ســـەرگوڵ..
قوربانییەكی هەڵــ 

ســـەرگوڵ..<br />
قوربانییەكی هەڵــ 
پۆلی شەشەمی ئامادەیی قۆناخێكی هەستیاری ژیانی قوتابییانە، چونكە لەوێوە چارەنووسی زانست و بڕوانامەیان رەنگ رێژدەكرێ، ئەركی دایك و باوك و تەواوی ئەندامانی خێزانە بە میهرەبانییەوە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی قوتابییەكانیان لەو قۆناخە بكەن و هەرگیز بەهۆی دەرنەچوونیان لەوانەكان یان هێنانی نمرەی نزم سەرزەنشتیان نەكەن، و چانس و فرسەتی دیكەیان بۆ بڕەخسێنن، هاوكات پێویستە قوتابیانیش بە دانایی و دوور لە هەڵچوون تەقەبوولی دەرەنجامی تاقیكردنەوەكان بكەن و ئەوەی (سەرگوڵ) كردی بیری لێنەكەنەوە.
نیوەڕۆی كارەساتێكی دڵتەزێن
رۆژێك پێش كارەساتەكە(سەرگوڵ) لەگەڵ(ژیلە)ی دەستەخوشكی لەبەر هەیوانەكەی ماڵی ژیلە بەیەكەوە دانیشتبوون و بە نیگەرانییەوە لە چاوەڕوانییەكانی سبیەینێیان دەدوان، (ژیلە) بە سەرگوڵی گوت: دەزانی تۆزێك لەوانەی ئینگلیزی دەترسم، ئەگینا لە هەموو بابەتەكانی تر زۆر باشم وەڵام داوەتەوە، ترسەكەشم ئەوە نییە بكەوم، بەڵام ئەوەیە ئەو نمرەیە نەهێنم كە خۆم دەمهەوێ، من ئەوەم خۆشە ئەگەر بشكەوم لە لێكۆڵینەوە و سزادانی ماڵەوە ناترسم، چونكە باوكم نەلێمدەدا نە دەشمشكێنێتەوە.
بەپێچەوانەوە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی خۆی و دایكم، ئینجا دڵنیام لەگەڵم دادەنیشێ و لە هۆی كەوتنەكەم دەكۆڵێتەوە، ئەوجا بەشەكەی تری كەوتنەكەم دەخاتە، ملی خۆم..(ژیلە) كچێكی تەمەن هەژدە ساڵی جوان و نەشمیلە، هاوڕێی گیانی بە گیانی(سەرگوڵ) بووە، بەر لە مردنی (سەرگوڵ) بە كاتژمێرێك پێكەوە بوونە، ئاگاداری بارودۆخی دەروونی هاوڕێ كچەكەی بووە، بۆیە ئەو لە هەر كەسێكی تر لەسەرگوڵ نزیكتر و ئاشناتر بووە، لەبەر ئەوە گێڕانەوەی پەیوەندی خۆی و سەرگوڵ، رۆشنایی خستنە سەر ساتەكانی بەر لە مردنی سەرگوڵ، باشتر و راستتر و وردتر دیاردەخات و هۆیەكانی مردنی كچێكی نۆزدە ساڵیمان بۆ روون دەكاتەوە.
با(ژیلە) بەخۆی بەسەر هاتی خۆكوشتنی نزیكترین هاوڕێمان بۆ بگێڕێتەوە،(ژیلە) بەمجۆرە دەستی بە گێڕانەوەی ئەو رووداوە دڵتەزێنە كرد و گوتی:(سەرگوڵ) بە ساڵێك لەمن گەورەتر بوو، بەڵام بە رووخسار لەمن بچوكتر دیاربوو، ئەو كچێكی باڵابەرزی قژ خورمایی، چاو قاوەیی و گەورەبوو، ئەگەر لە دووریشەوە بتدیبایە دەتزانی جوانە ، كە لێیشی نزیك دەبوویتەوە هێندەی دیكە جوانییەكەی دەدرەوشایەوە، من و ئەو لە پۆلی سێی ناوەندییەوە بووینە هاوڕێی یەكتر، قۆناخەكانی خوێندنی بە زەحمەت دەبڕی، لە پۆلی دووی ناوەندی ساڵێك كەوت، بەڵام تا گەیشتە شەش هیچ نەكەوت، دەبوو زۆر خۆی ماندووبكات، دەنا بە زەحمەت نمرەی باشی پێدەهات، هۆیەكەشی ئەوەبوو لەلایەك ئەركێكی زۆری رۆژانەی لەسەر شان بوو، دەبوو بەیانیان زوو لەخەو هەڵسێت تا ئیشی ناوماڵ بكات و بەرچایی ئامادەبكات، پاشان قاپ و قاچاخی ماڵەوە بشوات و ماڵ گەسك بدات... تاد تا نیوەڕۆ ئەمە كاری بوو، نیوەڕۆش بە نیو كاتژمێرێك دەرفەتی خۆ ئامادەكردنی بۆ هاتنە قوتابخانەی دەدا، كە دەشهاتەوە دیسان، كارەكانی ناوماڵ دەستیپێكردەوە تا درەنگانی شەو ئەوسا بە چاوی خەواڵوەوە، دەبوایە دەرسەكانی دەور بكاتەوە، ئینجا جاری وا هەبوو، وەكو خۆی بۆی دەگێڕامەوە یان بە نیوەچڵی و بە نا تێگەیشتنەوە تەواوی دەكرد، یانیش هەر بۆی تەواو نەدەكرا.. لەلایەكی دیكەشەوە هەمیشە دایك و باوكی هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكرد، ئەگەر لەخوێندن دەرنەچێت و بەسەركەوتوویی تاقیكردنەوەكان نەبڕێت ئەوا لە قوتابخانە دەریدەهێنن و خوێندنی لێ قەدەخە دەكەن، من زۆر هەوڵمدەدا ئەو كچە نەروخێ و ئیرادەی بەهێزبێ و بتوانێ خۆڕاگر بێ، زۆرم هەوڵدەدا لە خوێندن سارد نەبێتەوە و كۆڵ نەدات و لە رووی مەعنەوییەوە بەهێزبێت، زۆرجار كە لە ماڵەوە فشاریان دەخستە سەری دەهاتە ماڵی ئێمەو خۆی دەكرد بە ژوورەكەمدا و سەری دەخستە سەر شانم و بە كۆڵ دەگریا، بەم گریانەی تۆزێك ئارام دەبۆوە و غەم و خەفەتەكانی سووكتر دەبوون. بەڵام ئاخیرییەكەی نەیتوانی بەرگەی ئەو هەمو فشارە دەروونی و جەستەییەی ماڵەوەیان بگرێ و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەڵام چۆن كۆتاییەكی تراژیدی و خەفەتبار و جەرگبڕانە..
ئەو رۆژەی كە خۆی كوشت، ئێمە دەوری كاتژمێر یانزەی پێشنیوەڕۆبوو، كە چووینە قوتابخانە بۆ ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان وەربگرێتەوەە ، پێش وەرگرتنی ئەنجامەكان، رۆژێك پێشتر پێكەوە بووین و لە بارەی سبەینێەوە قسەمان دەكرد ئەو بەمنی گوت: ژیلە خۆزگەم بەخۆت، ئەگەر دەریشنەچی سزا نادرێی، خۆ هیچ نەبێ لە قوتابخانە دەرتناهێنن، ئەگەر ئەمساڵیش دەرنەچی، ساڵی دواتر هەر دەردەچی، ئیتر بۆ خۆت دەچییە كۆلێژ و ژیانی نێو زانكۆ دەبینی، ئای كە ژیانی نێو زانكۆم پێخۆشە، وای كە دڵم بۆ زانكۆ چەند لێدەدات.. من وەك تۆ نیم، من ئەگەر دەرنەچم دایكم و باوكم لە خوێندن دەرمدەهێنن و دایكشم هەموو جارێ دەڵێ: ئەگەر لە خوێندن دەرنەچووی ئەوسا گوناهی خۆت لە ملەخۆتە، ئەوكاتی ئەگەر دەیڕشت بێنین سوومان لێ نابێتەوە و تۆش دەیسەلمێنی كە ئەهلی خوێندن نیت، بەڵكو ئەهلی كاری ماڵەوەیت، كە ئەو قسانەی تەواوكرد، گوتی: بەخوا دەترسم بكەوم، چونكە لە كاتی تاقیكردنەوەكان هەم سووڕی مانگانەم بوو، هەمیش زۆر دڵەڕاوكێ و نیگەران بووم، بەخودا بابەت هەیە ئێستاش بە بیرم نایە چیم وەڵامداتەوە؟! ژیلە گیان زۆر دەترسم دەرنەچم..(سەرگوڵ) دوای ئەو قسەیەی كۆتایی چاوی پڕ گریان بوو... رۆژی دواتر چووین ئەنجامی تاقیكردنەوەكان وەربگرینەوە ئەوەندەی نیگەرانی ئەو بووم نیگەرانی خۆم نەبووم، ئەو پێش من ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی وەرگرتەوە، كە پێكەوە سەیرمان كرد، تەماشام كرد لە سێ وانە كەوتووە، بە جارێك رووخا، رەنگی تێكچوو ، لێوەكانی وشك بوون، گوتم: سەرگوڵ گیان بێئومێد مەبە، ناڕەزایی بنووسە، بەڵكو هەڵەیان لە ئەنجامەكان و نمرەكان كردبێ، قسەكەم سوودی نەبوو، بە گریان رۆیشت و منی بەجێهێشت منیش پێمگوت چاوەڕێمكە تۆزێكی تر دەگەمە لات و چارەسەرێك دەدۆزینەوە، یەكسەر مەچۆرەوە ماڵ، بەڵام گوێی پێنەدام، ئەو ملی رێگەی گرت و رۆیشت، من خوا خوام بوو زوو ناوم بخوێندرێتەوە و ئەنجامەكەم وەربگرم بۆ ئەوەی بەو رابگەم..
تا من ئەنجامەكەم وەرگرتەوە نزیكەی بیست خولەكێكی پێچوو ئەنجامەكەی من زۆر باشە بوو، دڵنیابووم لە كۆلیژێكی باش وەردەگیرێم، بەهەرحاڵ بە پەلەو خێرا خۆم گەیاندەوە ماڵ، هەر كە گەیشتمەوە نزیك ماڵەكەمان، كە ماڵی سەرگوڵیش دوو خانوو لێمان دووربوون، قەرەباڵغییەكی زۆر و دەنگی قیژەی ژنان و دادو فیغان و لەخۆدانم بیست ، یەكسەر راچڵەكیم، خورپەیەك لە دڵم هەڵساو دڵم خەبەری دا، زانیم شتێك روویداوە ، چاوەڕوانی كارەساتێكم دەكرد، بەڵام ئەوەی قەت پێشبینیم نەدەكرد ئەوەبوو كە بینیم دایكم لە نزیك قاپی ماڵی سەرگوڵ راوەستابوو، داخ و ئەسەفی دەكێشا و جار جارەش دەیگوت: وەی چاوی دایكت كوێربێت، چۆن ئەم كچە نازدارەیان بەم دەردەبرد، وەی ڵاڵ بم بۆی، لە دایكم چوومە پێشەوە گوتم: دایكە توخوا چی بووە چی قەوماوە، ئەم قەرەباڵغییە چییە؟ دایكم گوتی: كچم سەرگوڵ خۆی كوشتووە، چۆن بۆ مەرگی ئەم كچە جوانە ڵاڵ نەبم، كە وای گوت بە هەڵەداوان چوومە ناو حەوشەی ماڵەكەیان كە تەرمەكەیان لە ناو حەوشە كە درێژ كردبوو دایكیشی بەسەر تەرمەكەیدا كەوتبوو، لەخۆی دەدا و قژی دەڕنییەوە، منیش بێ ئەوەی ئاگام لەخۆم بێت لە تەرمی سەرگوڵ نزیك بوومەوە و فرمێسك بە گوڕێ بە چاومدا دەهاتە خوارەوە و چۆكم دادا.
سەرگوڵ چۆن خۆی كوشت؟
(ژیلە) لە گێڕانەوەی كارەساتی خۆ كوشتنی كچە هاوڕێكەی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئێستا كە لە قۆناخی یەكەمی كۆلیژی ئادابم، هەرگیز شكڵ و شێوەی سەرگوڵم لە یاد ناچێ، خۆزگە بمابایە و ئێستا لە كۆلیژ بایە كە زۆر شایەنی ئەوە بوو لە كۆلیژ بخوێنێ، كە ئەو رۆژە دوای وەرگرتنی ئەنجامەكان چوبووە بۆ ماڵ ، دایكی كە دیتبووی چاوی بەگریانە پێی گوتبوو، هەی عەمرت نەمێنێ، دیارە كەوتووی بۆیە بە چاوی بەگریانەوە هاتوویتەوە، ئەویش گوتبووی لە سێ وانە كەوتوم، بەڵام لە دەوری دووەمدا قەرەبووی دەكەمەوە، دایكشی گوتبووی: دەوری دووەمی چی.؟ بەخوا پێت لەم ماڵە ناچێتە دەرەوە، كە وای گوتبوو ئەویش یەكسەر چووبووە ژوورەكەی خۆی و وایەرێكی كارەبایی دەرهێنابوو، لەسەری زمانی خۆی دابوو، كارەباش یەكسەر لێدابوو كوشتبووی، كە كارەبایەكە لێیدابوو، زیڕەیەكی بەهێزی لێهەڵسابوو دەموودەست كەوتبووە سەر زەوییەكە، دایكی زانیبووی شتێك روویداوە بۆیە یەكسەر چووبووە ژوورەكەی بینی سەرگوڵ كەوتووە، هێندەی بانگ كردبوو، راتەكاندبوو، چەندی لەگەڵ هەوڵدا بوو بێ سوود بوو، سەرگوڵ دەمێك بوو مردبوو، لەبەر ئەوە لای من خۆكوشتنی سەرگوڵ كارەساتێك بوو، قەت لە بیرم ناچێتەوە، هۆی سەرەكی مردنیشی دایك و باوكی بوون.
Top