بۆچی مێردەكەی رەتـــكردەوە؟

بۆچی مێردەكەی رەتـــكردەوە؟
? گوتم: هۆشمەند ئەوە بزانێ سەد سوێند و قورئان دەخوا دەڵێ ئەو سكەت هی من نییە، بۆیە داوام لە دایكم كرد منداڵەكە لەبەرخۆم بچوێنم
سەرچاوەی گرفتەكە
(هۆشمەند) دوای چەند ساڵێك لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتییەكەی، تۆزێك خەمی سەر دڵی كەم بۆوە كاتێك (ڤیان)ی هاوسەری سكی پڕ بوو، دوای نۆ مانگ چاوەڕوانی بۆ چەشتنی حەزی لەدایكبوونی منداڵێك، پاش ئەوەی (ڤیان)ی هاوسەری لە نەخۆشخانە و بە زەحمەتییەكی زۆرەوە نۆبەرەكەی بوو و (هۆشمەند) بووە خاوەن منداڵ و بووە باوك.
پێش ئەوەی ئەم منداڵەیان بێت (هۆشمەند) سەرەتا وەك (ڤیان) بۆ خۆی دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: هۆشمەند و من بە خۆشەویستی ژیانی هاوسەرێتیمان پێكهێنا، هەرچەندە هۆشمەند منی خۆشدەویست، بەڵام بەراستی زۆر جاریش دواكەوتووانە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكردم بەتایبەتی كە زۆر حەزی لە منداڵ بوو، منیش منداڵم نەدەبوو، هەرچەندە چارەسەری و دەرمانیشم وەردەگرت، بەڵام دوای چەند ساڵێك چارەسەر و سەردانی پزیشكان ئینجا سكم پڕبوو، منداڵێكمان بوو، بەڵام حەزی منداڵ حەزێكی گەورە و بەهێزە لای پیاو بە تایبەتی ئەگەر كەس و كاریش بەردەوام ئەو قەوانە لێبدەنەوە كە دەڵێن ئەوە بۆ منداڵتان نابێ و نازانم چی.. كە منداڵیشت دەبێ ئەگەر كچ بوو داوای كوڕ دەكەن، ئەگەر كوڕ بوو، داوای هی دیكە دەكەن. خۆ ئەگەر چەند كوڕێكت بێت دەڵێن دەی با كچێكیشت ببێ، راستییەكەی ئەمە بۆخۆی كێشەیەكە، كە شووم كرد سەرەتا منداڵ نەبوون كێشەمان نەبوو، بەڵام كەساڵێك و دوانی بەسەرداچوو، ئیدی كەسوكار بەتایبەتی (دش و خەسوو) دەكەونە خۆ و خۆ لە ژیان هەڵدەقورتێنن، هەروەك خۆیان لە ژیانی من هەڵدەقورتاند و بێ تامیان كردبوو، من و هۆشمەند لەبەر خۆهەڵقورتاندنی ئەوان دەبووە ناخۆشی و كێشەمان و جاری وا هەبوو بە هەفتە قسەمان لەگەڵ یەك نەدەكرد و وازمان لە یەك نەدەهێنا، هەرچەندە لەیەك ماڵیش دەژیاین و ژن و مێردیش بووین، بەڵام كە دەهاتەوە من نانم بۆی دادەنا، ئەویش نانی خۆی دەخوارد بێ ئەوەی یەك وشەش بدركێنێ، تا ئەو كاتەی تێگەیشت كە ئەگەر لەسەر ئەو خۆتێهەڵقورتاندنەی كەسوكاری لە ماڵەوە بیكاتە گرفت و لەسەر ئەوان بكاتەوە كەس منەتی پێ نییە و تەنهاش بەخۆمان زیان دەكەین. ئیتر پاش گفتوگۆی من لەگەڵی و پاش چەندین جارێ تۆران و لێ لالوتی بوونم وازی لەو هەڵسوكەوتانەی هێنا، ئەوەبوو كە سكیشم پڕ بوو بە تەواوەتی بەرەو باشی گۆڕا، بەتایبەتیش كە نۆبەرەكەم كوڕ بوو، ئینجا دوای ئەوەی كوڕەكەم بوو دوو سێ ساڵان، دیسان بەیت و بالۆرەكەی جاران دەستی پێكردەوە و كەسوكاری دیسان خۆیان تێهەڵقورتاندەوە، منیش ناچار بووم دووبارە سەردانی پزیشكەكان بكەمەوە، بەڵكو منداڵێكی تریشمان بێت.
سكپڕییەكەی دیكە، بەڵام
(ڤیان) بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی كێشەكەی دەڵێ: پزیشكەكان دەیانگوت چارەت هەیە و دەتوانی منداڵێكی ترت ببێت، بەڵام سەبری دەوێ و كاتی پێویستە و دەشبێ دەرمان و چارەسەرییەكانت بەباشی و بەردەوامی و رێكی بخۆی و بەردەوام لە ژێر چاودێری دابیت، بەڵام بەلای (هۆشمەند)ەوە چاوەڕوانییەكە زۆر و درێژ بوو، ناكۆكییەكانی نێوانمان دیسان سەریهەڵدایەوە و نێوانمان دیسان تێكچووەوە، ئەمجارەیان یەك دوو جار بووە كێشە و شەڕمان و بە ناچاری تۆرام و ماڵم بەجێهێشت، ماڵی خەسووم هەمیشە بە (هۆشمەند)یان دەگوت: ژنێكی تر بێنە ئەم ژنەت نیمچە نەزۆكە وەكو دارێكی بێ بەر وایە. بەردەوام هانیان دەدا و وەكو دەڵێن پڕیان دەكرد، من ئیدی چوومەوە ماڵی باوكم و لەوێ مامەوە، ئەویش بە تەنیا لە ماڵ مایەوە و ماڵی خەسووم منداڵەكەیان بەخێو دەكرد، چونكە (هۆشمەند) بە رۆژ خەریكی كاری خۆی بوو، نەیدەتوانی منداڵەكە بەخێو بكات، من ئەوەم لە ماڵی باوكم دوو سێ مانگی كێشا و زیز بوون و تۆرانەكەم هەم بۆ من و هەمیش بۆ ئەو ناخۆش بوو. كێشەی هەرە سەرەكیم لە رووی تەندروستییەوە ئەمە بوو سووڕی مانگانەم ناڕێك و پچڕ پچڕ و ناتەواو بوو، جاری وا هەبوو بە دوو سێ مانگانان سوڕی مانگانەم نەدەدیت، جاری واش هەبوو لەمانگێك دا دوو جار سوڕی مانگانەم دەدیت، ئەو ماوەیەش كە لە ماڵی باوكم بووم، سوڕی مانگانەم بڕابوو، نزیكەی سێ مانگ و نیو بوو تۆرابووم، بەیانییەك هەستم كرد شتێك لەناو سكم دەجوڵێ، پێشتر یەك دوو بەیانی هەستم بە هێڵنج هاتن و دڵ تێكهەڵاتن كردبوو تەنیا دوو جاریش بە سووكی رشانەوەم هاتبوو، بەڵام چونكە بۆخۆم لە بنەڕەتدا سوڕی مانگانەشم تەواو نەبوو، بۆیە قەت خەیاڵم بۆ ئەوە نەدەچوو سكم هەبێ و دووبارە دوو گیان ببمەوە، بەڵام كە هەستم بە جوڵەی ناو سكم كرد لەگەڵ دایكم چوومە لای پزیشك، دوای خۆنیشاندان و پشكنین پزیشكەكە گوتی: سكت هەیە و سێ مانگ و نیویشە، گوتم باشە (هۆشمەند) ئەوە بزانێ هەزار سوێند و قورئان دەخواو دەڵێ: ئەو سكەت هی من نییە، بۆیە بە دایكم گوت: منداڵەكەم دەچوێنم،ئەمەشمان بە پزیشكەكە گوت بەڵام گوتی: ناتوانی چونكە سكەكەت گەورەیە و لەوانەیە تووشی مەترسی جیدیت بكات و خۆشت و منداڵەكەشت لەناو بچن، بۆیە وا باشە بیر لە لەبارچواندن نەكەیتەوە، منیش زۆر دوو دڵ و خەمبار ببووم، بەدایكم گوت: باشە دایە ئێستا بە هۆشمەند بڵێم سكم هەیە دوای ئەو یەك دوو ساڵە بەردەوام دەرمان خواردن و چارەسەر وەرگرتن، ناڵێ ئەو سكەت لە كێ بوو؟ دایكیشم گوتی: كچم لە خۆڕایی خۆت نیگەران و دڵەراوكە كردووە، منداڵ منداڵی مێردەكەتە لەماڵی باوكی خۆت بوویتە، بۆیە دەبێ گومانت لێ بكا كە خۆت لە گوڵ پاكتری و چاكیش خۆت دەناسی، ئەو دڵە راوكێیەت لە چییە؟
و اباشە بێتە ئێرە و پێی بڵێین، ئەگەر بەراستیش گومانی لێكردیت، چاوەڕێ كە با منداڵەكەت ببێ ئەوسا با خوێنی منداڵەكە بپشكنن، ئەگەر راست دەرنەچوو ئەوسا هەقی خۆیەتی هەر شتێك بڵێ. ئێمە پێش ئەوەی مەسەلەی سكپڕییەكەم بزانم خەریك بوو بە هاوكاری و ناوبژیوانی كەسوكاری هەردوولا ئاشت ببینەوە، بەراستیش ئاشت بووینەوە، جا بەو بۆنەیەوە هاتە ماڵی باوكم و من لە پێش باوكم و دایكم پێم گوت كە سكم هەیە. كەچی ئەو زۆری بەلاوە سەیر بوو، بەوپەڕی گومانەوە گوتی: ئەم سكەت لەكێ بوو؟ گوتم: لەتۆم بوو، قابیلە لە كەسێكی تر بووبێ، بووە گفتوگۆ و مشتومڕ، هی من و هی من نییە، پێم گوت: سكەكەم سێ مانگ و نیوە و منیش رێك ئەوە سێ مانگ و نیو دەبێ لێرەم، ئەوەش راچیتەی پزیشك، بەڵام ئەو قەناعەتی پێ نەهات، گوتمان سبەی ئێوارە وەرە دەچینە لای ئەو پزیشكەی كە پشكنینی بۆ كردووین، ئەوە بوو ئێوارەكە چووین و پزیشكەكە مەسەلەكەی وەكو خۆی باس كرد و تێیگەیاند، كەچی ئەو هەر بڕوای نەدەكرد، ئەمجارە پزیشكەكە گوتی: تۆ بۆ ئەوەی دڵنیابی لەوەی كە ئەم سكە منداڵی تۆیە، باشتر وایە چاوەڕێ بكەی تا ژنەكەت سكەكەی دادەنێ، ئەوسا كە منداڵەكە بوو دەتوانین پشكنینی بۆ بكەین و ئەنجامەكەی بە دیار دەكەوێ. بەهەر حاڵ بۆ ئەوەی هیچ گومانێكی نەمێنێ گوتم: رازیم بەم مەرجە، بەڵام لەماڵی باوكم دەمێنمەوە تا منداڵەكەم دەبێ، ئەویش رازی بوو، مانگ هات و مانگ رۆیی كاتی منداڵبوونم هات و لە نەخۆشخانە منداڵەكەم بوو، دوای هەفتەیەك بردمان بۆ پشكنین، نموونەی خوێنیان لێوەرگرت بۆ ئەوەی رەچەڵەكی دیاری بكرێ و لەگەڵ هی باوكی بەراورد بكرێ، بۆیە هەندێ پشكنینی بۆ كرا، ئەوە بوو دەركەوت لەگەڵ هی باوكی واتە لەگەڵ (هۆشمەند) یەكن و بۆی روون بۆوە كە منداڵەكە هی ئەوە، ئیتر ئاسوودەبوو. ئینجا بە زمانێكی نەرم و لووسەوە داوای لێكردم لەگەڵی بچمەوە ماڵ. منیش كە ئەو هەموو بێ بڕوای و بێ متمانەییم لێیدیت، ئەوەندە ئازاری پێچەشتم و ئەوەندە سوێند و قورئانم بۆی خوارد لەگەڵی چوومە لای پزیشك. بەڵام هەر بێ سوود بوو، بڕوای پێنەدەكردم، بۆیە منیش وەك رەتدانەوە گوتم، تازە قەت لەگەڵت ناژیم، ناتوانم لەگەڵ پیاوێك بم كە متمانەم پێنەكات و بە سوێند و قورئانی دونیا پێم باوەڕ نەكات، بەخوا دەبێ تەڵاقم بدەی، ئەوەبوو پاش دوو سێ مانگ ناكۆكی ئاخیرییەكەی تەڵاقی خۆم لێوەرگرت.
Top