سیاسەتی وەبەرهێنان مامەڵـــەكردنە لەگەڵ بیزنسكاراندا

سیاسەتی وەبەرهێنان مامەڵـــەكردنە لەگەڵ بیزنسكاراندا
«گەرچی لەبواری بیزنسكاریی خاوەنی یاسای وەبەرهێنانین، هەرێمی كوردستانیش ژینگەیەكی لەبارە بۆ ئابووری بازاڕ، بەڵام خاوەنی تاقیكردنەوەو ئەزموونێكی دەوڵەمەند نین»
بیزنسكارانی كوردستان لە ئابووری هەرێم دا رۆڵێكی سەرەكیان نییە
دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان و بوونی زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیی و بڕی نزیكەی دەیان ملیار دۆلار لەپارەی هەڵسوڕاو لە كوردستاندا، هەرێمەكەیان خستۆتە بارودۆخێكی ئابووری پێشكەوتووی جیاوازەوە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەبڕی 16 ملیار دۆلار مۆڵەت دراوە بە 174 پرۆژەی وەبەرهێنانی ئابووری و بەدەیان پرۆژەی تر كە وەك هەلی وەبەرهێنان خراوەتە بەردەم بیزنسكاران و كۆمپانیاكان تاوەكو پرۆژەی ستراتیژی ئابووری لە هەرێمەكەدا ئەنجام بدەن، ئەمەش بوارەكانی(كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی و پیشەسازی و خزمەتگوزاریی و گەشتیاری و نیشتەجێبوون و خوێندنی نموونەیی و رێگاوبان و هێڵی ئاسنین)ی لەخۆگرتووە، زیادبوونی وەبەرهێنانی ناوخۆیی هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵووێرە بازرگانییەكانیش لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەركە بۆ زیاتر لە20 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوەو هەریەك لە توركیا بە 10 ملیارو ئێران بە 7 ملیار دۆلار بەشدارن، ئەم دەستكەوت و هەوڵانە لەگەڵ پێشكەوتنە ئابوورییەكەو لەپاڵ گەشەكردن بەسیستەمی دیموكراسی هاوكات بوو كە وایانكرد زیاتر لە 15 وڵاتی جیهان كونسوڵخانەو نووسینگەكانیان لە پایتەختی كوردستان بكەنەوە، لەلایەكی ترەوە كەرتی پیشەسازی تارادەیەك و بەشێوەیەكی كەمتر هەلی وەبەرهێنانی دەستكەوت، لەساڵی 2008ەوە تاكو ئێستا تەنیا 350 كارگەی بچووكی جۆراوجۆر دروستكراون كە 2981 كەس كاریان تێدا دەكەن، ئەمەش بەراورد بەقەبارەی وەبەرهێنان و پارەی هەڵسوڕاو لەناو هەرێمەكەدا ئاستێكی نزم نیشان دەدات، لەگەڵ ئەم پەرەپێدانی كاروپڕۆژانەدا كە لەكابینەی یەكگرتووی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام ئێستاكە پێویست بەوە دەكات یاساو شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ بیزنس دا بگۆڕین، هاتنی ئەو هەموو كۆمپانیاو بیزنسكارە بیانیە بۆ كوردستان كارێكی باشە، بۆ نموونە پێنج ساڵ لەمەوبەر تەنیا 3500 كۆمپانیا لە كوردستان بوونیان هەبووە، ئێستاكە بەهۆی زیادبوونی هەلەكانی وەبەرهێنان و كاركردن و باشبوونی تارادەیەكی ئابووری هەرێمەكە ژمارەی كۆمپانیاكان گەیشتە زیاتر لە 10 هەزار كۆمپانیا، كە تەنیا لەساڵی رابردوودا 1700 كۆمپانیای خۆماڵی و 153 كۆمپانیای بیانی لقیان لەهەرێمی كوردستان كردەوە، چونكە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی متمانە هەیە لەكوردستان و دەتوانن كار بكەن، ئەمە هاندەرێكە بۆ ئەوەی شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ بیزنس و وەبەرهێنان بگۆڕین، لەمەودوا بەمەرج و رێنمایی و كوالێتیەوە پێشوازی لەوەبەرهێنە بیانیەكان بكەین، یاساكانی كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاری و پاراستنی مافی بەكارهێنەرو دەیان یاسای تر بۆ رێكخستنی ئابووری بازاڕ دەربكەین و، سیستەمی چاودێری و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی توند بگرینەبەر، ناكرێت كۆمپانیا هەبێت دوو ساڵ كارەكەی لە وادەی خۆی تێپەڕیووەو جێبەجێی نەكردبێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكرێت! بۆ دەبێت خاوەنی 80 هەزار بازرگان و پیشەسازیكارو 10 هەزار كۆمپانیا بین كەچی كەرتی تایبەت رۆڵی كارای لە ئابووری كوردستاندا نەبێت؟ بۆ دەبێت خراپ مامەڵەكردن لەناو ئەم بازاڕە وا لە هاوڵاتییان بكات سیستەمی ئابووری بازاڕیان بەدڵ نەبێت؟ دەیان ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم گەیشتنمانە بۆ ئابووری بازاڕو جێبەجێكردنی سیستەم و فەلسەفەی نوێی بەهێزی ئابووری. یاسای وەبەرهێنان هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ ئەو قۆناغەی رابردوو، ئەمڕۆ پێویستە بەكۆمپانیاو بیزنسكارانی بیانی و ناوخۆیی بڵێین: پێداویستی و خواستی ئابووری هەرێمەكەیە بوارەكانی وەبەرهێنان و شێوازی جێبەجێكردنەكەتان بۆ دیاری دەكات، دەبێت بیزنسكار بێت و بڵێ چیتان دەوێت؟ دەمانەوێت وەبەرهێنانەكان جیددی بن و كێشەی نیشتەجێبوونمان بۆ چارەسەر بكات، دەمانەوێت پرۆژە وەبەرهێنانەكەی دەست و هەلی كار دابین بكات و رۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەی بێكاری هەبێت، نەك پرۆژەیەك ئەنجام بدرێت و بەستراتیژی دانرێت و بەرهەمهێن و خزمەتگوزاری نەبێت و یەك دوو كارمەندوو كرێكاری ناوخۆیی تێدا كار نەكەن. عێراق كەئێمە هەرێمێكین لەو وڵاتەدا خاوەنی زیاتر لەیەك ملیۆن و 406 هەزار بێكارە هەندێك لە ئامارو زانیارییەكانیش ئەوە دەخەنە روو كە رێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان 25% بێت و ئابووریناسانیش مەترسی زیادبوونی ئەو رێژەیە دەكەن، وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ئابووری و دابینكردنی هەلی كارە نەك تەنیا بۆ پڕكردنی گیرفانی وەبەرهێن و هیچ حسابێك بۆ بەرژەوەندی گشتی نەكرێت، وەبەرهێنەری بیانی هەیە پرۆژەی نیشتەجێبوون دەكات و یەك دۆلاری لە دەرەوەی وڵات نەهێناوەو تەنیا بەپارەو داهاتی ناوخۆی هەرێمەكە كارەكە ئەنجام دەدات و بە قەرزو سولفەی حكومەت و پارەی هاووڵاتیان پرۆژەی وەبەرهێنان دەكات! لەبەرامبەردا پێویستە حكومەت لە بازاڕو ئابووری دا دۆخێكی لەبار بۆ تاك و وەبەرهێنەكە بڕەخسێنێت و یاساكان بچەسپێنێت و سەروەریان بكات، بەپێی قۆناغەكە گۆڕانكاری و هەمواركردن لەیاساكانی بازاڕو وەبەرهێنان دا بكرێت، بۆ ئەوەی بیزنسكارانی كوردستان ئینتماو نیشتمانپەروەرییان دەركەوێت پێویستە رۆڵی كارایان هەبێت و حكومەت هەروەكو چۆن هاوكارو یارمەتیدەریانە هەرواش چاودێرو لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا بكات.
لەكاتێكدا بانگەشەی ئابووری بازاڕ دەكەین كەچی حكومەت بەژمارەی فەرمانبەرولەخەرجیدا قەبەتر دەكەین
پێش 5 ساڵ لەمەوبەر كاتێك بەرەو راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی هەنگاو نرا، یاساو رێنماییە ئابوورییەكان بۆ ئەوكات هەنگاوێكی گەورەو باش بوو، ئەو كات لەپێناوهاتن و راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی تەواوی ئازادی و بڕیار دەدرایە وەبەرهێنەرەكان،، كابینەی پێنجەم سەركەوتوو بوو لە دەركردنی یاسای وەبەرهێنان و راكێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەكان، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە بارودۆخەكە جیاوازەو سەدان كۆمپانیای بیانی روویان لە هەرێمەكە كردووە، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە چاوخشاندنەوەیەك بەیاساو رێنماییەكانی وەبەرهێنان و مامەڵەكردنمان لەگەڵ كەرتی بیزنس بخشێنینەوە؟ تاچەند سەركەوتووین لەمامەڵەكردن لەگەڵ بیزنزكارەكانی جیهان ؟ بیزنزكارە ناوخۆییەكان مەرجی بیزنزكارییان تێدایە بەهاوشێوەی بیزنزكارە بیانییەكان، هەرێمی كوردستان لەبواری بیزنزكاری گەرچی خاوەنی یاسای وەبەرهێنان و ژینگەیەكی لەبارە، بەڵام خاوەنی تاقیكردنەوەو ئەزموونێكی دەوڵەمەند نییە، ئاساییە فەرهەنگی ئابووریمان لەو بوارەدا نەبێت بەوەی نەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ بیزنس بكەین، بۆ دەبێت لە كاتێكدا بانگەشەی ئابووری بازاڕ دەكەین كەچی حكومەت قەبەتربكرێت؟ راستە لەسیستەمی ئابووری بازاڕ دەوڵەت و حكومەتی بەهێز بوونیان هەیە، بەڵام حكومەتێكی بنكە فراوان و قەبە نین كەهەموو دەستی كاری پێویست بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەتی قۆرخ كردبێت، یان بواری بۆ كاركردن و بەشداریكردنی زۆرینە لە پرۆسەی ئابووری نەهێشتبێتەوە..
ئامانجە ستراتیژییەكانی هەرێم پێمان دەڵێت:
مامەڵەكردنمان لەگەڵ بیزنس بگۆڕین
حكومەتی هەرێم ئامانجی وایە داهاتی تاكەكەسی لە ماوەی 10 ساڵدا بگەیەنێتە 10 هەزار دۆلارو لەنزیك ساڵەكانی 2015 ئاستی كێبركێكردن بۆ دروستكردنی پرۆژەی ئابووری زیاد بكات و تێچوونی پرۆژەكان كەم بكاتەوەو لەماوەی 5 ساڵیشدا رێژەی بێكاری بۆ 5% كەم بكاتەوەو ساڵانەش 100 هەزار هەلی كار دابین بكات، ئەمە جگە لە باش كردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەیی و خوێندن و كەمكردنەوەی كۆچكردن و كاركردن بۆ گەڕانەوەی توانا ناوخۆییەكان كەمكردنەوەی نیوەی رێژەی ئەو كەسانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن لەماوەی پێنج ساڵدا، ئەم هەنگاوانە هاوكاتە لەگەڵ دەیان ئامانجی تری پێوەندیدار بە پەرەپێدانی بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی كەهەر هەمووی بەتەنیا بەحكومەت ئەنجام نادرێت، بێ ئەوەی كەرتی تایبەت و بیزنسكارانی ناوخۆو بیانی رۆڵی جیددی و كارایان نەبێت لە پرۆسەی ئابووریدا.
پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەرتی بیزنس بكەین ؟ بۆ ئەوەی وەبەرهێنان جۆراو جۆر بكەین و لەئابووری یەكلایەنەی نەوتەوە دەربازی بێت و، رووبكاتە فرەیی سەرچاوەكانی وەبەرهێنان و زیادبوونی توانای ئابووری و دابینكردنی هەلیكار، كەرتی بیزنس لەئابوورییەكی یەك لایەنە و تاكە سەرچاوەی پێترۆل گەشە ناكات و نابێتە ئابوورییەكی بەرهەمهێن، بۆ ئەم مەبەستە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی هەریەك لەبەڕێزان دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و دكتۆر نەبیل ئەلعەزاری پسپۆری بواری بەڕێوەبردنی بیزنس و دانوستاندنە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان . لێرەدا پوختەی وەڵامەكانیان بڵاو دەكەینەوە:
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و كونسوڵی فەخری وڵاتی دانیمارك:
هەنگاونان بەرەو پەیڕەوكردنی فەلسەفەو سیاسەتی ئابووری بازاڕ وایكردووە ژمارەی بازرگان و پیشەسازیكاران لە هەرێمدا ببێتە 80 هەزار كەس
لەهەرێمی كوردستان خاوەنی 80 هەزار ئەندامین كەتەنیا لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر نزیكەی 25 هەزار ئەندام هەیە، ئەندامانی ژوور لە خاوەن پیشەسازییەكان و بازرگان و سەرۆك و بەرپرسی كۆمپانیاكان پێكهاتووە، خستنە رووی ئەم ژمارەیە ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات كە بیزنسكارانی كوردستان چەند زیادیكردووە، ژمارەی بازرگان و پیشەسازیكاران كە ئەوانیش وەكو بیزنسكارن، رۆژ لەدوای رۆژ روو لەزیادبوون دەكات، ئەمەش نیشانەیەكە بۆ باش بوونی بارودۆخی بژێوی ژیانی تاكەكەسی و پەرەپێدان و پێشكەوتنی بارودۆخی ئابووری لە هەرێمەكەدا، هەنگاو نان بەرەو پەیڕەوكردنی فەلسەفەو سیاسەتی ئابووری بازاڕ وایكردووە ژمارەی بازرگان و پیشەسازیكاران لە هەرێمدا بۆ 80 هەزار كەس زیاد بكات. لەگەڵ ئەمەشدا پێم وایە ئەم ژمارە زۆرە رۆڵێكی فراوان و كارگەریان نەدراوەتێ، بەهۆی نەگەیشتنمان بەبنەماكانی ئابووری بازاڕ و لە زۆر شوێن و بواردا مەركەزییەتی ئابووری پەیڕەو دەكرێت، كە بەمیراتی لە عێراقەوە بۆمان ماوەتەوەو حكومەتی عێراق جێبەجێی دەكرد و تاكو ئەمڕۆ بانگەشەكارانی هەیە و بڕوایان بە حوكمڕانییەك هەیە پارێزگاری لە سیستەمی مەركەزییەت بكات، بێ ئەوەی گوێبدەنە ئەو فیدرالیییەتەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە لەم هەرێمەدا تارادەیەك هەنگاو بەرەو گەیشتن بە ئابووری بازاڕ دەنرێت، ئەو سیستەمەی لەسەرجەم وڵاتانی دنیای پێشكەوتوو پەیڕەو دەكرێت و زامنی گەشەپێدانێكی خێراو بەهێزە، بۆیە لەهەرێمی كوردستان هەنگاوی جیددی بۆ ئەو مەبەستە دەنرێت، وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا تاكو ئێستا نەگەیشتووینەتە پەیڕەوكردنی هەموو بنەماو فەلسەفەو سیستەمەكانی ئەو شێوە ئابوورییە. لەمانگی تەمووزی داهاتوو كۆنفرانسێكی فراوان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی بازرگان و پیشەسازیكاران و بەڵێندەرایەتی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بەو كێشەو گرفتەی كە تووشی گەشەی كەرتی تایبەت بووە و ڕێگرە لەبەردەم چارەسەركردنی كێشە و گرفتە ئابوورییەكان دارا جەلیل خەیات پێی وابوو: گەورە بوونی ئاسۆیی و قەبەیی حكومەت كێشەیەكی گەورەی لێكەوتۆتەوەو وایكردووە كەسانی بەتواناو شارەزا ئامادە نەبن لە كەرتی تایبەت كار بكەن، ناكرێت بانگەشەی كەرتی تایبەت بكەین و تادێت حكومەت گەورە تر بكرێت.
گەڕان بەدوای قازانجی خێراو نەبوونی متمانە بەداهاتووی هەرێمەكە دۆخێكی وای لێكەوتۆتەوە لەو 80 هەزار ئەندامەی باسمان كرد زۆرینەی روو بكەنە كەرتی بازرگانی و بەڵێندەرایەتی، واتە ئەندامانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان زیاتر بازرگانن، گەر بمانەوێت بیزنسكارانی كوردستانی فێری ئەوەیان بكەین روو بكەنە كارگەو كەرتی بەرهەمهێنان، ئەمەش تەنیا بەو ڕێگایانە جێبەجێ دەكرێت كە ئیمتیازاتی زیاتر بدرێتە كارگەو كارخانەكان نەك سوپەرماركێت. من لەگەڵ ئەوەتا نیم بازرگانەكان تۆمەتبار بكرێن بەوەی بە كاڵاو كەلوپەلی وڵاتانی دەوروبەر كوردستانیان نغرۆی بەرهەمی خراپ كردووە، لە هەرێمێكدا توانای بەرهەمی ناوخۆیی نەبێت، ناچار بازرگانەكان روو دەكەنە هێنانی كاڵاو كەرەستەی خۆراكی دەرەوە.
لەهەموو توێژو چینێكدا كەموكورتی هەیەو كەسانی دوور لەهەستكردن بەبەرپرسیارێتی و دوور لە ئینتیمای نیشتمانپەروەریی بۆ دەستكەوتنی بەرژەوەندی تایبەتی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی بارودۆخە ئاڵۆزەكان دەقۆزێتەوە، ئەركی سەرجەم هاوڵاتییان و بەڕێوەبەرایەتییە پێوەندارەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنییە رووبەرووی ئەو كەسانە ببنەوەو سزای توندیان لەسەر دابنرێت.
دكتۆر نەبیل ئەلعەزاری پسپۆری بواری بەڕێوەبردنی بیزنس و دانوستاندنە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان:
بیزنسكارانی كوردستان لەبەردەم تەحەددایەكی گەورەدان
دكتۆر نەبیل عەزاری پسپۆری بواری بەڕێوەبردنی بیزنس و دانوستاندنە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان، شارەزایی لە بەكارهێنانی سەرمایەی مەعریفە هەیە بۆ بڕیارە ستراتیژییەكان، ناوبراو ئێستاكە بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی وتووێژو لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكانەو بەرپرسە لە ئامادەكردنی چەند ستراتیژییەتێك بۆ كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابووری كوردستان، لەگفتوگۆیەكی گوڵاندا چەند سەرنج و تێبینیەكی خستەروو تایبەت بەبارودۆخی بیزنس لەهەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەو مەترسییانەش كرد، كە دێنە بەردەم كەرتی تایبەت و ژینگەی وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا، دكتۆر نەبیل پێی وایە قەبەیی حكومەت و ژینگەی وەبەرهێنان گرنگترین ئەو مەترسییانەن كە رووبەرووی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی بیانی بوونەتەوەو شوێنەواری خراپی بۆ سەر بیزنسكاران هەبووە، لەغیابی نەبوونی ستراتیژیەتێكیش بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان ئەوەندەی تر كەرتی بیزنس لەگەشەكردن خاو بۆتەوە.
بەمشێوەیە گەرچی كەرتی تایبەت و بیزنسكاران لە هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە 5-10 ساڵی پێشوو یان ناوچەكانی تری عێراق لە ئاستێكی باش و پێشكەوتوون، بەڵام بەراورد بەستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە ئاستێكی باشدا نییە و، رووبەڕووی چەندین تەحەددیی و ئاستەنگ بۆتەوە، راستە لەهەرێمی كوردستان داهاتی تاكەكەسی بەرزەو بەكارهێنان و بەكاربردن زیادیكردووەو سامانەكان وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت، بەڵام زۆر لەكێشەو ئاستەنگە یاسایی و كارگێڕییەكان دۆخێكی ژینگەیی خراپی بۆ وەبەرهێنان و بیزنسكاران لێكەوتۆتەوەو پێویستی بەچارەسەركردن هەیە، ئەمە لەكاتێكدا ئابووری هەرێمەكە بەرەو ئابووری بازاڕ دەچێت، كەچی زۆر لەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان ئەربیل و بەغدا یەكلانەكراوەتەوە...
لەعێراق بەگشتی و تارادەیەكیش لەهەرێمی كوردستان بیزنسكاران بەگومان و دوو دڵییەوە روو دەكەنە وەبەرهێنان، هاتنی بیزنسكارانی بیانی و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەچەند ساڵی رابردوو زیادیكردووە، بەتایبەت دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان كە هەنگاوێكی باش و گەورە بوو بۆ ئەو قۆناغە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی داهاتی تاكەكەسی، كە وایكرد خواست و پێداویستی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەكان و گواستنەوەو گەیاندن و كاڵاو كەرەستە خۆراكی و بەكارهێنان و خواردەمەنییەكان زیاد بێت، كەواتە كێشەكە لەكوێدایە؟
حكومەت كەرتی تایبەت شكست پێ دەهێنێت
پێم وایە بیزنسكارانی كوردستان رۆڵی سەرەكیان نییە لە ئابووری هەرێمدا، تەنانەت تاكو ئێستا كەرتێكی بەرهەمهێنی راستەقینە نییە، ئەوەتا وەبەرهێنەرانی ناوخۆو دەرەكی بەجیددی روویان لەكشتوكاڵ و پیشەسازی و بوارەكانی بەرهەمهێنان نەكردووە، ئەوەی زیاتر بارودۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە بوونی كەرتێكی حكومی فراوان و قەبە، بەرادەیەك كارو وەزیفەی حكومی هەلێكی گونجاوو لەباری بۆ كەسی رۆژهەڵاتی دروستكردووە، بە پارەیەكی باش بێ ئەوەی بەرهەمهێن بێت و تواناو ئیلتیزاماتی لەسەر بێت لەژیان و دوای ژیانیش زامنی دەستكەوتنی پارەیەكی باشی دەكات، تەنیا كارێك لەسەری سەپێنرابێت پابەندبوونێكە بە دەوامی رەسمییەوە، ئەم دۆخە وایكردووە تاكەكانی ناوكۆمەڵگا حەزیان لەدامەزراندن بێت لەناوحكومەتدا و دووریش دەكەوتنەوە لەكەرتی تایبەت. بەمشێوەیە زۆربەی تواناكان روویان لەدەزگاحكومیەكان كردووە، كەرتێكی بێبەرهەم و لاواز لە داهێنان و لەناو لەشكرێك لە فەرمانبەرو كارمەندی كەم ئەزموون، ئەمەش دۆخێكی وای لێكەوتۆتەوە كەرتی تایبەت بەدەست نەبوون و گرانی نرخی كەسانی پرۆفیشناڵ و لێهاتووەوە گیرۆدە بن، گەر ئەو رێكەوتە نەبووایە كە وایكرد لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە كوردو عەرەبێكی زۆر لە توانا جۆراوجۆرەكان روویان كردە هەرێمەكەو دەستی كاری پێویستیان بۆ كەرتی تایبەت زامن كرد، تەنانەت لە پیشەو توێژە جۆراوجۆرەكانەوە كەسانێك هاتنە هەرێمی كوردستان و روویان كردە پرۆژەی بچووك وەبەرهێنان، بەتایبەت بیزنزكارەكانی ناوچەكانی خواروو ناوەڕاستی عێراق.
نەبوونی ستراتیژ هەلی زۆری وەبەرهێنانمان لە دەست دەدات
دكتۆر نەبیل عەزاری سەبارەت بەنەبوونی ژینگەیەكی تایبەت بەوەبەرهێنان پێی وابوو تاكو ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنان دروست نەبێت، هەموو هەوڵەكانی راكێشانی وەبەرهێنان لە هەرێمەكەدا لەدەست دەدات، ئەوەتا بیروكراتیەتی كوشندەو رۆتین و قەبەیی حكومەت و كۆنی زۆر لەیاساكانی كارو بیمەی كۆمەڵایەتی و موڵكییەت و دەیان یاسای كۆنی تر هەمووی ئاستەنگ و بەربەستی لەبەردەم گەشەكردنی وەبەرهێنانی لێكەوتۆتەوە، بۆنموونە كاتێك بیزنزكاریی بیانی روو لە هەرێمەكەی كوردستان دەكەن كە هەموو پێداویستیەكانی وەبەرهێنانی تێدا زامن كرابێت وەكوو: یاسای نوێی وەبەرهێنان و یاساكانی تری تایبەت بە كارونیشتەجێبوون و باج و رسومات لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان نزیك بن لەیەكترەوە دواتر پێداویستییەكانی ژێرخان و خزمەتگوزاری تێدا دابین كرابێت. ئەزموونی هەریەك لە توونس و میسرو سعودییەو ئیمارات و چەندین وڵاتی تر لە ناوچەكەدا بۆ ئێمەی كوردستانی گرنگە، ئەو وڵاتانە بەجیاواز لەوەی وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە یان رووی لەكەرتی گەشتوگوزارو بازرگانی و پیشەسازی كردووە، بەڵام لە ئەزموونی وەبەرهێناندا هەمووی لە خاڵێكدا یەك دەگرنەوە، ئەویش دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەكان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانە.
پێشخستنی كەرتی تایبەت و
هاتنی وەبەرهێنەر
مەرج نییە سەرجەم پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان بە پرۆژەی گەورەو ستراتیژی ناو ببرێت، ئەو پرۆژەو كارانەی خەسڵەتی ستراتیژییان هەیە پێویستە خاوەنی چەند بنەمایەك بن، سەرەتا دەبێت لە قۆناغی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری تێپەڕی بێت، دواتر بەبوارەكانی توێژینەوەی سوودی ئابووری و دیزاین و قۆناغەكانی جێبەجێكردنا بڕوات، لەمانەش گرنگتر توانای كێبركێی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە هەبێت. لێرەدا دەبێت بەهاوشێوەی وڵاتانی جیهان هەریەك لە پێشخستنی كەرتی تایبەت و راكێشانی وەبەرهێنان لەیەكتر جیاواز بێت، یەكەمیان مەرج نییە راكێشانی وەبەرهێنان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بەڕێوە بچێت، دەستەی وەبەرهێنان ئەركی راكێشان و هاندانی وەبەرهێنانی بیانین، پێویستە پێشخستنی كەرتی تایبەت و راكێشانی وەبەرهێنان وەكوو دوو كاری جیاواز سەیر بكرێت و چیتر رووبەری فراوانی زەوی نەبەخشرێتەوە بەسەر بیزنزكارانی ناوخۆو بیزنزكاری بیانیش لەم ئیمتیازو دەستكەوتانە بێبەش بن .
Top