خوێنی بەیار لە ئەســـتۆی كێدای®
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
ئەوەی كە سەرنجی راكێشام ئەو كچە بوو لەنێو قوتابییەكان كە سەرتاپای جلەكانی رەش بوو، ماوە ماوە بیر و خەیاڵی دوور دەڕۆیشت و یەكێك لە دەستە خوشكە قوتابییەكانی بە ئاگایان دەهێنایەوە، دووبارە دەیان هێنایەوە نێو كۆڕی گفتوكۆكان، زانیم رۆیشتنی بیر و خەیاڵی ئەم كچە نهێنییەكی شاراوەی لە پشت حەشار دراوە، بۆیە حەزم كرد لە نزیكەوە ئەم نهێنییە شاراوە بزانم ئەوە بوو ژمارە مۆبایلەكەم لە یەكێك لە هاوڕێكانی وەرگرتوو هەمان رۆژ پەیوەندیم پێوە كرد، سەرەتا حەزی نەكرد لەخۆی زیاتر كەس بەم نهێنییە بزانێت، بەڵام كاتێ هاتینە سەر قسەكردن لەبارەی كێشە و گرفتەكانی نێو كۆمەڵگا كە دەرەنجام دەبێتە هۆی روودانی چەندین كارەساتی گەورە و دڵتەزێن، بەمجۆرە قەناعەتم پێیكرد بەسەرهاتەكەی خۆیم بۆ بگێڕێتەوە.
سەرەتای چیرۆكی خۆشەویستی
ئەو كچە گوتی: كاتێ رووبەڕووی داواكاری (بەیار) بوومەوە قوتابی شەشی ئامادەیی بووم، بەڵام رەوشت و هەڵسوكەوتی وای لێكردم داواكەی رەت نەكەمەوە، چونكە كاتێ قسەم لەگەڵدا كرد زانیم لە روخسار و هەڵسوكەوت و ناوەڕۆكیشدا شایستەی ئەوە نەبوو رەفزی بكەمەوە، لێرەوە خۆشەویستی نێوانمان دەستی پێكرد، بەڵام بەهۆی سەرقاڵیم بە خوێندنەوە كەم پەیوەندیم پێوە دەكرد و، هەوڵم دەدا پەیوەندییەكەمان كاریگەری نەكاتە سەر خوێندنم، چونكە ئومێدی گەورەم بە ژیان هەبوو، چاوەڕوانی دوارۆژێكی گەشم لە خۆم دەكرد، نزیكەی سێ چوار مانگ بەسەر ئەم پەیوەندییەمان تێپەڕی، بەڵام بەمجۆرە دیدار و قسەكردنمان نەكردبوو، هەرچەندە ئەو داوای لێدەكردم كە بەردەوام بمبینێ، بەڵام من بڕیارم دابوو تا تاقیكردنەوەكانم ئەنجام نەدەم، قسە لەسەر هیچ شتێك نەكەین، ئەوە بوو دوا رۆژی تاقیكردنەوەكان بوو دیدارێكمان سازدا و یەكترمان بینی، پەیوەندییەكەمان رۆژ لە دوای رۆژ پتەو و قووڵتر دەبوو، (بەیار) كەسێك بوو خاوەن پەیامێكی جوان لە ئاوێنەی ژیانی ئەودا خەونەكانی خۆم بەدی دەكرد هەستم دەكرد لەگەڵ ئەودا دوارۆژێكی گەشم دەبێت و دەتوانم بگەمە هەموو ئاواتەكانم، تا ئەنجامی تاقیكردنەوە دەرچوو چەندین دیدار و چاوپێكەوتنمان سازدا، ئەوە بوو ناوم لە كۆلیژی (...) دەرچوو، بەڵام پاشان كوت و پڕ پەیوەندییەكەمان كز بوو، ماوەیەك بەمجۆرە ماینەوە رۆژێك لە رێگەی مۆبایلەوە پەیوەندی پێوەكردم و پێی گوتم: مەسەلەكەی لای دایك و باوكی كردۆتەوە بەڵام ئەوان ئامادە نین بێن بۆ ماڵی ئێمە بۆ خوازبێنی چونكە كچێكی ناسیاوی خۆیان پێش دوو ساڵ لەمەوبەر بۆم داخواز كردووەو دەڵێن دەبێ هەر ئەو بهێنی، ئەویش زۆر دڵگران بوو بەو كچە و تەنانەت لەكاتی قسەكردندا دەگریا و قسەی بەباشی بۆ نەدەكرا، پەیڤەكانی پڕ بوون لە راستی و خۆشەویستی، من لە بەرامبەردا پێم گوت، ماڵئاوا هیچ وەڵامێكم بۆت نییە، بەڵام هەرگیز لێت نابورم لە راستیدا لە ناخی دڵمەوە لێی بورابووم و لە چاوەكانی خۆم زیاتر خۆشم دەویست، بەڵام بەداخەوە نازانم تاكەی ئەمجۆرە دیاردانە لەنێو كۆمەڵگای ئێمە كۆتاییان نایەت، بۆ دەبێ دایك و باوك چارەنووسی منداڵەكانیان دیاری بكەن بۆ نابێ ئەوان بەخۆشی و ئارەزووی خۆیان دەستنیشانی ئەم چارەنووسە بكەن، بۆ دەبێ لە ژێر فشار و هەڕەشەوە ناچاریان بكەن مل بۆ داواكانیان كەچ بكەن؟ بەهەرحاڵ دوای ئەوەی كە ماڵئاواییم لێكرد، ئەو پێی گوتم ئازیزەكەم ئەگەر تۆ ماڵئاوابوون لە من دەكەی بەڵام من دەمێكە بڕیارمدا ماڵئاوایی لە ژیاندا بكەم، لێرەوە هەر دووكمان كۆتاییمان بە قسەكانمان هێنا بەڵام من بە راستیم نەبوو لەناخەوە دەسووتام، وامزانی ئەمیش وەكو جاران تەنیا لە بەرمن وا دەڵێت دوای كەمێكی تر وەكو جاران پەیوەندیم پێوە دەكاتەوە، ئەم قسانەمان دەمەو بەیانی بوو، بەڵام كات گەیشتە چوار و پێنجی ئێوارەش هەر پەیوەندی نەكرد، بەراستی نەمتوانی چیتر خۆم پێ رانەگیرا قسەی لەگەڵدا نەكەم وامدەزانی روح لە جەستەمدا نییە و شتێكی بە نرخم ونكردووە و جەستەیەكی بێ هەست و گیانم، ئەوكات زانیم دنیا هیچ تام و مانایەكی بێ ئەو نییە، بۆیە زەنگم بۆ لێدا بەڵام هیچ وەڵام نەبوو، بۆ جاری دووەمیش وەڵام نەبوو، كات بووە دوانزەی شەو هیچ هەواڵێكم دەربارەی نەزانی، نازانم شەوم چۆن بەڕێ كرد و بەیانی زوو بەرەو شوێنی كارەكەی كەوتمە رێ، هەواڵیم پرسی بەڵام دیاربوو ئەوانیش هیچیان دەربارەی نەدەزانی، چونكە تازە ماوەیەكی زۆر كەمبوو لەم شوێنە دامەزرابوو، ئەوەندە تێكەڵ نەبوو لەگەڵ فەرمانبەرەكان، بۆیە ئەو رۆژە زۆر بێ تاقەت بووم نەمتوانی بچمە كۆلیژیش، پەیوەندیم بە یەكێك لە هاوڕێكانم كرد و پێم گوت مۆڵەتم بۆ وەربگرێ، رۆژی دوایش هەر بەمجۆرە مامەوە و هیچ هەواڵێكم دەربارەی ئەو بەدەست نەكەوت، لە چركەیەكدا دە جار پەیوەندیم دەكرد تا لە پەیوەندییەكیاندا گوێم لە دەنگی كەسێك بوو پێی گوتم فەرموو، گوتم: توخوا ئەگەر زەحمەت نەبێ دەمەوێ قسە لەگەڵ (بەیار) بكەم، تكایە بەڵام ئەو پێی گوتم ببورە ناتوانێ قسە بكات، باری تەندروستی باش نییە و لە ژێر چاودێری دكتۆردایە، خەریك بوو ببورێمەوە گوتم، كەسێكم كوشت گیانێكم كوشت خۆشەویستێكم لە دەست چوو، تاسام و گیانم كەوتە لەرزین، وامزانی تاوانێكم كردووە، بەخۆم گوت من هۆكاری كوشتنی (بەیار) بووم، بەڵام ئەو پێی گوتم نەخێر تۆ تاوانبار نیت بەڵكو تاوانبار دایك و باوكین، حەزم كرد راستی شتەكە بزانم، ئەو كابرایە گوتی: چەند رۆژێك لە مەوبەر دایك و باوكی و خزمەكانی لە ژێر فشار و هەڕەشەدا (بەیار)یان بردووە بۆ ماڵی ئەو كچە و ئەو كچەیان بە زۆر لێ مارەكردووە و ئەوە چەند رۆژە لەم ماڵە بەس شەڕ و ناخۆشییە و (بەیار) بەهچ جۆرێ بەم كچە رازی نەبووە، هەر لە رقی ئەوانیش بڕیاری مەرگی بەسەر خۆی سەپاند، ئێمە لەو قسانە دابووین كاتێك دەنگی گریان و هاوار هاواری كەس و كاریم لە نێو موبایلەكە گوێ لێ بوو، بۆیە موبایلەكەی داخراو زانیم كە (بەیار) گیانی سپاردووە و ماڵئاوایی لە ژیان كردووە، ئەو كات هەر بەم ناوەختە و بە پەلە خۆم گەیاندە نەخۆشخانە كە گەیشتم تازە جەنازەكەیان دەردەهێنا بۆ ئەوەی بیبەن بۆ دادی پزیشكی، هاوار و گریان و رۆڕۆی دایك و خوشكەكانی ئەم ناوەی پڕ كردبوو، منیش خۆم بە كەسێكی زۆر بێ دەسەڵات و لاواز دەهاتە بەرچاو كە بەرامبەر ئەو كارەساتە هیچم پێ نەدەكرا، بۆیە بە چاوی پڕ فرمێسك و دڵێكی پڕ لەخەم گەڕامەوە ماڵەوە و لەو رۆژەوە بڕیارمداوە چۆن (بەیار) ئەم دنیایەی نەبینی منیش وەكو ئەو بە جلی رەش و چاویلكەی رەشەوە سەیری ژیان و دونیا بكەم.