بێریڤان....
قوربانی خێزانێكی لێك&#

بێریڤان....<br />
قوربانی خێزانێكی لێك&#
بێریڤان لە بەردەم دادگادا
پاش ئەوەی(بێریڤان)ی تەمەن حەڤدە ساڵە، لە ماڵێكدا لەگەڵ(شێروان) دەستگیر دەكرێن، دەبردرێنە بنكەی پۆلیس و لەوێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت(شێروان) لەسەر ئەوەی كە كاری بەدڕەوشتی كردووە و كرێی لەسەر وەرگرتووە، دۆسیەی لە دژ دەكرێتەوە و لێكۆڵینەوەی سەربەخۆی لەگەڵدا دەكرێت، دۆسیەی (بێریڤان)يش بەتایبەت لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، چونكە هەرزەكارە و هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی لێهاتووی یاسایی تەواو، بۆیە وەك ناكام دادگایی كردنی دەستیپێكرد و رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا... كاتێك دادگا پرسیاری ئەوەی لێكرد كە بۆچی بەم تەمەنەوە دەستی داوەتە كاری لەشفرۆشیی،(بێریڤان) كە كچێكی باڵا بەرزی چاو گەورە و خڕپن و جوان بوو، چاوی بڵند كرد و سەیرێكی پڕ مەغزای دادوەری كرد و وتی: جەنابی دادوەر من هەر حوكم دەدرێم دەدرێم، لێمگەڕێ با تەواوی بەسەرهاتی خۆمت بۆ بگێڕمەوە، ئەوجا پاشان لە قسەكانمدا كامەیانت پێ باش و دروست بوو، تۆماری بكە و با لەسەرم ببێتە ماڵ، تەمەنم پانزە ساڵان بوو كە دایكم و باوكم لێك تۆران، باوكم بە هەموو شێوەیەك سەركۆنەی دایكمی دەكرد، رۆژ نەبوو بڕو بیانوویەكی پێنەگرێت و لێینەدا، رێز و خۆشەویستی لە ماڵی ئێمە نەبوو، باوكم بەردەوام جنێوی بە دایكم دەدا و بەردەوام دەیشكاندەوە و سووكایەتی پێدەكرد، هۆیەكەشی دوو شت بوو، یەكەمیان دایكم بە چوار ساڵ لە باوكم گەورەتر بوو، دووەمیشیان براژنێكی دایكم رەدووكەوتبوو، بەڵام چۆن بوو، ئەو براژنەی حەز لە برایەكەی دەكات و ماوەی یەك دوو ساڵ پەیوەندییەكی خۆشەویستی بەتین بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە، براكەی دایكم دەچێتە خوازبێنی، بەڵام نایدەنێ، بەتایبەتی كە دەزانن پەیوەندی هەیە ئیتر دەبێتە ناخۆشیان، چەند جارێكی تر خوازبێنیكەر دەنێرنەوە، ئەوان هەر رەتی دەكەنەوە، ئەویش ناچار دەبێ هەڵیدەگرێ و دەڕۆن، پاش دوو ساڵ و نیو دێنەوە و مەسڵەتی دەكەن و كۆتایی پێ دێت، كەچی باوكم بەردەوام ئەوەی بە چاوی دایكمدا دەدا، هەموو ئامانجی باوكم ئەوەبوو ژنێكی تر بێنێ، ئەوەبوو ئاخیرییەكەی ژنێكی تری هێنا و ماڵێكی سەربەخۆی بۆ دانا، هەفتەی جارێك دەهاتە سەردانی ئێمە و بەحاڵ مەسروفی دەكردین، تەنیا كرێی خانووەكەی بۆ دەداین، كەچی بۆ ژنەكەی تری هەڵڕشتبوو، باوكم هەبوونیش بوو ئینجا وایلێدەكردین، جاری وا هەبوو، نان نەبوو بیخۆین، من هەر چەندی دەمكرد نەمدەزانی چۆن ببمە پاڵپشتی دایكم، كە باوكم ئەو رۆژەی دەهات و لێیدەدا یا سووكایەتی پێدەكرد، من بەرگریم لێدەكرد، دەهات لەسەر ئەوە لە منیشی دەدا، منیش بەرەنگاری دەبوومەوە، تا وام لە باوكم كرد نەتوانێ چیتر لێیدات، بەڵام كە زانی ئیتر ناتوانێ بە كەیفی خۆی لێیدات، هات بە مەسرەف نەكردن زەلیلی دەكرد، وایلێهات شتێك نەبوو لە ماڵ بیخۆین، دایكم ناچار بوو لە دوو ماڵە دەوڵەمەند هەفتەی هەر ماڵەی رۆژێك كاری دەكرد لە بەرامبەردا مانگانەیەكیان بۆ بڕیبووینەوە، كە دەچووە ئەو ماڵانە منیشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، پاشان دووچاری نەخۆشی هات، ناچار بووین دەچووینە تەنیا یەك ماڵ و وازمان لە ماڵەكەی تر هێنا، ئەو ماڵە سێ چوار كچ و دووكوڕیان هەبوو، كوڕی گەورەیان بە ژن بوو، ماڵی خۆی هەبوو، كوڕی بچووكیان كە تەمەنی ئەوسا بیست ساڵ دەبوو، لەگەڵیان بوو، كوڕە كە ناوی(زریان) بوو، شێت و شەیدای من ببوو، بەڵام من بڕوام پێنەدەكرد، ئەو رۆژەی كە دەچووینە ماڵیان، بەهەر بیانوویەك بایە لە ماڵ نەدەچووەدەر، وازی لێنەدەهێنام بەردەوام هەوڵی لەگەڵ دەدام، دواجار پێیوتم كە دایكیشی و باوكیشی رازین كە بێتە داخوازیم، ئیدی بەڵێنی سەوز و سووری وای پێدەدام، بە تەواوی مەستی هێنانەدی ئەو خەونانەبووم كە بێنەدی، مووچەی دایكمی كردە دوو هێندە، دوو هێندەش پارەی لە من خەرج دەكرد، هەر لە كڕینی جلوبەرگ و ئاڵتوون تا دەگيشتە ئەوەی خۆی دەكردە خاك و خۆڵ لەبەر پێمدا، منیش وردە وردە بڕوام پێكرد و بەڕاستی چووە دڵمەوە و خۆشمویست، پێنچ شەش مانگان ئەوە هەوڵی بوو، رۆژێك من لە نهۆمی سەرەوەیان خەریكی ماڵ خاوێن كردنەوە بووم، دیتم لێم پەیدا بوو، بە قسەی خۆش دەرگاكەی داخست و لێمهاتە پێش.
ئەمە كاری یەكەمی بوو، چەند جارێكی تر دووبارەی كردەوە، منیش هەر دەمووت كەی دێیتە خوازبێنیم و ئەویش دەیووت ئەو مانگەی بێتەوە دێم، ئیدی زانیم درۆم لەگەڵدا دەكات و دەستخەڕۆی كردم، بە دایكم وت: ئەویش پێیانی وت: خەریكبوو دایكم بخۆن بەسەد جنێو و هەڕەشە دەریانكرد، دایكيشم چوو شكایەتی لێكردن، كە زانیيان شكایەتیان لێكراوە، هاتن لەگەڵ دایكم پێكهاتن و وتیان، شكایەت مەكەن، ئێمە دەیخوازین، بەڵام پاش هەفتەیەك تەڵاقی دەدەین و لە بەرامبەردا پارەتان دەدەینێ، ئێمە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەندین ناتوانین كچ لە ئێوە بخوازین، پاشان(زریان) كچی مامی لێمارەكراوە، ماڵی مامی بزانن دنیامان لێدێننەوە یەك، ئەوەبوو ناچار بووین كە پێك بێین لەگەڵیاندا، ئەمجارە پاش ئەم رووداوە دوای چەند مانگێك (زریان) پەیدا بۆوە، دیسان بە قسەی خۆش لە خشتەی بردمەوە، گوایە بە شەرع و بە یاسا پێشتر ژنی بوویمە و ئێستاش هەر لەو بڕوایەدا مایتەوە، وازی لێنەهێنام، رۆژانی هەینی خانووی بەكرێ دەگرت و منیش بەبیانووی سەردانی ماڵی خزمانمان لەگەڵی دەچووم، شەو لەگەڵی دەمامەوە و پاشان فێری خواردنەوەی مەی كردم، ئیدی چەند جارێك ئەو شتە دووبارە بوونەوە، باوكم هەر هەواڵیشی نەدەپرسین رۆژێك(زریان) سەرخۆشی كردم و وتی: ها تەلەفۆن بۆ باوكت بكە و سووكایەتی پێ بكە، منیش وامكرد، كە باوكم زانی چووە لای دایكم و مەسەلەكەی پێوت و وتی بێتەوە ئەو ماڵە هەر دەیكوژم ئەگەر وەك باڵندەش باڵی گرتبێت، ئەوەبوو منیش نەمتوانی بچمەوە دایكم بەجێهێشت، ئەو ماوەیە هەر(زریان) خەرجی دەكێشا، پاشان چەند كەسێكی ترم ناسی و ئەوانیش دەهاتنە لام و پارەیان دەدامێ، بەمجۆرە ئەو ماوەیە ئەوها دەژیام، هەتا ئەو رۆژەی پۆلیس دەستگیری كردم.
حوكمدان بە شەش مانگ زیندانی
پاش ئەوەی دادگا رێوشوێنی یاسایی خۆی گرتەبەر بڕیاری دا بە (6) مانگ زیندانی حوكم بدرێ، لەبەر ئەوەی كاری لەشفرۆشی كردووە، كە بانگی باوكیشیان كرد كە ئایا كچەكەی وەردەگرێتەوە یان نا؟ باوكی وتی: من ئەو كچە هەر ناناسم و دایكیشی ناناسم.
Top