تاوانباری راستەقینە دەدۆزرێــ

تاوانباری راستەقینە دەدۆزرێــ
كات دوای نوێژی عیشا بوو كە (ئەیوب) بەخۆو بە ماتۆڕەكەیەوە، چووە ماڵی(ئەسكەندەر)ی كۆنە برادەری، لە مێژبوو نێزیكی مانگێك دەبوو كە (ئەیوب) داوای لە (ئەسكەندەر) كردبوو كە هەوڵێكی بۆ بدات لەلای خۆیان ئیشێكی بۆ بدۆزێتەوە، لەگەڵیشدا خانووەیەكی گونجاوی لە نزیك خۆیان بۆ پەیدا بكات، بەڵكو لەو شوێنەی كە لێیەتی بگوازێتەوە، دیار بوو (ئەسكەندەر) هەردووكی بۆ رێكخستبوو، هەم ئیشەكە و هەمیش خانووەكە، بۆ ئەم مەبەستە(ئەسكەندەر) بەناسیاوێكی خۆی هەواڵی ناردبوو، كە شتێكی بۆ كردووە و شەوێ ئەگەر پێی كرا بابێتە ماڵێ، ناسیاوەكەشی بەمنی گوت: منیش (ئەیوب)م لێئاگاداركردەوە كە (ئەسكەندەر) وای گوتووە، با بچێتە ماڵیان، من هەر ئەوەندەی لێدەزانم..)
ئەوە قسەكانی (سالار)ی خزمی (ئەسكەندەر) بوو كە لە پێش دادگا كردبوونی، ئەوجا نۆرەی(زاهیدە)ی ژنی (ئەیوب) هات و بردیانە بەردەم دادگا و ئەویش بەمجۆرە گوفتاری خۆیدا و گوتی: (ئەیوب)ی، مێردم كە هەواڵی (ئەسكەندەر)ی، پێگەیشت بەخۆو بە ماتۆڕەكەیەوە شەوێ چووە ماڵی (ئەسكەندەر)ی، دوای ئەوەی هەندێك لەوێ دەمێنێتەوە، ئینجا هەڵدەستێ بڕوات، چیان گوتووە و چیان نەگوتووە نازانم، بەڵام هەركە لەوێ هەڵساوە بڕوا بێتەوە ماڵی خۆمان، لەبەردەرگەی حەوشەی ماڵەكەیان گوللەی لێدراوە و كوژراوە، من گومانم لە (ئەسكەندەر) هەیە، ئەگەر ئەو نەیكوشتووە ئەی كێ كوشتوویەتی؟ بۆچی لەبەر دەرگەیان گوللەی لێدەدرێت، (زاهیدە) كە قسەكانی تەواوكرد، ئەوجا نۆرەی (سەبیحە)ی ژنی (ئەسكەندەر) هات، ئەویش بردرایە بەردەم دادگا و بەمجۆرە قسەی خۆی كرد و گوتی:
(ئەیوب) و (ئەسكەندەر) لە مێژبوو برادەری یەكتربوون، ئەو لە مێژبوو دەیویست لەو گەڕەكەی كە ماڵەكەی لێبوو، بار بكات و لە شوێنێكی دیكە نیشتەجێ بێت، ئەوە قسەی (ئەیوب) بوو، لە پێش من لە ماڵمان بە (ئەسكەندەر)ی گوت و داوای لە (ئەسكەندەر) كرد كە لەبەر ئەوەی دەمێكە وازی لە ئیشەكەی خۆی هێناوە و ماوەیەكە بەدەست بێ ئیشیەوە وەرس بووە، ئیشێكی بۆ بدۆزێتەوە و لە نزییك خۆشمانەوە خانوویەكی بۆ بدۆزینەوە، (ئەسكەندەر) یش چەند رۆژێك هەوڵی بۆدا، ئیشی بۆ دۆزییەوە و خانوویەكی گونجاویشی بۆ كرێ پەیدا كرد، ئەوجا (ئەسكەندەر) هەواڵی بۆ نارد كە بێت پێی بڵێت كە هەردووكی بۆ جێبەجێ كردووە، ئەو شەوەی كە تێیدا كوژرا، پاش نوێژی عیشابوو، بە ماتۆڕەكەیەوە هاتە ماڵمان و ماتۆڕەكەی لە پێش دەرگەی ماڵمان راگرت و لە دەرگەی دا، من چووم كردمەوە، پاش چاك وچۆنی گوتی: براژن (ئەسكەندەر) لە ماڵێیە، گوتم: بەڵێ فەرموو، ئەرێ وەڵڵا وا لەبەر چرا دانیشتووە، ئەو شەوی كارەبامان نەبوو، فانۆسێكمان لە حەوشە و چرایەكشمان لە ژوورەوە پێكردبوو، ماتۆڕەكەی كوژاندەوە و هاتە ژوورەوە منیش پێش ئەو چوومە ژوورەوە (ئەسكەندەر)م ئاگاداركردەوە، ئەویش پاش بەخێرهێنانی و كەمێك دانیشتن، چایان خواردەوە و (ئەسكەندەر) پێی گوت كە لە فڵانە شوێن خانوویەكی بەكرێیەكی گونجاو بۆ گرتووە و ئیشێكیشی لای خۆیان بۆ دۆزیتەوە. (ئەیوب) زۆری پێخۆش بوو، زۆریشی لێ مەمنوون بوو، پاشی بیست خولەكێك، داوای عوزر خواستنی كرد و هەستا رۆیشت، چەندی (ئەسكەندەر) پێی گوت: جارێ دانیشە و با بەتەواوەتی خۆت گەرم بكەیەوە، دنیا زۆر ساردە و ماتۆڕیشت پێیە، ئەو نەیسەلماند و گوتی: نا وەڵڵا كاك (ئەسكەندەر) وەزعم تەواو نییە، هەر دەبێ بڕۆم ماڵت ئاوا بێ و زۆر مەمنون بۆ ئەو ماندووبوونەی بۆت كێشام، ئەوجا هەستا رۆیشت، هەر كە دەرگەی كردەوە و پێی هاویشتە دەرەوە و نزیكی ماتۆڕەكە بۆوە، دەنگی دەستڕێژێك هات و دەنگی كەوتنی گوللە بە لاشەی ماتۆڕەكە هات و (ئەیوب) تەپەی لێوەهات و بەربۆوە، (ئەسكەندەر) گوتی: كوڕە ئەوە چبوو، ئەو تەقەیە چییە، هاواری كرد كێیە، كێی تۆ كابرا؟ كەس وەڵامی نەدایەوە (ئەسكەندەر) هاواری لە (ئەیوب) كرد، بەڵام (ئەیوب) دەنگی لێوە نەهات، بە منی گوت: (سەبیحە) ئەو فانۆسەم لێوەگرە و روناكیەكە بێنە ئێرە، (ئەسكەندەر) ماتۆڕەكەی (ئەیوب)ی هەلگرتەوە، بەڵام (ئەیوب)، دەمێك بوو مردبوو، چەندی بانگی كرد، وەڵامی نەبوو ملی لار ببۆوە و هەناسەی لەبەر بڕابوو، ئەوجا پێی گوتم: ( سەبیحە) بڕۆ لە دەرگەی ئەو ماڵە دراوسێیانە بدە و ئاگاداریان بكەوە، منیش چووم ماڵی( عەزیز و كاكەڕەش) و ئەوانەم ئاگادار كردنەوە، ئەوانیش هاتن و گوتیان چبووە و چ قەوماوە؟ (ئەسكەندەر) پێی گوتن: لە ناو ئەو رەشاییەدا (دەستی بۆ رەشاییەكەی بەر دەرگەی ماڵمان درێژ كرد كە هەر بیست سی مەترێك دوور بوو) دەستڕێژێك هات و (ئەیوب) ی وەبەر گوللەدا، نەمانزانی كێیە و (ئەیوب)یش دەموودەست مرد و بەفریای هیچ نەكەوتم بزانم، ئەو دەستڕێژە كێ بوو یان چبوو ئەوەبوو گۆتییە دراوسێیەكان ئاگاداری پۆلیس بكەنەوە، كە پۆلیسیش هات(ئەسكەندەر) ی مێردم دەستگیر كرا و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرد، وەك بڵێی ئەو كوشتبێتی، پاش ئەوە ئەو دراوسێیانەی كە (سەبیحە) شەوەكەی لە دەرگەیانی دابوو بانگ كران و ئەوانیش هەر كەسەی چی دیتبوو چی زانیبوو بە دادگایان گوتبوو.
گێڕانەوەكەی ئەسكەندەر
(ئەسكەندەر) هەفتەیەك دەبوو گیرابوو، هەستی دەكرد وەكو تاوانبارێك گیراوە، بەتایبەتی كە زانی بووی،(زاهیدە)ی ژنی( ئەیوب) گوتبووی گومانم لە(ئەسكەندەر) هەیە لەو رووداوە، چونكە بۆچی هەر كە ئەو هاتۆتە دەرەوە گوللەی لێدراوە، لە پێش دەرگەی ئەوان كوژراوە، مانای وایە ئەگەر نەشی كوشتبێت، ئاگاداری ئەو تاوانەیە، ئەو قسانەی(زاهیدە)بۆ (ئەسكەندەر) زۆر خراپ بوو(ئەسكەندەر)یش دەیگوت: وەرە پیاوەتی بكە، كەچی نەك هەر پیاو خراپ دەردەچیە بەڵكو لە بەندیخانەشت توند دەكەن و بە تاوانباریش دەردەچی، پاش ئەوەی گوفتاری چەندین كەس لە رووداوەكە وەرگیرابوو، ئەوجا(ئەسكەندەر)یان بردبووە بەردەم دادگا و ئەویش قسەكانی خۆی بەمشێوەیە كردبوو: من نازانم بۆچی گیراوم، من چاكە و پیاوەتیم كردووە، هەر لەخۆڕا بوومە تاوانبار، كابرا بزانن دوژمنداربووە، بزانن ناحەزی هەبووە، من چ بەرژەوەندییەكم لە كوشتنیدا هەبووە، كابرا كۆنە برادەرم بووە، بەڵام خۆ هەموو رۆژێ یەكتریمان نەبینیووە، مەگەر چۆن هەفتەی جارێك یان دوو هەفتە جارێك دووان یەكتریمان بدیبایە، ئەو شەوە من ناردبوومە دوای كاری دەستنە دەكەوت و خانوویەكی كرێی گونجاویشی دەویست، منیش وەكو برادەرێك هەردووكیانم بۆ پەیدا كرد، من چوزانم ئەو كابرایە چی هەیە و چی نییە لەگەڵ كەسانی دیكە!! هەر كە لە ماڵمان هاتە دەرەوە دەستڕێژی لێكرا و كوژرا، لەبەر ئەوە من هیچ گوناهم نییە و بەخۆڕاییش گیراوم.
تاوانبار دەدۆزرێتەوە
(ئەسكەندەر) نزیكەی سێ مانگان لە بەندیخانە مابۆوە، سێ مانگ بوو نەك وەك گومانلێكراو، بەڵكو وەك تۆمەتبار دەستگركرابوو،(ئەسكەندەر) هەر چەندی دەكرد و دەكۆشا كە ئەو كەسی نەكوشتووە و ئەسڵەن هەر چەكیشی نییە، بێ سوودبوو، ئازاد نەدەكرا، هەتا رۆژێك لە نزیك ماڵیان تفەنگەكە دەدۆزرێتەوە، لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەسەر دەكرێ و چەند كەسێكی لەسەر دەگیرێ، هەتا دەگەنە ئەوەی دەزانن كە دوایین خاوەنی ئەو چەكە كێیە، كە خاوەنەكەی دەزاندرێ، پۆلیس بە وردی و بە نهێنی چاودێری كابرا دەكات و زانیارییەكی باشی لەسەر كۆدەكەنەوە، پاشان بۆ كەسوكاری(ئەیوب) دەردەكەوێت كە(ئەیوب) یەك دوو جاران لەگەڵ(سیامەند) ناوێك كێشەی هەبووە، كێشەكە لەسەر پارە و ئەو شتانە بووە، برایەكی(ئەیوب) ئاگاداری پۆلیس دەكاتەوە كە بەر لە كوژرانی (ئەیوب) كێشەیەك لە نێوان(ئەیوب) و (سیامەند) ناوێك هەبووە، یەك دووجار لێیكان داوە و بۆتە جۆرە دوژمندارییەك، ناونیشانی(سیامەند) دەدەن، پۆلیس و ئەوانیش چاودێری دەكەن، دەبینن ئەو(سیامەند)ە، هەمان ئەو كەسەیە كە خاوەنی تفەنگەكە بووە، بەمە باشتر چاودێری دەكەن و زیاتر گومانی لێدەكەن، رۆژێك لە پڕ لە ناو چایخانەیەك دەستگیری دەكەن.
سەرەتا خۆی دەگرێت و نكوڵی دەكات، بەڵام كە لە لێكۆڵینەوەدا زۆری بۆ دێتن، خۆی پێناگیرێ و ورە بەردەدات، ئینجا دەست دەكات بە دانپیانان و دەڵێ: بەڵێ من بووم، ئەو تەقەم لە(ئەسكەندەر) كردبوو، مەبەستیشم بوو بیكوژم، ئەگەر ئەوجاری نەشمردایە، بۆ جارێكی دیكەش هەر تەقەم لێدەكردەوە و هەر دەمكوشت، بۆیە ئا ئەوە من بووم خۆم بۆی لە بۆسە دانابوو، دەستڕێژیشم لێیكرد، تەنیا هیوادار بووم كە كەسی تر بەر دەستڕێژییەكەم نەكەوێت، دەنا بە دڵ حەزم دەكرد بە تەختی نێو چەوانی ئەو بكەوێت، پاش ئەو دانپیانانە دەسەڵاتی لێكۆڵینەوە بە ئاڕاستەیەكی دیكە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت ئەو دانپیانانەی(سیامەند) راستن و مەبەستی دیكەی نییە، پاش هەفتەیەك(ئەسكەندەر) ئازادكرا، ئینجا دوای ئازادكردنی ئەو، بەڵگەكان بە تەواوەتی دەریانخست كەوا بكوژی راستەقینە (سیامەند)ە، نەك(ئەسكەندر)، ئینجا دادگاییكردنی(سیامەند) دەستیپێكرد و هۆی ئەوەش كە بۆچی(ئەیوب)ی كوشتبوو، (سیامەند) گوتبووی: من و (ئەیوب) ركابەری یەكتربووین، پێكەوە لە شوێنێك كارمان دەكرد، یەك دووجار لێمان بووە دەماقاڵی و مشتومڕ، پاشان پەلاماری یەكترمان دا، ئەو لەمن دەستكراوەتر بوو، لە شەڕەكەماندا من لێوم بریندار بوو، ئێستاش شوێنەواری برین و تەقینی لێوم ماوە و دەموچاوی عەیبداركردم و لەشەرمان هەر نەچوومەوە سەر ئیشەكەش و وام لێهاتبوو خەریكبوو شارەكەش بەجێهێڵم، كە دەیان گوت بۆچی لێوت وەهای لێهاتووە، شەرمم دەكرد.
لەبەر ئەوە منیش بڕیارمدا تۆڵەی خۆمی لێبكەمەوە تۆڵەیەك كە جارێكی تر نەتوانێ چاویش بروكێنێتەوە، ئەوەبوو چەند رۆژێك چاودێریم كرد و زانیم ئەو شەوە دەچێتە ئەو ماڵەی كە لە پێش دەرگەیاندا كوشتم، لە دوورایی بیست سی مەترێك لە پەنایەك خۆم شاردەوە و كە هاتە دەرەوەش سێرەم لێگرتوو ریزە فیشەكێكم پێوەنا و كوشتم، پاش ئەو دانپیانانە دادگاییكردنی(سیامەند) لە كێشەكە دەستیپێكرد و دوای چەند مانگێك دادگا بڕیاری دا بە بەندكردنی(سیامەند) بۆ ماوەی پانزە ساڵی رەبەق.
Top