سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان ( بۆ گوڵان ): سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەرێگەی بۆردێكی بەڕێوەبردنەوە چاودێری و سەرپەرشتی رەوشی خۆراك لەهەرێم د

سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان ( بۆ گوڵان ): سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەرێگەی بۆردێكی بەڕێوەبردنەوە چاودێری و سەرپەرشتی رەوشی خۆراك لەهەرێم د
• راوەستانی رەورەوەی ئابووری و گەشەی ئابووری جیهانی یەكێكە لەدەركەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا؛ بەتایبەتی بابەتی دابینكردنی خۆراك و پێداویستیە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان كە بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی گرفت و كێشەی بۆ ئەم سێكتەرە گرنگە لەزۆربەی وڵاتاندا دروست كردووە، بەڕێزت وەكو بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ئەندام لەبۆردێكی بەڕێوەبردنی تایبەت بەچاودێری و سەرپەرشتیكردنی خۆراك دەكرێت پێمان بڵێیت تاچەند توانراوە رەوشی خۆراك لەهەرێم بپارێرێت؟
- پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا ( كۆڤید – 19 ) و لێكەوتە ئابوورییەكانی لەسەرووی هەموو پێشبینی و پێشهاتەكانەوە بووە، وڵاتانی دەوڵەمەندو هەژارو سەرمایەداریی و سۆشیالیستی و لەو پەڕی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەو پەڕی رۆژئاواو گەورە كۆمپانیاكانی جیهان زیانی مرۆیی و ئابووری گەورەیان بەركەوتووە، ئاڵووێری بازرگانی نێوان وڵاتان و هاتوچۆكردن لە سنوورەكانەوە سنووردار بووەو گەشتە ئاسمانیەكان راگیراون، كۆرۆناو لێكەوتەكانی لەسەر رەوشی ئابووری كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان و ئاڵووێری بازرگانی و گرانی تێچوونی گواستنەوەی كاڵاو بەرهەمەكانیش هەبووە، ئەم رەوشە نوێیە ئەوەندە سەخت و دژوارە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت مرۆڤایەتی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، دۆخەكە بەرەو كوێ دەچێت؟ زۆربەی بیرمەندان و زانایان و ئابووریناسانی جیهانیش لەمەڕ ڤایرۆسەكەو لێكەوتەكانی تووشی شۆك بوون و ناتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، كەوا كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان وڵاتان لەدوای كۆرۆنا بەرەو كوێ دەچێت؟ ئەوەتا دواكەوتنی دۆزینەوەی چارەسەر و نەبوونی ڤاكسینێك دۆخەكە دژوارتر دەكات و لێكەوتەكانیشی لەسەر ئابووری زیاتر دەكات ، راستە تا ئێستا دیار نییە كە كۆرۆنا وەرچەرخان لەشێوازو سیستەمی نوێی جیهان دروست دەكات یاخود نا، بەڵام هەموو نیشانە و داتاو زانیارییە ئابوورییەكان ئەوەیان روون كردۆتەوە كە لەدوای كۆرۆناش دۆخەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.. لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەوڵ و رێكارە سەركەوتووەكانی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستن و سەلامەتی ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانی خۆشەویست دەستی پێكرد و جێگای تێڕامان و ستایشی زۆر لەوڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بوو ئەمەش بەشاهیدی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و زۆر لەهاوڵاتیانی كورد لەوڵاتانی پێشكەوتوو؛ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی دەستپەشخەریی بكات بۆ خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان بەمەش هەرزوو مەترسیەكانی پەتاكەی لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان زۆر كەم كردەوە، لەگەڵ ئەم سەركەوتنەدا دابینكردنی خۆراك و دەرمان و موچەش بابەت و خەمی سەرەكی بەڕێزیان بوو ، بۆ ئەمەش لەچەند تەوەرەو سێكتەرێكەوە كاری جیددی دەستی پێكرد، ئەو بەشەی پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت وەكو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و لەسەر راسپاردەو سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابیان ئێمە لەوەزارەت لەگەڵ بازرگان و دامودەزگاكانی چاودێری و پارێزگار و یەكە ئیدارییەكان و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی رۆژانە چاودێری توندی گۆڕانكارییەكانی بازاڕو هاتنی شمەك و خۆراك بووین، هەر لەدەروازە سنوورییەكان و لەناو كۆگاكانەوە تاوەكو گەیشتنی ئەو شمەك و خۆراكانە بۆ سەر رەفەی سۆپەرماركێتەكان، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەكو كۆرۆناو دەركەوتەكانی بەهاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان قەیرانی خۆراك و هەڵاوسانی رادەبەدەری نرخەكانی لێبكەوێتەوە، لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ( بۆردێكی خۆراك دامەزرا بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی خۆراك لەهەرێمی كوردستان) تاوەكو چاودێری و كۆنترۆڵی رەوشی خۆراك لەهەرێمی كوردستان بكات.
• دامەزراندنی ئەم بۆردەی خۆراك ئەرك و رۆڵی چی دەبێت لەپاراستنی ئاسایشی خۆراكی و چاودێریكردنی نرخەكان؟
- بۆردی خۆراك بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی خۆراك بەسەرپەرشتی راستەوخۆی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و نوێنەری هەموو وەزارەتە پەیوەندارەكان و پارێزگارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەو یەكەی ئیدارەی گەرمیانی تێدایە ، ئەم بۆردە سەرپەرشتی هاتنی خۆراك و دابەشكردنی خۆراك لەكوردستان دەكات چاودێری هەموو جوڵەیەكی بازرگانی و بارهەڵگرەكان دەكات لەدەروازە سنوورییەكانەوە لەكاتی كەوتنەوەی هەر قەیرانێكی خۆراك یاخود قۆرخكاری و گەمەكردن بەنرخ و كوالێتی خۆراكێكی دیاریكراو راستەوخۆ هەنگاوی خێراو جیددی دەنێت ، تەنانەت چاودێری هەموو ئەو جوڵە و كاری بازرگانێتیەش دەكات كە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاو وڵاتانی دیكەی جیهانەوە دەكرێت ، ئەمەش بۆ خەمخۆری رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم قەیرانەی كۆرۆناو ئابوورییەدا میللەتەكەمان تووشی نەهامەتی قەیرانی خۆراك نەبن و كەسانێك قۆرخكاری و گەمە بەنرخەكانەوە نەكەن، ئەم خەمەش هەروا لەخۆڕا نەهاتووە چونكە كۆرۆنا قەیرانێكی گەورەی لەجیهاندا دروست كردووەو دەركەوتەكانی كاریگەریی توندی لەسەر سستبوونی جموجوڵی بازرگانی و بەرهەمی جیهانی دروست كردووە، رێكارەكانی خۆپارێزیش لەدەروازە سنوورییەكانەوە هۆكارێكن بۆ دواكەوتنی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەكان و دواتر تاڕادەیەكی كەم لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراكەكان، كە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر كاڵاو خۆراكە سەرەكییەكان، ئەندامانی ئەم بۆردە بەدرێژایی رۆژ لەدیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و بەووردی چاودێری داتاو زانیارییەكانی ناو بازاڕ و نرخەكان دەكات و كۆنتاكتمان لەگەڵ دەروازە سنوورییەكان و ژمارەیەكی زۆری بازرگان و پیشەسازیكاران و خاوەنی كارگە خۆماڵییەكان و كێڵگە پەلەوەرییەكان و بازرگانان و پارێزگارەكان و یەكە ئیدارییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی تایبەت بەكۆنترۆڵكردنی نرخ و چاودێریكردنیەوە هەیە، بۆ ئەوەی لەكاتی دەركەوتنی هەر قەیرانێكی خۆراك راستەوخۆ كار بۆ هێنانی ئەو كاڵاو خۆراكانە بكەین و ئیجرائاتی توندیش بەرامبەر قۆرخكاران بكەین. بەشێوەیەكی گشتی هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە مادام بەهاوشێوەی رێكارەكانی خۆپارێزی راستەوخۆ رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمێكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و وەزارەتە پەیوەندارەكان و پارێزگارەكان سەرپەرشتی چاودێریكردن و كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەگەرێكە بۆیە هیچ مەترسیەك لەسەر خۆراك و گرانبوونی رادەبەدەری نرخەكان نییە .
• مەترسی ئەوە نییە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی بەربڵاوو زیان گەیاندنی بەو وڵاتانەی كەسەرچاوەی شمەك و خۆراكەكانن ببێتە هۆی نەهاتنی یاخود گرانبوونی ئەو خۆراك و پێداویستیانە؟
- خۆشبەختانە لەم بارودۆخە قورس و پڕ لە نەهامەتی و مەترسییەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپاڵپشتی خەڵكی كوردستان و بوونی متمانەیەكی گەورە لەنێوان حكومەت و خەڵكدا زۆر باش دەستپێشخەر بوو لەپاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان، بە هەمان شێوەش لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی و ئەو بۆردەی بەڕێوەبردن بۆ خۆراك توانرا رێگا نەدرێت قەیرانی خۆراك و پێداویستیە سەرەكییەكانی هاوڵاتیان دروست بێت، لەكاتێكدا لەوڵاتانی پێشكەوتووی جیهان و وڵاتەكانی ئەوروپا و ئەسكەندەناڤیاو زۆربەی وڵاتانی دیكەی جیهان كاڵاو پێداویستیەكان لەناو سۆپەرماركێت و بازاڕەكاندا نەماو قەیرانی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان سەریهەڵدا، ئەو ڕێكارانەی لەسەر راسپاردەو داواكاریی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی گیراوەتە بەر توانراوە ئاسانكاریی تەواو بۆ بازرگانان بكرێت، بەمەبەستی كڕینی خۆراك و گواستنەوەی لە نێوان شارەكان و تەنانەت لە كۆگاكان بۆ ناو ماركێتەكانیش، ئەم ئاسانكاریانەش بەردەوام دەبن لەپێناو خزمەتی خەڵكی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی خۆراك. ئەوەتا رۆژانە لەدەروازە سنوورییەكانەوە شمەك و خۆراك داخڵ بەهەرێمی كوردستان دەكرێت و رێگە لەهاتنی خۆراك و دەرمان و پێداویستیە سەرەكییەكانی هاوڵاتیان نەگیراوە، خۆگونجاندن لەگەڵ كارو رێكارە نوێیەكانی كاركردن و هەموو ئەو ئاسانكارییەی پێشكەش بەبازرگانان و ماركێتەكان كراوە، ئەوەتا ئێستا لەدەروازە سنوورییەكانەوە رۆژانە سەدان بارهەڵگر كاڵاو پێداویستی خۆراك دەهێنرێتە كوردستان، پێشتر بەدرێژایی 80 كیلۆمەتر بارهەڵگر لەدەروازەی برایم خەلیل وەستابوون تاوەكو بتوانن بارەكانیان بهێننە كوردستان ئێستا كاتی مانەوەی بارهەڵگرەكان لەو دیو سنوورەوە كەمتر بووەتەوە و ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەشی خۆراك دەهێنن زیاتر بوون، كەواتە دۆخی جموجوڵی بازرگانی بەتایبەتی هێنانی خۆراك و دەرمان و پێداویستیە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان نەك تەنیا بەرەو ئاسایبوونەوە چووە بەڵكو باشتر بووە، تیمەكانی وەزارەت سەردانە مەیدانیەكانی زیاتر كردووە و لەم چوارچێوەیەدا سەردانی چەندین كارگەی خۆماڵی زەیت و ئاردو كێڵگە پەلەوەرییەكان و كۆگاكانی كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكمان كردوو، لەنزیكەوە قسەو گفتوگۆمان لەگەڵ خاوەن كارگەو كێڵگە پەلەوەرییەكان كردووەو لە پلانی دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاوڵاتیانی خۆشەویستمان كۆڵیەوەتەوە، لەوە دڵنیا بووین كە جگە لەوەی بەتەواوەتی توانیومانە ڕەچاوی رێنماییە تەندروستیەكان و خۆپارێزی بكەین، هەروەها سێ ماددەی سەرەكی ناو پسوولەی خۆراك بەردەوام دابەش دەكرێت، هەروەها لەكۆگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا بەشی پێویستی هاوڵاتیانی كوردستان خۆراك و پێداویستیەكانی دیكەی رۆژانەی هاوڵاتیان هەیە، بەمشێوەیە بەردەوام لەرێگەی تیمەكانی چاودێری بازاڕ و بازرگانی و یەكە ئیدارییەكان و ژووری پیشەسازی و بازرگانی و سەردانە مەیدانیەكانمانەوە چاودێرییەكی توندی بازاڕ دەكەین، وەكو پاڵپشتیەكیش بۆ هاوڵاتیانی كوردستان و لەپێناو گران نەبوونی نرخی هێلكە وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی دەربڕی لەسەر داواكارییەكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەسەر قەدەغەكردنی هەناردەكردنی هێلكە بۆ دەرەوەی هەرێم، تائێستاش چەندین فەرمانی وەزارەت و رێنمایی و داواكاریمان لەوەزارەت دەركردووە كە هەر هەمووی بنەمایەك بۆ دابینكردنی خۆراك و رێگرتن لەقەیرانێكی نەخوازراو. ئەم هەنگاوانە هەمووی هەنگاوی خێرا و بەپەلەن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراكی بەڵام لەمەودایەكی درێژدا پلان و بەرنامە هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستكردنی كارگەو ئەمبارو سایلۆو دەركردنی ژمارەیەك لە یاساو رێنمایی نوێ بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ دروستكردنی كارگەو كەرتی پیشەسازیی خۆراكی .
• ژیان و ئابووری لەدوای كۆرۆنا جیاواز دەبێت، ڤایرۆسەكە واقیعێكی نوێی خوڵقاندووە كە وڵاتان بەرەو سەرچاوەی داهاتی جۆراوجۆر هەنگاو دەنێن و لەمەودوا دەبێت شێوازێكی دیكەی خۆبژێوی و بەڕێوەبردنی ئابووری پەیڕەو بكەن و لەهەوڵی پاراستنی ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆیاندا بن، وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازیی تاچەند هەنگاوەكانی بۆ هاندانی پیشەوەران و وەبەرهێنەران دەست پێكردووە بۆ ئەوەی گرنگی بەم لایەنەی بازرگانی بدەن؟
- هەرێمی كوردستان خاوەنی خاكێكی بەپیتە بۆ كشتوكاڵ؛ لەرووی كەرتی پیشەسازیشەوە جگە لەبوونی نەوت و غازێكی سروشتی زۆر، چەندین سامان و كانزای دیكەش لەژێر خاكەكەیدا بوونی هەیە، ژینگەی سەقامگیری و ئارامیش لەم هەرێمەدا لەبارە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەشەكردنی بەرهەمی ناوخۆ، هەربۆیە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە نەخشەڕێگای خۆیدا پلان و بەرنامەی داڕشتووە بۆ زیادكردنی ژمارەی كارگەكانی ناوخۆ و پەرەپێدانی بەرهەمیان لەرووی چەندایەتی و جۆرایەتیەوە، لەم كابینەیەدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكانی دیكەو بەپاڵشتی ئەنجومەنی وەزیران گەلی كوردستان هەلێكی لەباری لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت ئابووری هەرێم بەرەو لە بەكاربەرو بەكارهێنەوە بەرەو هەرێمێكی بەرهەمهێن ئاراستە بكات. ئاووهەوای كوردستان چوار وەرزەیە و ئاوی سازگارو خاكێكی بەپیت و دەوڵەمەندمان هەیە و خاوەنی بازاڕی ناوخۆ و دەرەكیشین، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەیەكی كەمدا توانی پرۆژە یاسای چاكسازیی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە ، لەرووبەرووبوونەوەی كۆرۆناشدا كە لەشەڕی داعش كەمتر نییە تونرا زیانە گیانیەكانی لەسەر هاوڵاتیانی كوردستان كەم بكرێتەوە ، ئەم ڤایرۆسەی كۆرۆنا هەمان ڤایرۆسەكەی جیهان و كوردستانی رۆژهەڵات و ناوچەكانی دیكەیە ئەوەی جیاوازی كردووە لێرە تەنیا رێكارەكانی خۆپارێزی و هەوڵەكانی جەنابیانە بۆ پاراستنی سەلامەتی خەڵكی ، ئێستا لەهەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانداین لەگەڵ بەغدا و لەمبارەیەوە هەنگاوی باش نراوە، ئەمەش گەورەترین بازاڕی ناوخۆ لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ و كێڵگەكانی پەلەوەرو بەرهەمی جوتیارانی كوردستان دروست دەكات. لەدوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بەرەو زیادكردنی ژمارەی كارگەكان ناوە، ئەو بەشەی كارنامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تایبەت بوو بەكەرتی بازرگانی و پیشەسازیی لەرێگەی وەزارەتمانەوە تەرجومە كراوەو نەخشەڕێگای بۆ داڕێژراوە و بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە، كە چیتر تەنیا پشت بەكەرتی نەوت نەبەستین و ئابوورییەكەمان یەك لایەنە نەبێت و هەر هیچ نەبێت لەقۆناغی یەكەمدا بەرەو خۆبژێوی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی هەنگاو بنێین، لەم بارودۆخە نەخواراوو نائاساییەدا ئێمە بەدوو ئاراستە كار دەكەین لەلایەك كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەو دابینكردنی خۆراك و پێداویستیە سەرەكییەكانی هاوڵاتیانە لەلایەكی دیكە هەنگاونانە بەرەو بوژانەوەی هەندێك كارگەو كارخانەی تایبەت بەبەرهەمی ناوخۆیی، سەردانە مەیدانیەكانمان بۆ كارگەو كێڵگەكانی پەلەوەر زیاتر كردووەو گفتوگۆو دانیشتنەكانمان لەگەڵ بازرگان و پیشەوەرەكان بەهاوكاری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی و پارێزگارو یەكە ئیدارییەكان ، لەو سەردانەماندا بۆ ژمارەیەك لە كارگەی ئارد و دەمامك و كەرەستەی خۆپارێزی و كێڵگەی پەلەوەر و هێلكە، توانای بیزنسكارو وەبەرهێنەرانی ناوخۆمان بینی كە تاچەند توانایان هەیە كەرتی خۆراكی بەرەو پێش ببەن، هەر خۆی لەخۆیدا دابینكردنی خۆراك دەچێتە ناو چوارچێوەی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نەتەوەییەوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەرەو گرنگیدان بەبەرهەمی خۆماڵی و نێوخۆیی دەدات، بۆ ئەوەی ئەلتەرناتیڤی نەوت لەرێگەی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە بدۆزینەوە، ئەگەر گرنگی بە كارگەو كارخانەو بەپیشەسازیكردنی ئابووریمان بدەین راستەوخۆ كەرتی كشتوكاڵیش دەبوژێتەوە، چونكە پیشەسازیی خۆراكی باشترین بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەم و بەرووبوومەكانی جوتیاران دابین دەكات و هاندەری زیادكردنی بەرهەمی جوتیارانە ، لەلایەكی دیكەوە لەم قەیرانەی كۆرۆنادا بۆ هەمووان دەركەوت چەند خاوەن ئابوورییەكی بەهێز بین ئەگەر لەهێنانی خۆراكە سەرەكییەكانی هاوڵاتیان پشت بەدەرەوە ببەستیت ئەوا كۆنترۆڵكردنی نرخەكانی وا ئاسان نابێت و كارو توانایەكی زۆری پێویستە، ئەوەتا لەهەرێمی كوردستان زۆربەی خۆراك و پێداویستیە سەرەكییەكان لەوڵاتانی دراوسێ و بیانییەوە دەهێنرێت، بۆ نموونە لەرێگەی بەندەر عەباس بەترانزێت بەناو ئێراندا دێت و لە ئێستادا زیاتر لەهەردوو بەندەری ئوم قەسر و بەسرا دێت ، هروەها لەناو توركیادا راستەوخۆ شمەك و خۆراكی توركی دێت، بەشێوەیەكی گشتی بەهۆكاری خۆپارێزی و ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەموو جیهان و وڵاتانی دراوسێشی گرتۆتەوە میكانیزمی هێنان و گەیشتنی ئەو كاڵاو خۆراكانە قورستر بوون و زۆرجار كاتێكی زیاتری دەوێت.
• هەموو ئەگەرەكان بەرەو ئەوە دەچن كە دۆزینەوەی چارەسەر و ڤاكسین دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێكی زیاتری پێویستە، بەمەش ئابووریناسان پێیان وایە ئابووری جیهان كاتێكی زیاتری دەوێت تا دووبارە دەست بەگەشەكردن بكاتەوەو لەم دۆخە دەربازی بێت، لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی چۆن خۆتان بۆ ئەم ئەگەرو پێشهات و پێشبینیانە ئامادەكردووە؟
- ژیان و ئابووری لەزەمەنی كۆرۆنا و لەدوای كۆرۆناش هەرگیز وەكو كۆرۆنا نابێت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و هێزەكان و ئابووریش گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، هەموومان بینیمان چۆن بەهای نەوتی خاو داڕماو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیان تووشی شۆك كرد، هەروەها یەكێتی ئەوروپا و پەیوەندییەكانی دیكەی نێودەوڵەتیمان بینی چۆن كەس فریای كەس نەكەوت و بگرە یەكتریان تۆمەتبار كرد، خۆ دۆخی بازرگانی نێودەوڵەتی و بازاڕە داراییەكان و بۆرسە جیهانیەكان باشتر نییە و گەورە كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیاو ئۆتۆمبێل و فرۆكەوانی و دەریایی زیانی گەورەیان بەركەوتووە . راستە لەم جیهانە نوێیەدا زۆر زەحمەتە پێشبینی و پێشهاتەكان تەواو دەربچن ، شرۆڤەكردنی بابەتەكە و دیاریكردنی چارەنووسی ئابووری و سێكتەرەكانی زۆربەی جار بیرۆكەو بیروبۆچوونی رێژەیی یە، بەڵام ئەوەی دەبێت ئێمەی ئابووریناسان و بەرپرسانی پەیوەندار بەرەوشی ئابووری و دارایی خۆمانی بۆ ئامادە بكەین ئەگەری سەرهەڵدانی مەترسیەكان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابوورییە لەدۆخە نەخوازراوەكانی قەیران دا، جیهانی ئەمڕۆ پڕیەتی لە گرفت و كێشەو قەیرانی كتوبڕو جەركبڕ و دوور مەوداو درێژ مەودا، هەموومان رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بینی لەسەرەتاكانی تەشەنەكردنی كۆرۆنا لەكوردستان و عێراق و ناوچەكەدا چۆن هەرزوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتە سەر هێڵ و حكومەت فریای خۆی كەوت و ژمارەی تووشبووان و قوربانیەكانی كەم كردەوە، ئەمە بەراورد بەگەورە وڵاتانی جیهان و پێشكەوتوو كە زوو فریای رێكارەكانی خۆپارێزی نەكەوتن ئەنجامەكەی زۆر جیاواز بوو، بۆ دۆخی ئابووریش دەبێت بەردەوام ئەگەری سیناریۆ خراپەكان و كەوتنەوەی ململانێ و كێشەو گرفتەكانمان لەبەرچاو بێت كە چی كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەرمان دەبێت بەتایبەتی لەوڵاتێكی وەكو عێراقدا كە مێژووەكەی گەواهیدەری ئەو هەقیقەتەیە كە وڵاتێكە لەناو قەیران و لەگەڵ قەیراندا رۆژگار بەڕێدەكات، ئێمەش تا ئێستا بەرێژەیەكی زۆر بەرز ئابوورییەكەمان پاشكەوتەی ئەو وڵاتە پڕ لەكێشمەكێش و ململانێ و قەیرانەیە، كاتی ئەوە هاتووە حكومەت و خەڵك لەسەر ئەم پاڵپشتیەی یەكتر بەردەوام بن و حزبە بەشداربووەكانی حكومەتیش كار بۆ بەهێزبوونی حكومەت و ئابووری وڵاتەكەیان بكەن، ئێمەش لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆیە بەرەو بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ دەچین چونكە ئابووری نیشتمانی و ئاسایشی نەتەوەیمان پارێزراو دەبێت ئەو ئابووریی و ئاسایشەی لەسایەیدا خەڵكی خۆشگوزەران و بەخۆشی دەژین، حكومەتێكی بەهێز و ئابوورییەكی گەشەكردوو بەپلەی یەكەم تێیدا هاوڵاتیانی هەژارو كەم دەرامەت سوودمەند دەبن لێی، چونكە هەلێكی گەورەی كار بۆ جوتیاران و پیشەسازیكاران گەنجان دابین دەكات و رێژەی هەژاریی و بێكاریی زۆر كەم دەبێتەوەو داهاتی ناوخۆیی زیاد دەكات.
Top