هاتنی بانكە تـوركییەكان بۆ كـوردستان لـە قەناعــــــــەتیانەوە دێت بەئارامی و پێشكەوتنی هەرێمەكە

هاتنی بانكە تـوركییەكان بۆ كـوردستان لـە قەناعــــــــەتیانەوە دێت بەئارامی و پێشكەوتنی هەرێمەكە
بوونی بانكە بیانییەكان لەهەرێمدا جیاوازییەكی دیــكەی كـــوردستان لــــەگەڵ بەشەكانی عێراق
هاتنی گەورە بانكەكانی توركیا لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا گەڕانەوەی متمانەیە بە هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی
لەهەرێمی كوردستان 83 بانكی حكومی و 52 بانكی ئەهلی و 3 بانكی بیانی بوونیان هەیە، لەم بانكانەدا نزیكەی 6000 كارمەندو كادیری بانكی هەلی كاریان بۆ رەخساوەو، پێشبینی زیادبوونی ئەم ژمارە كارمەندە بۆ نزیكەی 10 هەزار كەس دەكرێت، بڕیاریشە ژمارەیەك لە بانكە توركییەكان بێنە هەرێمی كوردستان و بەرەسمی مۆڵەتی كاركردن وەربگرن و لەشاری هەولێر لقی تایبەت بەخۆیان بكەنەوە، هەریەك لە بانكەكانی ( كشتوكاڵی هاوبەش و ئایچ بانكاسی و ئیك بانك و گارانتی بانك و واك بانك )ی تێدایە، كە تەنیا بانكی كشتوكاڵی هاوبەش لە ناویاندا سەرمایەكەی 1 ملیار دۆلارە. كردنەوەی لق و نووسینگەی بانكە بیانییەكان بەتایبەتی توركییەكان شوێنەوارو كاریگەریی خۆی دەبێت بۆ سەر زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی و فراوانبوونی ئاسۆی وەبەرهێنان بەتایبەتی وەبەرهێنانی بیانی، لەساڵی رابردوودا زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی هەرێم و وڵاتانی دراوسێ بەتەواوەتی دركی پێ دەكرا، ئەوەتا ئاستی ئاڵووێرە بازرگانیەكانی توركیاو كوردستان لە 2009 گەیشتبووە 1 ملیارو 800 ملیۆن دۆلار و لەمساڵدا مەزەندە دەكرێت بۆ 5 ملیار دۆلار بەرزبێتەوەو، لەچەند ساڵی داهاتووش بگاتە 10 ملیار دۆلار. پێشكەوتنی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەنكەرەو ئەربیل تەنیا لە ئاكامی ئەو تێگەیشتنەی حكومەتی توركیا نەهاتووە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، كە پێگەی ئابووری و جیوگرافیای كوردستان بۆ دەوڵەتی توركیا گرنگە، بەڵكو بۆ ئەو واقیعە دەگەڕێتەوە (( كوردستان دەروازەی ئابووری و سیاسییە بۆ عێراق و ئاسایبوونەوەی پێوەندییەكانیش لەگەڵ ئەم هەرێمەدا خواستێكی ئەمەریكایە)) گوڵانی ژمارە780، هەروەكو لە راپۆرتی هەفتەی رابردووی گوڵاندا هاتبوو لەژێر ناونیشانی (گرنگی پێوەندییەكانی هەولێرو ئەنكەرا لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) و تێیدا ئاماژە بەوە كرابوو:» ئاسایبوونەوەی پێوەندییەكانی ئەنكەراو هەولێر بە هۆكاری سەركەوتنی سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت و مسداقییەتی ئەمەریكاشە لەچارەسەركردنی كێشەكانی جیهان..» بەرپرسێكی بەرزیش لە مەسرەفە نێودەوڵەتییەكان لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەكردنەوەی لقی بانكە گەورە بیانییەكان بەتایبەت توركییەكان كردووەو رایگەیاند: بانكە توركییەكان لقیان لە هەولێر دەكەنەوە چونكە لەشارەكانی تری عێراق ئارامترەو لەداهاتوودا بەدەروازەی عێراق و فراوانبوونی كارو چالاكییەكانیان دادەنرێت بۆ سەرجەم ناوچەكانی تری ئەو وڵاتە. بەمشێوەیە هاتنی بانكە توركییەكان درێژە پێدەری هاتنی بیزنسكارو وەبەرهێنە توركییەكانە كە تاكو ئێستا ئاستی ئاڵووێری بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا بۆ سەروو لە 5 ملیار دۆلار زیادیكردووە، ئەمە جگە لەوەی ماوەیەكە بەبەشداری بیزنسكارو نوخبەی رۆشنبیران و كەسایەتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دیالۆگی كوردی- توركی دەستی پێ كردووەو بیزنسكارانی توركیا بەچاوێكی ئومێدو خواستێكی زیاترەوە دەڕواننە داهاتووی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان و بانكییەكانیان لەنێوان ئەنكەرەو ئەربیل.
ئەو گۆڕانكارییە پۆزەتیڤەی لەچەند ساڵی رابردوو لە ئابووری توركیا روویانداوە كە گرنگترینیان سەقامگیری ئابوورییەكەیی و كرانەوەیەتی بەرووی هەرێمی كوردستان كاریگەری باشی بەسەر ناوچەكەو هەرێمی كوردستانەوە هەیەو، فیدرالییەتی هەرێمەكە دانی پێدا نراوەو، بۆتە ئەمری واقیع و لە توركیا گەشبینی لە پێوەندییە ئابوورییەكان و كرانەوە بەرووی هەرێمی كوردستان زاڵە بەسەر نائومێدی لەداهاتوو.
توركیا بەنیازە بانك لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە، مەبەستی چییە؟
توركەكان بوونێكی ئابوورییانەو بازرگانی بەرچاویان لەهەرێمەكەدا هەیە، لە80%ی كاڵاو بەرهەمە فرۆشراوەكانی كوردستان لە توركیاوە دەهێندرێت، كۆمپانیا توركییەكان نیوەی زیاتری كۆمپانیا بیانییەكان پێكدەهێنن، تەنیا لە 8 مانگی 2009 دا كۆمپانیا توركییەكان 40 ملیۆن دۆلار سەرمایەیان بەگەڕخستووە ئاستی وەبەرهێنانی بیانی لە 12 ملیار دۆلار تێپەڕی كردووەو پتر لە10 هەزار كۆمپانیا لەم هەرێمەدا بوونیان هەیە، لەناویاندا زیاتر لە1000 كۆمپانیای بیانی هەیە كە 60%یان توركین، ئەمەجگە لەوەی كردنەوەی لق و نووسینگەكانی گەورە بانكەكانی جیهان لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا گەڕانەوەی متمانەیە بە هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی. كەپێشتر زمانی هەڕەشەو سەربازی دەكرایە سەر هەرێمی كوردستان و پێوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەكانی نێوان ئەنكەرەو ئەربیل زۆر ئاڵۆز بوو، كەچی ئێستا زەمینە رەخساوەو دەوڵەتی توركیا سەرقاڵی پێدانی مۆڵەتە بە گەورە بانكەكانی تاوەكو لەهەرێمی كوردستاندا كارو چالاكی مەسرەفی و وەبەرهێنان بكەن، ئەم گۆڕانكارییە هەر لە خۆڕا نەهاتووە بەڵكو دەرئەنجامێكی بەهێزبوونی پێگەی ئابووری هەرێمی كوردستان و ئەو سەقامگیری و پێشكەوتنە ئابوورییەیە كەئەركی هەموو لایەكە بیپارێزن، كردنەوەی بانكە توركییەكان بایەخ و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە ئابووری نوێی جیهان، چونكە وەزیفەی بانك گۆڕدراوەو لە رۆتینی پێدانی پارەو مووچەو حساباتەكانی تەوفیرو جاریی تێپەڕیوەو بەرەو كاری بیزنس و وەبەرهێنان و قەرز بۆ پرۆژە گەورەو مامناوەندی و بچووكەكان هەنگاوی ناوەو، تەنانەت رۆڵیان لە پەرەپێدانی ئابووری ناوخۆو جیهانی هەیە گەورەترین شكست و داڕمانە ئابوورییەكان لەقەیرانی بانكەكانەوە سەرچاوە دەگرێت و وڵاتانی ئەسكەندەنافیاو سویسرییەكانیش بەبانكەكانیانەوە بوونەتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن.
لەلوبنان بانك گەورەترین وەبەرهێنانە
لەهەرێمی كوردستان بەدەیان ملیۆن دۆلار هەڵدەسوڕێت و ئاڵووێری بازرگانی نێوان هەرێمەكەو وڵاتانی دەوروبەر بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار دەچێت و، زیاتر لە10 هەزار كۆمپانیاو سەدان بەڵێندەرو بیزنسكارو وەبەرهێن و بازرگان بوونیان هەیە، كەچی ئاستی توانای بانكە ئەهلییەكانمان بەرز نین و، توانای دارایی و داهاتی گەورەیان نییە. كردنەوەی 15 كونسوڵخانەو هاتنی زیاتر لە 400 كۆمپانیای توركی ئەو راستییە دەردەخات كە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەرێمی كوردستان بۆتە ئەمری واقیع و پێگەی ئابووری سەربەخۆی هەیە، دەرهێنان و وەبەرهێنانیش لەبواری نەوت و گاز ئەو دەسكەوتە مێژووییە بوو كە لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بوێرانەو گەورەی بۆنرا، ئەمەش ئەوەندەی تری پێگە ئابووری و پیترۆلییەكەی كوردستانی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان زیاتر كرد، لە لوبنان گەورەترین وەبەرهێنان لەبواری بانكدا ئەنجام دەدرێت، ئەوان ئەم وەبەرهێنانە بانكییانە بەبڕبڕەی پشتی ئابووری دادەنێن، بوونی 3 بانكی لوبنانیش لە هەرێمی كوردستان دەبێت فێری ئەو وەبەرهێنانەمان بكات كە لەلای ئەوان لەریزبەندی پێشەوەی وەبەرهێنانەكانیاندا دێت، نەك تاكو ئێستا سیاسەت و فەلسەفەی بانكیمان نییەو، پاشەكەوتی پارە لەماڵەكاندایەو كریتیت كارت بەكار ناهێنین و سیستەمی پێشكەوتووی مامەڵەی مەسرەفیمان نییە، ئەمە لەسەردەمێكدا حكومەتەكان بەسیستەم و سیاسەتە بانكییەكانیان پێش دەكەون و هەڵەو گرفتێكیش لە بانكەكانیاندا دەرئەنجامەكەی كەوتنەوەی قەیرانێك و داڕمانێكی گەورەی ئابووری و شكستهێنانی حكومەتەكان و بگرە دەست لەكاركێشانەوەشیان لێدەكەوێتەوە، ئەوەتا بانكی نێودەوڵەتی سیاسەتی جیهانی رێك دەخات و دەیان مەرج و رێنمایی بۆ راستكردنەوەی بەرنامەو سیاسەتی ئابووری حكومەتەكانی جیهان دادەڕێژێت.
بێ گەڕانەوەی متمانەو بوونی سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوو، هەنگاوەكانی راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی رووبەرووی شكستێكی گەورە دەبێتەوە
تاچەند دامەزرانی بانكە توركییەكان كاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی و پتەوبوونی پێوەندییە ئابوورییەكان هەیە؟ بانكی ناوەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادەكردووە؟ لەجیهانی پێشكەوتوودا ئابووری سیاسەت دەبات بەڕێوەو ئاراستەی دەكات، ئایا ئابووری كوردستان توانیویەتی لەبواری سیاسەتە نەختینەیی و داراییەكانی دواكەوتووی بەغدا دەربازی ببێت؟ بیزنسكارەكان بەشێوەیەكی تەقلیدی كار دەكەن و ئابووری بەدڵی ئەوان هەڵدەسوڕێت، كاتی ئەوە هاتووە تەنیا بەدڵی بازرگان و بیزنسكاران مامەڵە لەگەڵ ئابووری نەكەین و بۆ ساغكردنەوەی كاڵای خراپ و مامەڵەی هەڵەی بانكی ئەهلی بێدەنگ نەبین، بۆچی تا ئێستا متمانە نەگەڕاوەتەوە بۆ بانكەكانمان؟بێ گەڕانەوەی متمانەو بوونی سیستەمێكی بانكی پێشكەوتوو، هەنگاوەكانی راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ناو هەرێمی كوردستان رووبەرووی شكستێكی گەورە دەبێتەوە.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەو زیاتر گفتوگۆ لەسەر رۆڵی بانك لەژیانی ئابووری و كاریگەری لەسەر پێوەندییە ئابووری و ئیقلیمییەكان بەتایبەت لەگەڵ وڵاتی توركیاداو، راو بۆچوونی چەند شارەزایەكی ئابووریمان وەرگرت، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانیان بڵاودەكەینەوە:
« هاتنی بانكە توركییەكان گۆڕانكاری و پێشكەوتنێكی بنەرەتییە لەنێوان ئەنكەرەو ئەربیل دا، مۆدێلی توركیاش تارادەیەك بۆ ئابووری هەرێمەكە باش و گونجاوە، كاتی ئەوە هاتووە كۆمپانیاو بانكەكانمان بەدامەزراوەیی بكەین و لە ئاست پێشكەوتنەكانی سەردەمدا بێت و هۆشیاری بەنكی لەناو هاوڵاتییانماندا فراوان بكەین،با نەڕوانینە ئەزموونی دوبەی و لە كڕین و فرۆشتنی دراوو حەواڵەش دا لەشێخەلڵاو بازاڕی دراوەكە بین و لەسەر مقەبا مامەڵەی دراو ئەنجام بدەین»
• پرۆفیسۆر دكتۆر پۆڵ ئێم كێنگری بەڕێوەبەری دیراسات و پەرەپێدان، راگری پێشووی زانكۆی هاوای Hawaiiبووە، هاوكات بەڕێوەبەری ئامۆژگای فیش بووە لە واشینتۆن دی سیFish Institute in washinton DC.
• پرۆفیسۆر دكتۆر عەبدوڵا دەباش زانكۆی دهۆك.
• ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم.
• دكتۆر محەمەد سەلمان سەرۆكی بەشی ئابووری زانكۆی سەلاحەدین.
• شیروان ئەنوەر مستەفا سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری- شارەزا لە تەمویلی بانكی بۆ پرۆژە بچووك و مامناوەندییەكان.
• سەڵاحەدین عەبدوڵا بەڕێوەبەری بانكی دیجلەو فورات بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان 22 ساڵ شارەزا لەبواری بانكی.
پرۆفیسۆر دكتۆر پۆڵ ئێم كێنگری راگری پێشووی زانكۆی هاوای) Hawaiiبۆ گوڵان):
دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ رێكخستن و گۆڕینی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ بیزنس و سیستەمی نەختینەیی و دارایی
پرۆفیسۆر دكتۆر پۆڵ ئێم كێنگری راگری پێشووی زانكۆی هاوای، بەڕێوەبەری ئامۆژگای فیش بووە لە واشینتۆن دی سیFish Institute in washinton DC لە گفتوگۆیەكی گوڵاندا چەند سەرنج و بیروڕایەكی خستەڕوو تایبەت بەبارودۆخی بیزنس و كەرتەكانی بانكی و یاسایی و رێنماییە پێوەندارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان، دكتۆر پۆڵ پێی وایە نەبوونی ستراتیژیەتێك بۆ پەرەپێدانی ئابووری و نەگۆڕینی یاساو رێنمایی و شێوازی تەقلیدی كارمەترسییەكی گەورەی لەبەردەم هەوڵەكانی بەرەوپێشچوون و گەشەكردنی ئابووری دەبێت، لەگەڵ نەبوون و لاوازی سیستەمی دارایی و نەختینەیی وا كەلەگەڵ پێشكەوتنە ئابوورییەكان بگونجێت، ئەوەندەی تر كێشەكانی بیزنس و ئابووری ئاڵۆز دەكات، ناوبراو لەم بارەیەوە دەڵێت: من قورسایی ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانی ئابووری دەزانم، ئەوەش دەزانم چەندین كێشەی جۆراوجۆر ئاستەنگ و بەربەستی پەرەپێدانی ئابووری و كەرتی بیزنسە لەهەرێمەكەدا بەتایبەت لاوازی سیستەمی بانكی و نەبوونی بانكی پێشكەوتوو، بەڵام دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ رێكخستن و گۆڕینی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ بیزنس و چیترحكومەت خەرجییەكانی زیاتر نەبێت و سیستەمی نەختینەیی و دارایی بگۆڕێت و ڕێگاو هاوكاری زیاتری دامەزرانی بانكی ئەهلی بدات، پێویستە حكومەت و دامودەزگاكانی تەنیا وەكو چاودێرو بەدواداچوونێك لە بواری ئابووری بمێنێتەوە، گەر یاساو سیستەمی بانكی و بوارەكانی تایبەت بەقەرزپێدان و تەمویلی پرۆژەكان و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی هەنگاوی جیددی بۆ نەنرێت مەترسییەكی گەورە لە داهاتوودا رووبەرووی ئابووری كوردستان دەبێتەوە، نەبوونی ستراتیژییەت و سیستەمێكی پێشكەوتوو بەتوانای بانكی كێشەكانی ئابووری هەرێمەكە ئاڵۆزتر دەكات، نەبوونی بەرهەمهێنان و قەبەیی حكومەت زەنگێكی مەترسیدارەو پێویستە بەجیددیەتەوە تێڕوانینی داهاتوومان بۆی هەبێت.
پرۆفیسۆر دكتۆر عەبدوڵڵا ئەلدەباش شارەزای ئابووری لە زانكۆی دهۆك و سەرۆكی راوێژكارانی پێشكەوتوو لەبواری توێژینەوەی كەڵكی ئابووری (بۆ گوڵان):
كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی فراوانی راگەیاندن دەست پێ بكات، بەمەبەستی ناسینی ئابووری هەرێمەكە و جیاوازی لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق دا
پرۆفیسۆر دكتۆر عەبدوڵا ئەل دەباش مامۆستای زانكۆی دهۆك و شارەزا لەبواری ئابووری و سەرۆكی راوێژكارانی پێشكەوتوو لەبواری توێژینەوەی كەڵكی ئابووری لەگفتوگۆیەكی گوڵان دا جەختی لەسەر ئەو هەنگاوە گرنگەی ئەگەری هاتنی كۆمپانیا توركییەكان بۆ هەرێمی كوردستان كردەوەو پێی وابوو: بانكە بیانییەكان سەرچاوەیەكی گرنگی وەبەرهێنانە و تواناو قورسایی خۆی هەیە بۆ راكێشانی سەرمایەی بیانی، تەنانەت ئەم بانكانە توانای ئەوەیان هەیە خۆیان وەبەرهێنان بكەن و ببنە سەرچاوەی تەمویلكردنی پرۆژەكان. لەچەند ساڵی رابردوودا بانكە بیانییەكان مەترسی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوورییان لەعێراق هەبووەو هەرێمی كوردستانیشیان وەكو بەشێك لەم ناسەقامگیرییە داناوەو جیاوازییان نەكردووە لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی تری عێراق، ئەمە سروشتی سەرمایەو بیزنسیشە كە ترسنۆكن و وا بەئاسانی و خێرایی ناچنە هەرێم و وڵاتێكەوە، كەواتە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان لەو بڕوایەوە هاتووە كە هەرێمەكە سەقامگیرو دەوڵەمەندەو دەكرێت وەبەرهێنانی باشی لێبكرێت و ببێتە سەرچاوەی داهات و قازانج. كێشەی هەرێمی كوردستان نەناسینی ئابووری هەرێمەكەو بارودۆخەكەیەتی، كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی فراوانی راگەیاندن دەست پێ بكات، بەمەبەستی ناسینی ئابووری هەرێمەكەو جیاوازی لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراق دا، بەتایبەتی ناساندنی یاسای وەبەرهێنان و ئەو ئاسانكاری و یارمەتییەی حكومەت پێشكەشیان دەكات، شارەزایی لە واقیعی ئابووری هەرێمەكەو هەلەكانی بەدەستهێنانی قازانج بۆ راكێشانی كۆمپانیاو بانكە بیانییەكان پێویستە، بەتایبەتی بوونی ماستەر پلانێكی ئابووری بۆ ئەو بوارانەی حكومەتی هەرێم بەنیازە وەبەرهێنانی تێدا بكات بە كارێكی ستراتیژی و گرنگ دادەنرێت، هاتنی بانكە بیانییەكان مەسەلەیەكی تری گرنگ بۆ ئابووری هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەویش شارەزایی و بەدەستهێنانی سەرمایەی مەعریفییە بەكارو چالاكی بانكی، چونكە هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو شارەزایی بەنكی دابڕون چەندین ساڵ لەم بوارەدا لەدوای وڵاتی توركیاوەن.
ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم(بۆ گوڵان):
هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەك پێشكەش بە بانكە بیانییەكان دەكرێت
ئەدهەم كەریم دەروێش بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم وەك لایەنێكی حكومی و بانكی لەهەرێمدا ئاماژەی بەو هەوڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لەبواری بانكی ناوێتی و بۆتە هۆی بەگەڕخستنی دەیان بانكی حكومی و ئەهلی و بیانیش لە هەرێمی كوردستان، ئەمەجگە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بانكی ناوەندیی هەرێم و بەهاوكاری بانكی ناوەندی بەغدا هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكی پێشكەش بەهاوڵاتییان و بانكە ئەهلییەكان كردووە بەتایبەت بانكی بیانی، ئەمەش لەپێناو هاتن و پێشكەوتنی كاروچالاكی بانكی دا، سەرۆكی بانكی ناوەندی هەرێم پێی وایە : بانكە بیانییەكان بەئاسانی روو لەهەرێمێك ناكەن تاوەكوو دڵنیا نەبن لە ئارامی و سەقامگیری دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەو یاساو رێنماییە ئابوورییانەی لەو شوێنەدا پەیڕەودەكرێت، بگرە ئەوان توێژینەوە لەسەر قازانج و بەدەستهێنانی گەورەترین هەلی كار دەكەن ئەوجا بڕیاری هاتن و بەگەڕخستنی وەبەرهێنان دەدەن، لەم روانگەیەوە بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان زۆرترین و باشترین ئاسانكاری و هاوكاری پێشكەش بەو بانكە بیانییانە دەكات، بەڵام لەچوارچێوەی یاساو رێنماییەكانی كردنەوەو كاركردنی بانكی دا، راستە ئێمە وەكو جكومەت پێشوازی تەواو لە هاتنی بانكەكانی وڵاتی توركیا دەكەین، بەڵام لەهەمانكاتدا سەلامەتی دارایی و ئابووری هەرێمەكەشمان لەسەر شانەو وەكو چاودێرو بەدواداچوونی بانكی ئەو ئەركەش جێبەجێ دەكەین و پێویستە ئەو بانكە ئەهلی و بیانیانە پاپەندی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی بێت چ لەهەرێمی كوردستان یا بانكی ناوەندی لەبەغدا بێت. بانكە ئەهلییەكان پێشكەوتنەكانیان لەسەرخۆیە و بەپێی ویست و خواستی هاووڵاتیان قەرز نادەن واتە بەو شێوەیە نییە كە هاووڵاتیان دەیەوێت، لەكاتێكدا هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ كراوە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوان خاوەنی سەرمایەیەك و داهاتێكی گەورە نین و كەمی سیولەیان هەیە، بێگومان كاركردن بەسیستەمی نوێی جیهان ئاسان نییەو وردە وردە ئەو سیستەمانە بەكار دەهێنین، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پێشكەوتنی خزمەتگوزارییە بانكییەكانی وەكو حیساباتی جاری و تەوفیرو حەواڵەكردن، ئێستا هەموو بانكێكی ئەهلی كە مۆڵەتی پێدراوە سەرمایەكەی لە 50 ملیار دینار كەمتر نییە، لەمەودوا بۆ كردنەوەو مۆڵەتدان بەهەر بانكێكی ئەهلی پێویستە 250 ملیار دینار سەرمایەكەی بێت.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكان پێشبینی زیادبوونی بانكە بیانییەكان بەتایبەتی بانكەكانی هەریەك لە وڵاتی توركیاو ئێران و سوریا و عێراقیش دەكەین ئێستاكە بانكە لوبنانییەكان بوونیان لە هەرێمەكەدا هەیەو دەستیان پێش خست لەم بوارەدا و رۆژ لەدوای رۆژ ئیشوكاریان زۆر دەبێت و قازانجی زیاتر بە خۆیان و هەرێمەكەش دەگەیەنن، هیچ بانكێك لەهەرێمی كوردستان لە 50 ملیار دینار كەمتر داهاتی نییە، داهاتی بانكە ئەهلییەكان و بیانییەكان لەكوردستان دا لەنێوان 50-100 ملیار دینارەو لەیاسای بانكی ناوەندی هاتووە لەمەودوا بۆ كردنەوەی بانك پێویست بە 250 ملیار دۆلار دەكات، ژمارەی بانكە حكومییەكان و ئەهلییەكان لەهەرێمی كوردستان گەیشتۆتە سەروو 100 بانك و بەدەیان كادیری بانكیش كاری تێدا دەكەن و ساڵانەش هەلی كار بۆ چەندین دەرچووانی زانكۆ لەڕێگای فراوانبوون و كردنەوەی لقی نوێ و بانكی نوێوە دابین دەكرێت.
دكتۆر محەمەد سەلمان سەرۆكی بەشی ئابووری زانكۆی سەلاحەدین(بۆگوڵان):
پێوەندییە ئابوورییەكەی نێوان كوردستان و كۆمپانیاو بیزنسكاران و حكومەتی توركیا پاڵنەری هاتنی گەورە بانكەكانی توركیایە نەك بەپێچەوانەوە.
كردنەوەی هەر لقێكی بانكی یان دامودەزگایەكی دارایی دەرەكی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان متمانەیەكی فراوانتر بەئابووری كوردستان دەبەخشێت، چونكە وەبەرهێنەری بیانی كە بەترس و دوودڵییەوە روو لە خاكی عێراق بەگشتی دەكەن مەترسی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوورییان هەیە، هاتنی ئەو بانكە توركی و بیانییانەش پێویستە شارەزایی و گونجاندن لەنێوان سیاسەتەكانی هەردوولا ببێت، مەبەستم سیاسەتە دارایی و نەختینەییەكان و شێوازی دڵنیابوون، بانكە توركییەكان یان بیانییەكان دەبێت لەچوارچێوەی یاساكانی عێراق كار بكات و پابەنی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بێت، بۆ ئەوەی سیاسەتی نەختینەیی لە ئارامیدا بێت، بانكە توركییەكان كاتێك دێنە كوردستان پێویستە خۆیان لەگەڵ سیاسەتی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق بگونجێنن، هاوكات نابێت ئەوان تەنیا بێن و كار بە سەرمایەی هەرێمەكە بكەن و هیچ سەرمایەیەكی خۆیان نەهێنن و دەبێت ئاگاداری ئەگەری ئیفلاسبوونی بانكە بیانییەكان بین و بانكی ناوەندی تەئمیناتی لێوەرگرتبێت، گەر بێتوو بانكە توركییەكان تەنیا بەراسپاردەكانی هەرێم كار بكەن متمانەیەكی وایان دەست ناكەوێت .
پێوەندییە ئابوورییەكەی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاو بیزنسكاران و حكومەتی توركیا پاڵنەری هاتنی گەورە بانكەكانی توركیایە نەك بەپێچەوانەوە، متمانەیی نێوان هەردوو حكومەت هێزێك دەداتە وەبەرهێنەر لەگەڵیدا وەبەرهێنەرە بانكییەكان، لە ساڵی رابردوودا ئارامی سیاسی و سەقامگیری ئابووری هاندەر بووە بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان و ئاڵووێری بازرگانی نێوان ئەنكەرەو هەولێر، پێم باشە بانكی ناوەندی هەرێم هەوڵبدات پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان بانكە ئەهلییەكان لەلایەك و بانكە عێراقی و بیانییەكان لەلایەكی تر دروست بكات بەتایبەتی لەگەڵ مەركەزی بانكەكە واتە بارەگاو نووسینگەی سەرەكی و لقی دایكی بانكەكە لەتوركیا.
پێم وایە توركیا زیاتر لەئێمە پێویستی بەپتەوكردنی پێوەندییەكان و هاندانی وەبەرهێنان لەكوردستان هەیە، ئەم هەنگاوو چالاكییانە بەبێ بوونی بانكەكانی توركیا نابێت بەتایبەتی دوای ئەوەی ئاستی هەڵسوڕاندنی پارەی توركیا لە هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی زۆر زیادیكردووە.
شیروان ئەنوەر مستەفا سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری- شارەزا لە تەمویلی بانكی بۆ پرۆژە بچووك و مامناوەندییەكان( بۆ گوڵان):
بانكە توركییەكان بۆ پەرەپێدانی ئابووری گرنگە، چونكە خاوەنی شارەزایی و داهاتێكی باشن
شیروان ئەنوەر مستەفا شارەزایەكی عێراقی و سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوورییە- ناوبراو لە تەمویلی بانكی بۆ پرۆژە بچووك و مامناوەندییەكان دەستێكی باڵای هەیە، بۆ وتووێژكردن لەسەر هاتنی بانكە توركییەكان و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان ناوبراو پێی وابوو :وەبەرهێنان هەروەكو چۆن ئابووری بێ بوونی سیستەمێكی نەختینەیی و دارایی و بانكی هەلی سەركەوتنی بۆ نارەخسێت، هەرواش بێ بوونی بانكی بیانی وەبەرهێنانی بیانی گەشە ناكات . بەتایبەت بانكە وەبەرهێنەكان كە بەشداری كاری وەبەرهێنان دەكەن و بە بڕبڕەی پشتی ئابووری دادەنرێن لێرەدا پوختەی وەڵامەكەی بۆ خوێنەرانی بەڕێزی گوڵان بڵاو دەكەینەوە:
- بانكە بیانییەكان بۆ پەرەپێدانی ئابووری زۆر گرنگن، چونكە شارەزایی وەبەرهێنان و كاركردیان لە پرۆژەكان هەیە و متمانەش دەبەخشێتە ئابووری ئەو هەرێم وحكومەتەی رووی تێ دەكەن، چونكە وەبەرهێنانی ناوخۆیی توانای ئەنجامدانی پرۆژەی گەورەو ستراتیژی كەمەو پێویستی بەهاوكاری یارمەتی بانكە دەرەكییەكان هەیە، سوودێكی تری بوونی بانكە بیانییەكان بۆ راكێشان و هاندانی وەبەرهێنانی وڵاتەكەیەتی بۆ ئەو پێگەو هەرێمەی كە بوونی بانكی بیانی تێدایە، هاتنی بانكە توركییەكانیش هانی زیاری بیزنسكارو بازرگان و كۆمپانیاكانی توركیا دەدات بێنە هەرێمی كوردستان و عێراق وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. بانكە توركییەكان خاوەنی ئەزموون و شارەزاییەكی باشن لەبواری پێشخستنی پرۆژەكان و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەئاستێكی مەسرەفی و وەبەرهێنانی بەرزی جیهانی، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی سەرمایەی مەعریفی و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوون، كەواتە بوونی بانكە توركییەكان تەواوكەری بوونی كۆمپانیا گەورە توركییەكانە لە هەرێمی كوردستان.
سەبارەت پێوەندییە سیاسییەكان و كاریگەری لەسەر پێشخستنی بواری ئابووری لەنێوان ئەنكەرەو ئەربیل بەڕێز شیروان ئەنوەر پێی وایە: لەجیهاندا ئابووری ئاراستەی سیاسەت دەكات، وەبەرهێنەرەكان پێوەندی نێوان گەلان و نەتەوەكان پێش دەخات و نزیكیان دەكاتەوە، واتە وەبەرهێنەر ئەو پردەیە كە سیاسەت و ئابووری لێك نزیك دەكاتەوە، پێویستە هەموو ئاسانكاری و یارمەتییەك بدرێت لەنێویشیاندا دامەزراندنی بانك و مەسرەفی پێشكەوتوو، بەڵام پێویستە لەم پێوەندییانەش وریاییەكمان هەبێت و ڕێگا بەوەبەرهێنەرو كۆمپانیاو بیزنسكارو بانكی خراپ و كەم توانا نادەین و مەرج و رێنمایی و راسپاردەیان بۆ دانرێت.
سەڵاحەدین عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری بانكی دیجلەو فورات بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان شارەزا لەبواری بانكی (بۆ گوڵان):
ناكرێت بێ پەرەپێدانی بانكەكان باس لە هەوڵەكانی وەبەرهێنان و پێشخستنی بكەین
سەڵاحەدین عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری بانكی دیجلەو فورات بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان شارەزا لەبواری بانكی سەبارەت بەكێشەو گرفتەكانی بانكە ئەهلییەكان و گرنگی هاتنی بانكە بیانییەكان و پێوەندییەكانی بانكە ئەهلییەكان بە بانكە بیانییەكان و لقەكانیانەوە ئاماژە بەوە دەكات: نەبوون و لاوازی متمانەی هاووڵاتییان بە بانكەكان بە گرنگترین ئەو كێشەو گرفتانە دادەنرێت كە رووبەرووی بانكەكان بۆتەوە، تاكو ئێستا هاووڵاتییان متمانەی تەواوی بە بانكەكان نییە تەنانەت بەبانكە حكومییەكانیش ئەو متمانەیە كەمە، لەگەڵ ئەمەشدا بانكەكانی كوردستان خاوەنی كارو چالاكی بانكی و مەسرەفین و توانیویانە تارادەیەكی باش تەكنەلۆژیاو شێوازی نوێی بانكی بهێننە كوردستانەوە، ناكرێت بێ پەرەپێدانی بانكەكان باس لە هەوڵەكانی وەبەرهێنان و پێشخستنی بكەین، لەگەڵ هاتنی ئەگەری كۆمپانیای زیاتر و بانكە توركییەكان كاتی ئەوە هاتووە هۆشیاری مەسرەفی و شارەزایی لەلای هاوڵاتییانی كورد زیاد بكەین و خۆمان بۆ هاتنی پێشكەوتوو ترین بانكەكانی جیهان ئامادە بكەین، پێویستە مەرجی دامەزراندنی كارمەندی بانكییان لەسەر بچەسپێت و هەنگاوی هۆشیاركردنەوەو راهێنانی زیاتری كارمەندانی بانكی خۆمان بین، لەلایەكی ترەوە بوونی پێوەندی و كاری هاوبەشی لەگەڵ بانكە بیانییەكان پێویستە، هاوكات كاتی ئەوە هاتووە كۆنفرانسێك بۆ پێشخستنی بانكەكان ببەسترێت و كێشەو گرفتەكانیان بۆ چارەسەر بكرێت بەتایبەت كێشەی نەبوونی دەستی كاراو كەسانی پرۆفیشناڵی بانكییە كەبەهۆی دامەزراندنی زۆری دەرچووانی زانكۆ لە حكومەت دۆخێكی وای لێكەوتۆتەوە گەر كارمەندی ناوچەكانی ناوەراست و خوارووی عێراق نەبێت رووبەرووی كێشەیەكی گەورە دەبینەوە.
ناشرینكردنی سەقامگیری هەرێم چ ئامانجێكی لە پشتە
كاتێك ئەم بابەتە لەسەرهاتنی بانكە توركییەكان بۆ شاری هەولێر ئامادە كرا زیاتر لە 700 بیزنسكارو نوێنەرو كارمەندی كۆمپانیا ئێرانییەكان لە هەولێرن، كە نوێنەرایەتی 307 كۆمپانیا دەكەن، هاوكات ئەو ئامارو داتایانەی دەستم كەوتن باس لە هەڵسوڕاندنی ملیۆنەها دۆلار دەكات و 15 كونسوڵخانەی لە پایتەختی كوردستان بیانی بوونیان، ئەمە جگە لەوەی بەسەدان كۆمپانیای بیانی كەتەنیا كۆمپانیا توركییەكان 400 كۆمپانیایان لە هەرێمدا لقیان كردۆتەوە، هەمووی ئەو راستییانە دەردەخات كە شاری هەولێر و هەولێرییەكان چ هەنگاوێكیان بەرەو مەدەنییەت و پێشكەوتنی شارەكەیان و كوردستان داوە، ئەوەتا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرقاڵی رێوشوێنە بۆ دانانی نووسینگەی و رێكخراوی یونسێف بەنیازە نووسینگەی بهێنێتە هەولێرو بەدەیان پرۆژەی بیانی و كارمەندوو كرێكارانی بیانی لە پایتەختی كوردستان كاردەكەن، هەولێر ماوەیەكی زۆرە لە گەشەكردندایە بە پێچەوانی مانشێتی رۆژنامەی رۆژنامە كە دەڵێ (هەولێر جێی مەترسی و تۆقانە)،تیرۆركردنی رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) بۆ لێدانی ئەو دەستكەوتانەیە كە ئێستاكە ماكینەی ئیعلامی كۆمپانیای وشە بەئاراستەیەكی هەڵەدا دەیبەن و دەیانەوێت رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان لە ئاشكراكردنی راستییەكاندا بگۆڕن، كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە زامێكە لەدڵی هەمووماندا و نابێت ئەو زامە بمێنێ و راستییەكان ئاشكرا بكرێت. گەرلەدیدێكی ئابوورییەوە بۆمەسەلەكە بچین و بپرسین بۆ دەبێت خزمەتی بەلاشی تیرۆرستان بكرێت و، رێگا بەتیرۆرستان بدرێت بارودۆخی ئارامی كوردستان تێك بدەن. بەتێكچوونی بارودۆخە ئابوورییەكە سەدان هەلی كار لەدەست دەدرێت و باری بژێوی ژیانی خێزانەكان تێك دەچێت و دەیان تیرۆرستی دیكە بەناوی جۆراو جۆرەوە لە ناو هەرێم و دەرەوەی هەرێم دروست دەبن، بۆ تیرۆری مرۆڤەكان كە لە پێناو تیرۆری ئابووریش دایە هەروەكوو چۆن دەیان مەبەستی تری لەپشتەوەیە.
Top