نـاسـەقامگیری كوردستان خزمەت بەدامــــــەزراوەكردنی ئابووری كوردستان ناكات

نـاسـەقامگیری كوردستان خزمەت بەدامــــــەزراوەكردنی ئابووری كوردستان ناكات
تێكدانی باری سەقامگیری كوردستان بـازاڕی كوردستان بێ متمانە دەكات

بەدامەزراویكردنی ئابووری؛ پێگەی ئابووری و یاسایی كوردستان بەهێز دەكات، بەتایبەتی لەهەرێمێكدا كە مۆزایكی نەتەوەیی و ئایینی تێدا بێت و لە هەوڵی ئەوەدا بین لەچوارچێوەی داخراوی پاشكەوتەیی دەوڵەتی (فاشیل و گەندەڵ )ی عێراق دەربازمان بێت، كە كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی بەزەحمەت تێدا چارەسەر دەبێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە كە ئابووری پێویستی بەرێكخستن هەیە كە بە تەنیا لە ڕێگای یاساوە دەكرێت خۆمان دوور بخەینەوە لە ئابوورییەكی نارێكخراوو ناسەقامگیر، بەمشێوەیە دامەزراوەكانی ئابووری پێویستە لەچوارچێوەی یاساو سیستەمێكی وادا رێكبخرێن، كە زامنی چارەسەركردنی كێشەكان و راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بكات، چونكە هیچ كۆمپانیاو بیزنسكارو وەبەرهێنێكی بیانی ئامادە نییە رووبكەنە هەرێمێك كەیاسا تێیدا سەروەر نەبێت و ناشەفافییەت و نائارامی و نامتمانەیی بەداهاتووی ئابوورییەكەیەوە بێت. راگرتنی ئەو فاكتەرانەی بۆ سەقامگیری ئابووری و گەیشتن بەئابووری بازاڕ گرنگەو بەخاڵی سەرەكی و ستراتیژی دادەنرێت، یەكێكیش لەو فاكتەرانە بوونی دامەزراوەكانە كەبەبێ بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكان، یاسا جێبەجێ ناكرێت و ناتوانرێت هەنگاو بەرەو پەرەپێدانی ئابووری بنرێت.

نەبوونی پلانی ئابووریش وایكردووە ئابوورییەكەمان ناسەقامگیرو نائارام بێت و ستراتیژیەتێكی روونمان نەبێت بۆ داهاتوو
نەبوونی دامەزراوەیی ئابووری بەتوانا وایكردووە یاساو رێنماییەكانی راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بەڕێوەچوونی كەرتی گشتی و تایبەتی كەموكورتی تێبكەوێت، ئەمەش هۆكارێكە لەهۆكارەكانی نەبوونی سیستەم و فەلسەفەی ئابووری، بگرە نەبوونی پلانی ئابووریش وایكردووە ئابوورییەكەمان ناسەقامگیرو نائارام بێت و ستراتیژیەتێكی روونمان نەبێت بۆ داهاتوو، بەرادەیەك بە بەردەوامی بكەوینە دۆخێكی ئابووری پڕ لە مەترسییەوە، لەئاكامی نەبوونی بەرنامەو دامەزراوەیی ئابوورییەوە پیلان ومەرامی ئاژاوەگێڕی كاردانەوەی توندی لەسەرنائارام وناسەقامگیری پرۆسەی ئابووری هەیە، لەلایەكی ترەوە دەستێوەردانی دەرەكیش هۆكارێكی ترە بۆ درێژەپێدان بەونائارامی سیاسی و ناسەقامگیرییە ئابوورییەی كەچەند دەیەیەكە دووچاری عێراق بووە، كاردانەوەو شوێنەواری لەسەر هەرێمی كوردستانیش بەتوندی هەبووە. سەرۆكی هەرێم كەداوای بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كردووە، لەو روانگەیەوە هاتووە كەچیتر ئەو دامودەزگا حكومی و ئەهلی و رێكخراوانە لەگەڵ پێگەی بەهێزی ئابووری و سیاسی هەرێمی كوردستان لە پێگەیەكی ئاڵۆزو ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا ناگونجێت، بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكان شانسێكی زیاترمان دەداتێ بۆ رووبەرووبونەوەی ئاستەنك و رووداوە كتوپڕەكان، دەبێت خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەكان ئامادەكردبێت، راستە بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكان ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەم ئەركە گرنگ و ستراتیژییە بەبێ چاودێری و بەدواداچوونی سەرۆكی هەرێم جێبەجێ ناكرێت، دووبارە هاتنە پێشەوەی مەسەلەی بەدامەزراویكردنی ئابووری لەو واقیعەوە هاتووە» بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكان و ئابووری لاوازكردنی ئاژاوەگێڕیی و هەموو گێرە شێوێنییەكە،كە بۆ مەبەستی نانەوەی فەوزای سیاسی و ئابووری مەرامی تێكدانی باری ئابووری ئەنجام دەدرێت. بوونی پیلان دژ بەگەلی كوردستان و دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، تەحەددای بەردەم حكومەتی هەرێم ئاڵۆزو گەورە كردووەو، پێویست بەوە دەكات حكومەتەكە پرۆڤیشناڵ و لەئاست ئەو تەحەددایە بێت، هەنگاوی خێراو زانستییانە بگیرێتە بەر بۆ سەقامگیری ئابووری و بەهێزكردنی هەرێمەكە. حكومڕانی سەركەوتوو بەبێ بەدامەزراویكردنی ئابووری بۆ رووبەرووی گەندەڵی و ناشەفافییەت شانسی كەمترە، راگرتنی ئەو فاكتەرانەی بۆ سەقامگیری ئابووری و گەیشتن بەئابووری بازاڕ گرنگە بەخاڵی سەرەكی و ستراتیژی دادەنرێت، یەكێكیش لەو فاكتەرانە بوونی دامەزراوەكانە كەبەبێ بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكان، یاسا جێبەجێ ناكرێت و ناتوانرێت هەنگاو بەرەو پەرەپێدانی ئابووری بنرێت. بەدامەزراویكردنی ئابووری لەناو پرۆسەیەكی فراوانی بەدامەزراویكردنی سەرجەم دامودەزگاو فەرمانگەو پارتی سیاسی و كۆمپانیاو دامەزراوەكانی حكومی و كەرتی تایبەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و میدیاو كەناڵە جۆر بەجۆرەكانی تر دێت، ئەو گەل و نەتەوە پێشكەوتووانەی ئەمڕۆ لەپێشەنگی كاروانی پێشكەوتن و پەرەپێداندا ناویان دێت، هەر زوو ئەو راستیەمان بۆ دەركەوتووە، تاكە ڕێگا لەبەردەم ڕێگرتن لە ئاژاوەگێڕان و نانەوەی پشێوی و نائارامی ئابووری لەبەدامەزراویكردنی وڵات و ئابوورییەوە ئەنجام دەدرێت، كە زۆربەی جاربەهۆی ناسەقامگیری سیاسی و نانەوەی ئاژاوەو پشێوییەوە روودەدات، گەلانی پێشكەوتووخواز هەر زوو ئەو مەقوولەیەیان بۆ دەركەوت كە»دەستوورو یاسا» زۆر گرنگترە لەوشەی «دیموكراتی»،دەستوورو یاساش بێ دامەزراوەكان جێبەجێ ناكرێت و سەروەری بۆ ناگەڕێتەوە.
بەهێزی ئابووری هەرێم یەكسانە بەبەهێزی پێگەی ئابووری و سیاسی دامەزراوەكانی، بەتایبەت لەهەولێری پایتەخت
پێگەی بەهێزی ئابووری و سیاسی هەولێر بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان پێداویستییەكی سەردەمەو، بۆ سیستەمی ئابووری بازاڕ گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ناكرێت ئیدیعای ئابووری بازاڕ بكەین بێئەوەی خاوەنی سەنتەرێكی بەدامەزراوەیكردنی ئابووری بەهێز نەبین، مەبەست لەم سەنتەرە بۆ پەیڕەوكردنی مەركەزییەتی ئابووری نییە، بەڵكو بۆ بەهێزكردن و رێكخستنی سیستەم و بنەماكانی ئابوورییە، لەسەرجەم ئەزموون و واقیعی ئابووری وڵاتانی پێشكەوتووی جیهانی یەكەم ژێرخان و سەرخانە ئابوورییەكەی بەدامەزراوەییەكانی دەناسرێنەوە، ناوی شارەكانی دوبەیی و قاهیرەو كوالالامپورو لەندەن و واشنتۆن و باریس و تۆكیۆو زۆربەی پایتەختەكانی وڵاتانی پێشكەوتووی تری جیهان پێش ناوی ئیمارات و میسرو مالیزیاو بەریتانیا و ئەمەریكاو فەرەنساو ژاپۆن دەهێنرێت، ئەمە وەك واقیعێكی ئەزەلی دەمێنێتەوە هەروەكو چۆن پێشترشارستانییەت و ئیمپراتۆرییەتەكانیش لەڕێگای پایتەختەكان و دامەزراوەكانییەوە دەناسرانەوە، كەواتە بەهێزی ئابووری هەرێم یەكسانە بەبەهێزی پێگەی ئابووری و سیاسی دامەزراوەكانی بەتایبەت لەهەولێری پایتەخت. بوونی ئارامی و سەقامگیری سیاسییە وایكردووە هەولێر ببێتە ناوەندێك بۆ وەبەرهێنەران و بازرگان و رێكخراو و پارتە سیاسییەكان و میدیاو كونسوڵخانەی بیانی و بەسەدان هەلی كار بۆ هاووڵاتیان و دەستی كاری بیانیش دابینكراوە، ئەم راستییە دوژمنان و ناحەزانی گەلی كوردستانیش دەیزانن، تەنیا ئەو گرووپ و تاقمانە نەبێت كە تازە بەتازە سەرقاڵی ئەو سیناریۆی ناوچەگەرێتی و لەخشتەبردن و چەواشەكردنن، پارێزگاریكردن لەدەستكەوت و بەدامەزراوەیكردنی ئابووری ئەركی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیشە، لێرەدا خوێندنەوەیەكی ئابوورییانە بۆ گرنگی دامەزراوەكان بۆ سەقامگیری و ئارامی و پەرەپێدانی ئابووری و پێشخستنی خزمەتگوزارییەكان دەخەینە روو، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆیەكمان لەگەڵ چەند ئەكادیمی و شارەزایەكی ئابووری ئەنجامدا كەلێرەدا پوختەی بۆچوونەكانیان دەخەینەروو.
دامەزراوەكان ڕێگرن لەبەردەم ئاڵۆزبوونی بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەكان
بنیاتنانی ئابووری لەڕێگای دامەزراویی نوێوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەیەكداچوونی بەرژەوەندییەكان و بازاڕیش ڕێك دەخرێت و، هاووڵاتیش لەناو دامەزراوەكان باشتر ئەرك و مافەكانی رێك دەخرێت، ئەمە جگەلەوەی لەكاتی كەوتنەوەی قەیرانەكان و ئاڵۆزبوونی بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەكان باشتر دەتوانین رووبەرووی ئەو دژواریانە ببینەوەو داڕمانی ئابووری گەورەو خێرا روونادات، لەمبارەیەوە دكتۆر دلێر حەقی شاوەیس ئەكادیمی و شارەزا لەبواری ئابووری پێی وایە: لەڕێگای دامەزراوەكانەوە دەتوانرێت ئامانج و مەبەستە ئابووری و سیاسییەكان بپارێزین و، دەستكەوتە سیاسی و ئابوورییەكان بەهێز دەكەین و لەهەڕەشەی لەناوچوون و مەترسی دووریان دەخەینەوە. دكتۆر عیزەت سابیر مامۆستای ئابووری لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سلێمانی دامەزراوەكان بەفاكتەری بەهێزی پەرەپێدانی ئابووری و پێشخستنی كەرتەكانی دادەنێت، پێی وایە كاتێك هەنگاو بەرەو بەدامەزراوەیكردنی ئابووری و دامودەزگا پێوەندارەكانی دەنرێت، مەرجە یاساو رێنمایی دەربچێت بۆ رێكخستنی بەرنامەو كاری دامەزراوەكان. مامۆستا غازی عوسمان یاریدەدەری راگر لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی سەلاحەدین لەو بڕوایەدایە بوونی دامەزراوەیی یاسایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بەتوانا زامنی ئەو سەنتەرانەمان دەكات كەپارێزگاری لەدەستكەوتەكان دەكرێت و دەمانگەیەنێتە دۆخی پەرەپێدانێكی بەردەوام، ئەمەش مەبەست و ناوەڕۆكی پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە بۆ بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكانی كوردستان.
دكتۆر دلێر حەقی شاوەیس ئەكادیمی و شارەزا لەبواری ئابووری:
ئەركی هەموو هاونیشتمانیەكە كار بۆ بوونی دامەزراوەیی بەهێزو خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بكات، چونكە رۆڵی هەیە لەدیاریكردنی چارەنووس و داهاتووی كوردستان
دكتۆر دلێر حەقی شاوەیس: فاكتەرو هۆكارێكی سەرەكی پێشكەوتنی پرۆسەی ئابووری و وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان بوونی ژینگەیەكی ئارام و سەقامگیرە، كە دۆخێكی وای لێكەوتۆتەوە هەوڵەكانی راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی بەگەڕ بخرێت و سەركەوتوو بێت، قۆناغی بنیاتنانەوەی هەرێمەكە دەستی پێكردووە، راستە وەبەرهێنانەكە زیاتر بوارەكانی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی كردۆتەوە بەڵام ئەمە قۆناغی یەكەمەو گەر بەرنامەو كار بكەین بۆ راكێشانی وەبەرهێنان لەبوارەكانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و دروستكردنی كاڵاو كەرەستەی پێویست ئەو كات دەگەینە قۆناغێكی پێشكەوتوو لەبەگەڕخستنی وەبەرهێنانی بیانی، بۆیە ئەركی هەمووانە ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی كە لە كوردستاندا هەیە بیپارێزن، چونكە ناسەقامگیری لەلایەك دەبێتە هۆكاری نەمانی متمانەی وەبەرهێنانی خۆماڵی و بیانیش، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەرجەم پرۆسەی گەشەكردنی ئابووری و كاردانەوەیەكی سیاسی زۆر خراپیشی دەبێت. لەدوای دامەزرانی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و بەشداریكردن لەحكومەتی عێراق كۆمەڵێك دەستكەوتی باشمان دەستكەوت، ئەم دەستكەوتە سیاسییانە ئەستوورو بەهێز نین بەدەستكەوتی ئابوورییانەو بەبەردەوام مەترسی لەناوچوونیان لێدەكرێت، گەر بێتوو هەلومەرجێكی ئابووری گونجاو دروست نەكەین و پشتگیری لەم سەقامگیری و دەستكەوتە سیاسییانە نەكەین، ئەوكات مەترسی لە ناوچوونی لێدەكرێت، لە پێناوی ئەمەدا دەبێت گرنگییەكی تایبەتی بەبواری ئابووری بدەین و پرۆسەی ئابووری و وەبەرهێنان بۆ پێشەوە ببەین، ئەمەش ئەركی هەموو تاكێكی كوردو هاونیشتمانییەكە هاوكاری بكات لەپرۆسەی سیاسی و ئابووریدا و كەموكورتییەكانی چارەسەر بكات و بەرگری لێبكات، كەتەنیا لەڕێگای دامەزراوەكانەوە دەتوانرێت ئەم هەموو ئامانج و مەبەستە ئابووری و سیاسییە بپارێزین
موزائیكی ئاین و فرە نەتەوەیی جیاواز لەكوردستان فاكتەری بەهێزی كۆمەڵگای كوردستانییە، گەربێتوو بەراستی و وریاییەوە ئەو هێزە بەكار بهێنرێت و لەناو دامەزراوەیی بەهێزو رێكوپێك ئاراستە بكرێن و سوود لەتواناكانیان لەپێناو خزمەتكردنی كوردستان و هاوڵاتییان وەربگیرێت. ئەركی هەموو هاونیشتمانیەكە كار بۆ بوونی دامەزراوەیی بەهێزو خاوەن بڕیاری سەربەخۆ بكات، چونكە رۆڵی هەیە لەدیاریكردنی چارەنووس و داهاتووی كوردستان. بێ ئەم دامەزراوانە ناكرێت باس لەپەرەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بكەین، دامەزراوەكانیش حكومی بن یا كەرتی تایبەت پێویستە دوور لەدەستێوەردان و بەشێوەیەكی سەربەخۆ رێك بخرێن و كاری خۆیان بكەن، ئەركی پەرلەمانی كوردستانیشە وەكو دەزگایەكی یاسادانان بۆ بەدامەزراویكردنی ئابووری یاسا دەربكەن..
دكتۆر عیزەت سابیر مامۆستای ئابووری زانكۆی سلێمانی پێی وایە:
بوونی دامەزراوەكان بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری پێویستە، چونكە لەدەوڵەتی بەدامەزراوەییەوە دەتوانرێت گەشە بە پرۆسەی سیاسی و ئابووری بدات
دكتۆر عیزەت سابیر: دامەزراوەیكردنی دامودەزگا حكومی و ئەهلییەكان و رێكخراوەكان سەقامگیرییەك بە بەرنامەو كاری حكومەتیش دەدات و بەیەكێكیش لەو فاكتەرانە دادەنرێت كە رۆڵیان لەپەرەپێدانی ئابووری و پێشخستنی كەرتەكانی هەیە، كاتێك هەنگاو بەرەو بەدامەزراوەیكردنی ئابووری و دامودەزگا پێوەندارەكانی دەنرێت مەرجە یاساو رێنمایی دەربچێت بۆ رێكخستنی بەرنامەو كاری دامەزراوەكان، دامەزراوەكان تەنیا روویەكی مەدەنییانەی لەبواری كارگێڕی نییە بەڵكو ئەركی بەڕێوەبردنی ئابووری لەئەستۆیەو لەكاتی كەوتنەوەی ناسەقامگیری و نائارامی سیاسییەوە زامنی بەردەوامی و دەربازبوونمانە لە قەیران و ناسەقامگیرییەكان دەكات، ناكرێت لەدۆخ و ژینگەیەكی نائارام و ناسەقامگیردا ئیدعای پەرەپێدان بكەین بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییەش بوونی دامەزراوەكان پێویستە. وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان توانیویانە لە ڕێگای بەدامەزراوەیكردنی ئابوورییەوە بگەنە ئاستێكی بەرزی پێشكەوتوو لە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری.
ئەو پرسیارەی گرنگ بێت و پێویستە وەڵام بدرێتەوەو كاری جیدیی بۆ بكرێت ئەوەیە، ئایا رۆڵی یاسا لەدامەزراندنی دامەزراوەكان چییەو؟ ئەو هەنگاوانە چین كە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ بەدامەزراویكردنی دامودەزگاكانی حكومەت؟ پێم وایە پێویستە ئەو راستییە بزانین كە دەبێت هەنگاوی یەكەممان بۆ بەدامەزراوەیكردنی كوردستان لە یاساوە دەست پێبكەین و هەموو كەس و لایەن و حیزبێك باپەندی یاسا بن و سەروەری بۆیاسا دانرێت ئەوكات بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و ئەهلیش ئاسان دەبێت، چەسپاندنی سەروەری یاسا دەبێت هاوكات بێت لەگەڵ:
- جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حزب و حكومەت
- دامەزراندنی كەسی شیاو لەشوێنی شیاودا.
- پلاندانانی كورتخایەن و مامناوەندی و درێژخایەن بۆ بەڕێوەبردنی هەموو دامودەزگاو ناوەندەكان.
- جێبەجێكردن و بەدواداچوون و چاودێریكردنی راسپاردەو بڕیارەكان.
مامۆستا غازی عوسمان یاریدەدەری راگر لەكۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی سەلاحەدین:
ئەركی سەرۆكی كوردستان و حكومەتی هەرێمە لەڕێگای بەدامەزراویكردنەوە خۆی بۆ بەڕێوەبردنی رووداوە كتوپڕەكان ئامادە بكات
مامۆستا غازی عوسمان: هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی لە ئاكامی ئەو ئارامی و سەقامگیرییە سیاسییەوە گەیشتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر لە عێراق و بگرە بۆتە ناوەندێكی ئابووری و سیاسی لە ناوچەكەدا، لەجیهاندا سەدان هەرێم هەیە ژمارەیەكی كەمیان بەهاوشێوەی كوردستان لەپەرەپێدان و پەرەسەندنێكی خێرادان. پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر كارێكی ئاستەم بوو ئەو هەموو وەبەرهێنە بیانی و كۆمپانیا بەناوبانگەی ئەوروپاو ئیمارات و توركیاو وڵاتانی دەوروبەر روو بكەنە كوردستان، بەڵام سیاسەتی ئاشتیانەی سەرۆك بارزانی و كرانەوەی هەرێمەكەی بەرووی جیهانەوە ئەم واقیعەی مسۆگەركرد، ئەوەتا سەرۆكی ئەمەریكا بوش و ئۆباما لەئاستی سەرۆكایەتی پێشوازی لەسەرۆكی كوردستان دەكەن، گەر بگەڕێینەوە بۆ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی كەبەردەوام تەئكید لەسەر دامودەزگای دامەزراوەیی دەكاتەوە دوور لە دەستێوەردان و كاریگەرێتی لەسەر بڕیارەكانی، بێ بوونی ئەم دامەزراوانە ناكرێت پارێزگاری لە پێشكەوتن بكەین و پەرەپێدان روو بدات، تەنانەت بەدامەزراویكردنی كوردستان و بەتایبەت ئابوورییەكەی هەنگاوی راست و دروستە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی گەندەڵی و ناشەفافییەت و قۆرخ نەكردنی ئابووری. پێشكەوتنی ئابووری بوو وایكرد داهاتی تاكەكەسی هاووڵاتی كورد بەرز بێتەوەو واقیعێكی وا بخوڵقێنێت لە هەندەرانەوە گەنجی كورد بگەڕێنەوە هەرێمەكەو باری بژێوی دانیشتووان و خەڵكی هەژاریش روو لە باشی بكات، لەبەرامبەردا ناحەزانی میللەتی كورد لە ڕێگای گرووپ و تاقمە ئاژاوەگێڕەكان و سیخوڕەكانی دەزگا نهێنی و هەواڵگرییەكانی ناوچەكەوە لە هەوڵی ئەوەدان لەم بارودۆخە ناسكەدا درزو كەلێن بخەنە ناوماڵی كوردو دۆخێكی پشێوی بخوڵقێنن، شۆفێنییەكان و كۆنە بەعسییەكان وەكو نموونەیەكی بەرچاو دیارن كە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی كوردستانیان بێ خۆش نییەو پیلان و كاری بەردەوام دادەڕێژن بۆ تێكدانی رەوشەكەو داڕشتنەوەی سیناریۆی جۆراوجۆر، لەپێناو ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی و نانەوەی ئاژاوەگێڕی و لەخشتەبردنی هاووڵاتییان.
بەدەستهێنان و پاراستنی ئەم سەقامگیرییە لەناوچەیەكی وەكو رۆژهەڵاتی ناوەراست كە ئەو هەموو ململانێ سیاسی و ئابوورییانەی تێدایە كارێكی ئاسان نییەو پێویستی بە كەسانی دڵسۆزو بەتوانای وا هەیە كەلە ناوەندەكانی سیاسی و ئابووری پێشكەوتنەوەی رووداوەكان رووبەرووی هەموو پیلان و بارێكی نائارامی ببنەوە، چونكە گەر بێتوو نەبینە خاوەنی دامەزراوەیی بێلایەن و بەهێزو بەتوانا ئەوكات بارودۆخی هاووڵاتی بەرەو خراپی دەچێت و بڕواو متمانە كەم دەبێتەوەو زیانێكی گەورە بەر بازاڕو ئابووری دەكەوێت. وەكو ئابووریناسێك پێم وایە بەبێ دامەزراویكردنی ئابووری و پاراستنی سەقامگیری ناكرێت پارێزگاری لە داهاتی تاكەكەسی و ئەو پێشكەوتنانە بكرێت كە لەبواری خزمەتگوزارییەكان و هەلی كار نراوە.
دكتۆر سوبحی حەیدەر شارەزا :
سەربەخۆیی بەڕێوەبردن بنەمایەكی بەهێزە بۆ بەدامەزراوەیكردنی كوردستان
بنیاتنانی ئابووری بازاڕ لەڕێگای ئابووری دامەزراوەیی نوێوە، بێ حوكمڕانییەكی دیموكراتی و پاراستنی ماف و رێكخستنی ئەركەكانی تاك نایەتە بەرهەم، كە تێیدا كار پیرۆز بكرێت و بەهای راستەقینەی بۆ بگەڕێتەوەو پاڵنەریش بۆ پێشكەوتنی كار هەبێت لەڕێگای پاڵنەری ماددی و پاراستنی مافی موڵكداری و دروستكردنی كێبڕكێ، لەكۆمەڵگایەك كە سیستەمی دامەزراوەیی هەبێت یاسا لەخزمەتی تاك دەبێت و پاڵنەریشە بۆ جێبەجێكردنی یاسا، چونكە تاكەكان لەناو ئەو كۆمەڵگایانە خاوەنی ئیرادەی خۆیان دەبن، یاساكان لە پێناوئازادی تاكەكان و مافی موڵكدارێتییان دادەنرێت، لەمبارەیەوە: دكتۆر سوبحی حەیدەر شارەزا لەبواری پارتە سیاسییەكان و سەرۆكی بەشی رامیاری لەزانكۆی سەڵاحەدین لەوەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵاندا ئاماژەی بەرۆڵی پارتە سیاسییەكان لەژیانی ئابووری و هەنگاونان بەرەو بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگاكانی كوردستان كرد لێرەدا پوختەی بۆچوونەكانی بڵاودەكەینەوە:
پارتە سیاسییەكان خۆی لەخۆیدا رێكخراوێكی كۆمەڵایەتی سیاسییە، لەناو چوارچێوەی كۆمەڵگادا كاروچالاكی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەم رێكخراوە سیاسییە هەڵدەستێت بە جێبەجێكردنی چەند ئەركێك كە گرنگترینیان مەسەلەی هەڵبژاردن و رێكخستنی كاری دامودەزگاكانی حكومەت و چالاك كردنی ژیانی سیاسیی و پێگەیاندنی سیاسییە، چەندین كارو ئەركی دیكەش لەئەستۆ دەگرێت و، ئەم رێكخراوە بۆ گەیشتن بەدیموكراتییەت زۆر گرنگە. دروستبوونی پارتە سیاسییەكان دەروازەیەكە بۆ دەربڕینی بیرورا، كە خاڵێكی گرنك ئەوەیە دابینكردنی ئازادی ئەركی رێكخراوی سیاسییە و لەژێر ئامانج و مەبەستێكی ئاشكرا خەڵكی كۆبكاتەوە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، تەنیا بەو مانایە نا كە بگاتە دەسەڵات بەڵكو كاریگەریی هەیە لەسەر دەسەڵات و پاراستن و مانەوەی دەسەڵات
یەكێك لەمەرجەكانی سەقامگیری سیاسی ئەوەیە خەڵكی لەناوكۆمەڵگا مافی رادەربڕینی خۆیان هەبێت و بەشداری ئابووری رێك بخرێت گەر بێتوو پارتە سیاسییەكان نەبێت پشێوییەك دروست دەبێت.
پارتە سیاسییەكان لەمیانی كاركردنی سیاسی خۆیان بەرنامەیان هەیە بۆ دروستكردنی بەرنامەی ئابووری چ پارتی دەسەڵاتدار بێت یا ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات داڕشتنەوەو پەیڕەوكردنی بەرنامەی ئابووری و جێبەجێكردنی، ئۆپۆزسیۆنیش هەوڵ دەدات پلانی نوێ دانێت بۆ كەمكردنەوەو چارەسەركردنی كەموكورتییەكان واتە حكومەتی سێبەرە كە چاودێری تەواوی دەسەڵاتەكانی هەرێم دەكات و گەر بێتوو سیاسەتەكە چەوت بێت بەرنامەو سیاسەتی نوێ دادەڕێژێت، ئەمەش لەناو پرۆسەیەكی ئارام و مەدەنییەت گەرچی پێم وایە ئێمە لەقۆناغی گەیشتنداین بەرەو دیموكراتییەت بۆیە پارتەسیاسییەكان رۆڵی گەشەپێدانیان هەیە بۆ گەیشتن بەپەرەپێدان. سەربەخۆیی بەڕێوەبردن بنەمایەكی بەهێزە بۆ بەدامەزراوەیكردنی كوردستان، كە لەڕێگای یاساو رێنماییەكانەوە سەربەخۆیی بۆ تەمویلكردنی دامەوراوەكان دەبێت، بەپێچەوانەشەوە گەر بێتوو كەرتی حكومی و تایبەت روو لەدامەزراوەیی نەكەن ئەوكات دەستێوەردان لەكاروباری بەڕێوەبردن و بڕیاردان و گەشەی دامودەزگاو رێكخراوەكان روو دەدات و ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە «بەبێ بەدامەزراویكردن ئامانج و سەربەخۆیی لە بڕیارو جێبەجێكردن جێبەجێ ناكرێت».
Top