چـــۆن دەلال ڕفێندرا؟
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
(دەلال) كچێكی تەمەن (20) ساڵانی رشەئەسمەری باڵابەرز بوو، زۆر بەپەشۆكاویم چاو فرمێسكەوە و گوێم لێ بوو دەیگوت: نەخێر نامەوێ كەس ببینم و كەس بێتە لام بەتایبەتی دایك و باوكم، چونكە ئەوان بوونە هۆكاری ئەوەی من وام بەسەر بێت و بێمە ئەم شوێنە، زۆربە غەمباری و داماوی چوو لە سوچێكی ژوورەكەدا دانیشت دوای كەمێك بێدەنگی دیاربوو خەیاڵی دوور رۆیشتبوو، بەرەو سەردەمی منداڵییەتی و یادی شەڕ و یاری منداڵانەی دەكرد ئەو تەنیا بە جەستە لەوێ بوو، بەڵام بە بیروخەیاڵی گەڕابۆوە تەمەنی منداڵییەتی، حەزم كرد لێی نزیك ببمەوە و تا راستی بەسەرهاتەكەیم بۆ باس بكات، كە سڵاوم لێكرد گوێی لە دەنگم نەبوو، بۆیە دووبارەم كردەوە و زۆر بەبێ تاقەتی سەلامەكەی وەرگرتمەوە كە خۆم پێی ناساند و داوام لێكرد و باسی بەسەرهاتی خوێیم بۆ بگێڕێتەوە سەرەتا ئامادە نەبوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چەند بەڵێنێك لێم ئەوكات ئامادەیی خۆی دەربڕی كە باسەكەم بۆ بگێرێتەوە، (دەلال) بەچاوێكی پڕ فرمێسك گوزارشتی لەبەسەر هاتی خۆی كرد: گوتی: ناوم (دەلال)ە و نیشتەجێی یەكێك لە گوندەكانی دەوروبەرن شاری (....) و لە خێزانێكی هەژارو كەمدەرامەت پەروەردە بوومە، خێزانەكەم لە چوار كچ و چوار كوڕ لەگەڵ دایك و باوكم پێكهاتووە، كە هەردەم جیاوازی زۆریان لە نێوان كچەكان و كوڕەكان دەكرد، من دووەم كچی خێزانەكەمم، ئەو پەروەردەیی كە ئێمەی تیا گەورە بووە پەروەردەیەكی سەقەتی بێ مانا بوو، هەربۆیەش من گەیشتمە ئەو رۆژە كە هەتا ماوم برینەكانم سارێژ نابێت و لە دۆزەخێكی هەمیشەیی دەژیم، دوای هەڵكێشانی هەناسەیەكی پڕ خەم، دووبارە گوتی: بەداخەوە دایك و باوك دەبێ بەرپرسیاریەتی منداڵەكانیان بخەنە ئەستۆ چونكە ئەوان بەرپرسیارن لە هەر هەڵەیەكی كە ئەو منداڵە دەیكات، بەڵام بەداخەوە دایك و باوكی من بەرامبەر ئێمە هیچ كات هەستیان بەو بەرپرسیارییەتیە نەدەكرد، لەبیرمە كە منداڵ بووم رۆژانە و لەسەرهەڵەیەكی زۆر بچوك لێیان دەدام و راویان دەنام و منیش رام دەكردە دەرێ و هەندێ رۆژ هەبوو بەبێ نانخواردن كە بە دزی دەگەڕامەوە ماڵ، بە چاوی پڕ فرمێسك لەسەر جێگاكەم خەوم لێ دەكەوت، دایك و باوكی من ئەمجۆرە دایك و باوكە نەبوون بە قسەی خۆش و بە ئامۆژگاری لە گەڵماندا بدوێن، تا هەڵەی پێشوو دووبارە نەكەینەوە، بۆیە بۆ بەیانی هەمان هەڵەی پێشوومان دەكردەوە و هەمان بەزمی ئەوانیش دەستی پێ دەكردەوە، ئێمە نەمان دەزانی خۆبە چی خەریك بكەین، یەك دوو كاتژمێر لە یاری ناو منداڵ و دوای ئەوەی لە لەوەڕاندنی مەڕ و بزن دەگەڕاینەوە كەوا ماستی بەیانیانی پێ دەداین، چونكە لە گوندەكەی ئێمە قوتابخانە نەبوو ئەوە چەند ساڵێكە قوتابخانەیان لێ دروست كردووە، بۆ ئەوەی بچینە قوتابخانە و فێری خوێندەواری بین بەڵام بەم دواییە كەمێك خوێندەواریمان لە منداڵە قوتابییەكان وەرگرت، بووینە نیمچە خوێندەوارێك، تا گەیشتمە تەمەنی (18-20) ساڵان دایك و باوكم هەر هەڵسوكەوتی منداڵیان لەگەڵ دەكردم و لە بچووكترین هەڵە گوێم لە قسەی ناخۆشی ئەوان دەبووەوە، بۆیە بڕیارمدا ئەمجارە ماڵ جێبهێڵم و بچمە ماڵی خوشكم لە گوندی (....) لە گوندەكەی خۆمان دەرچووم، چوومە سەر رێگا و و ئۆتۆمبیلێك بێت داوای لێ بكەم بمگەیەنێتە ئەم گوندەم دوای كەمێك ئۆتۆمبێلێكی ژمارەی نینوی لە تەنیشتم راوەستاو دوو كەسی تێدا بوو پیان گوتم بۆ كوێ دەڕۆێت بتگەیەنین؟ گوتم: دەچمە گوندی (....) گوتیان باشە سەركەوە لەسەر رێگاو منیش لەگەڵیان سەركەوتم، بەڵام دوای كەمێك لە رێگای قیڕلایاندا و كەوتنە رێگای خۆڵ منیش یەكڕاست دەستم بە هاوار كرد و گوتم: بۆ كوێم دەبەن، گوتیان: دەمەت داخە و قسە مەكە ئەگینا ئێستا لێرە دەتكوژین، رۆیشتین تاو گەیشتینە شاری موسڵ لەوێ منیان بردە خانوویەك كەسی تیادا نەبوو دەرگایان لەسەرم داخست و بۆ دوای نیوەڕۆ یەكێكیان گەڕاوە لام، هەوڵیدا خۆم لێ نزیك بكاتەوە، بەڵام من خۆم نەدەدا دەست ئەو هەوڵی چەند جارە كردەوە ئەمجارەیان بەهۆی لێدان و توندوتیژی دەستدرێژی سێكسی كردە سەرم، ئەم كارەش بە جارێك و دووجار كۆتایی نەهات، بەڵكو چەندین جار دووبارە بۆوە، چەند رۆژ بەمجۆرە مامەوە دەبوایە رۆژانە خواردنیان بۆ ئامادە بكەم، رۆژێك هەوڵی راكردنم دا، بەڵام زانیان و منیان گرتەوە و زۆریان لێدام، رۆژێك مریشكێكیان هێنا و گوتیان بۆمانی ئامادە كە، منیش خۆم بە مریشكەكە خەریك كرد و بیرم لە دەرباز بوون و خۆ رزگاركردن كردووە كە هەردووكیان چوونە ژوورەوە، منیش دەرگام لەسەریان داخست و رامكردە درەوە، خۆم گەیاندە سەرشەقام و دەستم لە ئۆتۆمبیلێك بەرز كرد و رای گرت، گوتم دەكرێ هەتا كۆمەڵگای (....) بمگەیەنێ گوتی: سەركەوە منی بردە نزیك بازگەی ئەم كۆمەڵگایە و گوتی: دەكرێ ئێستا دابەزی ئەوە بازگەی ئەم كۆمەڵگایەیە، منیش دابەزیم و چوومە لایان وباسی بەسەرهاتی خۆم بۆكردن، هەر لەوێ داوای ژمارەی مۆبابلی باوكمیان كرد، بەڵام نەمدەزانی چونكە حەزم لە گەڕانەوە بۆ دۆزەخی ماڵ نەبوو، ئێستاش وا دەمبینی لێرە گیرساومەتەوە و خەڵكەكە منیان رەوانەی ئەو سەنتەرە كرد و ئێستاش لە ژێر پارێزگاری ئەواندام.