كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟ هۆگر شاڵی

كەرتی كارەبای  هەرێمی كوردستان  بەرەو كوێ؟  هۆگر شاڵی
بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندی و كەوتنەوەی قەیرانی دارایی و هاتنی بەلێشاوی ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار ئاوارە بارگرانییەكی لە رادەبەدەری خستۆتەسەر تۆڕ و وێستگەكانی كارەبا، بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین كە هاووڵاتیان زۆر پێویستیان بە وزەی كارەبا هەیە.

ئەم دۆخە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی ئەركی گەیاندنی كارەبا بۆ پارێزگای كەركووك و قەزا و ناحیەكانی دەشتی نەینەوا و تەواوی ئەو ناوچانەی كە لە سەر دەستی پێشمەرگە ئازادكراون. لە كاتێكدا وەزارەتی كارەبا بە هۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی پێویستی لە بەردەستدا نییە و زۆربەی پرۆژەكانی راوەستاوە كە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كارەبا زۆر پێویستن، هاوكات هەڵمەتی سیانەی وەرزی تۆڕ و وێستگەكانی كارەباشمان راوەستاوە. گرفتێكی تری وەزارەت هەڵكشانی كتوبڕ و خێرای ژمارەی هاوبەشانی كارەبایە بۆ ملیۆنێك و360 هەزار و 277 هاوبەش، لەم وەرزەشدا بەرزبوونەوەی پێوانەیی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانی كارەبا بۆ سەرووی 4000 مێگاوات كارەبای لێكەوتۆتەوە، كە بە هۆیەوە جگە لە ماندووبوون و تێكچوونی وێستگە و محاویلە و تۆڕەكان كوژانەوەی گشتی لە سیستەم و بچڕانی كارەباشی لێكەوتۆتەوە، من پێم خۆش بوو كە گۆڤاری گوڵان ئەم پرسیارەی ئاراستە كردم: كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟

لەگەڵ بوونی ئەم هەموو گرفت و بارگرانی و هەوڵانەی وەزارەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و جێبەجێكردنی چەند بەرنامەیەكی چاكسازی و كەمكردنەوەی خەرجی بەگەڕخستنی یەكەكانی بەغاز لەبری گازوایل، هەڵەیە بڵێین بەم بێ بودجەییە گرفت و كێشەكانی كارەبا بەم نزیكانە چارەسەر دەكرێت. ئەوەتا توانای بەرهەمهێنانی 5000 مێگاوات كارەبامان هەیە كە زیاد لە پێویستی خۆمانە، بەڵام قەیرانی دارایی و كەمی توانای كڕینی گازوایل و راوەستانی پرۆسەی پەرەپێدان و سیانەی وەرزی نەتوانراوە ئەو بڕە كارەبایە بەرهەم بهێندرێت، یا بە شێوەیەكی رێكوپێك بگەیەندرێتە وێستگەكانی كارەبا و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا، لەلایەكی دیكەوە چیتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە توانایدا نابێت پاڵپشتی نرخی راستەقینەی كارەبا بە رێژەی لە 75%تێچوونەكەی بكات، لە بەرامبەریشدا نرخی وەرگرتنی كارەبا بە هۆی قەیرانی دارایی و پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە رۆژ لە دوای رۆژ داهاتەكانی وەزارەت رووی لە كەمی كردووە. لە بەرامبەر ئەم دۆخە دژوار و ئاڵۆزە وەنەبێت وەزارەتی كارەبا تێڕوانینی بۆ داهاتووی كارەبا نەبێت بۆ ئەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا روو لە زیادبوون بكات. ئێمە لە دوای راگەیاندنی بەرنامە چاكسازییەكەوە بە هەوڵ و كۆششی وەزارەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران توانیمان یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگە غازییەكان بە شێوەیەكی ئابوورییانە بەگەڕبخەین كە تێچووەكەی زۆر كەمترە، بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەكان بە سەرۆكایەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە سەر ئاستی هەر دوو وەزارەتی كارەبا و ناوخۆ لێژنەیەكی باڵای بڕینی سەرپێچییەكان پێكهێنرا و رێگەمان نەدا دزی لە سامانی گشتی بكرێت و لێژنەكانمان لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان كاراتر بوون، بەڵام هێشتا گرفتی زۆرمان لە بەردەمدایە لە پێناو بەڕێوەبردنێكی زانستییانە و بە سیستەمكردنی هەردوو كەرتی دابەشكردنی كارەبا و گواستنەوە بە هاوكاری راوێژكارانی بانكی نێودەوڵەتی و بە توانای ستاف و شارەزایانی وەزارەت ئامادەكاری جددی دەكرێت بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەیەك بۆ ئەوەی لە سەرەتادا كەرتی دابەشكردنی كارەبا بدرێتە كەرتی تایبەت، دەمانەوێت بە شێوەیەكی زانستییانە و سەردەمییانە و بە رەچاوكردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت و گەشەی وڵات ئەم سێكتەرە رادەستی ژمارەیەك لە كۆمپانیای كەرتی تایبەت بكەین، بەداخەوە زۆرجار لە كەناڵەكانی راگەیاندن شرۆڤەی هەڵە بۆ ئەم هەنگاوەی وەزارەت دەكرێت كە هێشتا لە قۆناغی دیراسەتدایە و نەچۆتە قۆناغی پرۆژە، لە كاتێكدا ئەم هەنگاوە تا دەگاتە ئامانجی خۆی، پرۆسەیەكی درێژخایەنە، مەبەست لەئامانجەكەی بەرزكردنەوەی ئەدای ئەم كەرتە خزمەتگوزارییە و كەمبوونەوەی ئەو خەرجییە گەورەیەی سەرشانی حكومەتە، چونكە تا رادەیەكی باش چارەسەری بەفیڕۆدانی وزەی ونبوو دەكات و پێشبینیش دەكرێت كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد بكات.

كۆنتڕۆڵكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەباو زامنكردنی وەرگرتنی نرخی كارەبا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و رێكوپێك، تاكە رێگەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم سامانە گرنگە و گەیاندنێتی بۆ هاووڵاتیان بە شێوەیەكی رێكوپێك و بەردەوام. ئەم بۆچوونە لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتووەوە سەلمێندراوە، بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش خۆمان لە كۆمپانیای بچووك و لاواز دەپارێزین و سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەردەگرین كە توانیویانە لە گرفتی كارەبا دەربازیان بێت، دەبێت كۆمپانیای بەهێز و خاوەن ئەزموون بن، تەنانەت چارەنووسی هەموو ئەو كارمەند و فەرمانبەرانەی كە ساڵانێكە دەیان قوربانی گیانی و برینداری و ماندووبوونیان داوە، بە هەند وەردەگیرێت، بگرە لە بەرنامەدایە لە قۆناغی یەكەمدا هەموو ئەو پاڵپشتییە هەڵناگیرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی نرخی كارەبا بە هاووڵاتیان دەیدات. گەیشتن بە قۆناغی بەدامەزراوەییكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئاستەمیش نییە و بە چارەسەری سەركەوتووی دەبینین بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و زیادبوونی ماوەكانی كارەبا.
* بریكاری وەزارەتی كارەبا
Top