ئاگرەکەی بای حەسەن کۆنترۆڵکرایەوە

ئاگرەکەی بای حەسەن کۆنترۆڵکرایەوە
ئەو ئاگرەی بەهۆی خۆتەقاندنەوەی چەکدارێکی داعش لە کۆمپانیای نەوتی بای حەسەن کەوتبووەوە، کۆنترۆڵکراوەتەوە و هەناردەکردنی نەوت لە دوو وێستگەوە دەستیپێکردووەتەوە.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک رایگەیاند " رۆژی سێشەممە 3-8-2016 ئاگرەکەی کۆمپانیای نەوتی بای حەسەن بەیەکجاری کۆنترۆڵکرایەوە و ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو کێڵگەیە سەرحەد قادر گوتی:" تاوەکو ئێستا هەناردەکردنی نەوت لەو وێستگەیەی تەقینەوە خۆکوژییەکە تێیدا روویدا دەستی پێنەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێبکاتەوە، بەڵام لە دوو وێستەگەکەی دیکەدا نەوت هەناردە دەکرێت".

رۆژی یەكشەممە 31-7-2016 لە گوندی بای حەسەن شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و داعش روویدا‌ و سێ‌ خۆكوژ خۆیان تەقاندەوە، بەوهۆیەوە هەناردەی نەوت لەو گێڵگە نەوتییە راگیرا.

بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی بای حەسەن ‌و هاڤانای شاری كەركووك لەرێگای هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێن.

کێڵگەی نەوتی بای حەسەن

- دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کەرکووک
- 50 کیلۆمەتر لە سەنتەری کەرکووک دوورە
- 1959 یەکەمجار نەوتی تێدا بەرهەمهاتووە
- توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 170 هەزار بەرمیلە
- 196 بیری نەوتی تێدایە
- لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبردرێت
- لە سێ‌ وێستگەی سەرەکی پێکهاتووە
- بڕێکی زۆری گازی سرووشتی هەیە
-نەوتی کێڵگەکە جۆرێکی باشە
- تەممووزی 2014 کەوتەدەست هەرێمی کوردستان



rudaw
Top