چی (فەوزیە و گرووپەكەی گەیاندە ب

چی (فەوزیە و گرووپەكەی گەیاندە ب
ئەوانەی كە دەستگیركران بێ لە پیاوەكان چەند ئافرەتێكیشی تێدابوو لەوانە(نەسرین و سازان و بەفرین) كە هەموویان بێجگە لە(فەوزیە) كە خاوەنی ماڵەكە بوو، لە بەهاری تەمەنیان بوون، هەموویان بەو وەزعەی كە تێیدا بوون، راپێچی بنكەی پۆلیس كران، با لێكۆڵەری دادی بنكەكە بەخۆی وردەكاری كێشەكەمان بۆ باس بكات و بزانین بەچی گەیشت، ئەو لێكۆڵەرە بەمجۆرە كێشەكەی بۆ باس كردین و گوتی: زۆر كەس هەن كاری بەدڕەوشتی دەكەنە پیشە و پارەی پێ پەیدا دەكەن، راستییەكەی ئەم كارە وەكو بازرگانییەكە، بەڵام بازرگانییەكی نا شەرعی، سەر دەستەی ئەو ئافرەتانە(فەوزیە) بوو، خۆی ژنێكی تەمەن لەسەرووی سی ساڵییەوە بوو، ژنێكی جوان و كەڵەگەت، زۆرزان و بە تەدبیر، كە بێوەژن كەوتووە، مێردێكی دیكەی كردۆتەوە، ئەم مێردەی گومان لە(فەوزیە) دەكات كە دەستی لەگەڵ پیاوی دیكە تێكەڵ ببووبێ، بۆیە پاش یەك دوو ساڵان تەڵاقی دەدات(فەوزیە) بێ سەرپەرشتیار دەمێنێتەوە، هیچ سەرچاوەیەكی دارایی و بژێویشی نابێ، بۆیە بۆ خۆژیاندن پەنا بۆ كاری بەدڕەوشتی دەبات، چونكە ژنێكی بەرچاو و جوان دەبێت، بۆیە پەیوەندییەكی زۆر دروستدەكات و كەسانێكی زۆر دەناسێ، دیارە ژنێك لەم تەمەنە لە رووی سێكسییەوە ناتوانێ وەكو كەسێكی هەرزەكار هەڵسوكەوت بكات، تێركردنی كەسانێكی زۆریش لەسەرووی توانای جەستەییەوەی دەبێت، بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە كە جگە لە خۆی ئافرەتێكی دیكەش، ئەوانەی بۆ پارە ئامادەن ئەو جۆرە كارانە بكەن، لەگەڵ خۆی دەخاتە ناو ئیشەكەی.
دیارە كەسانی جۆراو و جۆر سەردانیان دەكەن، وەكو دەشڵێن قسە ئەگەر كەوتە زارێك دەكەوێتە شارێك ئەوانیش لەو گەڕەكەی كە لێی دەبن، دەروو دراوسێ لێیان دەكەونە گلەیی و گازاندە و شكایەتكردن، ئەویش ناچار دەبێ هەر جارەی ماڵەكەی دەباتە گەڕەكێك. (نەسرین) یەكێك بووە لەو ئافرەتانەی كە فێرە ئەو كارە ناشەرعییەی بوو، كە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا و پرسیاری لێكرا ئەو بەو شێوەیە وەڵامی داینەوە و گوتی: تەمەنم بیست و سێ ساڵە، دوو ساڵە مێردم كردووە، مێردەكەم فێری ئەو شتەی كردووم، ئەویش بەمجۆرە بوو سەرەتا كە ئیشی نەبوو برادەری خۆی دەهێنایەوە ماڵ بۆ مەی خواردنەوە، پاشان رێگەی دەدا هەندێ لە برادەرەكانی ئافرەت لەگەڵ خۆیان بێننە ماڵەكەمان و لەگەڵیان رابوێرن، ئەویش لەبەرامبەر ئەمەدا بڕە پارەیەكی وەردەگرت، پاشان وایلێهات بەخۆی ئافرەتی پەیدا دەكرد و لە ماڵی ئێمە پیاوی بۆ دەهێنا و لەبەرامبەردا پارەی وەردەگرت، ئینجا داوای لە منیش كرد كە ئەم كارە بكەم و رازی كردم، ئەمە كاروپیشەمان بوو، پاشان بە (فەوزیە)ی ناساندم و ئەویش پێی گوتم: ماڵی ئێمە ئەمینترە و خەڵك نازانێ چی دەكەین و چی ناكەین، تۆ وەرە ماڵی ئێمە و هەفتانە سێ جار وەرە، كەسیش گومانت لێناكات و پارەی خۆشت بە زیادەوە وەردەگری، گوتم باشە، لەوێش یەك دوو ئافرەتی دیكەم ناسی كە وەكو من ئەم كارانەیان دەكرد، ئافرەتی دووەمیش(سازان) بوو كە ئەویش مێردی تەڵاقی دابوو، تەمەنیشی هەر بیست و پێچ ساڵ بوو، پێشتر كاری جوانكاری ئافرەتانی دەكرد ئەویش كەلێۆلینەوەمان لەگەڵی كرد و لەمەڕ هۆ و چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەو كارە، گوتی: من مێردم پیاوێكی مەی خۆر و ئیشنەكەر بوو، كرێچی و بێ ئیشی دەبێ چ بارودۆخێكت بۆ دروست بكات، سەرەڕای ئەوەش هەموو رۆژێ شەڕ و ئاژاوەی لە ماڵ دەنایەوە و رۆژ نەبوو لێمنەدات، بۆیە ناچار بووم لەمو لەو بپرسم، خۆم كارێك بدۆزمەوە و لوقمەنانێك پەیدا بكەم، دوو منداڵم هەبوو، كە كارێكم لە ئارایشگایەكی جوانكاری ئافرەتان دۆزییەوە ناچار بووم لە ماڵەوەیان بەبێ سەرپەرشتیار بەجێبێڵم، ئەو(فەوزیە)یە چەند جارێك هاتە ئارایشگاكەمان و لەوێ یەكتریمان ناسی.
ئەم ناسینەمان پەرەی سەند و زوو دەهاتە لام، پاشان داوای لێكردم بچمە ماڵی، منیش رۆژێكی هەینی چوومە ماڵی و دیتم یەك دوو ئافرەتی دیكەشی لێیە، ئیتر وردە وردە زانیم كە خەركی چییە، بە منیشی گوت وەرە واز لە ئارایشگا بێنە و ئەم كارە بكە، پارەیەكی باشت دەستكدەكەوێ و ئەوەی لێرە بە رۆژێك بەدەستت دەكەوێ، لە كارەكەی خۆت بە مانگێك ئەگەر دەستتبكەوێ و گوتیشی: ئێرە جێگەی مەترسی نییە و هەفتەی چەند رۆژێك دێی و خۆت لە كاری ئارایش باش دەزانی، پێش ئەوەی بێی خۆت جوان ئارایش بكە و بڕازێنەوە ئینجا وەرە، پاش نیوەڕۆیە وەرە وشەو بڕۆوە و ئەگەر حەزیشت كرد یان زۆر ماندوو بوی شەوەكەی لێرە بمێنەوە و بەیانی بڕۆوە ماڵی خۆت، رۆژی یەكەم كەوامكرد زۆر كارێكی قوڕس و زەحمەت بوو بۆم، دوو سێ رۆژان هەر فكرم دەكردەوە لە خۆم و كارەكەم رادەمام، راستە پارەكەی زۆر بوو، بەڵام ویژدانیشم زۆر بە ئازار بوو، بەڵام ئەم ئافرەتە توانی بەسەرمدا زاڵبێت و هەرچی هەست و سۆزم هەبوو، وایكرد بەسەر هەموویدا زاڵ بم و بە كارێكی ئاسایی وەریبگرم، ئەوەبوو پاش دوو سێ هەفتە مێردەكەم گومانی لێكردم ئینجا كەوتە چاودێری كردنم و دوای دوو مانگان بە كارەكەی زانی و وازی لێهێنام و تەڵاقی دام، من لەو ماڵە مامەوە تا ئەو رۆژەی دەستگیركراین.
ئافرەتەكەی تریش كە ناوی(بەفرین) بوو، بە هەمان شێوە ئەویش چیرۆكی خۆی هەبوو، گوایە ئەویش دەستخەڕۆ كرابوو، زۆربەیان خۆیان بە قوربانی دەزانی.
حیكایەتی سەردەستەكەیان
ئەو لێكۆڵەرەی دادی لەسەر قسەكانی دەڕوا و دەڵێ:
ئەوەی سەیر بوو حیكایەتی(فەوزیە) بوو كە سەردەستەی هەمووان بوو و دەیگوت ئەو ئافرەتانە بە ئارەزووی خۆیان ئەو كارەیان هەڵبژاردووە، نەك بە دەستخەڕۆ كردنیان، چونكە كە زانیان ئەی بۆچی هەر بەردەوامیش بوون لە كارەكە، بەڵام لە راستیدا هەمووان بۆ پارە و بە پارە كاریان دەكرد و پارەكەش كە وەریاندەگرت زۆر بوو، ئەوانیش بە تەماح بوون ئیدی كەسابەتە و پێی رازی ببوون، ئەم ئافرەتانە كە درانە دادگا هەر چواریان حوكمدران، بەڵام حوكمی(فەوزیە) لە هەمووان زۆرتر بوو كە پێنچ ساڵ بوو، چونكە جگە لەوەی كە تاوانی كردبوو، ئاسەواری تاوانەكەشی گەورە و ترسناك بوو، بۆیە دادگا رەنگدانەوەی سلبی كارەكەشی لەبەرچاو بوو، ئەوانی تریش یەكی دوو ساڵ و ساڵ و نیوێك حوكم دران.
Top