وەزیری كشتوكاڵ: لە زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان گەیشتووینەتە خوددابینكاری

وەزیری كشتوكاڵ: لە زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان گەیشتووینەتە خوددابینكاری
گوڵان/بەهادین جەلال
بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە وەزارەت دوو ئەركی لەسەرشانە، یەكەمیان دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و گەیشتن بە خوددابینكاری كە بنەمای سەرەكیی حوكمڕانی و سەربەخۆبوونە، دووەمیانیش دابینكردنی ئاسایشی ئاوە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەگەریدا كە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و نوێنەرانی كەناڵەكانی راگەیاندن سازی كرد، بە تێروتەسەلی رۆشنایی خستە سەر چالاكییەكانی وەزارەت لە ساڵی 2016 و بەراووردێكیشی لەگەڵ دوو ساڵی رابردوودا كرد، سەرەتا سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەم لە 2014 ەوە بۆ ساڵی 2016 ئاماژەی بە چەند داتاو ژمارەیەك دا لەوانە: گەنم لە ساڵی 2014 ئاستی بەرهەم 844585 تەن بووە و لە ساڵی 2016 بۆ 1686784 تەن زیادی كردووە، گۆشتی مریشك 69568 تەن بووە بۆ 99738 زیادی كردووە، هێلكەی خواردن لە 48200 تەنەوە بۆ 15400 تەن كەمی كردووە هۆكارەكەیشی بوونی ئەنفلەوەنزای باڵندە بوو لە 2015 كە زۆربەی پەلەوەڕ لەناوبرا، هەروەها حكومەتی عێراق رێگری كردووە لە چوونی بەرهەمی هەرێم بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، هاوكات ئاماژەی بە ژمارەی دیكە دا لە سەوزەو میوەو بەرهەمی ئاژەڵ كە زیادیان كردووە لەوانە پەتاتەو پیازو تەماتەو شیرو ترێ گۆشتی ماسی و هەنگوین، بەگشتی بڕی زیادی بەهم بەم شێوەیە بووە: گەنم: 842199 تەن، گۆشت: 38225 تەن، سەوزە: 194907 تەن، میوە: 3392 تەن، شیر: 33872 تەن، هەنگوین 52,6 تەن، هەر لە میانی كۆنفرانسەكەدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لە پڕۆژەكانی ئاودێری كردو رایگەیاند كە لە ئێستادا خاوەنی17 بەنداوین و 6 یان لەم كابینەیەدا تەواوكراون، هەروەها خاوەنی 91 پۆندین كە پێشتر 71 بووە و 20 پۆند لەو ماوەیە درووستكراون، ئاماژەشی بەوە كرد كە لەلایەن بەڕێزان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی رەزامەندییان داوە كە بڕی 11ملیۆن دۆلار بۆ تەواوكردنی 8 بەنداو كە لە قۆناغی كۆتاییدان خەرج بكرێت، دەربارەی رێكەوتننامەكان روونی كردەوە كە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی كشتوكاڵی كۆماری بیلاڕووسیاو وەزارەتی كشتوكاڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران رێكەوتننامەی لێكگەیشتن واژۆكراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی كشتوكاڵیی هەمەجۆر، ئەمە وێڕای ئەنجامدانی پڕۆژەی كشتوكاڵی لەگەڵ رێكخراویGIZ ی ئەڵمانی بە بەهای 3900000 دۆلار و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ 2994 ئاوارەو هاووڵاتی، سەبارەت بە دارستانیش ئاماژەی بەوە كرد كە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان 1604987 نەمامی بەردار و بۆ سەوزكردن دابینكراوە، هاوكات باسی لە بەرنامەی وەزارەت كرد بۆ ئەم ساڵ كە گرنگترینیان تەسویەو تەملیكی زەویی كشتوكاڵییە لەگەڵ چارەسەركردنی زێدەڕۆیی و پاڵپشتیكردنی پرۆسەی دامەزراندنی كۆمپانیاكانی كشتوكاڵی و بەردەوامبوون لە جێبەجێكردنی پرۆسەی پاراستنی بەرهمی خۆماڵی, ئەمەو چەندین بابەتی دیكەی وەك دیداری هاووڵاتیان و بەستنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی راوێژكاری و هاوكاریكردنی ماددی هاووڵاتیانی هەژارو جووتیارانی لێهاتوو لەم كۆنفرانسدا خرایە ڕوو، لە كۆتایشدا پەیامنێرو نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن پرسیاری پەیوەست بە كۆی سێكتەری كشتوكاڵیان ئاراستەی وەزیر كردو بە شێوەیەكی شەفافانەو روون وەڵام درانەوە.
Top