ژیانی ژنێكی وەفادار و پیاوێكی خ

ژیانی ژنێكی وەفادار و پیاوێكی خ
ژینێكی پڕ لە درۆ
جارێ (دڵشاد) هەر لەبەردەم دەرگای ژووری دادوەر وەستابوو، جارجارە لە ژێرەوە بە تیلەی چاویش سەیرێكی (گوڵناز)ی ژنی دەكرد و پڕ بە دڵ حەزی دەكرد بچێتە لای ژنەكەی و نەك داوای لێبوردن بەڵكو تۆبەشی لەسەردەستی بكات، بەڵام پاش چی، هەروەك بەخۆی دەوتەوە تازە ئەو ژنە وەك گۆزە كە شكا چاك نابێتەوە، دلێ وەها شكاوە چاك بوونەوەی بۆ نییە. (دڵشاد) پاڵی بە دیوارەكەوە نابوو لەناخییەوە كەوتبووە گفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا و خۆی دەخواردەوە و جارجارەش پڕ بەهێزی ددانەكانی لێوی خۆی دەكرۆژت. (گوڵناز) لەگەڵ پارێزەرەكەی راوەستابوو و راوێژیان لەسەر كێشەكە دەكرد. چەند جارێك پارێزەرەكەی (گوڵناز) بە جێدەهێشت و سەری لە ژووری قەڵەمی دادگا دەدا، بزانێ داخۆ دادوەر دەوامی رۆژانەی خۆی دەستپێكرد یان نە. ئا لەم بەینانەدا (دڵشاد) زۆری لەخۆی دەركرد و غیرەتی دەدایە بەر خۆی بچێتە لای (گوڵناز)ی هەرچی وشەی بەهێز و كاریگەر هەیە بەكاری بێنێ بۆ ئەوەی (گوڵناز) لێی خۆش بێ و دەست لە داواكەی هەڵبگرێ و لەگەڵی ئاشت بێتەوە. بەڵام هەر جارەی كە دەیویست بچێتە لای پارێزەرەكەی دەهاتەوە لای و نەخشەكەی پوچەڵ دەبۆوە و لەگەڵ یەكەم هەڵگرتن، دووبارە دەگەڕایەوە دواوە و بە كزی و لاتی پاڵی بە دیوارەكەوە دەنایەوە، ئەمجارە رێككەوتێكی سەیر هاتە پێشەوە، دیاربوو پارێزەرەكە لە ژووری قەڵەمی دادگاوە پێی گوترا بوو كەوا نیو كاتژمێری تر دادوەر دەگاتە ژووری خۆی، چونكە پێش ئەوەی دەستبەكار بێ وەك رۆژانی ئاسایی، كۆبوونەوەیەكی لە دادگایەكی باڵاتر بۆ هاتۆتە پێش و نیو كاتژمێرێك درەنگ دەكەوێ. پارێزەرەكە داوای روخسەتی لە گوڵناز كرد كە ئەو لە ژووری پارێزەران چاوەڕێی دەكات دادوەر دێت. (گوڵناز) بەتەنیا مایەوە و چوو لەسەر كورسییەك لە هۆڵی گشتی دادگا دانیشت. (دڵشاد) ئەمەی بە دەرفەتێكی زێڕین زانی و بێ سێ و دوو لێكردن خۆی گەیاندێ و داوای لێكرد مۆڵەتی بداتێ كە گفتوگۆی لەگەڵدا بكات، كەچی (گوڵناز) گوتی: من و تۆ هیچمان لە نێواندا نەماوە، گفتوگۆی چی و شتی چی.. تۆ تازە لە ژیانی مندا دەرچووی و ببڕای ببڕای ناگەڕێمەوە لات و هەرچی ماف و هەقێكم هەبێ لات، بەدادگا وەریدەگرمەوە و تەڵاقی خۆشم لە دادگا وەردەگرم. (دڵشاد) بەو قسانە كۆڵێك خەمبار بوو، بەڵام ورەی بەرنەدا، هێشتا تروسكایی ئومێدێك لە دڵیدا مابۆوە كە (گوڵناز) لێی ببورێت و ئاشت ببنەوە و دووبارە ژیانێكی تازە دەستپێبكەنەوە و رابردوو لە ژیانیاندا رەش بكەنەوە، بەڵام (گوڵناز) هەڵوێستی خۆی نەدەگۆڕی و سوور بوو لەسەر بڕیاری خۆی. (دڵشاد) هەر هێندەی زانی پارێزەرەكەی پەیدا بۆوە، ئەو خۆ چی وای نەگوتبوو كە ئەو پارێزەرە دیسان سەروكەللەی پەیدابۆوە،(گوڵناز) كە چاوی بە پارێزەرەكەی كەوت یەكسەر هەستا و رۆیشت و (دڵشاد) بێ ئومێدانە سەیرێكی كرد و ئەویش دوای ئەوان ملی رێگەی گرتەبەر. دیاربوو دادوەر چوو بۆووە ژوورەكەی خۆی و ئەوانیش بە دوایدا چوونە ژوورەوە. دادوەر سەیرێكی تۆمار و فایلەكانی بەردەمی كرد و دیتی فایلی ژمارە (4150) كە هی كێشەی نێوان (گوڵناز) وەك داواكار و (دڵشاد) یش وەك داوالێكراو بوو، پارێزەرەكەی ژمارەی داواكەی خۆی وەرگرت و هەمووی لای خۆیان ئامادە كرد بۆ بینینی داواكە. دادوەر داوای لێكردن كە بێنە پێشەوە، دوای تۆماركردنی داواكە و بەڵگە یاساییە پێویستەكان، دادگا داوای لە (گوڵناز) كرد كە هۆی داواكردنی جیابوونەوەكە بە وردی و دیاریكراوی روون بكاتەوە.
(گوڵناز)یش كە دڵی پڕ ببوو، فرمێسك لە چاوەكانیدا قەتیس مابۆوە، لەدڵی خۆیدا مردنی پێخۆشتر بوو لەوەی لەبەردەم دادگا بووەستێ و داوای جیابوونەوە لە مێردی بكات و بە دەستی خۆی ماڵی هاوسەرێتی خۆی تێكبدات، ئەو كە مێردی خۆی زۆر خۆشدەویست و بەخۆشەویستی ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ پێكهێنا، بەڵام دوای ماوەی تەنیا دوو ساڵ ئێستا وا كەوتۆتە بارێك دەبێ لەپێش دادوەردا داوای جیابوونەوەی لێبكات، بە كورتی ئەو پیاوە وەك هاوسەرێك رەتبكاتەوە. دەمێك قورگی گیرا و توانای قسەكردنی نەبوو، دادوەر سەیرێكی كرد و لە حاڵەتەكەی گەیشت، بۆیە پێم گوت كچم شەرم مەكە، ئێرە دادگایە و داوای مافی خۆت دەكەی. داواكردنی مافیش هیچ شەرمێكی ناوێ. بەبێ دوو دڵی و شەرم چیت هەیە بیڵێ.
(گوڵناز)یش تۆزێك هاتەوە سەرخۆیی و هەندێك ورەی هاتەوە بەر و شەرمی شكا، ئینجا دەستی بە قسەكرد و گوتی: جەنابی دادوەر من و مێردم بەخۆشەویستی ژیانی هاوسەرێتیمان پێكەوە نا. حاڵمان باش بوو، ژیانێكی هێمن و ئارام و پڕ لە خۆشەوسیتیمان هەبوو، ئەمە بەم شێوەیە درێژەی كێشا تا نزیكەی ساڵێك بەسەر هاوسەرێتیمان داڕەتبوو، من فەرمانبەرم و ئەویش لە فەرمانگەیەكی دیكە فەرمانبەرە، رۆژێك زووتر لە دەوام گەڕامەوە بینیم جووتێك پێڵاوی ژنانە لە دەرگای پشتەوەیە، كە چوومە ژوورەوە، دەبینم لەگەڵ كچێك دانیشتوونە و قاقا پێدەكەنن، كە چوومە ژوورەوە هەردووكیان شلەژان و تێكچوو، گوتم ئەوە چییە؟ ئیتر ئەویش سەد پاكانەی بۆ هێنامەوە كە میوانمانە و كچێكی باشە و ئەوەندە هەیە كچێكی تێكەڵاو و كۆمەڵایەتییە و كۆمەڵێك لەو پاساوانە، بەهەر جۆرێك بێت رازی كردم. ئەم حاڵەتە جارێكی تریش دووبارە بۆوە، منیش كچەكەم لە ماڵەكەم دەركرد و ئیتر ئەویش لەسەر ئەو دەركردنە كردیە هەراو هۆریایەك نەبێتەوە، رۆژانەش نامەی دڵداری و عەشقبازی بۆ مۆبایلەكەی دەهات، وایلێهات جگە لەم كچە ژنی تریشی بە دزی دەهێنایەوە، منیش كە ژنەكانم دەردەكرد، ئەو لە جیاتی ئەوەی بەڵێن بدات دووبارەی نەكاتەوە كەچی قەرزاری دەكردمەوە گوایە من بێڕێزی بەرامبەر بە میوانەكانی دەنوێنم و بەهیچ شێوەیەك دانی بە هەڵەكانی نەدەنا. تا رۆژێك لە ژووری نووستن، خۆی و ئافرەتێكی ترم بە رووتی بینی، منیش بە كڕی و بێدەنگی چوومەوە ماڵی باوكم. دایكم گوتی: كچم چیتە بۆ وا مات و مەلوول دیاری، خۆ لەگەڵ (دڵشاد) نەبۆتە ناخۆشیتان؟ منیش گوتم: نا نەخێر تەنیا بەخۆم تۆزێك بێتاقەتم، ئەویش نەدەهاتە دوام تا دوو سێ هەفتەی پێدەچوو، ئینجا دەهاتە ماڵی باوكم و دەیگوت، ئەرێ تۆ تێر دایكت نەبووی؟ منیش بەسەرخۆمدا نەدەهێنا و رازەكەم ئاشكرا نەدەكرد، ئیتر بۆ ئەوەی ژیانی هاوسەرێتیمان تێكنەچێت، ملی رێگەم بۆ ماڵەوە لەگەڵ دەگرتەبەر. بەڵام هیچ قسەیەكم لەگەڵی نەدەكرد، ئیتر ماوەیەك وازی لەم رەفتارانەی دەهێنا،بەڵام پاشان دووبارەی دەكردنەوە، زۆرم هەوڵ لەگەڵیدا كە ژیانی هاوسەرێتی و ماڵی هاوسەرێتی تاییبەتمەندێتی و رێز و حورمەتی خۆی هەیە، ناكرێ هەموو جارێك ئەو حورمەتە بشكێنێ و هەست و رێزی منیش بشكێنێ. دواجار هەمان شتم لێبینییەوە، بۆیە منیش بە یەكجارەكەی بەجێم هێشت و هەموو شتێكم بە باوكم و دایكم گوت و بڕیارمدا لێكجیابینەوە. كە (گوڵناز) قسەكانی تەواو كرد، دادوەر پوختەی قسەكانی بە یاریدەدەرەكەی خۆی گوت كە بینوسێتەوە و لە داواكەدا تۆماری بكات. دادوەر رووی پرسیاری لە (دڵشاد) كرد كە ئایا قسەكانی ئەو چییە؟ كەچی ئەو تەنیا گوتی: من نامەوێ لێكجیابینەوە. هەر هەڵەیەكم بەرامبەری كردبێت داوای بەخشینی لێدەكەم، دادوەر داواكەی دواخست بۆ كاتێكی تر و رەوانەی لای لێكۆڵەری كۆمەڵایەتی كردن بۆ ئەوەی وتەی هەردووكیان وەربگرێت و بزانێ ئەگەر بكرێ ئاشت بكرێنەوە، بەڵام پارێزەرەكەی (گوڵناز) گوتی: جەنابی دادوەر مێردی (گوڵناز) ئەو قسانەی (گوڵناز)ی رەتنەكردەوە و بەڵكو بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانی پێدانا، بۆیە داوا دەكەین بڕیاری جیابوونەوەیان دەربكات، بەڵام دادوەر هەردووكیانی رەوانەی لای توێژەری كۆمەڵایەتی كرد.
دەرەنجامی كێشەكە
لێكۆڵینەوەی توێژەری كۆمەڵایەتی لەگەڵ هەردووكیان گیەشتە ئەو ئەنجامەی كە خەتاباری سەرەكی (دڵشاد)ە، هەرچەندە بەراستەوخۆ دان بە هەڵەكانی نانێت، بەڵام سوورە لەسەر داوای لێبوردن و پێكهاتنەوەو چوونەوە ماڵی هاوسەری.
دادبینییەكان و دانیشتنەكانی دادگا درێژەیان كێشا و دوا دانیشتن دیاری كرا بۆ ئەوەی قسەی كۆتایی هەردوولا ببیسترێت. پارێزەرەكەی دووپاتی داواكانی (گوڵناز)ی كردەوە و داوای كرد كە دادگا بڕیاری لێكجیابوونەوەیان دەربكات. ئینجا دادوەر رووی دەمی لە (دڵشاد) كرد كە قسەی خۆی بكات. ئەویش گوتی: هەرچیم كردووە لێی پەشیمانم و هەرچی ژنەكەشم گوتوویەتی بە زیادەوەش راستە. من نرخی ژیانی هاوسەرێتیم نەدەزانی، هەتا ژنەكەم نەهاتە دادگا و هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆی وەرنەگرت. كە لێم توراو زیز بوو، نزیكەی (4) مانگان ماڵی هاوسەرێتی بەجێهێشت ئینجا هاتە دادگا، ئەو لەسەر هەقە و من پێم لە هەستی ئەوناوە.، ئەو قسەیەی كە زۆر كاری تێكردم ئەوە بوو كە گوڵناز پێگوتم: ئەگەر تۆ من لەگەڵ پیاوێك ببینی قبوڵ دەكەی؟ ئەو قسەیە بۆ من وەكو شۆكێك وابوو، ئێستا ئەو چی بڵێ من راوەستاوم، هەر بەڵێنێك بیەوێ هەر داوایەكی هەبێ جێبەجێی دەكەم تەنیا داوای جیابوونەوە نەكات. داوای لێدەكەم تەنیا ئەمجارە دەرفەتم پێبدات و ئاشت بێتەوە. دادوەریش سەیرێكی (گوڵناز)ی كرد و گوتی: ها كچم تۆ دەڵێی چی؟ بەڵام (گوڵناز) لەسەر بڕیاری خۆی سوور بوو، دادوەر داوای كرد كە هەموویان بچنە دەرەوە تەنیا (گوڵناز) بمێنێتەوە، ئینجا بە تەنیا قسەی لەگەڵ كرد و داوای لێكرد كە میهرەبان بێ و ئەمجارەش هێمنتر و ئاقڵانەتر بڕیار بدات و گیانی لێبوردنی هەبێ، مادام مێردەكەی بەمجۆرە لاوازییە دانی بە هەڵەكانی خۆیدا دەنێ و بەڵێن دەدات كە خۆی بگۆڕێ و هەرگیز رەفتارەكانی پێشووی دووبارە نەكاتەوە، بەهەرحاڵ پتر لە چارەگە سەعاتێك قسەی لەگەڵ (گوڵناز) كرد تا رازی كرد دەست لە داواكەی هەڵبگرێ و پێك بێنەوە و بچنەوە ماڵی هاوسەرێتی خۆیان. ئیتر بەم شێوەیە هەڵوێستی گوڵناز و بێدەنگ نەبوونی لەسەر هەڵەكانی مێردی بووە وانەیەك بۆ ئەو مێردەی كە رێزی لەماڵ و ژیانی هاوسەرێتی خۆی نەدەگرت و ناچاری كرد دەستبەرداری كارە نابەجێییەكانی بێت.
Top