یـاداشتنامـەی نێوان فەرەنساو كوردستان، دەروازەیـەكی كرانـەوەی ئابـــــوورییە بەرەو یەكێتی ئەوروپا
June 1, 2010
راپۆرتەکان
پرۆفیسۆر دكتۆر هۆشیار مەعروف توێژەری ئەكادیمی و شارەزای ئابووری:
یاداشتنامەكە تێكشكاندنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستە سیاسی و نادەستوورییانەیە، كە هێزە شۆفێنییەكان لەبەردەم هەرێمی كوردستان دایانناوە
لەژمارەكانی رابردووی گوڵاندا ئاماژە بە ووردەكاری نووسین و ئامادەكردنی یاداشتنامەكە كرا، یاداشتنامەكە بەویست و خواستی هەرێمەكەو فەرەنسییەكان نووسراوەو، بەهەردوو زمانی كوردی و فەرەنسایی ئامادەكراوە، هەموو مەرجە یاسایی و دەستوورییەكانی تێدایە، ئەوەتا لەسەرەتای یاداشتنامەكەدا هاتووە : (حكومەتی كۆماری فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق ئەم یاداشتە واژوو دەكەن -لەچوارچێوەی پەیوەندی باش لەنێوان حكومەتی كۆماری فەرەنساو حكومەتی عێراقی فیدرال، هەروەك لە رێكەوتنامەی هاوبەشی نێوانیان دەردەكەوێت لەبواری كلتووریی و زانستی و تەكنیكی و هاوكاری پەرەپێدان . بەپێی مەرجەكانی دەستووری عێراق، كە ڕێگا بە هەرێمەكان دەدات بەرنامەی هاوكاری دەرەكی ئەنجام بدەن لەبواری كەلتوور و پەروەردەو ئابووری و پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی)، لەمبارەیەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محەمەد شەعبان شارەزا لەبواری ئابووری دەڵێت: لەدەستووری عێراق دا ئەو مافە دراوە بەهەرێمی كوردستان تاوەكو رێكەوتنامەو یاداشتنامە لەگەڵ وڵاتانی بیانی واژوو بكات، لەپێناو پەرەپێدانی ئابووری هەرێمەكەو پێشخستنی بوارەكانی دیكە، دەكرێت لەو دەرفەتە سوود وەربگرین و بەشێوەیەكی باش و رێكو پێك بەپێی بەرنامەو پلانی زانستییانە خۆمان بۆ كرانەوەی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئامادە بكەین..
پرۆفیسۆر دكتۆر هۆشیار مەعروف توێژەری ئەكادیمی و شارەزای ئابووری پێی وایە یاداشتنامەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەرێمەكەو دانیشتوانەكەیی و سەرەتایەكیش دەبێت بۆ كرانەوەی هەرێمەكە بەرووی جیهانی دەرەوەی پێشكەوتوو. لەم راپۆرتەدا باس لەو مەراسیمە رەسمی و گەورەیە ناكەین كە تێیدا یاداشتنامەكە ئیمزا كراو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی نێوان سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خرایە روو، هاوكات دەكرێت دەقی یاداشتنامەكە لەویب سایتی گوڵان www.gulan-media.com بخوێنرێتەوە، بەڵكو تیشك دەخەینە سەر پرۆژەی داهاتوو لەچوارچێوەی یاداشتنامەكە دەكرێت لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و خوودی سەرۆكی هەرێم چاودێر بێت لەبەڕێوەچوونی كارو پرۆژەكان، ئەمەش هێزێكی زیاترو خواستێكی فراوانتر بەجێبەجێكردنی یەكەیەكەی بڕگەو خاڵەكانی ناو یاداشتنامەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا مسۆگەر دەكات، هاتنی بیزنس و گەورە كۆمپانیاكانی فەرەنسا بەرژەوەندییەكانی هەرێم و ئەو وڵاتە بەهێز دەكات و پەیوەندییە سیاسی و كلتوورییەكانیش لەگەڵ خۆی دەباتە ئاستێكی بەرزەوە، ئەمەش هەنگاوێك دەبێت بەرەو هاتنی كۆمپانیاو وەبەرهێنەكانی وڵاتانی تری ئەوروپا، چونكە فەرەنسا وڵاتێكە خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەندە لەمەعریفەو كلتوورو زانست و تەكنەلۆژیا، بەوە ناسراوە هەنگاوی نایاسایی نانێت ..لەمبارەیەوە كونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەولێر فریدریك تیسۆ لە وەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا گووتی: ((دوای ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆك ساركوزی بارودۆخەكە دەگۆڕێت و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیاكانی فەرەنسا لەبارتر دەبێت..)).
كاتی ئەوە هاتووە لەمەودوا بەخێراییەكی زیاترەوە رووبكەینە بواری وەبەرهێنان و ئابووری هەرێم نەك تەنیا ببێتە روویەكی گەش و پەرەپێدان بۆ خوودی هەرێمەكە بەڵكو بەسوود بۆ ئابووری داڕماوو ناسەقامگیری عێراقیش بگەڕێتەوە، «عێراقەكەی تر لاسایی و چاو لەم عێراقە نوێ و جیاوازە بكات» ئەمە وتەی چەندین شارەزایانی بیانییە، كە هەرێمی كوردستان بەعێراقێكی جیاواز لەعێراقە ناسەقامگیرو نائارامەكە وەسف دەكەن، كاتێك سەرۆكی هەرێم هەوڵی پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە ئابوورییە دەرەكییانە دەدات ئەزموونی تایوانمان بەبیر دێتەوە ئەو وڵاتەی لەناو مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان بەدەوڵەت باس ناكرێت بەڵام توانیوێتی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ خۆی دروست بكات و مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵ بكرێت و، لەرووی ئابووریشەوە دەكرێت لە لیستی بڵنگەكانی ئاسیا دابنرێت و پلەی 14 یەمین وڵاتی لەبازرگانی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوەو رێژەی هەژاری بۆ كەمتر لە 1% دابەزیووەو رێژەی هەڵئاوسانیشی تەنیا 2% ە، كاتێك دوای 6 مانگ گەشتیارێك دووبارە سەردانی تایوان بكاتەوە هەست بە نوێبوونەوەو گۆڕانكاری دەكات، ئەم وڵاتە گەرچی تاكو ئێستا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ نەناسراوە، بەڵام پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی و بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابوورییەكانی دۆخێكی وای خستۆتەوە سەرجەم وڵاتان مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵدا بكەن، تایوانییەكان بەهاوشێوەی كۆرییەكانی باشوور دڵسۆزی كارەكەیانن، ئەمەش نهێنی سەركەوتنی تایوان و وڵاتانی تری بڵنگەكانی ئاسیاو كۆریای باشورە.
هەرێمی كوردستانیش بەراورد بەعێراق بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام ئەركی سەرشانی یەكە یەكەی دامودەزگا حكومی و كەرتی تایبەتە هەنگاوەكان بەرەو بەدامەزراویكردنی ئابووری خێراتر بنێن و هەموو بنەماكانی گەیشتن بە ئابووری بازاڕ لەم هەرێمەدا بچەسپێنن، هەر لەبەدامەزراویكردنی كەرتی گشتی و تایبەتی تاوەكو كاركردن بۆ پەرەپێدانی سەرمایەی مەعریفی و گەڕانەوەی پێگەو دەسەڵاتی چینی ناوەند تاوەكو دژایەتیكردنی گەندەڵی و رۆتین و بیرۆكراتییەتی سلبی. با لەئەزموونی هەرێمی هۆنك كۆنگەوە فێری سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی بین، كاتێك ئەم هەرێمە گەڕایەوە ناو باوەشی وڵاتی زیاتر لە 1ملیارو 500 ملیۆن كەسی بەو ئابووری و هێزە گەورەی دەسەڵاتدارنی بكین نەیانتوانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی هۆنك كۆنگ زەوت بكەن، تاكو ئەمڕۆ تەواوی سەربەخۆیی ئابووری هەیەو پەیڕەوی ئابووری بازاڕ دەكات و هەموو ئازادییەكان لەو هەرێمە زامن كراوە، ئەمڕۆ هۆنك كۆنگ و بكین یەك وڵاتن بەدوو سیستەم و ئابووری و سیاسەتی جیاواز. دەكرێت هەرێمی كوردستانیش چی تر پابەندو پاشكەوتەی ئابووری ناوەند نەبێت و چاوەڕێی باشبوونی بارودۆخەكەی بەغدا نەكات و، ململانێ و كێبركێ سیاسییەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراقی تێپەڕێنێت و روو لەكرانەوەو پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا بكات.
پرۆفیسۆر دكتۆر هۆشیار مەعروف سەبارەت بەگرنگی یاداشتنامەكەو شێوازی خۆئامادەكردن بۆ جێبەجێكردنی زۆربەی بڕگەو خاڵەكانی ناو یاداشتنامەكە پێی وایە: هەرێمی كوردستان بەو پێیەی نوێنەرایەتی لە كونسوڵخانەكانی عێراق لەدەرەوە هەیەو مافی سروشتی و یاسایی خۆیەتی ئەمجۆرە یاداشتنامانە واژوو بكات، تەنانەت لەبڕگە و یاساكانی ناو دەستووریشدا ئەو مافە دراوە بەهەرێمە فیدرالییەكان، گەرچی تاكو ئێستا من پێم وایە جۆرە ناشەفافییەتێك لەمافەكانی هەرێمەكان لەعێراقی فیدرال هەیە، ئەم هەنگاوەی سەرۆكی هەرێمیش لەچوارچێوەی دەستووردا دێت و بایەخ و گرنگی خۆی هەیەو دەستكەوتێكی زۆر زۆرە بۆ گەلی كوردستان، فەرەنسا وڵاتێكی یاساییە رۆژێك لە رۆژان كارێكی نایاسایی ناكات زیان بەناوبانگی و دامەزراوە پێشكەوتووەكانی بگەیەنێت، یاداشتنامەكە تێكشكاندنی هەموو ئەو كۆت و بەربەستە نایاسایی و نادەستوورییانەیە كە هێزە شۆفێنییەكان لەبەردەم هەرێمی كوردستان دایانناوە، بەڵام هەنگاوە بووێرەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەجێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنامەو گرێبەستانەی كە مافی نەتەوەی كوردی تێدایە سەرەتای تیكشكاندنی كۆت و بەربەستەكانی بەردەم پێشكەوتنی ئابووری و سیاسی كوردستانیشە.
مامۆستا عەبدولحەكیم خەسرەو پسپۆر لەبواری زانستە سیاسییەكان لەمبارەیەوە دەڵێت: بەپێی سیستەمی فیدرالی مافی هەرێمەكانە پەیوەندی ئابووری و كلتووری لەگەڵ وڵاتەكانی دەرەوە ببەستن، ئەمەش بەپێی یاساو دەستوور كارێكی ئاساییەوەو ڕێگای پێ دراوەو بڕگەیەكی یاساییە، ئەزموونی سیستەمی فیدرالی لەوڵاتانی جیهان بەو شێوەیە داڕێژراوە كە هەرێمی فیدرالی دەتوانێت پەیوەندی كلتووری ئابووری زانستی لەگەڵ وڵاتانی بیانی ببەستن، لەپێناو پەرەپێدانی ئابووری و گەشەكردنی هەرێمەكەو وڵاتەكە، لەرووی سیاسییەوە دەتوانین بڵێین ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بوو كە وڵاتێكی وەكو فەرەنسا یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ سەرۆكی هەرێم ئیمزا بكات، گرنگی ئەم یاداشتنامەیە لەوەدایە كە لەگەڵ وڵاتێكی وەكو فەرەنسا مۆركراوە، چونكە بەشێوەیەكی گشتی وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا لەگەڵ وڵاتێكدا یاداشتنامەی لێگتێگەیشتن مۆردەكەن كە كۆمەڵێك مەرجی تێدا بێت و لەگەڵ پێوەرەكانی یەكێتی ئەوروپا بگونجێت لەوانە: سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و دامودەزگاكانی ئەو هەرێمە پرۆفیشناڵ بێت، چونكە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رێككەوتن و یاداشتنامە لەگەڵ وڵات و هەرێمێكدا دەكەن كە شەفافییەتی تێدا بێت و بگرە پاڵپشتی بەرەوپێشەوە بردنی دامەزراوەیی ئابووریش دەكەن. زۆربەی بڕگەكانی یاداشتنامەكە پەیوەندی بەبواری ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و پرۆژەكانی وەبەرهێنانەوە هەبوو لەمبارەیەوە مامۆستا عەبدولحەكیم پێی وایە: كاتێك هەرێمی كوردستان سوود لە ئەزموونی فەرەنسا وەردەگرێت، تەنها كاریگەری لەسەر گەشەكردنی لایەنی ئابووری نابێت، چونكە ئابووری هەر هەرێم و وڵاتێك پەیوەستە بەكلتوورێكی رۆشنبیری و مەعریفییەوە، فەرەنسا ئەندامە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامێكی سەرەكی و چالاكی دامەزرێنەری یەكێتی ئەوروپایە، دەوڵەتێكە لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری نێودەوڵەتی سەنگ و پێگەی بەهێزی خۆی هەیە، ئەمەش كاریگەری باشی دەبێت كاتێك هەرێمی كوردستان یاداشتی لێگتێگەیشتن لەگەڵیدا ئیمزا دەكات، واتای ئەوەی هەیە سەرۆكی هەرێم توانی دەوڵەتێكی وا بەهێز بهێنێتە ناو هەرێمەكەوەو لەداهاتوویەكی نزیكدا سوود لە ئەزموونی كلتووری و ئابووری و مەعریفی ئەو وڵاتە وەربگرین، بۆ ئەوەی هەموو بوارەكانی هەرێمی كوردستان گەشەی پێ بدەین، لەلایەكی ترەوە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دامەزراوەی یاسایین و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەمەش هاندەرێكە بۆ ئەوەی دامەزراوەكانمان لەسەرجەم بوارەكان پرۆفیشناڵی و یاسایی پێوە دیار بێت و بیرۆكراسی ئیجابی هەبێت و دامەزراوەكانمان بگەنە ئاستی دامەزراوەكانی وڵاتێكی وەكو فەرەنسا، یاخوود دامەزراوەییەك بێت رێكخراوو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا متمانەو مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
بەمشێوەیە رەهەندە ئابووری و سیاسییەكانی نزیكبوونەوە لەفەرەنساو یەكێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر سوودبەخشە.
پاڵپشتی و پشتگیریكردنی یاداشتنامەكە
لەكوردستانەوە دەست پێ دەكات
چارەنووسی داهاتووی هەموو یاداشتنامەو رێكەوتنێكی ئابووری و واژووكردنی گرێبەستێكی ئابوورییانە پەیوەندی تووندی بەئاستی پەرەپێدان و پێشكەوتنی دامودەزگا حكومی و كەرتی تایبەت هەیە، بەوەی تاچ ئاستێك توانیومانە ئابووری بەدامەزراویكردن ببەین و خۆمان بۆ رووداوە كتوبڕەكان ئامادەكردبێت و، ژینگەیەكی لەبار بۆ جێبەجێكردنی یاداشتنامەكەش ئامادە بكەین، لەمبارەیەوە پرۆفیسۆر دكتۆر هۆشیار مەعروف پێی باشە هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لەناوخۆی هەرێم و دامودەزگا حكومی و تایبەتییەكان پێویستە پاڵپشتی لەجێبەجێكردنی یاداشتنامەكە بكەن، كەرتی گشتی و تایبەت و دامودەزگاو كۆمپانیاكان و پارتە سیاسییەكانیش پابەندبن بەو رێكەوتنامانە بەجیاوازی بیروڕاو بۆچوون و ئینتماكان، چونكە ئەو پەیوەندییانە بەستراوەتەوە بەلایەنی نەتەوایەتییەوە. رێكەوتنامەكە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ بێرناردكۆشنەر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا مۆركراوە لەلای فەرەنسییەكان پەیوەندی دوو قۆڵی قورسایی و گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو بەلابردن و تەواوبوونی پۆستی سەرۆك و بەرپرسێك كۆتایی نایەت و ئەوان پاپەندی رێكەوتنامەكانن، لەلایەن وڵاتی پێشكەوتوو دامەزراوەكان یاداشتنامەو رێكەوتنامەكان واژوو دەكەن، فەرەنسییەكان بەرژەوەندی وڵات و ئابووری و نەتەوەكەیان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوەیە. پێویستە لەلایەن خۆشمانەوە ئەو خاڵانەی لەیاداشتنامەكەدا هاتووە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین و بەرنامەیەكی سەرتاسەری لەسەرۆكایەتی هەرێمەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دابڕێژرێت و بەشدار بن و لەهەموو بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كلتووری و خوێندەواری، تەنانەت ریزبەندی بۆ ئەو كارو پرۆژانە دابنێین كە جێبەجێكردنی بۆ ئێمە زۆر پێویستەو هەوڵبدەین ریزبەندی ئەو پرۆژەو خاڵانە پێش بخەین. لەمبوارەدا چەند خۆمان ئامادە بكەین و هەوڵی رێكخستنی دامەزراوەكان بدەین و بەرنامەی زانستییانەمان هەبێت، باشتر خاڵ بەخاڵی ناو یاداشتنامەكە جێبەجێ دەكەین، با كەمێك واز لە ململانێ ناوخۆییەكان بێنین و هەوڵی ئەوە بدەین بەرژەوەندی رۆژئاوا بهێنینە ناوخۆی هەرێم.
یەكێك لەو خاڵانەی كە لەیاداشتنامەكەدا لەدوای پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان هاتووەو لەدوای خاڵەكانی تایبەت بەبواری كەرتی كشتوكاڵ و وزە ئاوو ئاوەڕۆ هاتووەو تایبەتمەندییەكی زۆری لەخۆگرتووە مەسەلەی سەرمایەی مەعریفی و پەرەپێدانی مرۆییە لەمبارەیەوە دكتۆر هۆشیار مەعروف دەڵێت: فەرەنسا بەدرێژایی مێژوو گرنگییەكی تایبەتی بە كلتوورو رۆشنبیری و پەرەپێدانی مرۆیی داوە، بۆیە دەكرێت لەبواری كلتووری و مەعریفی سوودێكی زۆریان لێوەربگرین.
هاوكات پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر محەمەد شەعبان پێی وایە: فەرەنسییەكان پێیان خۆشە لەكوردستان كارمەندو كرێكاری لێهاتوو بەتوانا بوونیان هەبێت، بۆیە ئەوان لەڕێگای پەرەپێدانی سەرمایەی مەعریفییەوە دەست پێ دەكەن، ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە زیاتر بایەخ و گرنگی بەخولەكانی مەشق و راهێنان بدات، لەسەردەمی ئەمڕۆدا پەرەپێدانی سەرمایەی مەعریفە گرنگی لە پەرەپێدانی ئابووری كەمتر نییە، بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت سوود لەكۆمپانیاكانی فەرەنسا وەربگیرێت.
فەرەنسییەكان دەیانەوێت لەدەرگای ئابوورییەوە بێنە هەرێمی كوردستان، پێویستە ئابووری خۆمان بۆ ئەو قۆناغە رێك بخەین و دامەزراوەكانمان رێك بخەین و هەوڵی ئەوەبدەین ئابوورییەكەی كوردستان واڵا بێت و لەئاست كێبركێ و ئابووری جیهاندا بێت. دەبێت بەشێوەیەكی بەردەوام یاسای وەبەرهێنان پێشخرێت و بەپێی قۆناغ و گۆڕانكارییەكان ریفۆرمی ئابووری و چاكسازی یاسایی ئەنجام بدەین.
یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن ئەو تێگەیشتنە هاوبەشەیە كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی فەرەنسا مۆركراوەو، دەبێت خۆمان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بكەین، چونكە دوای ئەم پەیوەندییە پێشبینی ئەوە دەكرێت دەیان كۆمپانیاو وڵاتانی تری ئەوروپایی و بیانی و بگرە عەرەبی و كەنداویش روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
یاداشتنامە ڕێگایەكە بۆ نیشاندانی كاركردنی هاوبەش
بۆ باسكردن و تیشك خستنە سەر ووردەكاری سەردانەكەی سەرۆكی كوردستان بۆ فەرەنساو دیدارە مێژووییەكەی نێوان نیكۆلا ساركوزی و سەرۆكی فەرەنساو سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان و پرۆژەی داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدان بەپەیوەندییە ئابوورییەكانی فریدریك تـــیســۆ كــــونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر كــۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ چوار كەناڵی راگەیاندن سازدا كە گۆڤاری گوڵان ئامادەیبوو، لەو كـــــۆنگرە رۆژنامەوانییەی كونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەولێر كە ئامادەی ئەو سەردانە مێژووییە بوو بەڕێزیان تیشكی خستە سەر گرنگی ئەو سەردانەو بەدەستكەوتێكی مێژوویی گرنگی دانا فریدریك پێی وابوو: ئەو سەردانە دەبێتە سەرەتایەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان فەرەنساو هەرێمی كوردستان و بگرە زۆر وڵاتانی تری ئەوروپایی، ئەمە بۆ یەكەمین جارە ئاڵای كوردستان و فەرەنساو یەكێتی ئەوروپا بەمشێوە رەسمییە دادەنرێن، ئاڵاش هەروەكو كونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەولێر ئاماژەی بێ دەكات ماناو واتایەكی زۆر هەڵدەگرێت، ئەمەش نیشانەی ڕێزگرتنی ئەو وڵاتەیە لەئیرادەی گەلی كوردستان، لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا كونسوڵی گشتی فەرەنسا لەوەڵامێكی گۆڤاری گوڵان دا تیشكی خستە سەر گرنگی دیدارەكەی سەرۆكی فەرەنساو سەرۆكی كوردستان و گووتی: دیدارەكەی نێوان هەردوو سەرۆك دیدارێكی وا ئاسایی نەبوو بە تایبەتی كە تێیدا وێڕای ئاڵاكانی فەرەنساو عێراق ئاڵای كوردستانیش هەڵكرا، كۆشنەر گووتی 30 ساڵە چاوەڕوانی ئەوەم دەكرد بارزانی و ئاڵای كوردستان پێكەوە لەفەرەنسا ببینم.
لە تەوەرێكی وەڵامەكەی گۆڤاری گوڵاندا فریدریك تیسۆ گووتی: سەرۆك ساركوزی لەكۆشكی ئەلیزێ پێشوازییەكی گەرمی لەسەرۆك بارزانی كرد كە رووداوێكی مێژوویی بوو، سەرۆك بارزانی سەرۆكی قەوارەیەكی دەستووری عێراقە كە هەرێمی كوردستانە، سەرۆك ساركوزی بەو سیفەتە وەكو هەر سەرۆكێكی تر پێشوازییەكی گەرمی لەسەرۆك بارزانی كرد، ئەمە جگە لەوەی بەڕێزیان كەسایەتییەكی دیارو بەرچاوی عێراقە، دیدارەكە زۆر گەرم و گوڕو دۆستانە بوو دوور بوو لەساردیی پرۆتۆكۆلییەوە، لەم روانگەیەشەوە سەرۆك ساركوزی ئارەزووی خۆی بۆ سەردانی كوردستان دەربڕی و، سەرۆك بارزانیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و داوای لێكرد ببێتە میوانی كوردستان، گەرچی كاتێك دیاری نەكراوە بۆ ئەم سەردانە، بەڵام ساركوزی خاوەنی قسەو بەڵێنی خۆیەتی و پابەندە بەبەڵێنەكەیەوە.
تــــەوەرێكی تری كـــــۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی فریدریك تیسۆ كونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەولێر تایبەت بوو بەگرنگی یاداشتنامەی لێك گەیشتن لە نێوان فەرەنساو هەرێـــمی كــــــوردستان، لەمبارەیەوە رایگەیاند: ئەو یاداشتنامەیە نیازنامەیەكە لەنێوان ئێمەو كوردستان بۆ نیازی ئێمە لەكاركردن لە كوردستان، بۆ یارمەتی و هاوكاری هەرێمێك كە ساڵانێكی زۆرە دۆستایەتی نێوانمان هەیە، یاداشتنامە ڕێـــگایــەكە بۆ نیـــــــشانــــدانی كـــــاركـــــردنی هـــــاوبـــەش، پێشــتر لــەگەڵ حكومــەتی عێراق رێــككەوتننامە مۆركراوە، ئەم یاداشتنامەیەش بەشـــێكە لەو رێككەوتننامەیەو لادانی دەستووری تێدا نییەو پێشتریش بەوەزارەتی دەرەوەی عێراق تێپەڕی كردووە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە بەزمانی كوردی نووسراوە، زمانی كوردیش زمانی رەسمی دەستووری عێراقەو زمانی خەڵكی ئەم هەرێمەیە..
حكومەتی فەرەنسا پاڵپشتی چەندین كۆمپانیای كردووە بۆ كاركردن لەكوردستان
لەوەڵامێكی پرسیاری گوڵاندا كە ئایا تا چ رادەیەك دەكرێت سوود لەكۆمپانیا فەرەنسییەكان وەرگیرێت و دەكرێت بێنە هەرێمی كوردستان بۆ پێشخستنی وەبەرهێنان و پێشكەوتنی ئابووری بەتایبەتی كە زۆربەی بڕگەو خاڵەكانی یاداشتنامەكە ئابوورییە فریدریك تیسۆ گووتی: حكومەتی فەرەنسا پاڵپشتی چەندین كۆمپانیای كردووە بۆ كاركردن لەكوردستان كە كۆمپانیایەكیان ئێستاكە لەسۆرانەو سەرقاڵی پرۆژەی ئاووئاوەڕۆ خاوێنكردنەوەی ئاوە، كۆمپانیا فەرەنسییەكان تا رادەیەك دڵەراوكێیان هەیە بۆ كاركردن لەم هەرێمە چونكە شارەزاییان دەربارەی هەرێمی كوردستان نییە، دوای ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆك ساركوزی بارودۆخەكە دەگۆڕێت و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیاكانی فەرەنسا لەبارتر دەبێت، بەتایبەتی لەبواری كشتوكاڵی كە نوێنەرێكمان لەكوردستان دەبێت كە نوێنەری 250 كۆمپانیای فەرەنسییە كە لەبواری كشتوكاڵیدا كار دەكەن .