لەمڕۆوە رێگە بە هاوردەكردنی گەنم و جۆ دەدرێت
August 9, 2017
راپۆرتەکان
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئیمزای لەسەر نووسراوێكی فەرمی كردووەو ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵی پارێزگاكان كردووەو كۆپییەكیشی ناردووە بۆ هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتیيە گشتیییەكانی بازرگانی و گومرگ و ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵ، تێیدا بڕیاری داوە رێگە بدرێت بە هاوردە كردنی گەنم و جۆ بۆ ناو هەرێمی كوردستان بەپێی ئەم مەرجانەی خوارەوە:
1- هاوردنی گەنمی ئارد رێگەی پێدەدرێت بۆ ئاشەکان بە پێی توانای ئاشەکان بە پشتگیريی فەرمانگەی پەیوەندیدار لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و رەزامەندی وەزارەتمان .
2- هاوردنی گەنم بۆ (بازار و ئالیک )بێجگە لە بنەتۆو کە لە خاڵی( 5) لە خوارەوە مەرجەکانی دیاری کراوە لە رێکەوتی سەرەوە تا 1-11-2017 رێگەی پێدەدرێت بەم شێوەی خوارەوە:
أ- هاوردنی گەنم بۆ بازار لە لایەن کۆمپانیای کشتوکاڵی دەبێت بە پشتگیری و رێگە پێدانی ب.گ. کشتوکاڵی پارێزگا بەو مەرجەی تەنیا بە پێ ی پێویستی پارێزگاکە بێت .
ب- هاوردنی گەنم بۆ ئالیک بە پشتگیريی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کشتوکاڵی پارێزگا و بە رێگە پێدان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری دەبێت بۆ خاوەن پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و خاوەن کارگەکان .
3- هاوردنی گەنمی ساوار بۆ خاوەن کارگەکانی ساوار رێگە پێدراو دەبێت بە پشتگیريی فەرمانگەی پەیوەندیدار لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و رەزامەندی وەزارەتمان .
4 -هاوردنی جۆ بە ساغی بۆ ئالیک رێگەی پێدەدرێت بە پێی پێویستيی پارێزگاکان بە پشتگیريی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگا و بە رێگە پێدانی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری .
5- رێگەدان بە گەنم و جۆی بنەتۆ تەنیا بە مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتمان دەبێت کە بە نووسراو ئاگادارتان دەکەینەوە .
6- بە رەچاوکردنی خاڵی (2) لە سەرەوە ساڵانە ماوەی هاوردەکردن لە رێکەوتی 1-5 تا کۆتایی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە لە سایلۆکان دەوەستێنرێت.