وەزارەتی بازرگانی عێراق برنجی ئێکسپایەر بۆ كوردستان دەنێرێ
October 8, 2016
راپۆرتەکان
عادل نووری، گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" داوا لە كۆگاكان و كوالێتی كۆنترۆڵ و دەزگا پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەو برنجەی لە بەسراوە وەك بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان دێت، بەهیچ جۆرێك وەرینەگرن".
گوتیشی "برنجەكە خراپبووە و بەهیچ جۆرێك بەكەڵكی خواردن نایەت، بۆیه وهزیری بارزگانی عێراق بەمهستی لێكۆڵینهوه بانگی پهرلهمان دهكهین، چونكه له بهدواداچوونهكانمان بۆمان دهركهوتووه ئهم وهزارهته چهنده گهندهڵە."
وەك عادل نووری باسیدەكات، ئەو برنجە لە هیندستانەوە هاوردەكراوە و لە بەندەری ئومقەسر لە فاو دابەزێنراوە. ناوبراو زانیاری زۆرتری ئاشكراكرد و گوتی "ئاگاداركراینەوە لەوەی كەشتییەك برنجی خراپبووە، بۆیە لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق دوای چوونیان بۆیان دەركەوت بابەتەكە راستە و، تەنیا لە یەك كۆگای كەشتییەكەدا 5 هەزار و نزیكەی 7 تۆن برنج تێكچووە و بەسەرچووە. تەنانەت لە دووری چەند مەترێك لە كەشتییەكە هەست بە بۆنی برنجە تێكچووەكە كراوه."
گوتەبێژی لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق گوتی:" ئەم كەشتییە 41 هەزار تۆن برنجی هێناوە، پێچەوانەی رێوشوێنەكانی پێشوو، بۆ شاردنەوەی كێشەكە، برنجەكە نەبراوەتە كۆگای سەرەكی و دواتر بهسهر شارهكان دابهش بكرێت، بەڵكو هەر لە كەشتییەكە داگیراوە و رەوانەی شارەكان كراوە".
عادل نووری هۆشداری دا لەوەی برنجەكە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە و گوتی "2 هەزار و 700 تۆن برنجە خراپبووەكە بۆ پارێزگاری سلێمانی و 2 هەزار و 600 تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆك نێردراوە كە نزیكەی 300 تۆنی گەیشتووەتە پارێزگای دهۆك".
گوتەبێژی لیژنەی دەستپاكی داوای لە كۆگاكان و دەزگا پەیوەندارەكانی هەرێمی کوردستان كرد برنجەكە بههیچ جۆرێك وهرنهگرن و لهسهر خۆیانی نهكهنه ماڵ تاوەكو نەچێتە كوالێتی كۆنترۆڵ، چونكە برنجەكە خراپبووە و بەهیچ جۆرێك بەكەڵكی خواردن نایەت.
رووداو