كەمكردنەوەی وەرگرتنی بڕە گەنمی جووتیارانی كوردستان و دانانی خاڵی گومركی عوزێم مەرامی سیاسی لەپشتە
September 29, 2016
راپۆرتەکان
خاڵی گومركی لە عوزێم پێشێلكاریی دەستوورییە و دانانی سنوورە لەنێوان كوردستان و عێراقدا
حكومەتی بەغدا ماوەی سێ ساڵە شایستە داراییەكانی گەنمی جووتیارانی نەناردووە، تەنانەت دەستی كردووە بەكەمكردنەوەی رێژەی 30%ی بڕە گەنمی جووتیارانی هەرێم، لەكاتێكدا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تەواو بووە، ئەم هەڵوێستەشی وەكو سزایەكی سیاسی وایە لەدژی هەرێم و جووتیارانی كوردستان، هەروەكو چۆن ماوەیەك بەبیانووی ئەنفلۆنزای باڵندەوە گەمارۆ لەسەر بەروبوومی كێڵگەكانی پەلەوەر دانا. لەلایەكی دیكەوە بەغدا لەپێشێلكارییەكی نوێی دەستووریدا خاڵێكی گومركی لەعوزێم لەنێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق داناوە، مەبەست لێی زیانگەیاندنە بەداهاتی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بازرگان و بیزنسكارانی هەرێم و گۆڕینی رێڕەوی بازرگانی، لەكاتێكدا خاڵی سنووری گومركیی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق باوەڕپێكراوەو كارێكی نایاساییشە ئەگەر دووجار گومرك لەكاڵاو كەلوپەلە بازرگانیەكان وەربگیرێت. ئەم كارو كردەوانەی بەغدا نابێت تەنیا وەك ئەوە سەیر بكرێت كەتەنیا سەرپێچییە دژ بە مافی جووتیاران و بازرگانان، بەڵكو پێوەندی بەئایندەی خۆبژێوی و ئابووری هەرێمێكەوە هەیە كە چەند ساڵێكە مالیكی و دەست و تاقمەكەی بەهاوشێوەی رژێمی بەعس كار بۆ خنكاندنی ئابووری هەرێم و زیانگەیاندن بە بودجەو مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم دەكەن.
پیلان و مەرامەكانی بەغدا بۆ زیانگەیاندن بەكەرتی كشتوكاڵ و ئاستەنگ دانان بۆ گواستنەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی و پەلەوەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستاندا دەتوانێت رۆڵی پێشەنگ بگێڕێت لەپێشخستنی ئابووری نەتەوەیی و دۆزینەوەی هەلی كار، بوونی 1.5 ملیۆن هێكتار زەوی ئاودێری و ژینگەو كەشوهەواو بەرزبوونەوەی بەرهەمی گەنم و زۆر لەبەروبوومەكانی تر رێگەخۆشكەرە بۆ جۆراوجۆركردنی بەرهەمی كشتوكاڵ و باشكردنی كوالێتی. لەسەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا پێش ئەوەی حكومەتی عێراق هەڵمەتی وێرانكردنی گوندەكان و داخستنی كۆلێژی كشتوكاڵ دەست پێ بكات؛ كشتوكاڵ سەرچاوەی سەرەكی بووە بۆ بژێوی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی هەرێم، ئەمڕۆش ئاستەنگدانان بۆ كڕینی گەنمی جووتیاران و رێگرتن بۆ بەبازاڕكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی و پەلەوەری كوردستان لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زیانێكی گەورە بەسیاسەتی بە بازاڕكردنی كشتوكاڵی كوردستان دەگەیەنێت.
حكومەتی بەغدا سیاسەتێكی ناڕەواو دوژمنكارانە
بەرامبەر جووتیارانی كوردستان پەیڕەو دەكات
دكتۆر ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێیوایە حكومەتی بەغدا سیاسەتێكی ناڕەواو دوژمنكارانە بەرامبەر جووتیارانی كوردستان پەیڕەو دەكات؛ لەمبارەیەوە لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی: «سیاسەتی دوژمنكارانەی عێراق بەرامبەر كەرتی كشتوكاڵی كوردستان مێژوویەكی كۆن و بەردەوامی هەیە، ئەوەتا ئەمساڵ هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی كە بەدژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان ناسراون، باسی ئەوەیان كردووە گوایە جووتیارانی كوردستان گەنمی دەرەوەیان هێناوە، هەربۆیە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق جگە لەكارە رۆتینی و ئاستەنگەكانی هات بەدوو قۆناغ كڕینی گەنمی جووتیارانی كوردستانی بەرێژەی لە 30% كەم كردەوە، واتا تەنیا رێگە بە 880 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەسایلۆكان دراوە. لەكاتێكدا عێراق پێویستی بە 7 ملیۆن تۆن گەنم هەیە كە 5 تۆنی تەنیا بۆ بەرنامەی كۆبۆنی خۆراكە، لە هەموو پارێزگاكانی عێراقیش 2 ملیۆن تۆن گەنمیان هەبووەو جیاوازییەكەی دەبێت لەدەرەوە بهێنن. وەرگرتنی گەنم و خەرجییەكانی و تەواوی پرۆسەكە خراوەتە چوارچێوەی بودجەی سیادییەوە، كەچی ئەوان بەبێ هیچ پاساو و وەڵامێك بڕیاری لەناكاو دژ بەجووتیارانی كوردستان دەردەكەن، بگرە خەرجی لە 2%ی بەڕێوەبردنی پرۆسەكەو رێژەیەكی تری لە 2%ی بڕینی موستەحەقاتی جووتیاران بۆ پاڵپشتی تۆوی باوەڕپێكراو كە بڕاوە لەجووتیارانی هەرێم كە لە2013 ـەوە 22 ملیار دینار دەكات، هەمووی تەسلیمی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كراوەو بۆ جووتیارانی خۆیان خەرجیان كردووە، لەكاتێكدا دەبووایە ئەو پارەیە بدرێتەوە جووتیارانی كوردستان، چونكە لە گیرفانی ئەوان وەرگیراوە.»
وەرگرتنی سەرانەو رفاندنی شوفێری لۆرییە بارهەڵگرەكان لەلایەن چەكدارانی حەشدی شیعییەوە
سەبارەت بەدانانی گەمارۆ و ئاستەنگ لەسەر بەرهەمی كەرتی پەلەوەری هەرێم بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لەوەزارەتی كشتوكاڵ وتی: «باشترین بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی پەلەوەری هەرێم بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، چونكە لەهەندێك وەرزی ساڵ بەرهەمەكانمان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، یا بۆ پاڵپشتی نرخ ئەو بازاڕانە بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانمان زۆر پێویستن، ئەوان لەبەغدا سەرباری دانانی گومرك بۆ كەمكردنەوەی ناردنی بەروبوومەكانی كوردستان، دەیان بازگەی چەكداری حەشدی شیعییان داناوەو سەرانەو پارە لە جووتیاران و خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر وەردەگرن، تەنانەت ئازارو سووكایەتی بە شوفێری لۆرییە بارهەڵگرەكانیشەوە دەكرێت، بگرە ماوەیەك لەمەوبەر بەبیانووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە رێگایان نەدا ئاژەڵ و بەرهەمی پەلەوەری كوردستان بچێتە ناوچەكانی خۆیان، لەكاتێكدا ئەم حاڵەتە لەیەكێك لەكێڵگەكانی دهۆك هەبوو هەر زوو سنووردارو كۆنتڕۆڵ كرا، ئێستاكە ئەو قەدەغەكردنە نەماوە، بەڵام وەرگرتنی سەرانەو باج و رفاندن و ئاستەنگدانان لەبەردەم هاتوچۆی لۆرییە بارهەڵگرەكانی كوردستان هەرماوە، بوونی ئەو هەموو چەكدارەی حەشدی شیعی لەسەر ڕێگای نێوان هەرێم و بەغدا دۆخەكەی مەترسیدارترو ئاڵۆزتر كردووە، تەنانەت وایكردووە نرخی ئەو بەروبوومە لەبازاڕەكانی عێراق بەرز بێتەوەو كڕیاری كەم بێت، چونكە بەهۆی مەترسییەكانی گروپە چەكدارەكان و سەرانە وەرگرتنەوە خەرجی و تێچوونی گواستنەوەی زیادی چووەتە سەر، لەلایەكی دیكەوە ئەركی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئاودێری و دابینكردنی بنەتۆو دەرمان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە حكومەتی عێراق بەناوچەكانی 140ی ناوی دەبات، دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، كەچی ئەوان خۆیان لەم بەرپرسیارێتییە دەدزنەوە، لەم رووەوە ئێمە لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بەپێی توانای دارایی بەردەست یارمەتی هاووڵاتییانی خۆمان دەدەین و هەر لەلێدانی بیرو دابینكردنی دەرمان و چەندین كاری دیكەی وەكو كارئاسانی و هاوكاریی جووتیارانمان لەئەستۆ گرتووە.»
دانانی خاڵی گومركی عوزێم بۆ رێگری لەجموجوڵی بازرگانییە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا
سەبارەت بەدانانی خاڵی گومركی عوزێم لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، كە جگە لەوەی سەرپێچییەكی دەستوورییە زیان بەداهات و بازرگان و بزنسكارانی كوردستانیش دەگەیەنێت، عەزیز ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی وتی: «گەرچی لەنێوان هەردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق و كوردستان كۆنووسی لێكگەیشتنمان لەنێواندا هەیە، بەڵام تا ئێستا نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنانەت ئەوان بەپێچەوانەی دەستووری عێراقەوە هاتوون خاڵی گومرگیان لە عوزێم داناوە، لەكاتێكدا خاڵی گومركی واتا دانانی سنوورو بەربەست لەبەردەم جموجوڵی بازرگانی، ئەو بازرگانییەی عێراق كە لە 70%ی ئەو ئاڵوگۆڕییە بەخاكی كوردستاندا دەڕوات، ناكرێت لەیەك كاتدا لەیەك كاڵاو شمەكێك دووجار گومرك وەرگیرێت، خاڵە سنوورییەكانی (ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان) ناوچەی سنووریی فەرمین و لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق باوەڕپێكراون، نەك تەنیا دەبێت رێگری لەبەردەم ئەو كاڵاو كەلوپەلانە دانەنرێت كە لەو خاڵە سنوورییانەوە دێتە ناو خاكی وڵاتەوە، بەڵكو دەبێت لەرووی ئەمنیشەوە پارێزگاری لێ بكرێت، بەڵام ئەوان تەنیا بەدانانی ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم تێپەڕبوونی كاڵاو كەلوپەلە بازرگانییەكان نەوەستاون، بەڵكو ئەوان هاتوون لەڕێگەی گروپە چەكدارەكانی شیعەوە چەندین بازگەیان داناوەو زۆربەی جار ئازارو زیانیان بە شوفێرانی ئەو لۆرییە بارهەڵگرانە گەیاندووە كە كەلوپەلیان لەناوچەكانی كوردستانەوە گواستۆتەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.»
جگە لەبڕینی بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێم
بەغدا دژایەتی كەرتی كشتوكاڵی كوردستانیش دەكات
سەبارەت بەشایستە داراییەكانی كڕینی گەنمی جووتیاران بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتی: «كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەموو عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە بڕگەیەكی یاسایی ناو یاسای بودجەی عێراقە، تەنانەت لە بەشە بودجەی تایبەت بەهەرێمی كوردستان لەدەقی دەستوورەكەدا دیاری كراوە. كەواتە حكومەتی عێراق دەبێت پابەندی پێدانی موستەحەقاتی كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی عێراق و كوردستانیش بێت، كە جێگای نیگەرانی و نائومێدییەكی زۆرە وا بۆ ساڵی سێیەم دەچێت حكومەتی مەركەزی قەرزاری جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، لەكاتێكدا بەشێكی زۆر گەنمی جووتیارانی عێراق ماوە ئەم موستەحەقاتە وەرنەگرن. ئێستا حكومەتی عێراق 620 ملیار دۆلاری موستەحەقاتی 2014 و 2015ی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی نەداوە، ئەمساڵیش بۆ ساڵی 2016 بڕی 875 هەزار تەن گەنم لەهەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان لە جووتیاران وەرگیراوە. ئەمە پیلانە و مەرامی سیاسی خۆی لەپشتی هەیە، ئەوان دەزانن حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمەڵێك چاكسازییەوە دەیەوێت لەقەیرانی دارایی دەربازی بێت یەكێك لەهەوڵەكانی لەرێگەی كەرتی كشتوكاڵەوەیە هەربۆیە ئەوان دژایەتی ئەم كەرتەی كوردستانیش دەكەن ئەمە كێشەیەكی گەورەی بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دروست كردووەو بووەتە بەربەست لەبەردەم پێشكەوتنی كەرتی كشتوكاڵ، ئەگەر هاتوو ئەو پارەیە بدرایە، بەدڵنیاییەوە ئاستی بەرهەمی گەنمی كوردستان یەك ملیۆن تەنی تێدەپەڕاند.»
هەر سەبارەت بەدژایەتیكردن و كەموكورتییەكانی ناوەند بەرامبەر هەرێم ئێستا گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەبەرامبەر بەشە خۆراكی هاووڵاتیانیش هەیە. لەم رووەوە ئیبراهیم عەزیز عەبدۆ وتی: «هەرچەندە لە ئێستادا بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لەچوار ماددەی سەرەكی (ئارد- شەكر – زەیت – برنج ) بچووك كراوەتەوە، هەر خۆراكێكیش دابەش نەكرێت، حكومەتی مەركەزی بەپارە قەرەبووی هاووڵاتییان دەداتەوە، وێڕای تێبینیەكانمان لەسەر كەموكورتییەكانی ئەم بەرنامەیە لەجۆرو كوالێتی مەوادەكان و نەگەیشتنیان لەكات و ساتی خۆی و بەپچڕ پچڕ ناردنیان و دواكەوتنی قەرەبووكردنەوەی ماددەكان بەپارە؛ ئەوان نەهاتوون سوود لەتەواوی گەنمی جووتیارانی كوردستان وەربگرن، بەڵكو بەپارەیەكی زۆر گەنم لەدەرەوەی وڵات دەهێنن.»
ئێمە ئاو بۆ كەرتی كشتوكاڵی عێراق بەردەدەینەوە
كەچی ئەوان دژایەتی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی كوردستان دەكەن
لەبەرامبەر ئەم پێشێلكاری و دژایەتییانەی زۆر لەو پەرلەمانتارو وەزیرو بەرپرسانەی عەرەب بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامی دەدەن، سەرۆكی عێراق كە لەپشكی كوردەو پەرلەمانتارەكان بەپێی پێویست نەیانتوانیوە لەهەوڵی گەڕانەوەی مافەكانی جووتیاران بن، بگرە زۆرجار پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو كەسانەیە كە دەستیان لەبڕینی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستاندا هەبووە، مالیكی و دەست و تاقمەكەی لەپەرلەمان و حكومەت بەردەوامن لەسەر ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانە، وەنەبێت هەرێمی كوردستانیش خاڵی بەهێزی نەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلكارییانە، بەتایبەتی كە لەئێستادا لەسەر دەستی پێشمەرگەو خوێنی شەهیدان توانراوە تەواوی خاكی هەرێم ئازاد بكرێت و كوردستان سەروەریی خۆی هەبێت، لەرووی كشتوكاڵیشەوە وەرەقەی فشارمان لەسەر بەغدا لەدەستدایە بەوەی بەردانەوەی ئاو لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان لەدەستی كورددایە. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی كشتوكاڵ وتی: «تا ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەپێی داخوازی بەغدا بێ داواكاری و بەرامبەر ئاوی لەهەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان بەرداوەتەوە، بەڵام لەمەودوا داواكاریمان دەبێت بەتایبەتی لەهەردوو بەنداوی دەربەندیخان و دوكان كە بە بەنداوی سیادی و ستراتیژی دادەنرێن و زۆری بەردانەوەی ئاوەكە بۆ ناوچە كشتوكاڵییەكانی ئەوانە، ناكرێت هەموو خەرجی سیانەو چاككردن و پەرەپێدان و پاككردنەوەی بەنداوەكان لەسەر بودجەو حیسابی هەرێمی كوردستان بێت و ئەوان هیچ بودجەو پارەیەك نەنێرن، لەكاتێكدا بەنداوەكانی خۆیان لەسەر بودجەی سیادی هەموو عێراق بودجەو خەرجی بۆ دادەنرێت، تەنانەت مووچەی پۆلیس و پاسەوانیش لەسەر ئەو بودجە سیادییەیە، لەكاتێكدا ئێمە ئاو بۆ كەرتی كشتوكاڵی عێراق بەردەدەینەوە، كەچی ئەوان گومرك و ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ دادەنێن.»