نەریتی پیاوسالاری لەدادگاش ژن
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
ژنەی قوڕبەسەر هەر لە مەتبەخ بووە لە ناو ماڵی خۆی بووە، ئێ باشە ئەو لێدانەی دەوێ؟؟ خوشكیشم لە تاوان ماڵەكەی بۆ بەجێدێڵێ و بەخۆ هەر دوو منداڵەكەیەوە دێتە ماڵی ئێمە، دوو سێ رۆژ لای ئێمە دەمێنێتەوە و مێردەكەم پێی دەڵێ هیچ خەم مەخۆ، خۆ تۆ بێگانە نیت، ئەوە ماڵی خوشكت نییە، ماڵی خۆتە، تا ماوی لەسەر سەری خۆمت دادەنێم و خۆت و منداڵەكانیش بە چاوان بەخێو دەكەم، پیاوەكەم، كە زۆر كەسێكی میهرەبان و دڵ و چاو تێرە، زۆری دڵی دایەوە، بەڵام خوشكەكەم پێی گوت: دەزانم كاكە(فوئاد) جەنابت لە برایەكەم زێدەتری و ئەگەر خۆشم بە غەریب بزانیایە قەت رووم لێرە نەدەكرد، بەڵام پێم خۆشە یەك دوو رۆژی تر بەخۆت قسەی لەگەڵ بكەی و ساردی بكەیەوە، ئێستا كە هاتوومەتە ئێرە لەبەر ئەوەی زۆری لێدام، ئەگەر نا ماڵم بەجێنەدەهێشت، بەڵام رەنگە ئەو وا تێبگات كە من لێی بێمنەتم بۆیە رەنگە هێندەی دیكە تووڕە و شێتگیر ببێ، ئەوجا لەسەر هەندێ تكات لێدەكەم، دەمەوێ بەخۆت بیهێنییە ئێرە و ئاشتمان بكەیەوە(فوئاد)یش گوتی: خەمت نەبێ ئەو ئێوارەیە لەگەڵ خۆمی دێنمەوە، دوای نانخواردنی نیوەڕۆ(فوئاد) چۆوە سەر كار و بە ئومێدەی ئێوارە(سیروان) ی مێردی (خانزاد)ی خوشكم لەگەڵ خۆیدا بێنێتەوە، كەچی دوای نیوەڕۆیەكەی، دەوروبەری كاتژمێر چوار و نیو بوو كە(سیروان) بەخۆی و دارێكی دەستی بەبێ لە دەرگا دان بە ژوورێ كەوت، دیاربوو دەرگای حەوشەمان لەسەر پشت بوو ئەگەر لە دەرگای بدابایە دەمانزانی كە ئەوە، كە هاتە ژوورەوە من و (خانزاد) دانیشتبووین و قسەمان دەكرد، بێ سەلام و كەلام بە (خانزاد)ی گوت: هەستە دەستی منداڵەكانت بگرە و وەرەوە، ئەویش منداڵەكانی لە ژوورەكەی ئەودیو خەواندبوو، پێی گوت: منداڵەكان خەوتوون ، ئێوارە لەگەڵ كاكە(فوئاد) دێمەوە كە وایگوت پڕی دایە قژی و بە قژ راكێشان بڵندی كردوو ویەك دوو داری تووندی خێواندە پشتی و رانی، (خانزاد)ی خوشكم لەگەڵ دار لێدانەكان بەربۆوە ئینجا بە شەق و شولاق و دارەكەی دەستی كەوتە سەری، ژنە لە تاوان هاواری دەكرد و دەگریا و دەیقیژاند، بەڕاستی منیش خۆم پێنەگیرا و هاوارم لێهەڵسا و بە تووندی پاڵێكم پێوەنا و قیژاندم بەسەریدا و گوتم: تۆ چیت، پاڵەوانی یان میری سەر بڕی، یان ئەو ژنە كۆیلەی بن دەستتە؟ وا بە داران كەوتوویتە سەری، بۆ منیش هات، گوتم: دە ئەگەر خۆت بە پیاو دەزانی دەتوانی شەقێكی تری لێبدەی دەی بڕۆ دەرەوە، پاروە ونانێك هەر دەبێ لەگەڵمان بیخوات، گوتی: ئاوا دەرم دەكەی؟ گوتم: سەدجارانیش دەرت دەكەم، نەكەی پێت بنێیەوە ئەم ماڵە، بۆ وا دەزانی ئەو ژنە بێكەسە، یا كۆیلەتە، بە هەوەس و ئارەزووی خۆت بە دار و پێلەقە وەربگەڕێیتە سەری!؟ ئیتر پاڵێكم پێوەنا و دەرم كرد، هاتمەوە لای (خانزاد) و دەم و لووتی هەمووی خوێن بوو، جلوبەرگی خۆم گۆڕی و لەگەڵ خۆم بردمە نەخۆشخانە، لەوێ دوای چارەسەركردن راپۆرتی پزیشكیان پێداین، یەكسەر لەوێش بنكەی پۆلیسی ئەوێ لێكۆڵینەوەی كرد و سكاڵای لە دژی مێردەكەی تۆماركرد، ئینجا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، بۆ بەیانی دەستگیریان كرد و منیش چوومە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە شایەتیم بۆیدا كە چۆن مێردەكەی لێیداوە.
(خانزاد) لا چاوێكی شین و مۆر هەڵگەڕابوو، بەشەرمەوە لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە راوەستا و وەڵامی پرسیاری دادوەری دەدایەوە، كە وەرگرتنی گوفتاری ئەو تەواو بوو، بانگی(نەزیرە)ی خوشكی كرا بێتە ژوورەوە و قسەی ئەویش وەك شایەتی سەلماندو وەرگیرا، ئینجا بڕیاری گرتنی(سیروان)ی دەركرد و دوای ئەوەی كە هێنایانە بەردەمی و گوێی لە قسەكانی گیرا، دادوەر بڕیاری گرتنی دا بۆ ماوەی هەشت رۆژ، دوای تەواوبوونی ئەو چەند رۆژە(سیروان) ئازاد كرا، بەڵام چیتر نەیتوانی هەڕەشە و گوڕەشەیان لێبكات یان بچێتە گژی و لێبداتەوە، پاش ئەوەی وردەكارییەكانی داواكە تەواوبوو، رەوانەی دادگای تایبەتمەند كرا بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی كێشەكە بدات.
كە رۆژی دادگایی دیاریكراو هەردوولا ئاگاداركرانەوە خوشكەكەم هەر لای من بوو لە كاتی خۆیدا لەبەردەم دادوەری دادگای تایبەتمەند ئامادەبوون و یەكەمجار پرسیار لە (خانزاد) كرایەوە و داخۆ چۆن لێیداوە بۆچیش لێیداوە(خانزاد) بەمشێوەیە گوفتاری خۆی بۆ دادگا بەیان كرد و گوتی: جەنابی حاكم ئەو كابرایەی كە لەبەردەمتان راوەستاوە، مێردمە، بەڵام بریا قەت تووشم بە تووشی مێردێكی وەها نەبوایە، ئەو وا دەزانێ من دیلێكم و كەوتوومەتە ژێر دەستی ، ئەوەی رێزە لێمنانێت، هۆیەكەشی چییە نازانم، كە لە دەرەوە كێشەیەكی دەبێ، یان بەشەڕ دێتەوە ماڵ تووڕەییەكەی خۆی بەمن بەتاڵ دەكات، یان لەو دوو منداڵە بچووكەم دەدات بۆ ئەوەی من قسە بكەم و لێمبدات، ئەو مامەڵەی كڕین و فرۆشتن دەكات و جاری وا هەیە زیانی لێدەكەوێت و لە تووڕەییان نازانێ چۆن داخی دڵی خۆی هەڵبرێژێ، جاری واش هەیە دەرفەتێكی لە دەست دەچێ، هەمدیسان، بە هەمان شێوە مامەڵەم لەگەڵدا دەكات، زۆریشی رق لە خوشكەكەم و مێردی خوشكمە، رۆژ هەتا ئێوارە جوێنیان پێدەدات، كەچی هەر ئەو مێردی خوشكەم بووە چەندین جار باربووی كردووە و هاوكاری دارایی پێشكەش كردووە، زۆر جاریش سوێند بە تەڵاق دەخوات كە نابێ بچمە ماڵی خوشكەكەم ئەوجا بۆ سەردان و میوانداری بێ ، یان بۆ هەواڵ پرسین بێت، من دایكم و باوكم نەماوە، تەنیا ئەو خوشكەم هەیە، بە من بێت هەفتەی جارێك دوو هەفتە جارێك بچمە لای یان ئەو بێتە لام، هەردووكمان لە یەكتر زیاتر كەسمان نەماوە، سەبووریمان بەیەك دێت، كەچی بەو حاڵەشەوە ئەگەر چۆن مانگی جارێك سەردانی بكەم، هەموو بڕو بیانووویەكەشی ئەوەیە، وەڵڵا ئەوانە دەوڵەمەندن و لاف و گەزافمان لەسەر لێدەدەن، كەواش نییە، ئەو رۆژەش كە رۆژی رووداوەكەیە، تەنیا لەسەر ئەوەی پێڕانەگەیشتم وەڵامی تەلەفۆنەكەی بدەمەوە، هاتەوە تێری لێیدام، منیش بۆ ئەوەی كێشەكە، كە هیچ نەبوو، گەورەتر نەكات چوومە ماڵی خوشكەكەم، كەچی هاتە ئەوێش و تەنیا گوتی : هەڵسە وەرەوە هێشتا وەڵامیم نەدایەوە بەدار و شەق كەوتە گیانم، ئێستا لە مافی خۆم خۆش نابم و داوای رێككاری یاسایی دەكەم و جارێكی تریش ناچمەوە لای.
دوای تۆماركردنی قسەكانی(خانزاد) نۆرەی (سیروان) هات قسەی خۆی بكات و ئەویش گوتی: من لەوەی كە لێمداوە یان نە، بەڵێ لێمداوە، ئەگەرچی حەز ناكەم لێیبدەم بەڵام لەبەر ئەوەی كە شكاتی لێكردووم و دادوەریش قسەكانی پێ بڕی و پێی گوت: ئەو دەبێ لە تۆ خۆش بێت نەك تۆ، جا ئەگەر لە تۆ خۆش بوو، ئەوە باشە و داواكە بەهۆی پێكهاتنەوە دەوداخەین ئەگەر نا بڕیاری سزادانت دەدڕێت (سیروان)یش گوتی: من دووپاتی دەكەمەوە كە لێمداوە و پەشمانیش نیم لەوەی كە لێمداوە ، چونكە لەو بڕوایە دام ژن دەبێ گوێڕایەڵی پیاو بێت و لە قسەی دەرنەچێت، هەر ژنێكیش گوێڕایەڵی پیاوەكەی نەكرد پێویستە پیاوەكەی تەمبێ بكات، ئینجا دادگا هەوڵی دا ئەو دووانە لەبەر ئەوەی ژن و مێردی یەكن و بۆ ئەوەی شیرازەی خێزانەكەیان تێكنەچێت و منداڵەكانیان سەرگەردان نەبن، دەرفەتێكیان بداتێ و لە دەرەوەی هۆڵی دادگا نەرمی بنوێنن، دوای گفتوگۆیەكی نیو كاتژمێری هەردووكیان هاتنەوە بەردەم دادگا و (خانزاد) گوتی: من دەچمەوەو ماڵی خۆم و مێردی خۆمم دەوێتەوە بەمەرجێك (لێدانم لەسەر هەڵگرێت) ئینجا كە نۆرەی (سیروان) هات قسەی خۆی بكات، لە جیاتی ئەوەی بڵێ بە قسەكانی رازیم كەچی گوتی: ژن ئەگەر گوێڕایەڵی پیاو نەبوو، پیاو هیچ چاری دیكەی نییە هەر دەبێ لێبدات، دادوەریش لەو قسەیەی(سیروان) توڕە بوو، پێی گوت: تۆ لە جیاتی ئەوەی بڵێی كە بەڵێن دەدەم ئەو رەفتارە ناشیرینە دووبارە ناكەمەوە، كەچی سووری لەسەر و ئەو كارەی كە كردووتە و تاوان دروستدەكەیت!
دوای تەواوبوونی رێككارە یاساییەكان دادگا بڕیاریدا( سیروان) بە پێنچ مانگ بەندكردن حوكم بدات، (سیروان) یان بردە دەرەوە و كەلەپچەیان لە دەستی كرد و سواری ئۆتۆمبێلیان كرد، لە ناو ئۆتۆمبێلەكە دانیشت و تەماشایەكی (خانزاد)ی كرد وهەر هێندەی پێگوت: باشە با من زیندانی بكرێم و ئەوسا تۆش دەبێ چارەنووسی خۆت بزانی.
(خانزاد) چاوی پڕگریان بوو، دەستی منداڵێكی گرتبوو، ئەوی تریشی لە باوەش بوو، سەرێكی بادا و منداڵەكەی باوەشی تووندتر، بەخۆوە گرت، (نەزیرە) لێی چووە پێش و كلینكسكەی دەستی دایە و پێی گوت: وەرە با بڕۆینەوە ماڵی خۆمان.