ئابوورییەكانی زانیاری .. چۆن زانكۆ دەبێتـە سەرچـــاوەیەكی گەشەپێـــدان؟
July 2, 2011
راپۆرتەکان
لەم ڕوانگەوە لەمیانەی خوێندنەوەی چەند ئەزموونێكی گرنگی وڵاتانی جیهان ئاماژە بەم ڕاستییە دەكەن، نەك تەنها لە جیهانی پێشكەوتووی وەك ئەمریكا و ئەوروپای ڕۆژئاوا و یەكێتی ئەوروپا وژاپۆن و چین، بەڵكو لە جیهانی سێیەمیش كە بریتییە لە كیشوەرەكانی ئاسیاو ئەفریقیا و ئەمریكای لاتین بەتایبەتی وڵاتانی وەك (كۆریای باشور، مالیزیا، سەنگافورە، پاكستان، هیندستان، میسر، باشوری ئەفریقیا، بەرزیل، ئەرجەنتین، ڤەنزوێلا، توركیا).
لە خوێندنەوەی ڕەوڕەوەی زانستی (خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پەروەردە) لەم وڵاتانەدا ئاماژە بە پێشكەوتنێكی مۆدێڕنی هاوچەرخ دەكرێت، لەسەر پێوەرە ئەكادیمییە پێشكەوتووەكانی جیهان، ئەگەرچی زۆربەیان سەرچاوەی ئابووری بەهێزیان نەبووە بۆ نموونە وەك(نەوت وكانزاكان)، بەڵام توانیان لە ماوەیەكی بەرچاو و لە قۆناغە مێژووییە گرنگەكان و بە بوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز بگەنە ئاستێكی بەرز لە ئابووری زانیاری و توانیان زانكۆ و پەیمانگاو سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستیان بكەنە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ گەشەپێدان، ئەویش بەبوونی عەقلییەتێكی سەرمایەداری و بەرهەمهێنانی و هەماهەنگییەكی پتەو لەنێوان ئەم دامەزراوانە تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی كەوا كۆمپیانیاكان نوسینگەیان هەیە لە زانكۆكان و زانكۆكان سەنتەری توێژینەوەیان هەیە لە كۆمپانیاكان. لە ئەنجامدا كۆمەڵگایەكی مەعریفی هاتە كایەوە و بووە بنەمایەك بۆ ئابووری مەعریفیەو، داهاتی ئابووری و بەشەری لەخزمەتی یەكتر دابوون. بێ گومان ئەم ئەزموونانەش لەسەر بنەمای داتاو زانیاری توێژینەوەی زانستی بوون.
ئەم خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كردن تەوەری سەرەكی خولێكی خوێندن و مەشق پێ كردن بوو لە ماوەی (6-19/6/2011) بەسەرپەرشتی (بانكی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدان و ئابووری) دەربارەی ستراتیژییەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە عێراق. ئەم خولە لە وڵاتانی كۆریای باشور و مالیزیا ئەنجام درا بە بەشداری كردنی (30)پسپۆری زانستی عێراق و كوردستان لە بوارەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەمەبەستی ئاشنابوون بە ئەزموونی پێشكەوتنی ئەم دوو وڵاتە، جگە لە سەنگافورە و پاكستان لە بواری ئابوورییەكانی زانیاری و چۆنییەتی كاركردن بۆ ئەوەی زانكۆكان ببنە سەرچاوەی گەشەپێدان، ە لە دواییدا سوود وەربگیرێت بۆ دەوڵەمەند كردنی ستراتیژییەتی نیشتیمانی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
ئەوەی تێبینی كرا لەم ئەزموونانە، بوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز و ویست و پێداویستی كۆمەڵایەتی و ئابووری و فراونی بنكەكانی زانیاری و شەفافییەت و بوونی داتاو زانیاری و تەنانەت وەزارەتێكی تایبەت بە ئابووری زانیاری بوو، جگە لە وەزارەتەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا و زانستی و تەكنەلۆژیا. لەم وڵاتانەدا كێشەی نەبوونی توانای وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی ئامادەیی لە زانكۆكان بوونی نییە و بەهەمان شێوەش كێشەی بێكاری بۆ ئەوانەی لە زانكۆكان دەردەچن نییە، جگە لەمەش پرۆگرامی فێربوونی بەردەوامیان هەیە بەدرێژیی ژیانیان. دامەزراوەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پاڵپشتی تەواوی لێ دەكرێت لەلایەن حكومەت و كەرتی تایبەت، واتا بەشداری كۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووری هەیە لەم بوارەدا.
لە ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە، گەر سەیرێكی واقعی ئابووری زانیاری لە هەرێمی كوردستان بكەین بەوەی كە چۆن دەبێت زانكۆكان بكەینە سەرچاوەیەكی گرنگی گەشەپێدان، ئەوا دەبینین زەمینەو ژینگەیەكی ڕێگاخۆشكەر هەیە لەم بوارەدا، میكانیزمی سەرەكی خۆی دەبینێتەوە لە پێداچوونەوە و گۆڕانی یاساو ڕێساكان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای شەفافییەت و سەربەخۆیی ئەم دەزگایانە و داڕشتنی سیاسەتی تەندروست بۆیان، بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی گەشەپێدان و بڕیاری تەندروست لە ڕۆشنایی داتا و زانیاری و پێداویستییەكانی بازاڕی كار و بەردەوامی پاڵپشتی دارایی حكومی و گەڕان بە دوای سەرچاوەی تری دارایی بەتایبەتی لە بواری توێژینەوەی زانستی. لە هەمان كاتدا ڕەچاوكردنی دڵنیایی جۆری و خوێندنەوەی سیاسەتی خەرج كردن لەم بوارە و ئەنجامەكانی.
هەموو ئەم تەوەرانە شایانی باس و گفتوگۆ بوون لە كۆبوونەوەكان و ئاماژە بە هەنگاوەكانی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا كرا، بەتایبەتی سیستەمی تازەی پەروەردە و دیدی تازەی دیموكراسی مۆدێرن بۆ سیستەمێكی هاوچەرخ بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕۆشنایی پڕۆژەیاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆیەكی دیموكراسییانەدا. بەم شێوەیە دەتوانین لە هەرێمی كوردستان ببینە خاوەن ستراتیژیەتێكی تایبەت بە پەروەردەو خوێندنی باڵا و كێشەكانی وەرگرتن لە زانكۆكان كاركردن لە بازاری كار دوور لە سیاسەتی دامەزراندن (توڤیف) بەڵكو بەشێوەی كاری ئابووری بەرهەمهێنەر كاربكرێت. لە ئەنجام دا شەراكەتێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری تەواو هەبێت لە نێوان كۆمەڵگاو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵاو كەرتەكانی ئابووری، بە ڕەچاوكردنی بوونی نەوت و سامانە سروشتییەكان لە كوردستان دا.
*بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی-هەرێمی كوردستان