كـێ دەستدرێژی كردە ســــەر پرش

كـێ دەستدرێژی كردە ســــەر  پرش
كاتژمێر سی و نیوی پاش نیوەڕۆ دەبوو، كە ئەفسەری ئێشكگر، لە ژووری خۆی دانیشتبوو، فڕی لە پیاڵە چایەكەی بەردەمی دەدا و سەیری پەڕاوەكانی دۆسییەكەی بەردەمی دەكرد، كە دۆسییەی رووداوێكی كوشتن بوو، ئەفسەری بەیانیان لێكۆڵینەوەی لەسەر كردبوو، ئەویش دەبوو لایەنەكانی تری تەواو بكات، كە دادوەر داوای كردبوو، ئەو خەریكی هەڵدانەوەی هێواشی یەكە بەیەكەی پەڕاوەكانی رێڕەوی لێكۆڵینەوە بوو. لە پڕ پۆلیسەكەی بەردەرگا، لە دەرگای ژوورەوەی دا و سەلامێكی سەربازیانەی بۆ كرد و پێی گوت، گەورەم پیاوێك و كچێك هاتوونە و دەڵێن سكاڵامان هەیە، ئەویش رێی دان بێنە ژوورەوە، كە هاتنە بەردەمی بینی، پیاوێكی مەیلە و ئەسمەری تەمەن نزیك چل ساڵە بە خۆی و كچە ناكامەكەی كەتەمەنی لە نێوان شانزە و حەڤدە ساڵی دەبوو، هاتە ژوورەوە و بە كزی و مەلوولی سڵاوێكی لەرزۆكانەی كرد و چاوەڕێی وەڵامدانەوەی سڵاوكەی بوو لە ئەفسەرەكە و و لێشی بپرسێ كە چی دەوێ و كێشەكەی چییە..ئەفسەرەكە سڵاوەكەی وەرگرتەوە و لێی پرسی كە چی دەوێ و سكاڵای چی هەیە؟ كابرا كەناوی (جەعفەر) بوو، دەنگی لەرزی و سەری لەبەری خۆی نا، وك ئەوەی بیەوێ پۆلیسەكە بچێتە دەرەوە. ئەفسەرەكە لە ئاماژەكە كابرا گەیشت و بەتیلەی چاو لە پۆلیسەكەی گەیاند كە ژوورەكە جێبهێڵێ و دەرگاكەش دابخات. ئینجا بە وردی سەیری كابرای كرد و گوێی لێگرت بزانێ چی دەڵێ، (جەعفەر)یش بەسەرهاتی خۆی بەمشێوەیە گێڕایەوە و گوتی: ئەمە كچی گەورەمە و ناوی (پرشنگ)ە، تەماشای دەستەكانی و قۆڵ و باسكی بكە، بزانە هەمووی شین و مۆر بۆتەوە، یان نە، بزانە هەمووی شوێنەواری لێدانە یان نە.. كاكی ئەفسەر، ئەوە من وام لێكردووە، ئەوە چەند رۆژە بە لێدان و ئەشكەنجەدانی شلوكوتیم كردووە و چ جێیەكیم بە ساغی نەهێشتووە، هەموویشم لەبەرئەوەیە، هەتا ناوی ئەو كەسەم پێبڵێ كە ئەو كەتنەی پێكردیە.
ئەفسەرەكە هەندێ رووداو و كێشەی وەهای دیتبوو، هەر یەكسەر زانی مەسەلەكە چییە، بەڵام بۆ ئەوەی قسەی پێ نەبڕێ و بەتەواوەتی بەسەرهاتی خۆی بە زاری خۆی بگێڕێتەوە، پاشان ئەوجا بوار خۆش دەبێ بۆ پرسیاركردن و هەڵسەنگاندنی درۆ و راستی قسەكان، لەبەر هەندێ كە (جەعفەر) جار جار لە قسە كردن رادەوەستا و چاوەڕێی دەكرد، بزانێ ئەفسەرەكە چ پرسیارانی لێناكات، یان دەموچاوی ناگوڕێ، یان لەناكاو ئادگاری دەموچاوی دەگوڕێ، هیچ خۆی تێكنەدەدا و نەپرسیاری لێدەكرد، نە سەریشی بۆ دەلەقاند، یان برۆی گرژ دەكرد، ئەوجا (جەعفەر) ناچار دەبوو، ئحمێكی دەكرد و دەستی بە قسەكردن دەكردەوە و دەیگوت: ئەوجا بەكاكی ئەفسەر بڵێم قسەكانی درێژە پێدەدا و بەردەوام بوو، ئەوە دوو سێ رۆژە ئەو كچەم لە ماڵێ بەستۆتەوە دەزانی بۆ؟ چونكە.. چت بۆ عەرزكەم كاكی ئەفسەر، لەبەر ئەوەی هەتیمەكی شەلاتی پڕی دایتێ و كردیتییە ژن و پاش ئەو كەتنەش وەكی كێخوایان وا خۆی دێنێ و دەبا بێ منەتانە خۆی بادەدا و كەسیش هەتا ئێستا نەیگرتییە. بە كچەكەم گوت باشە چۆن وایلێكردی و لە كێندەر ئەو بەزمەی كردیە، لەشەرمان قسە ناكات و ئەوەندەشم كەلێی دایە ئەوجاش هەر ئاشكرای نەكردیە و نەكردییە، پاشان بە زۆری زۆردارەكی گوتی فڵانەكەسە ئەوجا لەبەر ئەو تاوانەی كە دەرهەق بە كچەكەی كردیە و شەرەف و ئابڕووی بردیمە، داوای گرتن و مەحكمە كردنی دەكەم. دوای تەواوبوونی قسەكانی، ئەفسەرەكەش لەسەر داوای ئەوان دۆسییەی بۆ كردنەوە و گوفتاری باوكەكەی بە درێژی وەرگرت، كچەكەش گوفتارەكەی خۆی بەمشێوەیە داو گوتی: كوڕەك وایلێكردیمە ناوی (هیوا)یە، دوكانی فرۆشتنی جلوبەرگی ژنانی هەیە، رۆژێك لەگەڵ كچە مامەكەم، بە رێكەوت چووینە دوكانەكەی تا عەزییەكی درێژ بكڕم، هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەمەمان، چاوی لێداگرتم و لێوی لێ دەكروژتم، ئاخیری كە عەزییەكەی پێ فرۆشتین زۆری خاتر گرتین و نازانم كو بوو، ژمارەی مۆبایلەكەی لەسەر كاغەزێك نووسی و هاویشتییە ناو ئەو نایلۆنەی كە عەزییەكەی تێكردبوو، ئەمنیش كە چوومەوە وەكی بێ عەقڵان، چوومە سەربانی و بە مۆبایلی خۆم نوكەكەم بۆلێدا، ئەویش هەندەی نەبرد، تەلەفۆنی بۆ كردمەوە، هەتا پێی كرا قسەی خۆشی بۆ كردم، دوو هەفتان ئەوها رۆژێك نا رۆژەك نوكەیەكم بۆی لێدەدا و ئەویش تەلەفۆنی بۆ دەكردمەوە، ئەو رۆژانە زۆر قسەی خۆش خۆشی بۆ دەكردم و سەد جاران خۆی بە قوربان دەكردم و پێی دەگوتم، تۆ چاوت زۆر جوانە، بە ژن و باڵات زۆر شەنگە، من تۆم خۆشویستووە و حەز دەكەم ئەگەر رازی بی، پاش ئەوەی بە جوانی یەكتر دەناسین و هەردووكمان یەكترمان خۆش دەوێ، ئەوجا بێمە داخوازیت، بەردەوام ئەو قسانەی پێ دەگوتم و ئەوجا چەند جارێك داوای لێكردم بچمە دوكانەكەی كراس و عەزییەی جوانی هێنایە كە دەچووم دەهێنایە دەرێ و دەیویست بە دیاری بمداتێ، ئەمنیش بێ عەقڵ بووم، بڕوام پێكرد و چووم، جاری یەكەم كراسێكی جوانی دامێ و دەستی گرتم و كوشی، جارێكی ترچوومە كارتێكی موبایلی دامێ، هەر جارێكی دەچوم شتێكی بە دیاری دەدامێ، پاش دوو سێ رۆژی تر كە چوومەوە دوكانی، نیوەڕۆ بوو، مۆبایلێكی پێدام و ئەوجا بردمییە بن جلكان كاتێكم زانی بوومە ژن و بۆیە لە ترسان رەنگم زەرد هەڵگەرا و لەهۆش خۆم چووم، كە واملێهات ئەویش زۆر زۆر ترسابوو، بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دابوو بەهۆش خۆم بێنێتەوە، ئیتر زانیم چی لێكردیمە، ئەوجا لەبەر ئەوەی دایكم نەماوە، بەترس و لەرزەوە چووم بە پلكێكم كە دەكاتە خوشكی گەورەی بابم گوت، كەبەڵكو رزگارم بكات، ئەویش هات بەهەر جۆرێك بیت بەباوكمی گوت و باوكیشم دووسێ رۆژان داركاری كردم، كەكێ وایلێكردیمە، بەڵام من نەمدەوێرا باسی بكەم، چونكە دەترسام بچێ كوڕەكە بكوژێت.
دەستگیركردنی تۆمەت خراوە پاڵ
ئەفسەرەكە بەوردی و بە هەستەوە گوێی لە هەردووكیان گرت و زۆری پرسیار لێكردن و زۆری هێنان و بردن، بۆئەوەی بزانێ قسەكانیان ناگۆڕن، یان داخۆ بوختان بەو كەسە دەكەن، یا هەر شتێك كە سوودی بۆ لێكۆڵینەوەكە هەبێ. دواجار گەیشتە ئەو بڕوایەی كە دۆسییەكە وەكو گوفتارەكانیان داوە، ئامادە بكات و بینێرێتە بەردەم دادوەر، كە دۆسێییەكە گەیشتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئیشكگر، گوفتاری هەردووكیانی پەسەند كرد و هەر زوو بڕیاری دا دەمودەست كوڕەكە واتە (هیوا) دەستگیر بكرێ و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، كاتژمێرێكی نەبرد، (هیوا) لەناو دوكانەكەی خۆی لەلایەن سێ پۆلیسەوە دەستگیر كراو كەلەپچەی لەدەست كرا. ئەفسەری لێكۆڵینەوە تێیگەیاند كە بۆ گیراوە و ئەو تۆمەتەی كە خراوەتە پاڵی چییە.
كە ئەفسەرەكە قسەكانی تەواو كرد، (هیوا) سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا كە شتی وای قەت نەكردووە و ئەوە تەنیا بوختانێكە پێی كراوە، بەهەرحاڵ دوای ئەوەی چەند پرسیارێكی لێكرا، ئەویش مەسەلەكەی بەمشێوەیە باس كرد و گوتی: هەمووی سێ هەفتەیە ئەو كچە دەناسم ئەویش هاتۆتە دوكانەكەم، بۆ جل و بەرگ كڕین، هەر جارێكیش كە هاتووە كچێكی لەگەڵدا بووە، لە پێش دوكانەكەش یەك مەتریش چییە زیاتر نەهاتۆتە ژوورەوەی دوكان، دوو رۆژ پاش یەكەم سەردانی دووبارە هاتۆتەوە، ئینجا داوای ژمارەی مۆبایلی لێكردووم منیش پێمدا، یەك دووجار تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی دەگوتم، تۆم خۆش دەوێ!!، منیش دەمگوت، چ زوو منت خۆش ویست، خۆ تۆ نەدەمناسی و نە شارەزامی و نە دەشزانی داخۆ من تۆم خۆش دەوێ یان نە؟.. كەچی ئەو بەردەوام دەبوو لەسەر قسەكانی، پاشان یەك دووجاری تریش هاتەوە و هەر لە پێش دوكانەكە سەیری جلەكانی دەكرد، نە بەخۆی هاتۆتە ژوورەوە، نە منیش داوای هاتنە ژوورەوەم لێكردووە، ئەوە ئامێری مۆبایلەكەشمە، بزانن تەنانەت بۆ یەكجاریش چییە من تەلەفۆنیم بۆ كردووە، من شاهیدیشم هەیە كە نە ئەو كچە و نە هیچ كچ و ژنێكی تر نەهاتوونەتە ژوورەوەی دوكانەكەم، چونكە دوكانەكەم ئەو جێگایەی نییە شتی نابەجێی تێدا بكەی، شاهیدەكانیشم فڵان و فڵان و فڵانن كە دوكانیان بە تەنیشت دوكانمەوەیە..
پاش وەرگرتن و تۆماركردنی ئەم وتانەی (هیوا) پەراوی لێكۆڵینەوەی خرایە بەردەم دادوەر، ئەویش بڕیاریدا بە پشكنینی دوكانەكە و وەرگرتنی گوفتاری ئەو كەسانە كە بە شاهید ناوی بردوون، چوار پێنج رۆژێكی پێچوو، (هیوا)ش هەر لە گرتووخانەدا بوو، تا ئەو شتانە كران. (هیوا) هەرچی گوتبوو،راست دەرچووبوو، بۆیە داوایەكی بەرز كردەوە كە ئازاد بكرێن، بەدەستەبەری، دادوەریش ئازادی كردبوو.
دەستگیركردنی كەسێكی تر
كە (هیوا) ئازاد كرا، لە كێشەكە هاتە دەرەوە، ئەمجارە (جەعفەر)ی باوكی (پرشنگ) داوایەكی پێشكەش كرد و گوتی فڵانەكەس وای لە كچەكەم كردووە، ناوی (سیروان)ە، ئەویش بەهەمان شێوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا، بەڵام (سیروان) دانی نا كە چەند جارێك پێكەوە بوونە و ژوانیان هەبووە، بەڵام شتی وای لەگەڵدا نەكردووە. ئەوەندە دانپیانانەی (سیروان) وایكرد كە لە بەندیخانە بمێنێتەوە، هەتا تەواو بوونی لێكۆڵینەوە و رەوانەكردنی كێشەكەی بۆ دادگای تاوان. دادگاییكردنی (سیروان) چەندین دانیشتنی خایاند و گەیشتە سێ چوار مانگ، بەڵام دواجار دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بەڵگەی پێویست و تەواو لە ئارادا نییە كە بیسەلمێنێ بەراستی ئەو تاوانە (سیروان) كردوویەتی، بۆیە لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو ئازاد كرا.
(جەعفەر) سەری لەو بڕیارەی دادگا سوڕمابوو و ناڕەزایی خۆی نیشاندا و هەندێك خۆی هێناو برد، ئاخیرییەكەی هیچی پێنەما، بە سەرۆكی دادگای گوت باشە گەورەم (هیوا) نەبوو (سیروان) نەبوو، ئەی كێ وای لە كچەكەم كردووە؟ دادوەریش گوتی ئەوە لە خۆت و لە كچەكەت بپرسە.
Top