتا پێیدەكرا دژایەتی دەكرد و زەرەر و زیانی لێدەدا، ئەگەر هچیشی پێنەكرابا، بە قسەو زەم كردن و قسەی پاشملە و ناوزڕاندن و بوختان پێكردن رقی خۆی لە بەرامبەر هەڵدەڕشت، بەڵام ئەمجۆرە رەفتارانەی لەگەڵ من نەدەكرد، یان زۆر بە سادەیی و كەمی لە بەرامبەر منی دەكرد، بەتایبەتی ئەگەر شتێكم بە گوێی نەكردبایە.! ماوەی دەزگیران بوونم دوو سێ مانگی خایاند و رۆژی زەماوەندی دیاریكرد و ئاهەنگی گواستنەوەم رێكخرا، ئیتر دوای گواستنەوەم وردە وردە ناكۆكی من و ئەو دەركەوت، بەپێچەوانەی رۆژانی دەزگیرانی، هەرچی سیفاتی خراپ هەبوو بەدیار دەكەوت، بێجگە لەو سیفاتانەش، وەكو رەزیلی، گۆتە گۆت و بۆڵە بۆڵی نەبڕاوە، دڵپیسیش بوو، كە لە ماڵەوە شەڕی دەكرد جنێوی بە دایك و باوكیشم دەدا، وایكردبوو، دەبوایە ئەگەر بمویستبایە بچمە ماڵی باوكم نەك هەر پرسی پێبكەم، بەڵكو دەبوو رازی بایە، ئەوجا بچمە ماڵی باوكم. چوونە دەرەوە، بەبێ رازی بوونی ئەو هەر قەدەغەبوو، چێشتێك ئەو نەیوستبایە نەدەبوو لێیبنێم، بەهەرحاڵ هەتا منداڵمان بوو، دوو سێ جار لێی تۆرام و ئاشت دەبووینەوە و بە تكا و رجای كەسوكاری دەچوومەوە لای. منداڵەكەم ببووە سێ مانگان كە كێشەكانمان گەیشتە راددەیەك ئیدی بە یەكجاری ماڵم بۆی بە جێهێشت، چۆن رۆیشتم هەر ئەو رۆیشتنە بوو، نەچوومەوە لای. پاشان داوا و داواكاری دادگا دەستیپێكرد و لە دادگا شتەكانمان بڕاندەوە. مافەكانی خۆم هەموویم بە تەواوەتی لێوەرگرت و دادگا منداڵەكەشی پێدام، چونكە شیرە خۆرە بوو، ئەم منداڵە تەمەنی بووە چوار ساڵ، كە من خوازبێنیم هات و مێردم كرد، ئەو مێردەم پیاوێكی زۆر دڵساف و باش بوو، بەخۆی لە یەكێ لە نەخۆشخانەكانی وڵاتێكی ئەوروپا یاریدەدەری پزیشك بوو و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەبوو، ساڵانێكی زۆر بوو لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو، ئەوەبوو رێككەوتین لەسەر ئەوەی كە من بچمە ئەوێ و لەوێ لەگەڵی بژیم، دەشبوو تا كاروبارەكانی نیشتەجێ بوونم لەو وڵاتە ئەوروپیە بۆ جێبەجێ دەكات دوو سێ جاران سەفەر بكەم، جاری یەكەم كە سەفەرم كرد لای دایكم بەجێهێشت، باوكیشی هەقی هەبوو پانزە رۆژ جارێك بیبینێ، هەتا هاتمەوە دایكم وتبووی دوو سێ رۆژان منداڵەكەی زەوت كردبوو، چەند جارێك تەلەفۆنمان بۆی كرد و هەڕەشەی شكایەت كردنمان لێكرد ئینجا گەڕاندییەوە.
جاری دووەم كە سەفەرم كرد نزیكەی سێ مانگم پێچوو، هەتا هاتمەوە سكاڵای كردبوو، چوو بووە بنكەی پۆلیس و وتبووی دایكی مێردی كردووە و رۆیشتۆتە ئەوروپا و منداڵەكەشی لای خزمێكی خۆی بەجێهێشتووە و ناشیداتەوە من، ئەوەبوو پۆلیس منداڵەكەیان دابویە، دایكم چەندی هەوڵدابوو منداڵەكە وەربگرێتەوە، بێسوود بوو، وایكردبوو نەیدەهێشت تەنانەت دایكم هەر منداڵەكەش ببینێ، هەتا من كاروباری دەرەوەم تەواوكرد، منداڵەكەم لە دەست دەرهات.
قەدەغەكردنی دایك لە بینینی منداڵەكەی
(پەریزاد) درێژە بە گێڕانەوەی ناكۆكی خۆی و مێردی پێشووی لەسەر منداڵەكەیان دەدات و دەڵێ: من بڕیارمدا نەچمەوە ئەوروپا تا كێشەی وەرگرتنەوەی منداڵەكەم چارەسەر نەكەم، بۆیە لە دادگا سكاڵام لە دژی تۆمار كرد، جا سەرەتا داوام كرد هەتا ئەو كێشەیە بەلایەكدا دەكەوێ منداڵەكەم هەفتانە ببینم، بڕیاری دادگام لەو بارەیەوە وەرگرت و رۆژ و كاتەكەم بۆ دیاریكرا، لە رۆژی دیاریكراو چووم لە شوێنی مەبەست لە ناو هۆڵێكی دادگا منداڵەكەم ببینم، كەچی ئەوێ رۆژی نەیهێنا من خەریكبوو دڵم دەتەقی و دەسووتام بۆ بینینی منداڵەكەم، چونكە چەند مانگێك بوو نەمبینیبوو، كەچی نەیهێنا. ئیتر ئاگاداری بنكەی پۆلیسم كرد و هەر ئەو رۆژی بڕیاری دەستگیركردنی دەرچوو، كە بەمەی زانی لە ترسان بەیانی هێنای! بەڵام چ هێنانێك منداڵ شڕوشپڕێو، دیاربوو ماوەیەك بوو حەمامی پێنەكرابوو، لە رووی دەروونییەوە داڕووخاو، كە هێنایانە ژوورە لە باوەشی خۆی گرتبوو، منداڵەكەم كە چاوی پێمكەوت بانگی كردم و زیڕاندی. لەلایەكەوە منداڵەكەم بانگی دەكردم، لەلایەكی تریشەوە لە پشتەوە كراسەكەی وەها تووندگرتبوو كە دیار نەبێ و منداڵەكە ئامێزی بۆم نەكاتەوە، ئەوەبوو لەوێ ئەفسەرەكە حاڵەتەكەی دیت و فەرمانی پێكرد منداڵەكە بەردات و هاتە باوەشم، كاتژمێرێك یەكتریمان بۆن و ماچ كرد، تێر تێرم لە ئامێزم گرت، كە وەختی بینینەكە تەواوبوو بە گریان لە بندەستی دەرهێنام، من بگری ئەو بگری، هەرچی لەوێ بوو سكیان پێدەسووتاین، ئەفسەرەكە پێی وت: كاكە تۆ بۆچی ئەم منداڵ و دایكە وەها لێدەكەی و ئازاریان دەدەی، ئەو ژنە جەرگییەتی و لەتۆ زیاتر دەتوانێ ئاگاداری منداڵەكە بێ و خۆشەویستی و میهرەبانی بداتێ.. بیكە ئینسانییەت بەخۆت بیدەوە با لای دایكی بێ، كەچی بە ئەفسەرەكەی وت: تا پێمبكرێ ئازار و ئەشكەنجەی دەدەم، لای من منداڵ گرنگ نییە، ئەوەی دەمەوێ بیكەم، ئازاردانی دایكیەتی، دەمەوێ بە خەفەتان بەسك بدات، ئیتر منداڵەكەی برد و رۆیشت، من هێندەی دیكە دەستم بە گریان كرد، ئەفسەرەكە پێی وتم كە سكاڵات تۆمار كرد داوای من بكە، دەبمە شایەتی ئەو قسانەی كە كردنی.
بەمجۆرە دادگا خەریكی داواكەم بوو، تا گەیشتە ئەوەی ئەفسەرەكە وەك شایەت شایەتی خۆیدا، ئینجا دادگا قەناعەتی بەوە هات بەرژەوەندی منداڵەكە لەوەدایە بدرێتەوە بە من، ئەوەبوو، من بەپێچەوانەی پەروەردە و عەقڵییەتی ئەو زۆر بە ئاسانی رێگەم دەدا بیبینێ، نەمویست ئەو ئازارەی كە بە منی دەگەیاند هەمان ئازار بچێژێ، ئەگەر وەكو منیش خۆشەویستی و سۆزی بۆ نەبێ، با منداڵەكە زەرەرمەند نەبێ و لەو ناكۆكییە بەدووربێ.
Top