چاوچنۆكی ژن و مێردێكی لە ناوبرد

چاوچنۆكی ژن و مێردێكی لە ناوبرد
كۆچی دوایی هاوڕێی تەمەن
(نوری) كە خاوەن سێ كچ و دوو كوڕ بوو، وەختێك توانیبووی بگاتە ئاستێكی باشی دارایی ، تەمەنی گەیشتبووە نزیكەی چل ساڵ ، هەر دوو كوڕەكەی بەهۆی مامەكانیانەوە، چووبوونە ئەوروپا، بەڵام لە سێ كچەكەی كە ناویان (شارا، تارا، ئارا) بوون، (ئارا) یان كە كچە گەورەكەی بوو، شووی كردبوو، لە ماڵ و حاڵی خۆیدا دەژیا، بەڵام (شارا و تارا) هێشتا هەر لای باوكیان بوون ژیانێكی خۆش و پڕ تەبایی دەژیان، خێزانێكی بەختەوەر و ئارام بوون، لە رووی داراییشەوە(نوری) توانیبووی سەرمایەكی باش لە خانوو و زەوی بۆ خۆی پێكبهێنێ، تاكە گرفتێكیان ئەگەر هەبوو بێت نەخۆشی دایكان بوو، دایكیان دەمێك بوو دەردەداری نەخۆشییەك بوو كە پزیشكەكان نەیاندەزانی چییەتی؟ ئەو ژنە پزیشك نەما سەردانی نەكات بەڵام رۆژ بە رۆژیش لە كورتی دەدا و باری تەندروستی بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، (نوری) لە بایەخپێدان درێغی نەدەكرد، هەروا كچەكانیش بەردەوام خزمەتیان دەكرد و نازیان دەكێشا، ئەگەر چی،(نوری) بۆ ماوەی ساڵێكیش تامی ژیانی هاوسەرێتی، بەمانای سەرجێكردنی نەكردبوو، بەڵام قەت رۆژێك لە رۆژانیش پرتە پرتە و بۆڵە بۆڵی نەكرد، چونكە ئەو دەیزانی ئەو ژنە كاتی خۆی چەند پشتی گرتووە، چەند هاوكاری كردووە و چی هەبوو لە زێڕ و خشڵ هەمووی داوەتە دەستی هەر بۆ ئەوەی بتوانێ لەسەر پێی خۆی بووەستێ و بتوانێ كاروكاسبییەك بكات خێری بۆ خۆی و خێزانەكەی هەبێت، ئەو سەروەت و سامانەی ئەو ئەوڕۆكە پێكیهێناوە ئەگەر بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئەو ژنە نەبوایە هەرگیز نەیدەتوانی بگاتە ئەو رۆژە( نوری) هەمیشە ئەمانەی لەبەرچاوبوو، بۆیە هیچ بێزارییەكی دەر نەدەبڕی ژنەكەی ئەمەی دەزانی، بۆیە هەموو جارێ پێیدەگوت: (نوری) تۆ هێشتا گەنجی و لەسەر تاقەت و شەنگی خۆتی، منیش ئەوە بە خۆت دەزانی خودا نەخۆشییەكی كردووتە قسمەت، نەكەس سەری لێ دەردەكات، نە چاكیش دەبمەوە وەكو هەر ژنێكی تر، بتوانم ئەركی هاوسەرێتی خۆم جێبەجێ بكەم، كە ئەو قسانەی دەكرد(نوری) تۆزێك رادەما و دەچووە لای ژنەكەی و پێی دەگوت: ئافرەت خۆزگە تۆ چاك دەبوویتەوە، ئەوی تر شتی ئەو تۆ نین، تەنانەت هەر جێی باسكردنیش نین.
بەڵام(نوری) هەرگیز چاوەڕێی ئەو رۆژەی نەدەكرد، وەك ئەو بەیانییە روویدا، كاتێك دەورووبەری كاتژمێر حەوتی بەیانی بوو، لەگەڵ قیژەو هاواری(شارا)ی كچی هەموو بە ئاگاهاتن، جۆری هاور و ناڵەی(شارا) هی ئەوەبوو بزانن كە كارەساتەكە ئیتر روویدا، ئەو بەیانییە ژنێك دوای چەندین ساڵ ژیانی هاوسەرێتی و بە دەردی نەخۆشییەكی كوشندەوە گیانی بەخاك سپارد.
پێكهێنانی ژیانێكی نوێ
دوای ئەوەی(نوری) هەردوو كوڕەكەی لە مردنی دایكیان ئاگاداركردەوە ئەوانیش هەر بۆ رۆژی دوایی بە فڕۆكە گەڕانەوە بۆ ئەوەی بە بەخاك سپاردنی دایكیان ئامادەبن، باوكیان بە مردنی دایكیان تەواو شپرزە و نیگەران و خەمبار بوو، كابرا كۆستی كەوتبوو، لەسەر و رووی، لە هەڵسووكەوت و زەوق و سەلیقەی بە تەواوەتی رەنگیدابۆوە، كوڕەكان هەستیان كرد كە باوكیان تەواو پەرێشان و ماڵوێران بووە، بیرۆكەی هێنانی ژنێك بۆی، كە هەم كاریگەری مردنی دایكیان لەسەر كەمبكاتەوە، هەمیش تۆزێك خەریك بێت و ئەو كەسەش بتوانێ خزمەتی بكات، لای كوڕەكان گەڵاڵە بوو، پاشان لەگەڵ هەر سێ خوشكیش قسەیان كرد و بیرۆكەكەیان زۆر پێ باش بوو، ئەوان دوای چوار پێنچ رۆژ گەڕانەوە ئەوروپا و پاش ماوەیەك (تارا و شلێر) باسەكەیان لەگەڵ باوكیان كردەوە بەڵام (نوری) ئەوەندە مەسەلەكەی بەهەند وەرنەگرت، بەهەرحاڵ مانگێك دووانی بەسەرداچوو، دیسان وردە وردە باسەكە هاتەوەگۆڕێ، ئەوجا(نوری) یش بیرۆكەكەی پێ باش بوو، ئیتر دەستیان كرد بە گەڕان و پرسیاركردن لە ژنێك كە لە باوكیان بووەشێتەوە.
دیتنەەوەی ژنێك بەو پێوەرانەی كە ئەوان دەیانووسیت مانگێك زیاتر خایاند، ئاخیرییەكەی قەیرە كچێكیان بۆ دۆزییەوە كە بە دڵی باوكیان بێت و وەك دەڵێن لێی بووەشێتەوە كچە تەمەنی گەیشتبووە (38) ساڵ، لە خێزانێكی ئاسایی بوو، كچێكی چاوكراوە و زۆر زان بوو، ئەوە نەبووە هەروا بە سانایی تەماشای ژیان بكات بەڵكو كچێكی تەماحكار و دنیادیتە بوو، بەهەر حاڵ لێرەوە با بزانین(تارا) هێنانی ئەو كچە بۆ باوكیان و دواتر پەیدابوونی كێشەكان چۆن بوو؟
چۆن بۆ مانی دەگێڕێتەوە؟
(تارا) دەڵێ: كە ئەم زڕدایكەمان بۆ باوكمان خواست لەو بڕوایەدابووین كەسێك دەبێتە هاودەمی باوكمان و تۆزێك سوكنایی و دڵنیایی پێ دەبەخشێت، خەم و خەفەتی لە دەستچوونی دایكمان كەم دەبێتەوە لەسەری، بەڵام بەداخەوە وانەبوو، هەر لە هەفتەی یەكەمەوە ئاماژە و قسەكانی، چۆنییەتی هەڵسووكەوتی لە ناو ماڵ و هەڵسووكەوتی لەگەڵ ئێمە، بە جۆرێك بوو وەك ئەوەی ئێمە بێگانە و خۆی خاوەن ماڵ بێت، هەر لەسەرەتاوە ململانێیەكی راستەوخۆی لەگەڵ من و (شارا)ی خوشكم دەستپێكرد رۆژ بە رۆژیش ئاستی ململانێیەكەی زیاتر و تووندتر دەكرد، باوكمان كە بە ژیانی قسەیەكی تووندو ناخۆشی بە ئێمەی كچەكانی نەگوتووە، زۆرجار كە لە كار دەهاتەوە، دوای نیو كاتژمێر وەك فیشەكە شێتەی لێدەهات لێمان، زۆر بە ئاشكرا هەستمان دەكرد كەوتۆتە ژێر كاریگەری ئەو ژنە، راستییەكەی ژنەش دەیتوانی گۆڕانكاری و كاریگەری لەسەر كەسی بەرامبەر دروستبكات، ئامانجەكەشی لەو كێشە دروستكردنانە دیار و بەرچاوبوو، تا خۆی بەتاك و ئەو تەنیا لە ماڵی باوكمان بمێنێتەوە و ئێمەش بەهەر رێگەیەك بێت دەرپەڕێنێ، كە دیتی بۆی ناكرێ دەرمانپەڕێنێ، بەتایبەتی لەمەدا نەیتوانیبوو باوكم بخاتە ژێر كاریگەری خۆیەوە ، هەوڵمدا ئیشەكە لە كورتی ببڕێنێتەوە، ئەویش بە بەناوكردنی هەرچی شتی گرانبەهایە لە زەوی و خانوو، یا دوكان یا شتی تر ، باوكم سەرەتا نەچووە ژێر باری ئەو تەماحانەیەوە، بەڵام ئیتر نازانم چی بوو، لە ئێمەی سوڕاندەوە و تووشمان بە تووشی باوكمان، ئەوە بوو هەموو بەیانییەك كە باوكم دەچوو دەرەوە لێمانی هاندەدا و بە گژمانی دا دەكرد.
ئێوارەش كە دەهاتەوە، دیسان دەیكرد بە گژمانا. هەموو جارێ دەمانگووت نەفرەت لەو كەسە بێ كە ئەو هەوێیەی بۆ هێناین و تووشی دەردەسەری ئەو ژنەی كردین.
ژنە خۆی زۆر جار بە ئاشكرا دەیگووت، باوكتان شتێكی لێبێت، یا بمرێت من بێكەس و بێ جێگەوڕێ دەمێنمەوە و ئێوەش دەرم دەكەن، راستییەكەش قەت شتی وا لە خەیاڵماندا نەبوو، بەڵام بڕیارماندا بوو من و هەردوو خوشكەكەی ترم بەڕاستی وای لێبكەین و واشی دەریبكەین ببڕای ببڕای نەیەتەوە ئێرە.
ئیتر من و خوشكەكانم خۆمان رێكخست و پێشتر براكانیشمان دەیانزانی ئەو ژنە چ غەدرێكمان لێدەكات.
ناكۆكی ئێمە و ئەو تەواو پەرەی سەند و چەند جارێك باوكمان هەڕەشەی دەركردنی لێكردین و چەند جارێكیش هەڕەشەی بەناوكردنی هەموو شتێك هەرچی سامان و دارایی هەیە بۆ ئەو ژنە لێكردین. ئیتر كە مەسەلەكەمان لە براكانمان گەیاند هەردووكیان بەشێوەیەكی كاتی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە هاتنەوە و هەفتەیەك خەریكی تاوتوێكردنی ئەو باسە بوون. سوودی نەبوو، لەگەڵ زڕدایكەكەمان هەوڵیاندا، سوودی نەبوو. ئێوارەیەك هەموو پێكەوە دانیشتین و براكانمان لەگەڵ باوكمان رووبەڕوو قسەیان كرد. (هۆزان) كە برا گەورەمان بوو رووی قسەی لە باوكم كرد و پێیگووت: باوكە ئەمانە منداڵی خۆتن جەرگتن، ئاخر رەوا نییە بەقسەی ئەو ژنە ئەو كارەیان پێدەكەی و هەموو رۆژێ دەردیان دەدەیتێ. بۆچی هەڕەشەی دەركردن و بێبەشكردن لە میرات و ماڵیان لێ دەكەن؟
ئەو ژنە هەمووی چەند مانگێكە هاتووە، بەڵام ئەوانە چەندین ساڵە خزمەتت دەكەن، هیچ نەبێ تا دەچنە رێی خۆیان ئارام با بن و مەسەلەی ماڵیش لێگەڕێ بۆ كات و شوێنی خۆی و دەستكاری شتێك مەكە كە دواتر پەشیمانی لە دوا بێت... بەڵام باوكم پێش ئەوەی بە وەڵام بێت ژنەكەی قسەی كرد و گوتی: ئەم ماڵە ئیتر ماڵی منە و باوكیشتان چاك دەزانێ، ئێوە لە ئەوروپان، بەیانی خوشكەكانتان شوو دەكەن و دەڕۆن، كێ دەمێنێتەوە لە من زیاتر؟ كێ لە ئێوە خزمەتی باوكتان دەكات لە من زیاتر، ئێوە یان ژنەكانتان، خوشكەكانتان یان مێردەكانیان؟ بێگومان لە خۆم زیاتر كەسی تری نییە، ئەی باشە من ژنی حەڵاڵی باوكتان نیم، من زڕدایكی ئێوە نیم؟ بۆچی بۆم نەبێ پشكێكم لەم ماڵە بەركەوێت؟ ئەگەر بەیانی خوانەخواستە باوكتان مرد، من چی لێدەكەن؟ بێگومان دەرم دەكەن و تێمهەڵدەدەن و لەهەموو شتێك بێبەشم دەكەن... زۆر قسەی دەكرد ، چەندیش براكانم پێیان گوت تۆ بەشێوەیەكی ناڕاست و هەڵە بیردەكەیتەوە، ئێمە وانین و تۆش زۆر پێشوەختە بیر دەكەیەوە، بەڵام ئەو بڕیاری دابوو، تەنها لەسەر قسەی خۆی بێت و بەس، مشتومڕ درێژەی كێشا و باوكمان ئێمەی دەركرد، كچەكانی دەركرد و ئێمە بەناچاری چەند رۆژێك لای خوشكە گەورەكەم ماینەوە. مەیدان تەنها بۆ زڕدایكەكەمان مایەوە چەند جارێك هەوڵماندا باوكم سار بكەینەوە، لەو نوختەوە (هۆزان) دەڵێت: نەخێر بڕیاری خۆی دابوو كچە جاحێڵەكانی خۆی بۆ خاتری رازی كردنی ژنەكەی بەیەكجاری دەربكات... من بڕیارم دا بگەڕێمەوە ئەوروپا بۆ ئەوەی مۆڵەتێكی یەك مانگی وەربگرم تا ئەو كێشەیە بەیەكجاری بنبڕدەكەین، چەند رۆژێكم پێ چوو، كارەكانم رێكخست دووبارە هاتمەوە وڵات بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە بەلایەك دا بشكێنین چارەنووسی خوشكەكانیشم بزانم، دووبارە دەستمان كردەوە بە مشتومڕ لەگەڵ باوكمان كە نابێ شتی وابكات ئەو كچە جاحێڵانە وەها پەڕاگەندە بكات. من و زاواكەم و باوكی و مامەكانم لەگەڵ خۆم برد، هەر لەوێ لەكاتی قسەكردن و باس و خواسدا بۆمان دەركەوت كە ئەو خانووەی باوكم تیایدایە و 700 مەترە بەناوی ژنەكەی كردووە... خەریكی مامەڵەكردنیش بوو بۆ ئەوەی ئەوانی تریشی بەناو بكات، ئیتر مەسەلەكە تەقیەوە، بووە هەرایەك ئەوسەری دیار نەبێت، باوكم پڕی دایە من لێم بدات بەڕاستیش لێی دام، خوشكەكانیشم لەتاوان پڕیان دایە زڕدایكەكەمان و بووە شەڕە پرچ و شەڕە چەپەڵۆك و لێكدان، لەو بەزم و هەرایە بوو، كە زڕ دایكەكەم هاواری لێهەڵساو و قیژاندی و گوتی: ئای سنگم، ئای ژان كوشتمی، عارەقەیەكی ساردی كرد و چاوی سپی هەڵگەڕاو رشایەوە، هەر ئەو رشانەوەیە بوو، یەكسەر كەوت بە زەویدا، بەهۆی مامەكانم و خزمەكانی ترەوە توانرا هەرایەكە بەو هۆیەوە كپ بكرێتەوە و ژنە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لە نەخۆشخانە كە پشكنینیان بۆ كرد گوتیان دەمێكە مردووە، لەگەڵ ئەو قسەیە باوكیشم لەهۆش خۆی چوو، لەگەڵ بەربوونەوەكەی سەری بە پارچە ئاسنێكی قەڕەوێڵەی نەخۆشخانەكە كەوت، ئەوەی كە زڕدایكەكەمان لەسەر درێژكردبوو، ئاسنەكە چوو بووە ناو سەری و كەللە سەری تەقاندبوو، چەند رۆژێك لە ژێر چاودێری پزیشكی مایەوە و دواتر ئەویش مرد، بەمشێوەیە ژنە سەری خۆی و باوكیشمی خوارد و كێشەیەكی گەورەی میراتیشی بەجێ هێشت كە بەناوبوونی خانووەكەی باوكم بوو، ئەوەش هەمووی بەهۆی ماڵی دنیابوو.
Top