لە ڤینیسیای ئیتالیا، كۆبوونەوەیەك دەربارەی پەرەپێدانی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان و عێراق

لە ڤینیسیای ئیتالیا، كۆبوونەوەیەك دەربارەی پەرەپێدانی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان و عێراق
گوڵان- بەهادین جەلال

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە سەرۆكایەتی شاندێك لە شاری فینسیای ئیتالیا بەشداریی كۆبوونەوەیەكی كرد لەسەر ئاستێكی باڵا دەربارەی پەرەپێدانی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە ئامادەبوونی محەمەدەمین فارس بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاو و نوێنەرانی نووسینگەی حكومەتی هەرێم لە ئیتالیا، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا هەر یەك لە دكتۆر سادق جەواد راوێژكاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراقی فیدرال و دكتۆر ئەندریاس راوێژكار لە رێكخراوی یۆنسكو و ژمارەیەك كۆمپانیای ئیتالی پسپۆر لەم بوارەدا بەشداربوون، سەرەتای كۆبوونەوەكە بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وتەیەك دەستی پێكرد، تێیدا باسی لە بارودۆخی ئاو بە شێوەیەكی گشتی و ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەكی تایبەتی كرد، هاوكات ئاماژەی بە كێشەی ئاو كرد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەتیش بە درووستكردنی بەنداوو گرتنەوەی ئاو كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی دەبێت بۆ سەر كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ و گەشتوگوزار، جەختی لەوەش كردەوە كە ئاوی هاوبەش مافێكی رەوای گەلانی دراوسێیە بەپێی هەموو یاسای مرۆیی و عورفی نێودەوڵەتی، هەر لە وتەكەیدا داوای لە رێكخراوی یۆنسكۆو یەكێتیی ئەوروپا و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد رۆڵیان هەبێت لە رێككەوتنی نێوان وڵاتانی دەوروبەر یاخود پرۆتۆكۆلێك لەنێوان ئەو وڵاتانە واژۆبكرێت، یۆنسكۆش هەوڵبدات لە هەرێمی كوردستان هەندێك پڕۆژەی پۆندو ئاودێری بەگوێرەی ئەو بوودجەیەی كە دەتوانێت دابین بكات، بە تایبەتیش كە لەئێستادا نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەو پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو پێویستیان بە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكە. لەو كۆبوونەوەيەدا كە دوو رۆژ دەخایەنێت گفتوگۆ دەربارەی ئاییندەی سەرچاوەكانی ئاو بەشێوەیەكی گشتی و پەرەپێدانی ئاوی ژێرزەوی بەشێوەیەكی تایبەتی وچۆنییەتی دانانی پلان وسیاسەتی ئاوی ژێرزەوی دەكرێت، هاوكات باس لەو هەڕەشانەش دەكرێت كە لەسەرئاوی ژێرزەوی هەن، بەتایبەتی بەهۆی گۆڕینی كەش وهەوا ......هتد .
كۆبوونەوەكە بەتێرو تەسەلی باسی لەپلانی داهاتوو و سیاسەتی ئاو كرد بەجۆرێك كە ئاسایشی ئاو بۆ ناوچەكە دابین بكرێت، هەروەها قۆناغی داهاتووی پڕۆژەی پەرەپێدانی ئاوی ژێرزەوی كە لەلایەن رێكخراوی یۆنسكو بەهاوبەشیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال و چەند كۆمپانیایەكی پسپۆر بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت .
قۆناغی یەكەم : (640) هەزار دۆلار بوو لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە بۆ پرۆژەكە دابین كرا .
قوناغی دووەم : ( 51) ملیۆن دۆلار لەسەر بوودجەی یەكێتیی ئەوروپاوە بۆی دابین كرا .
وەك حكومەتی هەرێم وحكومەتی فیدرال بەستافی فەرمانگەكان وپێداویستی دیكە لە پرۆژەكە بەشداربوون
بڕیار وایە كە قۆناغی دووەمی پرۆژەكە لە مانگی ئوكتوبەری ئەمساڵدا كۆتایی بێت .
لەسەر بوودجەی پرۆژەكە ژمارەیەك خول بۆ فەرمانبەرانی ئاوی ژێرزەوی لەحكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال ئەنجامدران، كە ژمارەی بەشداربووان (160) فەرمانبەر بوو ئەوەی كە جێگای باسە لە قۆناغی دووەمی پرۆژەكە نزیكەی نیوەی پڕۆژەكە بۆ هەرێمی كوردستان بووە، هەروەها پرۆژەیەكی دیكەی ئاوی ژێرزەوی كە بوودجەكەی زیاتر لە یەك ملیون دۆلارە لە لایەن رێكخراوی یۆنسكۆ و حكومەتی هەرێم لەسەر بوودجەی ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری جێبەجێ دەكرێت و تەنیا بۆ هەرێمی كوردستانە .
Top