پڕۆژەی جمكە بۆ وەبەرهێنانی سامانی ئاژەڵ

پڕۆژەی جمكە بۆ وەبەرهێنانی سامانی ئاژەڵ
گوڵان/بەهادین جەلال
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە یاوەریی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و پزیشكانی ڤێتێرنەری سەردانی پڕۆژەی كێڵگەی جمكەی بۆ وەبەرهێنانی سامانی ئاژەڵی كرد، لەم سەردانەدا یەكە یەكە هۆڵەكانی حەواندنەوەو بەخێوكردنی ئاژەڵەكانی گۆلك و گامێش و جوانەگای بەسەركردەوە، خاوەنی پڕۆژەكە نزار سەعدون پوختەیەكی پڕۆژەكەی بۆ وەزیرو میوانان باسكرد و لەلای خۆشییەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تێبینییەكانی خۆی خستەڕوو، دەستخۆشیشی لە خاوەنی پڕۆژەكە كردو هیوای خواست كە بتوانێت خزمەت بە سامانی ئاژەڵ بكات، بە تایبەتیش لە رووی كوالیتی و نرخەكانەوە پێداویستی بازاڕ پڕبكاتەوە و ئاماژەشی بەوە كرد كە وەزارەت شانبەشانی بایەخدان بە كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گرنگییەكی بەرچاویش بە سامانی ئاژەڵ دەدات و هانی كەرتی تایبەت دەدات كە لەم بوارەدا وەبەرهێنان بكەن و لە رووی ئابوورییەوە خزمەت بە هاووڵاتیان بكەن، شایانی باسە پڕۆژەی كێڵگەی جمكە بۆ وەبەرەهێنانی سامانی ئاژەڵی لەسەر رووبەری 14 دۆنم زەوی دامەزراوەو 22 هۆڵی حەواندنەوەی ئاژەڵ لەخۆدەگرێت و لەئێستاشدا 8000 گۆلك و گامێش و جوانەگای رۆمانی و بەرازیلی تێدایە، هەروەك نزار سەعدونی خاوەنی پڕۆژەكە روونی كردەوە گۆشتفرۆشان رووی تێدەكەن و رۆژانە نزیكەی 50 سەر دەفرۆشێت و بە نرخی 4 هەزار دینار بۆ هەر كیلۆیەك، لەرووی تەندرووستیشەوە هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ پزیشكانی ڤێتێرنەری و سامانی ئاژەڵی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاودا هەیە.
Top