بەڕێوبەری كتێبخانەی گشتیی هەولێر: بۆ ئەمساڵ كۆمەڵێك پرۆژە جێبەجێ دەكەین

بەڕێوبەری كتێبخانەی گشتیی هەولێر: بۆ ئەمساڵ كۆمەڵێك پرۆژە جێبەجێ دەكەین
بەڕێوبەری كتێبخانەی گشتیی هەولێر ڕای گەیاند پار بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گشت كارەكانمان وەستابوو، بۆ ئەمساڵ و بەپێ ئەو بەرنامەیەی دامانناوە بە خۆپارێزییەوە چەندین پرۆژە جێبەجێ دەكەین.

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی١ی٢٠٢١ ناز فەلەكەدین كاكەیی، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانەی گشتیی هەولێر ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی پەتای كورۆنا بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پار نەمانتوانی وەك پێویست پرۆژەكانمان جێبەجێ بكەین، بەڵام ئێمە بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان توانیومانە خزمەتی هاووڵاتیان و كتێبدۆستان بكەین و كتێبخانەی گشتیی هەولێر بەردەوام بۆ خوێنەران و كتێبدۆستان دەرگای كراوە بووە".

ڕاشی گەیاند: "پلامانمان بۆ ساڵی ٢٠٢١ زیاتر بایەخدان بە چالاكی و كتێبی مناڵان و پێشبڕكێی كتێبخوێندنەوە بۆ ئارەزوومەندانی خوێندوەیە، هەروەها كردنەوەی خولی تایبەت بۆ زانست و پۆلینكردنی كتێب".

ناز فەلەکەدین کاکەیی ڕاشی گەیاند: "دەمانەوێت بۆ ئەمساڵ كتێب ببەخشین بە گرتووخانە و رێكخراوەكانی تایبەت بە بواری رۆشنبیری، هەروەها بەستنی پەیوەندی لەگەڵ كتێبخانەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ئەوەی زیاتر قوتابیان ئاشنای خوێندنەوە بكرێن، ئامادەكردنی كۆڕی شیعر بۆ شاعیران و چالاكیی هونەری و بە ئەكتیڤكردنی تەلاری چالاكیی كتێبخانە و ڕێوڕەسمی واژۆكردنی كتێبی نووسەران، بەشێکی ترە لە چالاکییەکانمان".

بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەولێر گوتیشی: "هەرچەندە هێشتا ڤایرۆسی كۆرونا مەترسی هەیە، بەڵام خەریكە ژیان ئاسایی دەبێتەوەو ژیان ناوەستێت ئەو كەسانەی كە بۆ ئەمساڵیش دێنە نێو كتێبخانەوە بەپێی ڕێنمایە تەندورستییەكان ئێمە ڕێگەیان پێ دەدەین بە بەستنی دەمامک، چونكە تەندورستیی مرۆڤ پێش هەموو شتێكە".

basnews
Top