بەسەرهاتی ئەو كچەی باوكی بازرگ

بەسەرهاتی ئەو كچەی باوكی بازرگ
جیابوونەوەلە مێردی سێیەمیش
(جوان) هێشتاكە تەمەنی بیست و حەوت ساڵییە، تا بڵێی شۆخوشەنگ و جوانە، مرۆڤ كە تەماشای بكات نەك بەیەك دڵ بەسەد دڵ حەیرانی دەبێ، كاتێك قسەی لەگەڵ دەكەی، زۆر بەڕێكوپێكی دێتە ئاخاوتن، لە ژیانی هاوسەریدا، سێ جار مێردی كردۆتەوە، باشە كە ئاخاوتن و ئاكار و رەفتاری هیچ خەوشێكی نەبێت، چ سەیرە سێ جار مێرد بكاتەوە، واتە سێ جار تەڵاق دراوە، با بۆ خۆی دەردەكەیمان بۆ بگێڕێتەوە و ئێمەش گوێی لێبگرین.(جوان) گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی بەمجۆرە دەستپێكرد و وتی:
هەر كەسێك بزانێ و بمناسێ كە لەم تەمەنەدا سێ جار بە مێرد دراوم، سەری سوڕدەمێنێ، ئەوە دوو ساڵە دامەزراوم لە فەرمانگەی حكومی، لە فەرمانگە كە دەموت مێردی سێیەمە ژنە فەرمانبەراكان دەیانوت: بێ قەزابی یەكێ لە تەمەنی تۆ بێت چۆن سێ شوو دەكات، خۆ تۆ جارێ هەر لەسەرەتای گەنجێتیدای، یان هەبوو دەیانوت: بەخوا گاڵتە دەكەی دەنا، ئەوە ئێمە بە حاڵ مێردێكمان دەستكەوتووە، رەفیقمان هەیە ئێستاكە قەیرە كچە و بە جۆرێك مەمنونی ئەو خودایەیە، ئەوە بێجگە لەو هەموو پرسیارە ناخۆشانەی كە دەیانكرد و دەیانوت: بۆچی لە مێردی یەكەمت جیابوویتەوە، بە مێردی دووەمت رازی نەبووی، ئەی عەیبی مێردی سێیەمت چی بوو، باوكت چی پێت دەوت، چۆن تەڵاقت وەها بە ئاسانی وەردەگرت، پیوەندیت لەگەڵ مێردەكانت چۆن بوو...؟ دەیان پرسیاری دیكەش كە هێندەی دنیایەك پێیان قەڵس دەبووم، بەڵام چی بكەم خۆ هەڵقورتاندنی خەڵك لە ژیانی تایبەتیت و قسە ناخۆشەكانیان و پرسیارە بێ هۆیەكانیان لە هەموو ئان و ساتێك بەرۆكت دەگرن.
كە مێردی یەكەمم كرد تەمەنم بیست ساڵی رێك بووم، ئەو مێردەم مامۆستایەكی ناوەندی بوو، پیاوێكی تا بڵێی نەرم و نیان و باش بوو، حەوت ساڵێك لە من گەورەتر بوو، زۆر رێز و قەدری دەگرتم، بەڵام تاكە خەوشێك كە هەیبوو، رەزیل بوو، بگرە زۆریش رەزیل بوو، بەو بوایە رۆژی سێ ژەمە تەنیا و تەنیا نان و ماست بخۆین، كە هاتە خوازبێنیم زۆر شەیدام ببوو، لە سەرێكەوە جوان بووم و لە سەرێكی تریشەوە حەوت ساڵ لەو بچووكتر بووم، ئامادە بوو زۆر شت بدات، بە مووچەی مامۆستایەتییەكەی و وتنەوەی وانەی تایبەتی، توانیبووی خانوویەك و ئۆتۆمبێلێكیش بكڕێت، كە هاتە خوازبێنیم باوكم سەرەتا خۆی گران كرد، هەندێ داواكاری هەبوو، مێردەكەم پێی زۆر بوو، باوكم لە داواكارییەكانی نەهاتە خوارەوە، داوای سێ هەزار دۆلار واتە(سی) گەڵای لێكردبوو، وتبووی ئەمە نەختی كچەكەمە، ئینجا خۆی چی بۆ دەكات یان ناكات هەوەسی خۆیەتی و هیچ پەیوەندی بەمنەوە نییە، مێردەكەم زۆری خۆی هێناو برد، زۆر كەسی تری بەگژ وەناین، سوودی نەبوو، كە زانی هیچ ئەنجامێك بەدەستناهێنێ، ناچار بوو رازی بێت، كاتێكیش منی مارەكرد، لە یەك دوو پارچە زێڕی بچووك زیاتر هیچی دی بۆ نەكردم و دەیوت نەختت هەمووی چووە قوڕگی باوكتەوە، دەبوایە ئەو پێداویستەكانت بۆ دابین بكات، كەچی هەمووی زەوت كرد، كە گواستمیەوە یەك دوو قەدە جلوبەرگم زیاتر نەبوو، هیچ شتێكی وای بۆ نەكردم بەبیانووی ئەوەی دەبوایە لەو پارەیەی كە باوكم وەریگرت بۆم بكڕدرایە، بەهەرحاڵ هەر چەندە سكم بەخۆم دەسووتا، بەڵام نەشمكردە كێشە لەسەری، چەند مانگێك لای بووم كەچی رۆژ بە رۆژ لە كورتیم دەدا و لاواز دەبووم، چەند جارێك لەسەر خەرجی ماڵ ناكۆكیمان لە نێواندا لێ پەیدابوو، جارێكیان ماڵم بەجێهێشت لەبەر ئەوەی لەسەر لێنانی مریشكێك كردیە شەڕ و ئاژاوە لەگەڵم و بۆڵەبۆڵێكی زۆری لەگەڵدا كردم و بووە بینە و بەردەیەكی زۆرمان، لەوەتەی ژنی بووم قەت وا بە توندی و رەقی مامەڵەی لەگەڵدا نەكردبووم، كە چوومەوە ماڵی باوكم، ئەوەی كە سەیر بوو ئەوەبوو باوكم پشتگیری منی كردو دژی مێردەكەم وەستایەوە، كاتێك كە مێردەكەم دوای چوار رۆژان ئەوجا هاتە دوام مشتومڕێكی زۆری لەگەڵدا كرد و زۆر بە توندی رەتیدایەوە و پێیوت: هەڵسووكەوتی خۆت لەگەڵی باش دەكەی باشە، ئەگەر نا كچەكەمت نادەمەوە، ئیتر قسەیەك لەو قسەیەك لە مێردەكەم سوێندی بە تەڵاقی خوارد و وتی: بە تەڵاقم ئەگەر هەر ئەمڕۆ بەخۆت نەگەڕێیەوە ماڵەوە ناهێڵم پێت بە ماڵم بكەوێتەوە، كە ئەم قسەیەی كرد، باوكیشم وتی: دە بە تەڵاقم تازە پێی بە ماڵت ناكەوێتەوە، ئەوە بوو تەڵاقیدام و مانگێك زیاتر بوو لە ماڵی باوكم بووم، كە تەڵاقنامەم بۆ هاتە ماڵەوە لە ماڵی باوكم بووم، چاوم پڕ گریان بوو، دەستم بە فرمێسك رشتن كرد، باوكم وتی: هیچ خەمت نەبێ پارێزەرێكت بۆ دەگرم هەموو مافەكانت بۆ وەردەگرمەوە، ماف، چ لە ماف بكەم وەكی من ماڵم لێتێكچوو، بەهەرحاڵ لە رێی پارێزەرێكەوە لە دادگا داوای مافەكانم كرد و بژێوی و قەرەبووی تەڵاق و مارەیی دواخراوم وەرگرت.
مێردی دووەم
(جوان) درێژە بە گێڕانەوەی چۆنییەتی مێردكردنەكانی دەدات و دەڵێ: بەمجۆرە پەیوەندی هاوسەرێتیم لەگەڵ مێردی یەكەمم بەیەكجارەكی پچڕا و مانگێك دەبوو تەڵاقی دابووم، بەهۆی ناسیاوێكمانەوە زانیمان كە ژنی دووەمی هێناوەتەوە، باوكم سوێندی خوارد كە نابێ مانگێكی بەسەردا بچێ لە رقی ئەو بە مێردم بداتەوە، هەفتەیەك دوای ئەم قسەیەی باوكم، ئێوارەیەك دایكم وتی سبەی شەو ماڵی فڵانی دێنە ماڵمان(مەبەستی ژنەكانیان بوو)، قسەكەی دایكم راست دەرچوو، شەوی دواتر ماڵەكە هاتن، قسەكەرەكەیان ژنێكی پەنجا ساڵەی قسە زان بوو، داوای منی دەكرد بۆ برایەكی كە ئەندازیار بوو، بەڵام پیرە كوڕ بوو، تەمەنی (38) ساڵێك دەبوو، من هەر ئەو شەوی رەتمكردەوە، بەڵام بە ماڵی خوازبێنیكەرم نەوت، بەڵكو تەنیا بە دایكم و باوكم وت، باوكم ئەو شەوی تێروپڕی لێدام، من هەر لەسەر قسەكەم سوور بووم، دایكم لەبەر ئەو هەڵوێستەی من، وەڵامدانەوەی چەند هەفتەیەك دواخست، بەڵام كوڕە رۆژ بە رۆژ تەنگەتاوتر دەبوو، تۆمەز ئەو منی دیبوو، بەڵام من ئەوم نەدیتبوو، نازانم چۆن بوو دایكم لەگەڵی رێككەوتبوو كە بە بەهانەی شتێك خۆی و دایكی و خوشكی بێنە ماڵمان بۆ ئەوەی منیش بیبینم، بە هەرحاڵ پاشنیوەڕۆیەك هاتن كە زانیم میوان هاتوون، چوومە مەتبەخ و چام سازكرد و بردمەوە ژوورەوە، نایشارمەوە كە چاوم بە كوڕە كەوت بەدەست خۆم نەبو دڵم كەوتە سەری، ئیتر دواتر زانیم ئەوە داخوازیكەرەكەمە، هەر چۆنێك هەم خۆم نەرمیم نواند و هەمیش دایكم و باوكم لەبن گوێچكەیان خوێندم و رازییان كردم، كە رازی بووم، لە زمانی دایكمەوە زانیم كە باوكم دیسان داوای نەختی كردووە و بەنیازیشە بۆ خۆی بگێڕێتەوە، من لەوە ترسام و بە دایكم وت: ئەگەر نەختەكەم وەكو مێردی یەكەمم بخوا، ئەوا بڕۆ دڵنیای بكەوە كە مێردی پێناكەم، ئەو كێشەیە هەشت نۆ رۆژێكی خایاند، پاشان كێشەكە بەوە چارەسەركرا، كوڕە وتبووی با(جوان) هەقی بەسەر ئەو نەختەوە نەبێ باوكم دەیگێڕێتەوە، ئەو هەرچی بیەوێت من بۆی دەكەم، باشە ئەو كێشەیەش چارەسەر كرا، كابرا هەم باوكمی رازی كرد و هەم منیش، تا بڵێی گەنجێكی رێكوپێك و بەرچاو و سەخی تەبیعەت بوو، ساڵی یەكەمی ژیانی هاوسەرێتیمان بێ گرفت بەسەربرد چ كێشەمان نەبوو، پاش ساڵەكە دایكی داوای منداڵی دەكرد، ئێمەش پزیشك و نەخۆشخانە نەما سەردانی نەكەین، ئاخیرییەكەی دەركەوت كەموكوڕییەكە لەخۆیەتی، بەڵام مێردەكەم راستییەكەی بە دایكی نەدەوت و شەرمی دەكرد بڵێ كێشەكە لەخۆیتی.
دایكشی رۆژ تا ئێوارە تیر و توانجی تێدەگرتم و دەیوت: ئەو ژنەت راستە جوانە، بەڵام داری بێ بەریش هەر بۆ بڕینەوە باشە، مەبەستی ئەوە بوو ژنم بەسەر بێنێ، من بڕیارم دا و وتم یان ماڵی خۆمان دەكەین یانیش راستییەكەی چۆنە ئاوا بە دایكت دەڵێم، لەسەر ئەم هەڵوێستەم شەڕی لەگەڵدا كردم و لێیدام، كە دایكی بەشەڕمانی زانی وتی: لەسەرچی بەشەڕ دێن وتم مێردەكەم خەریكە زمانی درێژ دەكات و پێی لە قەدەر بەڕەكەی زیاتر راكێشاوە، دایكشی رووی قسەی لە من كرد و وتی: لەوەی كە نەزۆكی و منداڵت نابێ قسە ناكەین، هێشتا تۆ زمانت لەسەر كوڕەكەمان كە تاقانەی دایكی و باوكییەتی درێژ دەكەی؟ وەعد بێ دەبێ ژنێكی ترت بەسەربێنێ، ژنە نە دەیزانی ئەسڵی مەسەلە چییە و نەدەزانێ هۆی شەڕەكەمان چییە، ئەوجاش قسەم پێدەڵێ و قەرزارباریشم دەكاتەوە، لە دڵی خۆمدا وتم: خۆ من تەقیم دە ئیدی كاتی ئەوەیە كە راستییەكان بڵێم و وتم: دەگوێ بگرە مامۆژن، ئەوەندە بەسەر شان و باڵی كوڕەكەتدا هەڵمەڵێ، هۆی منداڵ نەبوونمان ئەوە نەك من، ئەگەر باوەڕیش ناكەی وەرە هەر ئێستا دەچینە لای پزیشك و خۆمان دەپشكنین و ئەوسا بەدەردەكەوێت كێ داری بێ بەرە.
كە واموت دایكی تەماشایەكی كوڕەكەی كرد و بە چاوی پرسیارەوە تێیڕاما، كە دیتی كوڕەكەی سەری لەبەر خۆی ناوە و قسە ناكات.
بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو شكستە بكاتەوە و بە كوڕەكەی وت:
ئەگەر تۆ تۆزقاڵێك پیاوەتیت هەبێ، یەك چركە ئەو ژنە لای خۆت راناگری، مادام وەها بێ پەروا و بێ شەرم نهێنیتی ئاشكرا كرد، ئیدی ئەویش لەشەرمان پێی لێنا و قسەكەی دایكی بەجێهێنا و هەر لەوێ تەڵاقیدام.
مێردی سێیەم
سەبارەت بە مێردكردنەوەی سێیەم جاریش(جوان) وتی: دیسان، باوكم رێگەی دادگا و دادگا كاری پێكردمەوە، پاش ساڵێك دووبارە بە مێردی دامەوە، بەڵام ئەمجارە گەنجێكی ژن مردوو بوو، كە دوو منداڵی بچووكی هەبوو، لەسەر ئەو مێردكردنەوەم دەستێكم شكا، دەموتە باوكم: باشە ئاخر من خزمەتكارم تا مێرد بە كەسێك بكەم وەكو دایەنی منداڵەكانی تەماشام بكات، لە ژێر فشار و لێدان و ئازاردان و بە زۆری زۆردارەكی، مێردم كرد، كابرا دەتوت بە مووچە منی كڕیووە وەكو خزمەتكاری منداڵەكانی تەماشای دەكردم، ژیانم لەگەڵ ئەو مێردە هەر ناخۆشی و زەحمەت و ئازار و لێدان بوو، ئاخیرییەكەی بە لێدان دەریكردم و ناردمییەوە ماڵەوە و تەڵاقیدام، لە مێردی دووەم حەزم نەدەكرد تەڵاق بدرێم، بەڵام لەوەی سێیەم پڕ بە دڵ حەزم دەكرد تەڵاقم بدات و لە دەستی رزگاربم، ئێستاكە كە باوكم ئەمری خوای بە جێهێناوە و منیش فەرمانبەرم و مووچەم هەیە، نە بیر لە مێردكردن دەكەمەوە نە پێویستیم بە هیچ هەیە و مووچەكەم باشە و بەشم دەكات و دایكیشم بەخێودەكەم و سەریشم زۆر رەحەت و ئارامە و تا ماویشم جارێكی تر نەك هەر مێرد ناكەمەوە، بەڵكو بیریشی لێناكەمەوە.
Top