دزیشیلێكردن و پارەشی لێوەرگرتن

دزیشیلێكردن و پارەشی لێوەرگرتن
مام(حەمەدەمین) پیاوێكی مەڕداری خاوەن شینایی دەبێ، لەو دزە نەناسراوە نادیارە بێزار دەبێ كە ناوە ناوە بەشەو دزی لێدەكات، لەبەر هەندێ ناچار دەبێ سكاڵا لەو دزە نادیارە لە بنكەی پۆلیس تۆمار بكات.

دزە بەردەوام دەبێ لە كاری خۆی و ئەویش بە داماوی خۆی و منداڵەكانی بۆسەی بۆ دادەنێننەوە بێ ئەوەی پێوە بێت، تا ئەو شەوەی كە دەكەوێتە ناو بۆسە و تەقەی لێدەكەن، بەڵام پێش ئەوەی ئەنجامی تەقەكردنەكە بزانین، با لەزاری مام(حەمەدەمین) مەسەلەكە بزانین، ئەویش لەمەڕ مەسەلەكە بەمشێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی: ئێمە لە ئاوایی بیست ماڵێك دەبووین، هەندێكمان خەریكی مەڕداری و شینایی كردن بووین، هەندێكیشمان تەنیا خەریكی شیناسی بوون، یەك دوو ماڵیش هەبوون لەم شیناییانە بەكرێ و بەگوێرەی كارەكە كرێكارییان دەكرد، بەڵام ماوەیەك جۆرە دزێك پەیدا ببوو، بە كەس نەدەگیرا و نەشدەزانرا كێیە، ئەوەی مەڕی هەبووایە، ئەو شەوەی ئەو دزییەی دەكرد كارێك دووان یان بەرخێك دووانی دەبرد، مەڕ و بەرانی نەدەبرد، یان عەلەشیش و مریشك و جووچكەی دەدزی، سەیر لەوەدابوو سەگیشمان هەبوو، كەچی دزییەكەی خۆی هەر دەكرد و بە سەگەكانمان پاس نەدەكرا، ئی ئاوایش دیار بوو ماڵەكان چەند ماڵ هەبوو قەت شتی وای لێنەدەوەشایەوە ماڵ هەبوو خزم بوو، هی واش هەبوو لێمان دووربوون و شارەزامان نەبوون، هی ئەوە نەبوون شتی وا بكەن. ئەو دزە، دزی هەر لە ئێمە نەدەكرد، بەڵكو لەمەڕداری دیكەشی دەكرد، جا ئەو شەوەی بابڵێین كارێك یان بەرخێكمان دەدزرا بەیانی هەموو مەڕدارەكان ئاگادار دەكرانەوە، هەموولایەك مەڕی دەژمارد و حسابی دەكرد، كەچی لای هیچ مەڕدارێك نەدەبوو، دەتگووت ئەو دزە كاری خۆی بە بەرنامە دەكات. شەوێك كە دزی دەكرد، چەند شەوێك خۆی بزر دەكرد و وازی دەهێنا، بەڵام كە غافڵ دەبووینەوە، دووبارە دەستی پێدەكردەوە، بەڕاستی مەست و حەیران مابووین، ئاخر جارێك نەبوو، دووان نەبوو، زەرەریش ئەگەر هەر چەند كەمیش بێت هەر تاڵە، هەرچۆنێك بێت، دەمانگوت ئەو دزە هی ئاواییە و ناسراوە. دیارە سەگەكانیش دەیناسن.
خەڵكی ئاوایی بەتایبەتی ئەوانەی كە مەڕدار بوون، بە تەواوەتی بێزار ببوون، چونكە هەبوو چەند جارێك دزی لێكرابوو، هەشبوو لەوە دەترسا دزی نەقۆڵای لێبكرێت و زەرەر و زیانێكی زۆری بەر بكەوێت، ئیتر ئێمە لای خۆمان بڕیارماندا چەند شەوێك لەسەریەك بۆی لە بۆسەدابین. ئەوەبوو من و دوو كوڕم شەوێك لە شەوەكان بۆسەمان بۆ دانایەوە و لەو بڕوایەش دابووین كە لەو یەك دوو شەوە شەوێكیان هەر پەیدا دەبێت. پێشبنییەكەمان راست دەرچوو، رێك وەك ئەوەی بۆی چووبووین، شەوێك كاتژمێر دوو و نیوی شەو بوو، دانیشتبووین و گوێمان لە حەپەی یەكێك لە سەگەكانمان بوو، لەنێوخۆمان گوتمان بەخوا ئەوە پەیدابوو، خۆیەتی بۆ بەزمەكە هاتووە، خۆمان لێی مەڵاس دا و گوێمان لە خشپەیەك بوو، وردە وردە دەنگەكە باشتر دەهاتە بەر گوێمان و لێمان نزیك دەبۆوە، شەوەكەی هاوین بوو، بۆیە هەموو مەڕ و ماڵاتەكەمان لە دەرەوە كە لە شوێنێك شوورەمان بۆ كردبوو دانابوون، بە زستانان دەمانبردنە خانێكی گەورە و بەهاوینیش لەو شوێنەمان دەحەواندنەوە.
سەیر لەوە دابوو ئەو شەوە هیچ كامێكمان خەومان نەدەهات، پێموابێ لەبەر ئەوە بوو كە بە رۆژ باش خەوتبووین، بە هەر حاڵ هەستی خۆمان باشتر راگرت و هەتا هاتە ناو مەڕ و ماڵاتەكە، ئێمە چاومان لێبوو كە تارمایەك لەمەڕەكان نزیك دەبۆوە، بەڵام قەڵافەتەكەی هیچ بەزەلام نەدەچوو، دەتگوت كورتە باڵایە، ئاماژەمان دایە لە ناكاو لایەتمان پێكرد و لە چاوی دزەكەمان دا و هێرشمان كردە سەری، بەڵام ئەو دەرپەڕی، لەگەڵ دەرپەڕینەكەی لە ناو مەڕان دەرچوو، یەكێ لە كوڕەكانم میلی تفەنگی لێڕاكێشا و تەقەیەكی لێكرد و یەكسەر، زیڕاندی و بەربۆوە، كە هاتینە سەری دەبینین منداڵێكی چواردە پانزە ساڵانە و خوێنی لە رانی دێ و برینداربووە.
سەرەڕای دزی لێكردن دەبوو مەسڵەتیشی بكەین
مام(حەمەدەمین) بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دزییەكە و دەڵێ:
شەو دەنگمان دا و خەڵكی ئاواییمان خڕكردنەوە و ئیتر بووە غەڵبەغەڵب و دەنگ و هەرا، كە باوكی هات كردیە هەڵڵایەك ئەو سەری دیار نەبێ، لەخۆی دەدا و هاواری دەكرد، كوڕەكەمتان كوشت، كوڕەكەمتان كوشت، ئێمە دەمانگوت بەسەر دزی كردنەوە هاتووە ئەو دەیگوت: دزی چی هەر ئەو بوختانە مابوو، كوڕی من چۆن دزی دەكات، ئێوە نەدیتی و نەناسی بۆچی تەقەتان لێكردووە، بەهەرحاڵ بینە و بەردەیەكی زۆرمان لێپەیدابوو، سەرەنجام دەبوو منداڵەكە ببرێتە نەخۆشخانە، منداڵمان بردە نەخۆشخانە و منداڵ گوتی: فڵان و فڵانەكەس تەقەیان لێكردووم، هەردوو كوڕەكەمی بە گرتندا، لەوێ لە نەخۆشخانە دەستبەجێ دەستگیركران و هەر بەو شەوە رەوانەی بەندیخانە كران، گوتم: ئەوە خۆشە دزیشت لێبكرێت و بشگیرێیت، شەوەكەی پێنچ شەممە بوو، هەتا رۆژی یەك شەممە لە بەندیخانە بەبێ لێكۆڵینەوە و پرسیار و وەڵام مانەوە، لەو یەك دوو رۆژە ئێمە لە نێو خۆمان و پاشان لەگەڵ مامۆستای مزگەوتی ئاواییەكەمان و خۆشم لەگەڵ یەك دوو پارێزەری ناسراومان گفتوگۆم كرد، منداڵەكە و باوكیشی لە بنكەی پۆلیس گوتبوویان كە گوایە بۆیە چۆتە نزیك ماڵی ئێمە، چونكە خەونی دیتووە و شەورۆ بووە و نەیزانیووە چۆتە ئەوێ و ئاگای لە خۆی نەبووە، هەتا گوللەیان لێیداوە، ئەم جۆرە گوفتارە بۆ ئێمە خراپ بوو و بەتایبەتیش كە یاسا رێگات نادات، لەسەر شتی بچووك تەقە لە مرۆڤ بكەی، بۆیە وەزەعەكە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نەبوو، لەسەر ئامۆژگاری پارێزەرەكان دەبوو سوڵح بكەین باشترە.

ئێمەش ناچاربووین بڕە پارەیەكمان دانێ و سوڵحمان كرد، لە بەرامبەر ئەوەی ئەوان بڵێن كوڕەكانی من نەبوون كە تەقەیان لێكردووە، تۆ وەرە دزیت لێبكرێت و باجی بەرگریكردن لە خۆشت بدەی، سەیر لەوەدایە دوای ئەو رووداوە ئیتر دزیمان لێنەكرایەوە.
Top