ئابووری بازاڕ بێ بەشــداری خـەڵك هیچ واتایەك ناگەیەنێت

ئابووری بازاڕ بێ بەشــداری خـەڵك هیچ واتایەك ناگەیەنێت
چۆن میكانیزمێك بدۆزرێتەوە خەڵك لە پرۆسەی ئابووری بازاڕ بەشدار بێت بەهەمووان كار بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی باری بژێوی هاووڵاتییان؟ ئاساییە حكومەت دان بە بوونی كەموكوڕی بنێت و پاساو بۆ ئەو گرفت و كێشانە نەهێنێتەوە كە تاكو ئێستا چارەسەری تەواوەتی بۆ نەدۆزیوەتەوە، پێویست ناكات ئۆپۆزسیۆن لەكاتی داننان بەو كەموكوڕییانە وا بزانێت هەنگوینی لە كونە داردا دۆزێبێتەوەو ئەجیندای سیاسی خۆی تێكەڵ بە خواستی جەماوەر بكات، تاوەكو بەمەبەست و مەرامی سیاسی كەمینەیەك پرۆسەی ئابووری زیاتر تێك نەچێت و لەبری ئەوەی چارەسەر بۆ گرفت و كێشەكانی هاووڵاتییان بدۆزینەوەو خواستی جەماوەر بهێنرێتە دی و هەموو ئەو ئاستەنگانە هەڵگیرێت كە ڕێگرە لەبەردەم گەیشتن بە ئابووری بازاڕ و بەرزكردنەوەی داهاتی تاكەكەسی، بەپێچەوانەوە هەرێمی كوردستان بخرێتە دۆخێكی نەویستراو و پڕ لە پشێوی كە لەدۆخی وادا چارەسەر دوورەو ڕەنگە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.


تاچ ڕاددەیەك كەرتی تایبەت
بوون و پێگەی لەئابووری هەرێمی كوردستان دا هەیە؟
كەرتی تایبەت وەكو بەشێكی گرنگ لە ئابووری بازاڕ باش بەڕێوەبردن و ئاراستەكردنی نیشانەی سەركەوتنی حوكمڕانیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو كەرتە بۆتە بار بەسەر حكومەتەوە و نەتوانراوە لە ڕێگەی ئەم كەرتەوە پەرەپێدانی ئابووری بنیاد بنرێت، تەنانەت خودی كەرتی تایبەت نەیتوانیوە زۆرترین هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان دابین بكات، كەرتێكی بێ زەمانەتەو بەدەست كۆمەڵێك گرفت و كێشەوە گیرۆدەیە. وەبەرهێنانیش كە ئومێدێك بوو بۆ ئەوەی بیزنسكار و سەرمایەداری بیانی و نیوخۆیی ئاراستەی ئەو كەرتانە بكات كە ئابووری هەرێمەكەی لەسەر دادەمەزرێت و كۆمەڵگەی كوردستانی لە كۆمەڵگەیەكی بەكارهێنەر و بەكاربەرەوە دەگەیەنێتە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن و بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی و بەرهەمهێنان دەبوژێنێتەوە، كەچی زۆرترین سەرمایەدار و بیزنسكارەكانی ڕاپێچی كەرتێكی عەقارات و بازرگانی و كەمالیات كرد، زۆرترین پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون نەیتوانی چارەسەری بنەڕەتی كێشەی نیشتەجێبوون بكات، ئەمە دیوێكی كەمی ئەو شكستەیە كە كەرتی تایبەت تێی كەوتووەو بازرگان و وەبەرهێنەر و بیزنسكارانیش خەتاكە بۆ حكومەت دەگەڕێننەوە كە نەیتوانیوە بە بەرنامەو پلانی ئابووری بازاڕ بگەیەنێتە دۆخێك كە لانی كەم بنەماكانی سەركەوتنی (ئابووری بازاڕ)ی تێدا بنیاد بنرێت، بەڵكو ئابوورییەكی تێكەڵاو و پڕ لە پشێوی دروست بووەو كەس نازانێت فەلسەفەو سیاسەتی ئابوورییەكەی لەكوێیە؟ لەم دۆخە ناهەموارەدا سیستەمی لێپێچینەوەو چاودێری لاوازە، ئەگینا بۆچی لە هەرێمێكداو بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو نەتوانرا ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیا سەرپێچیكار و گەندەڵەكان و خاوەنەكانیان بخرێنە لیستی ڕەشەوە، كاتێك دەڵێین لیستی ڕەش مەبەست وەكو شەخس و سەرۆكی كۆمپانیاكەشە، لیستی ڕەش وەك ئەوە وایە مۆڵەتی شۆفێری لە گەندەڵكار و سەرپێچیكارەكان بسەنرێتەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، ناكرێت لەكاتی سەرپێچیكردنی شوفێرێك و بوونی مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان تەنیا ساڵانەی ئوتۆمبێلەكە دەستی بەسەردا بگیرێت و مۆڵەتی شۆفێریشی لێوەرنەگیرێتەوە، ئەمەی لە هەرێمی كوردستان ڕوو دەدات پێدانی ئازادییەكی ڕەهایە و بێ لێپرسینەوەیە، هەر بۆیە دۆخێكی وا دروست بووە كەسانێك باس لە گەندەڵی دەكەن كە خۆیان دەست و ڕۆڵیان لە گەندەڵی هەبووەو پێویست بوو هەر زوو موسائەلە بكرانایە.

بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە پێویست بە میكانیزمێك دەكات تاوەكو بگەڕێینەوە سەر ڕێگەی ڕاست و دروستی ئابووری بازاڕ، نەك ئابوورییەكی بێسەروبەرو دامەزرانی كۆمپانیای وا كە لەسەروو دەسەڵاتی یاساوە بێت و دەزگاكانی چاودێری نەتوانن ئەو كۆمپانیانە بخەنە لیستی ڕەشەوە. ئەوەتا زەوییەكی زۆری موساتەحە دراوە ئێستاكە بۆ مەبەستی تر بەكار دەهێنرێت و پێویستی بەگەڕانەوەو لێپرسینەوەش هەیە، تەشەنەكردنی گەندەڵی لە ئابوورییەكدا كە تێیدا نەریتی گەندەڵی زاڵە بەسەر ڕۆشنبیری دژە گەندەڵی، زەحمەتە بتوانرێت بێ میكانیزمێك و تەنیا بە هەڵدانی دروشم و بەكارهێنانی كەموكوڕییەكان بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی چارەسەری دۆخە نەشیاوەكە بكرێت، ئەگینا ناكرێت هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دوور لە هۆڵەكانی پەرلەمان و دۆزینەوەی میكانیزم بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و ڕێكخستنی ئابووری و بازاڕ باس لە چارەسەر بكەن، لە دۆخێكی پڕ لە پشێوی و ناسەقامگیردا مومكین نییە پڕۆژەكان سەركەوتن بەدەستبهێنرێت، بەڵكو دۆخێكی وا دروست بووە كەوا دەردەكەوێت هەندێك لایەنی سیاسی بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە بیانەوێت كێشەكان چارەسەر نەبن و گوێ لەبەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت نەگرن و وەكو ماددەیەكی ئیعلامی بەكاریان بهێنن، دواكاری خەڵك و بەرژەوەندی خەڵك زۆر جیاوازە لە مەرام و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و لایەنی ئۆپۆزسیۆن كە خاوەنی خیتابێكی تووندو گرژەو هەموو مەبەستی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی حزبی و سیاسییە لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری هەرێمەكەدا، هاوكات حكومەتیش نەیتوانیوە لە ئاست خواست و ویستەكانی خەڵكیدا بێت بەتایبەت چین و توێژە كەم دەرامەتەكە، لەم دۆخەدا كەرتی تایبەت و بازرگان و پیشەسازیكارانیش كە توێژێكی گرنگی كۆمەڵگەن و ڕۆڵیان لە بەڕێوەچوونی ئابووری بازاڕ دەبێت، قسەو گلەیی و داخوازی خۆیان هەیە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان گوێیان لێ بگرێت، ناكرێت نوێنەرانی 80 هەزار توێژی بازرگان و پیشەسازیكار پرس و ڕایان پێ نەكرێت..


بازاڕی كوردستان بەچی یاساو سیستەمێك بەڕێوەدەچێت
سەبارەت بە بارودۆخەكەی بازاڕ و گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم گەیشتن بە ئابووری بازاڕ و بوونی گەندەڵی و سەرپێچی لە بازاڕی كوردستان، بەڕێز دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وتی: تاكو ئێستا سیستەمی ئابووری مەركەزی باڵی بەسەر ئابووری و بازاڕەكانی كوردستان كێشاوە، ڕاستە لەزۆر لایەنەوە هەنگاو نراوەو بووینەتە خاوەنی سەدان كۆمپانیاو تاڕاددەیەكی باش ئاڵووێری بازرگانی ئازاد كراوە، بەڵام یاساكانی بواری سۆشیالیستی كە پێشتر زۆربەیان هەموار كرابوون تاوەكو خزمەتی پرۆسەی پێشكەوتنی ئابووری و بەگەڕخستنی كەرتی تایبەت بكەن، بەڵام بەپێی پێویست نەبوو. گەرچی من پێموایە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی باڵای هەیە بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەو خزمەتگوزاری و زیادبوونی هاوردەكردن و بەگەڕخستنی ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتییان لەم كەرتە، ئەو واقیعەمان بۆ دەخاتە ڕوو كە كەرتەكە بەوشێوەیە نییە كە زۆرجار باس دەكرێت، تەنانەت هەوڵدان بۆ باشتركردنی تواناو ئیمكاناتەكان بەردەوامە، بەڵام گرفتی كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان بۆ نەبوونی كۆمەڵێك فاكتەر دەگەڕێتەوە كە ئەركی حكومەتە دابینیان بكات. نەبوونی كوالێتی كۆنترۆڵ گرفتی حكومەتە نەك كەرتی تایبەت، كە وایكردووە كەسانێكی هەڵپەرست بەناوی بازرگانی و بیزنسكارەوە زیان بەئابووری هەرێم و هاووڵاتییان بگەیەنن. ئومێدەوارین كەرتی تایبەت ڕۆڵی ئەكتیڤانەی خۆی وەرگرێت و خزمەتی هاووڵاتییان و نیشتمانەكە بكەن، ئەوە ئەركی حكومەتی هەرێمە كۆمەڵێك یاسا هەیە كە واپێویست دەكات هەموار بكرێنەوە تاوەكو لەگەڵ سیستەمەكەدا بگونجێت، تاكو ئێستا یاساكانی كە كاری پێ دەكرێت، یاسا كۆنەكانە و بێ موراجەعەو گۆڕین ماوەتەوە، ئابووری بازاڕ یاساو ڕێنمایی خۆی هەیەو پێویستی بەچاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامە، هەر بۆیە من پێموانییە هەموو گرفت و كێشەكان بكەوێتە سەر شان و ئەستۆی كەرتی تایبەت. تەنانەت كەمبوونەوەی كاڵاو كەلوپەلی خراپ و ئێكسپایەر بۆ باشبوونی داهاتی تاكەكەسی و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە كە دۆحێكی وای دروستكردووە كەرەستەو ئامێری باش بازاڕی زیاتر بێت و بازرگانەكان كەمتر پەنا بۆهێنانی كەرەستەی خراپ و ماركەی نزم بەرن.

لە وەڵامی پرسیارێكماندا كە ئایا چۆن بتوانین دیاردەی گەندەڵی و بێسەروبەری بازاڕەكان كەم بكەینەوە؟ بەڕێز سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم وتی: كەمتەرخەمی بۆ بازرگان و بەڵێندەر و پیشەسازیكاران ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ئەو تەندەر و كارانە دەگەڕێتەوە كە ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی تەندەراتی بۆ بكرێت و دوور لە ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی چاودێری داراییەوە ڕاستەوخۆ دەدرێت بەكەسانێك كە زۆرجار خاوەنی نفوز و دەسەڵاتێكی زیاترە لەو وەزارەتە یا بەڕێوەبەرایەتییەی تەندەرەكە دەدات، سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەپێویستی بوونی شەفافییەت كرد، كە بەداخەوە لە هەندێك ئیدارەكان ئەم شەفافییەتە كەمە. دژایەتیكردنی قۆرخكاری و كەمكردنەوەی ڕۆتین پێویستی بە هەمواركردنی یاساكانی كوردستان هەیە، پێویستە یاساو ڕێنمایی زەبتی بازرگان و بیزنسكار و سەرمایەدار بكات، تۆ بڕوا دەكەیت جاری واهەیە كاری ئیداریی دوو ساڵی پێچووە لە ئیدارەی حكومەتی هەرێم، ڕۆتین و بیرۆكراتییەتێكی تووند هەیە، زۆرجار بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەك چووین پڕۆژەكە تەواو بووە كەچی ئیشوكارەكان هێشتا تەواو نەبووە. ئێمە خاوەنی زیاتر لە 80 هەزار ئەندامین، ئەم ژمارەیەش قورسایی ڕێكخستنی نییە، بەڵكو بەپێی سیستەمێكی بازاڕ و هاوكێشەی خواست و خستنەڕوو یاسا بەڕێوەدەچن، ئەوەی جێی داخی ئێمەیە پرس نەكردنی پەرلەمان و حكومەتە لە دانانی زۆر یاسا و ڕێنمایی كە یاساكانی سۆشیالیستی و مەركەزییەت بەشێوەیەكی زۆر فراوان لەم هەرێمەدا جێبەجێ دەكرێت، لەپەرلەمانی كوردستان یاسایەكی زۆر هەیە كاری بۆ نەكراوە وەكو یاساكانی كار و بیمەی كۆمەڵایەتی و نەبوونی متمانەو زەمانەتە بەكەرتی تایبەت، هەربۆیە ئەم كەرتە دواكەوتووە، چونكە زەمانەتی دواڕۆژی تێدا نییە، من نازانم بۆ هەموو هەڵەكان دەبرێنەوە سەر كەرتی تایبەت! بابپرسین: گەر كەرتی تایبەت یاساو ڕێنمایی باش و پێشكەوتووی بۆ دانرێت تاوەكو كرێكار و كارمەندەكانیان زەمانەتی كاركردن و دواڕۆژیان هەبێت، بۆچی هاووڵاتییەك ڕوو دەكاتە كەرتی حكومەت و بە مووچەیەكی كەمتر لە مووچەی ئەهلی كار دەكات؟ یان بۆچی زۆرجار گلەیی ئەوە دەكرێت كە بیزنسكارەكانمان ڕوو لەبازرگانی و كەرتی عەقارات دەكەن؟ پێم سەیرە گەر تۆ بیزنسكار بیت و بتەوێت كارگەیەك دامەزرێنیت كە قازانجەكەی دوور مەودایە ئایا كرێكاری هونەری و بەتوانامان هەیە یا حكومەت تاچەند پاڵپشتی دارایی و قەرزی درێژخایەن و پێدانی كارەبا بەنرخێكی هەرزان پێشكەش دەكات، لە هەمووی گرنگتر نەبوونی ڕۆشنبیری ئابووری كە وا دەكات خەڵكی ماركەی بیانییان لا گرنگتر بێت ئەمانە هەمووی گرفت و كێشەن و ڕێگرن بەرەو بەپیشەسازیكردن.

پڕۆژە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێم كاری جددی و دڵسۆزانەی دەوێت و كاتی ئەوە هاتووە پەرلەمان و حكومەت ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت و دەست بەو پرۆسەیە بكرێت، پێویستیشە لایەنە پێوەندارەكانی ئابووری پرسێكی زیاتر بە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكات كە نوێنەرایەتی توێژ و چینێكی فراوانن، لەم پەرلەمانی ئەمجارە یەك ئەندام پەرلەمان نەهاتووە سەردانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان بكات تاوەكو پرسێكمان پێ بكرێت لە داڕشتنەوەی یاسایەكدا.
نەبوونی بازاڕی دارایی ڕێگری سەرەكی بووە لەبەردەم گەورە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان كە ڕوو لە پشكداریی نەكەن و زۆرترین هاووڵاتی بەتایبەتی لە چینی ناوەڕاست بەشداری پرۆسەی ئابووری نەكەن، ئەم واقیعە تازەیەی دەركەوتنی كۆمپانیا پشكدارەكان لە ناوچەكەدا مێژوویەكی دووری نییە، ئەوەتا بۆرسەی لوبنان كە تەنیا 9 كۆمپانیا لە بۆرسەكەدا كار دەكەن، لە ئەمریكاش تەنیا 48 كۆمپانیا بوونی سەرەكی و بەهێزیان لە داوجونس هەیە لەكاتێكدا لە بەریتانیا كە مێژووی دەركەوتنی كۆمپانیا پشكدارەكان زۆر كۆنترە تەنیا 100 كۆمپانیا كار لەمبوارەدا دەكەن، بەڕێوەچوونی بازاڕی پشكەكان ڕاناوەستێتە سەر زۆری كۆمپانیاكان، بەڵكو لەسەر بنەمای بەهێزی و دەوڵەمەندی و گەورەیی كۆمپانیاكان بنیاد دەنرێت. ئەم بازاڕەش پێویستی بەبوونی كەرتێكی تایبەتی بەهێزەوە هەیە.


كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستاندا ئەدایان لاوازە
دكتۆر نەرمین مەعروف شارەزا لەبواری پەرەپێدانی ئابووری سەبارەت بە هۆكاری لاوازی كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستان بۆ هەردوو لایەنی سەرمایەداری كورد و حكومەتیش بردەوە. سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێكماندا بەوەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بۆچی بوونەتە بارگرانی بەسەر حكومەتەوەو ئابوورییان دووچاری گەندەڵی و پشێوی و هەڵاوسان كردووە، تەنانەت زۆر جار شكستیان بە پڕۆژەو كاری گەورە هێناوە؟ بەڕێزی ڕایەكی پێچەوانەی هەبوو پێیوابوو: ئێمە ناتوانین پێیان بڵێین بارگرانی، بەڵكو كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستاندا ئەدایان لاوازە، كاتێك پێیان دەوترێت بارگرانی ئەگەر حكومەت پاڵپشتیان بكات بە لێخۆشبوونی باج و پاڵپشتی دارایی، بەڵام بەگشتی كەرتی تایبەت ئەدای لاوازە، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك فاكتەری سەرەكی دەگەڕێتەوە سەرەتا كۆمەڵگەی ئێمە بەسیستەمی ئابووری بازاڕدا تێنەپەڕیوەو ڕۆڵی پێوەندی نێوان دەسەڵات و حكومەت لەلایەك و ئابووری و بازاڕو كۆمپانیاكان لە لایەك ئەزموونێكی تازەیە، تاكو ئێستاش لەم ئابوورییەدا زۆربەی جومگە سەرەكییەكانی لەلایەن حكومەتەوە دەبرێت بەڕێوە، ئەمەش ئیزدواجییەتی كاركردنە بەكەرتی تایبەت و گشتی، هاوكات فەلسەفەی ئابووری كۆمەڵگەی ئێمە ئەگەر چی لە دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 باس لەوە دەكرێت كە گۆڕاوە بەرەو ئابووری بازاڕ و كەرتی تایبەت، بەڵام لە واقیعدا فەلسەفەی ئابووری بازاڕ ئەوەندەی لە دروشمەوە نزیكە لە واقیعەوە دوورە، چونكە هەموو خەسڵەتەكانی بەڕێوەچوونی ئابووری و بەگەڕخستنی دەستی كار لە كەرتی گشتی دایە نەك كەرتی تایبەت واتا حكومەت قورسایی خۆی هەیە لەپرۆسەی ئابووری و ئەمەش زیانی بە بودجەی حكومەت گەیاندووە كە زۆرترین بودجە بۆ مووچەو بەكارخستن تەرخانكراوە.

سەبارەت بە لاوازی و كۆنی یاساكان لەم وڵاتەدا كە دەبوو پەرلەمانی كوردستان بە هەموو ئەندامەكانیانەوە كاریان بۆ نوێكردنەوەی یاساكان بكردایە نەك سەرقاڵبوونیان بە موزایەدەو كێشمەو كێشی سیاسییەوە، دكتۆر نەرمین مەعروف وتی: كۆمەڵێك یاساو ڕێسا هەیە كە ڕێكخەری كەرتی تایبەتەو سنوورێك لەنێوان كەرتی گشتی و تایبەت دادەنێت، كە لە هەرێمی كوردستان ئەم یاساو ڕێسایانە بوونیان نییە، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە دەقە كۆنەكەیە كە سیستەمی ئابووری گشتییەو هێشتا چاكسازی تێدا نەكراوە وەكو ڕێكخستنەوەی یاساكانی كار و كاركردنی كۆمپانیاكان و یاساكانی كێبركێ و دژایەتیكردنی قۆرخكاری، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی لاوازبوونی كەرتی تایبەت لەكۆمەڵگەی كوردستاندا.

یەكێك لە ئامراز و فاكتەرەكان بۆ بەهێزبوونی ئەدای كۆمپانیاكان و بەشداریكردنی زۆرترین هاووڵاتی لە پرۆسەی ئابووری، بوونی كۆمپانیاكانی پشكدارە، بەداخەوە تاكو ئێستا لە هەرێمدا كۆمپانیاكان تاكە كەسی و خێزان و گروپێكن لەسەر بنەمای پشك دانەمەزراوە، لەمانەش هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە كار نەكراوە بۆ هۆشیاركردن و ڕۆشنبیری كۆمەڵگە لە بواری ئابووری، تاوەكو لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دارایی و فرۆشتنی پشكەكان ئەو هاووڵاتییانەی پاشەكەوتێكی كەمیان هەیە بەشداری لەو پشكانەدا بكەن، بۆیە كاركردن لەسەر ئەم تەوەرەیەو هاندانی دامەزرانی ئەو جۆرە كۆمپانیانە لە ڕوانگەی ڕاگەیاندنەوە كاریگەری باشی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو ناڕێكییەی كە لە بازاڕ دا هەیە.


بوونی كێبركێ دۆخێكی وا دەخاتەوە كۆمپانیاكان ڕوو لە فرۆشتنەوەی پشكەكان بكەن
سەبارەت بەبەشداریكردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی ئابووری بەتایبەت لە ڕێگەی بەشداریكردنیان بە پشك لە گەورە كۆمپانیاكانی هەرێم دكتۆر جەودەت جەعفەر خەتاب پسپۆر و شارەزا لەبواری دارایی و بانكی وتی: لەپرۆسەی دیموكراتیدا كە ئابووری بازاڕ پەیڕەو دەكرێت كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی سەرەكی و گرنگی لەم پرۆسەیەدا هەیە، كۆمپانیاكانیش ئەو هاوكێشە سەرەكی و گرنگەن كە بەهۆیەوە حكومەت ڕاستەوخۆ كاری ئابووری ناكات، بەڵكو زیاتر لێپێچینەوەو چاودێری و سەرپەرشتی كارەكان دەكات، ئێستاكە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەورە كۆمپانیاكان لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ئەم كۆمپانیانە خاوەندارێتی بۆ كەسێك یا خێزانێك یا چەند كەسێك دەگەڕێتەوە، واتا بەشێوەی گەورە كۆمپانیاكانی وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا نییە كە لەڕێگەی بازاڕی بۆرسەوە زۆرترین پشكیان فرۆشتووەو زۆرترین هاووڵاتییان لەو پرۆسەیە بەشدارن، ئێمە ناكرێت بە زۆرەملێ فشار بخەینە سەر ئەو كۆمپانیانە تاوەكو لە بازاڕی بۆرسەدا پشكەكانیان بفرۆشنەوەو هاووڵاتییان بەشداری بكەن، كۆمەڵێك میكانیزم هەیە كە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بنرێت بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان زۆرترین خاوەنی لە هاووڵاتییان لە ڕێگەی كڕینەوەی پشكەوە هەبێت، لەوانە دەرچوونی چەند یاسایەكی گرنگ و دروستكردنی ڕۆحی كێبركێ و هاندانی هاووڵاتییان بۆ كڕینەوەو فرۆشتنەوەی پشكەكان. لە بۆرسەكاندا چەندین كۆمپانیا بەشداری كڕین و فرۆشتنی كاغەزە داراییەكان و پشك دەكەن، لێرەدا پێویستە لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەی كڕین و فرۆشتنەوەی پشك هانی گەورە كۆمپانیاكانی وەكو كۆمپانیای كۆڕەك و ئاسیاو ماس گڵۆباڵی كارەبایی و كۆمپانیاكانی چیمەنتۆو ئاسن و ئۆتۆمبێل بدرێت كە بەشداری لە فرۆشتنەوەی پشك بكەن، چونكە لەلایەك ئیمكاناتی ئەو كۆمپانیانە بەرزەو لە لایەكی تر تاڕاددەیەكی باش ناونیشانێكی باشیان هەیەو هاووڵاتی جۆرە متمانەیەكی هەیە كە زیانیان كەمە. بەشداری هاووڵاتییان لە پشكەكانی گەورە كۆمپانیاكانی كوردستان و بوونی كێبڕكێ و دەرچوونی كۆمەڵێك یاسای پێوەندار دۆخێكی وا دەخاتەوە كە قۆرخكاری لە بازاڕدا كەم دەبێتەوە. بوونی كێبركێ كە دۆخێكی ئاسایی و سروشتییە لەناو جموجوڵ و چالاكی بازاڕ و ئابووری وا لە گەورە كۆمپانیاكان دەكات بۆ بەدەستهێنانی سیولەو توانای هونەری و بەشەری پێویستیان بەداهاتێكی زیاتر بێت كە ئەم داهاتە لەلای چینی ناوەڕاست لە كۆمەڵگەدا دەست دەكەوێت و بگرە بە پاشەكەوتێكی بێ وەبەرهێنان دادەنرێت. ئێستاكە لە وڵاتانی كەنداو گەورەترین بازاڕ بازاڕی داراییەو كاریگەری زۆریشی لەسەر بنیادنانەوەی بازاڕ هەیە.
بەڕێزی سەبارەت بەو كەموكورتییەی كە تاكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە بازاڕی بۆرسە دەست بەكار بێت و زۆر لەبڕگەو یاساكانی وتووێژو قسەی لەسەر نەكراوە وتی: پێویستە سەرپەرشتیكارانی بازاڕی دارایی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدا بن سەرەتا گەورەترین كۆمپانیا ڕابكێشنە ناو ئەو بازاڕەوە نەك وەكو بازاڕی دارایی بەغدای لێبێت كە كۆمپانیای بچووكیش بەشدارییان لەو بازاڕە كردوو بووە هۆی لاوازبوونی بازاڕەكە، سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ ئێمەی كوردستانی گرنگە لە كاتێكدا ئەم كارە تازەیەو ئەزموونێكی پێشترمان نەبووە، بۆنموونە لەئەمریكا لە بۆرسەی داوجۆنس 48 كۆمپانیا بەشدارن و لە ئینگلتەرا 100 كۆمپانیا بەشدارە، سوودی ئەم بۆرسەیە لە ڕووی ئابووری و جووڵانەوەی بازاڕو بەشداریكردنی زۆرترین هاووڵاتی لە پرۆسەی ئابووری دا زۆرەو پێویستە هەنگاوی بۆ بنێین، بەڵام هەنگاوێكی زانستییانەو بە بەرنامەو پلان.
Top