شـــوبراكـــەی بۆچــــی شۆخان
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
خوازبێنی
(شۆخان) لە هەڕەتی لاوێتی و جوانی و بەهاری تەمەنی خۆیدا بوو، كە (هەڵكەوت) دەچێتە خوازبێنی. هەڵكەوت بە رێكەوت، كە بۆ كارێكی خۆی رێی بە فەرمانگەیەك دەكەوێت چاوی بە چاوەكانی (شۆخان) دەكەوێت. هەر ئەو دیتنە بوو كە (هەڵكەوت) مەیلی دەكەوێتە سەرو دڵی بۆ دەجوڵێ. ئەوە وا دەكات بە هەر بیانوویەكەوە بێت (هەڵكەوت) چەندین جاری تریش بەو بیانووەی كە ئیشی لەو فەرمانگەیە هەیە و ناسیاوێكی خۆی لێیە سەردانی فەرمانگەكە بكات. ئیتر لە هەوڵ و سۆراغی (شۆخان) دا دەبێ بۆ ئەوەی باشتر و چاكتر بیناسێت و لێی نزێك بێتەوە. خۆ ئەگەر بە تەواوەتی بەدڵی بێ و كچەش ئەمی بەدڵ بێت و خوا بیكاتە قسمەت بچێتە خوازبێنی كچە، بۆ ئەم مەبەستە ماوەیەك پرسیاری لە خزم و برادەران كرد و توانی خوو رەوشت و ناوبانگ و ئاكاری كچە و ناوبانگی خێزانەكەی بزانێ و هەمووشی هەر بە دڵی كوڕە بوو، بێجگە لەو شتانەی كە دەیكرد واشی كرد لە كچە بگەیەنێ كە سۆراغی دەكات و مەبەستیشی لەم سۆراغ كردنە نییەتێكی پاكە. بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی كچە بزانێ، داخۆ رەتیدەكاتەوە یان دەزگیراندارە، یان رەنگە جارێ مێرد نەكات، یان لەوانەیە هەر لە بنەڕەتدا پێی رازی نەبێ، ئینجا هۆكار هەرچییەك بێت، ئیتر كچە لە هەوڵەكانی (هەڵكەوت) گەیشت و لە رێی قاسیدێكەوە هەواڵی بۆ نارد كە ئەگەر نیازی پاكە ئەوا بابێتە خوازبێنی، خۆ ئەگەر نیازی شتی دیكەشی هەیە باخۆی ماندوو نەكات و دەست هەڵبگرێت، ئەم وەڵامە بووە هاندەرێكی تر كە (هەڵكەوت) دوای ماوەیەك لە گەڕان و پرسیار كردن لەو كچە، بنێرتە خوازبێنی. ماڵی (شۆخان)یش داوای دەرفەتێكیان كرد تا لە كوڕە بپرسن و ناو وناوبانگ و خووڕەوشتی كوڕە لە ناو خەڵك بزانن، ئینجا وەڵامیان بدەنەوە، ئەوجا وەڵامەكەیان بە بەڵێ بێ یان نەخێر.
ئینجا دوای بەسەرچوونی دوو هەفتەیەك، پاش ئەوەی بەتەواوەتی لە (هەڵكەوت) یان پرسی و لە خاوخێزانەكەیان پرسی زانیان كە هەم خۆی و هەم خێزانیشی، باشن و شایانی خزمایەتین (هەڵكەوت)یش بە كاری بازرگانی و هێنانی بە كۆمەڵی كەلوپەلی كارەباییەوە خەریكە و لە هەموو روویەكەوە بێ خەوشە.
بەمجۆرە رەزامەندیان نیشان دا كە (شۆخان) ی كچیان بدەنە (هەڵكەوت). بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا ژن چوونە خوازبێنی و لەسەر هەموو شتێ قسەیان كرد و مەسەلەكەیان بڕاندەوە، ئینجا دوای دوو سێ رۆژی تر پیاو چوون و بەشێوەیەكی رەسمی داوای دەستی (شۆخان)یان كرد و ماڵی (شۆخان)یش رازی بوون. ئینجا تەدارەكی گواستنەوەش دوای مانگێك لە خوازبێنی كردن و مارەكردن رێكخراو بە ئاهەنگێكی پڕ لە خۆشی و شادییەوە (هەڵكەوت) (شۆخان)ی گواستەوە. ئیتر ژیانی هاوسەرێتییان بە خۆشی و كامەرانی دەستیپێكرد و هەڵكەوتیش رۆژ بەرۆژ خۆی باشتر پێدەگەیاند و ماندووتر دەكرد و بڕی باشتر و زیاتری بە بازرگانێتییەكەی خۆی دا و خانوویەكی مامناوەندی كڕی. دوای ماوەیەكی تر كە قازانجی پتر و زیاتر بوو لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆی كۆمپانیایەكی دانا و كارەكانی خۆی فراوانتر كرد. ئەوەبوو پاش ماوەیەكی تر خانوویەكی گەورەتر و مۆدێل تازەتریشی كڕی. پارچە زەوییەكی گەورەش هەر لە تەنیشت خانووەكەی خۆی بوو، لە خاوەنەكەی كڕی. دوای ئەوەی كە ژنەكەی منداڵی نۆبەرەی بوو. پارچە زەوییە گەورەكەی بەناوی منداڵەكەی كرد. ئینجا لە شوێنێكی تر پارچە زەوییەكی دیكەی كڕی بۆ ئەوەی خانووەیەكی تازەی لەسەر بكات، ئەو خانووەی خۆشی بە كرێ بدات. هێشتا منداڵی دووەمیان نەبوو بوو، رۆژێك بە خەیاڵی دا هات ئەو خانووەی كە تیایدان بەناوی ژنەكەی بكات و ئەو خانووەش كە بە نیازە لەسەر زەوییەكە دروستی بكات بەناوی خۆی بمێنێتەوە.
چاوچنۆكی تاقە براكەی
(هەڵكەوت) جگە لە خۆی و دوو خوشك و برایەكی تری هەبوو كە لە خۆی بچووكتر بوو، ئەو برایەی هەتا بڵێی تەماحكار و چاو برسی و مادی بوو. ناوی (تاریق) بوو. (تاریق) زۆری حەزی لە دەوڵەمەندی و خۆ زاڵكردن هەبوو. زۆری پێ سەیر بوو (هەڵكەوت) ی برا گەورەی بەو جۆرە ماڵ و موڵكی خۆی بەناوی ژنەكەی و كوڕەكەیەوە دەكات، باوكیان گەراجێكی گەورەی هەبوو، (تاریق) سەرپەرشتی دەكرد و بەڕێوەی دەبردی. باوكی دەسەڵاتێكی زۆری دابویێ لە بەڕێوەبردنیدا، زۆری هەوڵدا باوكی بەناوی ئەم بكات. چەند جارێك چووە، بن كلێشەی باوكی تا گەراجەكەی بەناو بكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوكی بەتەواوەتی رەتیكردەوە و پێیگوت، كوڕم بڕەك خۆت بەرزەوت بكە، لە چت كەمە، وا گەراجێكی گەورەم خستۆتە بەردەستت. پاش فەشەلهێنانی رازی كردنی باوكی، بیری لەوە دەكردەوە (هەڵكەوت)ی برای رازی بكات، هاوكاری بكات كە تا باوكی رازی بكەن. بەڵام كە گوێبیستی ئەوە بوو (هەڵكەوت) خانوو و پارچە زەوییەكەی بەناوی ژنەكەی و منداڵەكەیەوە كردووە، واقی وڕما، سەری هێنا و سەری برد، لەوە نەگەیشت كە بە چ پاڵنەرێكەوە ئەم كارەی كردووە. دواجار گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەگەر بە براكەی بڵێ ئەم خانوو و پارچە زەوییەی بەناوی ئەمەوە بكات، لەوانەیە پێشی خۆش بێ. زۆریشی پێ سەیر بوو كە خانووەكەی بەناوی ژنەكەیەوە كردبوو. ئێوارەیەك چووە ماڵی (هەڵكەوت) دوو بە دوو دانیشتن و بەشێوەیەكی فڕوفێڵاوی و بەشێنەیی مەسەلەكەی كردەوە و پێی گوت: برام شتێكی چاكت كردییە كە ئەو موڵكانەت كڕیە، بەڵام وەڵڵاهی هەڵەیەكی گەورەت كردیە كە بەناوی ژن و منداڵتەوە كردووە (هەڵكەوت)یش سەری لەو قسەیەی (تاریق) سوڕما و بەوشێوەیەیە لێی پرسی كە بۆچی هەڵەی كردووە؟ ئەویش گوتی: برام كێ موڵك بەناوی ژنییەوە دەكات؟! یان كێ تا ئێستا موڵكی بەناوی منداڵییەوە كردووە؟ كێ ناڵێ ئەو منداڵەت گەورە دەبێ و تۆش كە پیر دەبی هەر لەماڵ وەدەرت نانێن؟ هەندێكی تر خۆی هێناو برد، كە قسەكانی تەواو كرد، (هەڵكەوت) ویستی بە تەواوەتی لە نیازی دڵنیا بێت، بۆیە پێی گوت، ئەی باشە تۆ كێت پێ باشە بەناوییەوە بكەم. (تاریق)یش وای زانی ئامانجەكەی پێكاوە، بێ دوودڵی گوتی، هەی لەمنت نەكەوێ برام، ئەدی من نابینی، وەرە بەناوی منیان بكە و منیش وەكو بیلبیلەی چاوم دەیانپارێزم بۆت. (هەڵكەوت) لە مەسەلەكە گەیشت و تفەكی موستەحەقی لێ كرد و تا گرتی شەقەزللەیەكی خێواندە بناگوێی و پێی گوت: هەی هیچ و پووچی چاوچنۆك، خۆ جارێ من نەمردوومە، بە زیندووێتی میراتم لێدەخۆی. ئەو قسانەی پێگوت و دەریكرد، ئیدی نەیهێشت چیتر هاتووچۆیان بكات، (هەڵكەوت) كە دەچووە ماڵی باوكیشی قسەی لەگەڵ ئەو نەدەكرد.
مردنی هەڵكەوت
(هەڵكەوت) تازە ئیشێكی كۆمپانیایەكەی گرتبوو، نیوەڕۆیەك كە لەسەركار دابوون و خەریكی رووخاندنی لادیوارێكی گەورەی باڵاخانەیەك بوو، یەكێ لە ئامێرەكانی بڵندكردن دەمەكەی تێكچوو، لەم تێكچوونەدا ئەو خوڵ و خاشاك و شەڵمانانەی باری كردبوو، لەناو دەمەكەیدا بوو بەربوونەوە و پارچە شەڵمانێكی گەورە بەر سەری (هەڵكەوت)كەوت و دەمودەست كوشتی. بەمجۆرە ژنەكەی و منداڵەكەی لەپاش بەجێ دەمێنێ، دوای بەسەرچوونی تازییە و پرسە (تاریق) بەخۆی دەكەوێ و مرخی خۆی لە (شۆخان) خۆش دەكات، زۆر خۆی دەهێنێ و دەبات، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی نەرم یا روویەكی خۆش لە (شۆخان) نابینێ. بە هەر شێوازێك بێت لەباوكی دەگەیەنێ كە براژنەكەی هێشتا هەر جاحێڵە و با بۆبێگانە نەبێ و بێ سەرپەرشت نەمێنێتەوە و ئەو ئامادەیە بیخوازێت. باوكی شتەكەی زۆر پێ نابەجێ دەبێ، بەڵام بەهەر جۆرێك بێت سەرە باسێك لەگەڵ (شۆخان) دەكاتەوە، ئەویش بە توندی رەتیدەكاتەوە و بەڵێن دەدات كە نەك بەو مێرد بەهیچ پیاوێكی سەرزەمینیش ناكات، بەمجۆرە (تاریق) بەتەواوەتی لە (شۆخان) بێئومێد دەبێت، بۆیە هەوڵدەدات بە فڕوفێڵ تووشی بكات، نەخشەیەك دادەنێ و برادەرێكی نزیكی خۆی تێدەگەیەنێت كەوا مەبەستەكەی پاكە و هەموو ئامانجی ئەوەیە منداڵی براكەی نەكەوێتە بەردەست كەسێكی بێگانە و براژنەكەی نەبێتە ژنی یەكێكی تر. ئینجا وای تێدەگەیەنێ كە وا بكات هەوڵبدات پەیوەندییەك لەگەڵ (شۆخان) دروست بكات. ئەم نەخشەیە جێبەجێ دەكات، بەڵام هیچی لێ شین نابێت و سەركەوتوو نابێت. هەندێك هەوڵی دیكە بە شێوازی دیكە دەگرێتەبەر هەر سوودی نابێ. دوو سێ جاران دەچێتە ماڵی براژنەكەی، ئەویش هەموو جارێك كەتێدەگا بۆ سەردانی كردووە، دەریدەكات.
(تاریق) لەرقان بەردەوام چاودێری دەكات و دووربەدوور چاوی خۆی لەسەر دادەنێ. ئێوارەیەكیان پیاوێكی دراوسێی ماڵی (شۆخان) هاوكاری دەكات و مزەخەی ئاوی بۆ دادەنێ بۆ ئەوەی تانكیەكەیان پڕ بكات، كە (تاریق) ئەوە دەبینێ، لە دڵی خۆیدا دەڵێ ئەمە پەیوەندی لەگەڵ ئەم پیاوە هەیە، بۆیە وا دەكات، هەر ئەوشەوە بە نهێنی خۆی ئاودیوی ماڵی براژنەكەی دەكات و دەچێتە ژووری نووستنی و بەهێز و توانای خۆیەوە سەرینێك دەخاتە سەردەمی و دەیخنكێنێ و یەكسەر خۆی دەرباز دەكات. هەر بەمشەوە و هەر بەنهێنییەوە دەچێتەوە ماڵەوە و خۆی دەخزێنێتە بن جێگا. بۆ بەیانییەكەی دەبێتە هەڵڵا و هەواڵی مردنی (شۆخان) بڵاودەبێتەوە، ئاگاداری پۆلیس دەكەنەوە ئەوانیش دەست بە لێكۆڵینەوە دەكەن، بەڵام بێ ئەوەی كەسێك دەستگیر بكەن، بەمجۆرە تازییە و پرسەدادەنرێ بێ ئەوەی كەس بزانێ كە بكوژی (شۆخان) كەس نییە جگە لە (تاریق) خۆی. ئەم تاوانە دەكرێ و (تاریق)یش ئاشكرا نابێ، بەڵام دوای سەرگوم بوونی ئەم تاوانە شەو و رۆژ لە خەیاڵی (تاریق)دا دەبێ، شەوانە بەدەیان شێوە و جۆر، دووچاری خەونی ناخۆش و مۆتەكە دەبێ، وای لێدێ دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبێ و چەند جارێك لێی توند دەكات و باوك و دایكی ناچار دەبن بیبەنە لای پزیشك و چەند جارێكیش لە نەخۆشخانە دەیخەوێنن. ماوە ماوە بەری دەدات و ئاسایی دەبێتەوە پاشان دووبارە باری تەندروستی تێكدەچێ و نەخۆش دەكەوێتەوە. (تاریق) هەر جارەی كەتێكدەچوو، چاوی بە منداڵەكەی (هەڵكەوت) دەكەوێت لە هورژمی گریانی دەدا و هەتا منداڵەكەیان لە پێش چاو لانەدەدا ئاسایی نەدەبۆوە، ماوەیەكی زۆر بەم حاڵەوە دەمێنێتەوە. شەوێك دێتە خەیاڵی خۆی بكوژێ.
دواجار دەرمانێكی ژەهر دەكڕێ و شەوێك دەگاتە حاڵەتێكی كوشندەی ئازاری ویژدان، ئیتر لەسەركاغەزێك تۆبە و پەشیمان بوونەوەی خۆی لەو تاوانەی كە وەختی خۆی كردبووی و (شۆخان)ی بێ گوناهی تیایدا كوشتبوو دەنوسوێ و ئەوپەڕی پەشیمان بوونەوەی خۆی رادەگەیەنێ. لە بەرامبەر پاك بوونەوەی لەم تاوانەش بڕیاری خۆكوشتن دەدات و دەنووسێ: پاش ئەوەی نەمتوانی چیتر ئەو باری گوناه و تاوانەم لەسەر شانم بهێڵمەوە، بڕیارم دا خۆم سزا بدەم و تۆبە بكەم. ئینجا لە كاغەزەكەدا هۆی كوشتنەكە و چۆنییەتی كوشتنی (شۆخان) دەنووسێ و داوای لێبوردن لەمنداڵەكەی دەكات و كۆتایی پێدێنێت. بەیانی تا درەنگانێك دایكی چاوەڕێی دەكات بێتە دەر لە ژوورەوە، بەڵام چ دەنگوباسی نابێ. یەكێ لە كچەكانی دەنێرێ و پێی دەڵێ كچم بڕۆ بزانە (تاریق) بۆ نایەتە دەرەوە، خەریكی چییە؟ كە كچەكە دەچێتە ژوورەكەی و كەلەشی (تاریق) دەبینێ و وا لەم ناوە كەوتووە دەمی كەفێكی سپی كردووە و رەنگی مردوویانی گرتووە، دەیكاتە قیژە و لە خۆدان. بەهەر حاڵ هەواڵ دەدەنە باوكی و ئەویش دێتە سەری، تەماشا دەكات مردووە، وەختێك كاغەزەكە دەبینێ، دەیخوێنێتەوە. لەگەڵ خوێندنەوەكەی هۆن هۆن فرمێسك بە چاویدا دێتە خوارەوە و بە كوڵ دەگرێ. پاشان مەسەلەكە لە ژنەكەی دەگەیەنێ، كە چ كارەساتێك روویداوە، ئەمانیش ئاگایان لێی نەبووە. بەمجۆرە دوای ساڵانێك ئینجا چۆنییەتی مردنی (شۆخان) ئاشكرا دەبێت و دەشزاندرێ هۆی مردنەكەی چی بووە. باوكی بە چاوی گریانەوە هەر ئەوەندە دەڵێ، وەرن هەڵیگرن حاڵی من و ئەویش زۆر پەرێشانە، ماڵی دنیا كەس ناناسێ و تەماحی مرۆڤ شتێكی زۆر پیسە، مرۆڤ ویژدان و چاوی كوێر دەبێ، ئەگەر بكەوێتە ژێر ركێفی تەماحەوە.