دووەمین فیستیڤاڵی هەنار بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی پارێزگای هەڵەبجە كرايەوە
October 17, 2016
راپۆرتەکان
بە چاودێریی بەڕێز عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوو ئامادەبوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگاری هەڵەبجەو قایمقامی ناوەند و شاندێكی یاوەریی وەزیرو بەرپرسانی ئیداری و كشتوكاڵی و جەماوەرێكی زۆری ناوچەكە، دووەمین فیستیڤاڵی هەنار بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكە كرایەوە. لە میانی رێوڕەسمی فیستیڤاڵەكەدا ئەنجومەنی ناوبراو خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وەك رێزلێنان و لەبەرچاوگرتنی رۆڵی كاریگەرو ئەرێنی وەزیر لە پشتیوانی كردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاوڕدانەوە لە جووتیاران و پێشخستنی كشتوكاڵ لە دەڤەرەكەدا، دواتر لە وتەیەكدا عەبدولستار مەجید سوپاسی ئەنجومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجەی كرد بۆ ئەم رێزلێنانە و سازكردنی ئەم فیستیڤاڵە و هیوای خواست كە بەرهەمەكان لە رووی چەندێتی و جۆرییەوە بە بەراورد لەگەڵ پار زیادەی بەخۆیەوە بینیبێت، دواتر باسی لە رەوشی كشتوكاڵ لە هەرێم بەگشتی و ئەم پارێزگارە بە تایبەتی كردو جەختی لەوە كردەوە كە هەموو لایەك قەرزاری ئەو پارێزگایەین و هەرچی پێمان بكرێت پێویستە درێغی ناكەین و لەمەشدا روونی كردەوە كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانرێت هەموو پێداویستییەكی هەڵەبجە بەجێ بگەیەنین، بەڵام بە هەوڵ و توانای وەزارەت ئەوەی پێمان بكرێ ئەنجامی دەدەین، ئاماژەشی بە پرۆسەی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كردو پشتگیریی وەزارەتی بۆ بەرهەمەكانی جووتیاران دووپاتكردەوە بە تایبەتیش دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیدا، لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا روونی كردەوە كە دوای ئەوەی كشتوكاڵی هەڵەبجە لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بوو بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاو بە هەیكەلی ئیداری و دەسەڵاتی تازە بۆ ئەو فەرمانگەیە دەخشێنرێتەوە تا زیاتر بتوانێت خزمەت بە جووتیارانی پارێزگاكە بكات، هەروەها لەمیانی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی رێكخراوەكان و پارێزگاری هەڵەبجە وتاريان خوێندەوە، دواتر بە یاوەریی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و میوانان فیستیڤاڵەكەی كرايەوەو بەنێو بەرهەمە نمایشكراوەكاندا گەڕان و راستەوخۆ لەگەڵ جەماوەری ئامادەبوو دوان و دەستخۆشییان لە هەموو لایەك كرد بۆ سازكردنی ئەم نمایشە كە مەبەست لەم فیستیڤاڵە بەرھەمە خۆماڵییەکانی پارێزگای ھەڵەبجە بوو لەسەر ئاستی ناوخۆی و جیھانی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لەناوچەکەدا، شايانی باسە ئەو بەرھەمە کشتوکاڵییانەی ئەمساڵ نمایش كران بریتی بوون لە (ھەنار ، گوێز ، زەیتون ، ترێ ، شێلم ، سەوزە ، هەنجیر ، مێوژ ، خەیار ، تەماتە ، دەنکە ھەنار)، بەرھەمە خواردەمەنیەکانیش بریتی بوون لە : (شەربەتی مێوژ ، شەربەتی ھەنار ، ھێلکەی خۆماڵی ، تەڕەساز ، ساوەر ، قەرەخەرمان ، دۆینە ، یاپراخ ، ڕووبەھەنار، ھەنگوین ، شیرەمەنی)، هەروەها چەندین کاری دەستیش لە ڤێستیڤاڵەکەدا نمایش كران کە بريتی بوون لە: (کڵاش ، شاڵ ، ڕستن و چنین ، تابلۆ ، فۆتۆ ، سیرامیک)، ، هەر لەمیانی سەردانەكەی بۆ هەڵەبجە سەردانی بەڕێز عەلی عوسمان پارێزگاری كردو دەربارەی رەوشی كشتوكاڵ و چۆنێتیی چارەسەركردنی كێشەو داواكارییەكان گفتوگۆیان كرد، هەروەها باخی 5 هەزار زەیتوون و كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور و باخی جووتیارێكی لێهاتووی بەسەركردەوە.