تەنیا بۆیەك شــــەو ژنی هێنا

تەنیا بۆیەك شــــەو ژنی هێنا
(فەریق) باوكی (هەڵاڵە) بوو، لەگەڵ كچەكەی لە پێش دادوەری لێكۆڵینەوە راوەستابوون و گوفتاریان دەدا، دادوەر بە (فەریق)ی گوت: ئەوە كچتە؟ گوتی: بەڵێ. ئەدی راستە (سەربەست)ت بە كوشتن ترساندووە؟ گوتی: نەوەڵڵا گەورەم نەمترساندووە، بەراستیم نەبووە، بۆچی؟ گوتی: چونكە ئەوە دەمڕووتە هەرزەكارە گاڵتەی پێكردم. رەجاو تكای دنیایەی لێكردم، پیاوماقوڵ و ریش سپی نەما نەنێرێتە رەجایێ، هەتا كچی خۆمی پێبدەم، وەكی رازیش بووم، ئەوجا لە جیاتی چاكەدانەوە ئەتكی كردین. بڵێ كوڕم ئاخر مادام پیاونیت ژنت بۆ چییە ها؟ دادوەر گوتی: مەچووە ناو باسی دیكە، حەكایەتیشم بۆ مەگێڕەوە، دەمەوێ بزانم كە هەڕەشەی كوشتنت بەزاردا هاتۆتە خوار یان نە؟ گوتی: بەڵێ. باشە بۆچی؟ گوتی: چونكە ئابڕووی بردوومە. بەهەر حاڵ ئابڕوو بردنەكە و هۆی ئابڕووبردنیشی باس نەكرد، دادوەر بڕیاریدا بەندی بكات و رەوانەی بەندیخانەی بكات. دوو سێ رۆژان لە بەندیخانە مایەوە، كەسوكار و خزم و ناسیاو (سەربەست)یان ناچار كرد كە بچێ واز لە كێشەكە بێنێ و دەستی لێهەڵگرێ تا (فەریق)ی خەزووری لە بەندیخانە بێتە دەرەوە. بە گیرانی (فەریق) تۆزێك هەڕوگیڤی كەمبۆوە و جۆرە تەمبێ بوونێك تەمبێ بوو كە تێگەیشت تەنانەت ناتوانێ بەدڵی خۆشی رقی لە (سەربەست) دەربكات، كە پەراوەكەشی دوای دوو سێ چوار هەفتە گەشتە دادگای تایبەتمەند، دادوەر هۆی هەڕەشەكردنەكەی پرسی، (فەریق)یش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و گوتی: جەنابی دادوەر راستە هەڕەشەم لێكردبوو، بەڵام لە حەژمەتی ساختە و تەڵەكەبازییەكەی، ناوەڵڵا بڵێ لە حەژمەتی ناپیاوەتییەكەی هەڕەشەم لێكرد، ئەوە كە هاتە خوازبێنی كچەكەم، بەتەمای ئەوە نەبووم كچی خۆمی بدەمێ، چونكە رام لە قسەكردن و رەفتار و چڕوچاو و فەساڵی نەبوو، نازانم چۆن بوو وەكو بنێشت پێموەنووسا و خەڵكێكی زۆری هێنایە تكا و رجام، منیش بەناچاری رازی بووم، بەڵام قەد چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەیم لێنەدەكرد، بەتایبەتی دوای تەنیا مانگێك كچەكەمی ناردەوە ماڵێ، باشە بابە كچم چی كردووە، بۆ دەینێرییەوە، چ ناڕێكییەكی كردووە، دەیگوت لەبەردەمم راست بۆتەوە و ملكەچ و گوێ رایەڵم نییە. سەرەڕای ئەو بوختان و درۆیانەش، هێشتا كچەكەی من شەرمی دەكرد راستییەكەی بڵێ. دەمگوت كچم ئەوە مێردتە، هەقە گوێ رایەڵی بی، بۆچی ملت لەبەر ملی ناوە، مادام پێی ناڕازی، بۆچی مێردت پێ كرد، خۆ من بە زۆری بە مێردم نەدەدای، كچەكەم سەری لەبەر خۆی دەنا و دەگریا، هیچی نەدەگوت، دەیگوت بە خودا هەرچی دەڵێ من رازیمە و بۆی جێبەجێ دەكەم، هەتا ئێستا بێ فرمانییەكی ئەوم نەكردووە، بەڵام خودا دەزانێ ئەوەی دەیڵێ راست نییە و من وەها نیمە وەك ئەو دەڵێ، منیش دەمگوت تازە بووكە با ماڵی لێتێكنەچێت، خۆم بردمەوە. دیاربوو تەنیا دوو رۆژی لەلامابۆوە، دووبارە دەری كردەوە. كە كچەكەم بە گریان هاتەوە، گوتم: چییە كچەم بۆ دەگری و بۆچی هاتووتییەوە خۆ دیسان دەرینەكردووی؟ گوتی (با) دیسان دەریكردمەوە، ئێوارە چوومە لای مێردەكەی تێروپڕم لێدا، گوتم: تۆش ئەگەر پیاوی داوای كچی من دەكەیەوە. گوتی: وەڵڵا لە خواشم دەوێت نەیهێنیەوە، تازە هەرە نامەوێت..
ئاشكرابوونی هۆی دەركردنی كچەكە
(فەریق) بەینێك راوەستا و پشوویەكی دا، دیقەتیشی دەدایە دادوەری لێكۆڵینەوە بزانێ رەنگ و رووی بە قسەكانی دەگۆڕێ یان نە، ئەگەر دەگۆڕێ بە چ وشەیەك و لە كوێ؟ چەند دەگۆڕێ؟ كە پشوویدا بیری خۆی كۆكردەوە و ویستی بە دەنگێكی سۆزدارانەتر قسەكانی بكات. دادوەر لە هێكڕا لێی پرسی: هۆی دەركردنی كچەكەت چی بوو: چی والێكردی وەها رەفتاری لەگەڵدا بكەی؟
(فەریق) بە پرسیارەكە شڵەژا، بەخۆی داینابوو بەهەموو جۆرێك هۆیەك بكاتە كڕۆكی بابەتەكە و بەرگری لە خۆكردنی. كەچی بەو پرسیارە ناكاوەی دادوەر سەرودڵی شێوا، لەناخەوە حەزی نەدەكرد ناچاری دادگا بێت، ئەو هۆیە روونبكاتەوە، بەڵكو دەیویست بەبێ پرسیاركردن بەخۆی قسە بكات، هەرچۆنێك بێت تۆزێك بیری پەرشوبڵاوبوون، بەڵام هەر زوو بەسەرەخۆیدا زاڵبوو، خۆی كۆكردەوە و دووبارە زەینی دایەوە كێشە سەرەكییەكەی خۆی،(فەریق) هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشا، بەینێك راوەستا و تەماشایەكی دادوەر و دەستە و دایەرەی دادگای كرد كەوا لەبەردەمیان راوەستاوە، ئەوجا وەڵامی پرسیاری دادگای دایەوە و گوتی: دادپەروەری وا دەخوازێ ئەو پرسیارەتان لەوی كردبایە نەك لە من بەردەوام بو گوتی. كە كچەكەم دەگوازێتەوە، تۆمەز كاكم دوو رۆژ پێشتر چۆتە لای پزیشك و داودەرمانی وەرگرتووە، بە زەبری داودەرمانی شەوی یەكەمی بەزاوابووە، پاشان ئیدی پیاوەتییەكەی نەماوە. چەندی پزیشك و دكتۆرانی كردووە و داودەرمانی بەكارهێناوە، هیچی نەماوە. لە حەژمەتی ئەو وەزعەی بەربۆتە كچەكەی من و لێیداوە، پاشان لە شەرمان بەرگەی نەگرتووە و چاوی لەبەر ژنەكەی هەڵنەهاتووە، كردوویەتییە شەڕ لە گەڵیدا و دەریكردووە، لێمان دەپرسی بۆ دەرتكردووە و بۆچی لێتداوە، دەیگوت گوێرایەڵم نییە و بە قسەم ناكات، دەمگوتە كچەكەم: كچم ئەوە مێردی خۆتە ئەگەر گوێرایەڵی ئەو نەبی ئەدی گوێرایەڵی كێ دەبێ؟ دەیگوت: بابە وەڵڵا وەكو كۆیلەم، چی بڵێ ناڵێم نا، بەڵام مەسەلەكە ئەوە نییە، شتێكی ترە. ئەوجا پاشان زانیمان ئەو هۆیەیە، منیش گوتم باشە ژنەكە بەهەموو وەزعێك بەتۆ رازییە، وەزعی خۆت ئەوهایە، لە جیاتی ئەوەی مەمنونی بیت كە لات دادەنیشێ، هێشتا تۆ دەریدەكەی و غەدری لێدەكەی؟ ئاخر لەچی تۆ شەرەمەزارە؟. جەنابی دادوەر ئەو كابرایە گاڵتەی پێكردین، ریسوای كردین، بۆیە منیش لە تاوان هەڕەشەی كوشتنم لێكرد، بەڵام ئێستاكە پەشیمانم و هەڵەم كرد. كە گوفتارەكانی (فەریق) تەواو بوو، بانگی كچەكەیان كرد و ئەویش قسەكانی باوكی پشت راست كردەوە، ئەوجا بانگی (سەربەست) یان كرد و ئەویش بەهەمان شێوە قسەكانی پشت راستكردنەوە و بەهەڵەی خۆی دانان و هەڵوێستی خۆی نیشانی دادگای دا كە هیچ سكاڵایەكی لەدژی نییە، ئەوجا دادگا هەمووانی كردە دەرەوە و بۆ تاوتوێ كردنی بڕیارەكە و پاش نیو كاتژمێر گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە ئازادی بكەن، بەمجۆرە كۆتایی بە كێشەكە هات و هەردوولاش بە سولحێكی عەشایەری رێككەوتن و پاشان لە دادگاشدا كۆتاییان بە كێشەكەیان هێنا.
Top