خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەبارەی میوزیکی کرمانجی لەزانکۆی مۆزارت: ئێستا زیاتر پێویستمان بەپاراستنی كولتوورو زمانی خۆمان هەیە

خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەبارەی میوزیکی کرمانجی لەزانکۆی مۆزارت: ئێستا زیاتر پێویستمان بەپاراستنی كولتوورو زمانی خۆمان هەیە
رۆژی 19-6-2018 لە مەڕاسیمێکی شایستەدا کە لە شاری ساڵزبورگی وڵاتی نەمسا ئەنجامدرا، هونەرمەند و میوزیکژەنی ناوداری کورد دڵشاد سەعید بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری میوزیکی کوردی وەرگرت، نامەی دکتۆراکەیشی لەژێر ناوی «لێکۆڵینەوەیەک لەسەر میوزیکی کرمانجی - لەبەرچاوگرتنی گۆرانییە ریتمییەکان». بوو، کە دوای گفتوگۆی تێزەکەی بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی زۆر باش بەشێوەیەکی فەرمی لە زانکۆی مۆزارت وەرگرت.


لەمبارەیەوە دڵشاد سەعید رایگەیاند: ئەمە یەکەمینجارە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بەمشێوەیە لەسەر میوزیکی کوردی - کرمانجی، لە زانکۆیەکی ئەوروپی باس دەکرێت، هەروەها باس لە ئاوێتەکردنی میوزیکی کوردی لەگەڵ هاوسێیەکانی دەکات».
ئەم هونەرمەندە جگە لە گۆرانیی کوردی لێکۆڵینەوەی لەسەر هەڵپەڕکێی کوردیش کردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: «لەم لێکۆڵینەوەدا گەلێک جۆری گۆڤەندو دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی باسکراوە، کە لەسەر بنکەی ریتم و ریتمی ئاواز لێکۆڵینەوەکان کراون، دواتر تایبەتمەندیی میوزیکی کرمانجی دەستنیشانکراون».
لەم لێکۆڵینەوەی دکتۆر دڵشاد سەعید، چەند راستییەکی شاراوەی ئاشکرا کردووە، کە لە چەند خاڵێکدا کۆکراونەتەوە، لەمبارەیەوە دڵشاد سەعید دەڵێت: «زۆربەی میوزیکەکانی کرمانجی جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ میوزیکی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڤەری قەوقاز هەیە، هەروەها ریتمی ئاڵۆز و غەریب بەناوی ریتمی جۆرجینا هەیە، کە لە ناو کرمانجی و هەندێک لە ناوچەکانی عێراق بەکار دێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی باش دەرکەوت، ئەم ریتمە بە رەچەڵەک لە کرمانجی وەرگیراوە».
سەبارەت بە پێشڤەچوونی هونەری کوردی و جیاوازیی نێوان ئەو کارانەی پێشتر پێشکەشکراون لەگەڵ ئێستای هونەری کوردی دەڵێ: «هونەرمەندانی پێشوو زیاتر شتەكانیان رووبەڕوو و لەسەر شانۆ پێشكەش دەكرد و ئەم تیپانە وەك تەحەددایەك بۆ رژێم بە دڵسۆزییەوە كارەكانی خۆیان دەكرد و خەڵكیش پشتگیری دەكردن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا بەرهەمەكان زیاتر لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن پێشكەش دەكرێن، زۆربەی هونەرمەندەكان قورسایی كارەكانی خۆیان خستۆتە سەر تەلەفزیۆن، ئەمەش كارێكی رۆتینییە و لە هەموو شوێنێك گۆڕانكاری روویداوە. گوتیشی: «بە شێوەیەک گشتی ئێستا تێكەڵ و پێكەڵییەکی زۆر لە هونەری کوردیدا هەیە و رەسەنایەتی خەریكە دوور دەكەوێتەوە، ئەگەر سەیری تەلەفزیۆنەكان بكەین، دهبینین ئەو بەرهەمانەی پێشكەش دەكرێن، بەشی هەرە زۆری ئەو موزیكەی بەناو كوردییە و بەشێوەیەكی دیكە پێشكەش دەكرێ، زۆر زیاترە لەوەی كە بەشێوەی كوردی پێشكەش دەكرێ، پێویستە لە رەسەنایەتی دوور نەكەوینەوە.»
دڵشاد سەعید پێیوایە هەر جۆرە موزیكێك لە كوردستان هەبێت ئاساییە و پێویستە هەبێت بەمەرجێك نەگاتە ئەو راددەیەی كاریگەرییەكی سلبی لەسەر گوێگر هەبێت، گوتیشی: «لە زۆر فیستیڤاڵ و شوێنی دیكەش دووبارەم كردۆتە، موزیك بێت، یان هەر شتێكی دیكە بێت ئەگەر مەبەستی تێكدانی گوێگر بێت، ئەوا لە قاڵبی موزیك دەردەچێت. ئێمە لە قۆناغێكداین پێویستیمان بە هەر شتێكە بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆمان، هەر كاتێك ئێمە گەیشتینە ئاستی وڵاتانی دیكەی جیهان ئاساییە سوود لە جۆرە موزیكییە جیهانییەكان وەربگرین، بەڵام ئێستا زیاتر پێویستمان بە پاراستنی كولتوور و زمانی خۆمان هەیە كە چەندین ساڵە دوژمنان هەوڵی لەناوبردنیان داوە.
هەر سەبارەت بە جیاوازیی کاری هونەری لە ساڵانی رابردوو و ئێستا لە رووی بەشداریکردنی ئافرەتان دکتۆر دڵشاد دەڵێ: «ئێستا دەرفەتی زۆر بۆ ئافرەتان هاتۆتەئاراوە بۆ ئەوەی زیاتر توانا و بەهرەكانی خۆیان بەدەر بخەن، بەڵام پێموایە كاتێك كارێكی هونەری ئەنجام دەدرێ، پێویستە لەهەموو لایەكەوە بزانرێ ئامانجی ئەو تیپە چییە. لەهەمان كاتدا گرنگی بە هەموو لایەنێكی ئەو بەرهەمە بدرێت، ئێمە كاتێ هەوڵمان دەدا جگە لەكاری موزیك گرنگییەكی زۆر بە هەموو موزیكژەنان و ئەندامانی تیپ بدەین بە كوڕ و كچەوە بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵك بناسرێن و پێیان ئاشنا بن.


بیبلیوگرافیا
هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید لە ساڵی 1958 لە شاری دهۆك لەدایكبووە و لە سەرەتای هەشتاكان تیپی ميوزيكی دهۆكی دامەزراند.
لە بەغدا ميوزیكی خوێندووە و ئەندامی تیپی ميوزیكی رادیۆ و تەلەڤزیۆن بووە، دواتر پەیوەندی بە تیپی سیمفۆنیای عێراقی كردووە، وەك ژەنیاری كەمان و یاریدەدەری سەرۆكی ئۆركێسترا بووه.
لە ناوەڕاستی هەشتاكان لە زانكۆی وێلزی بەریتانیا خوێندنی باڵای ميوزیكی تەواو كردووە و رۆژی 19-6-2018 بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی مۆزارت بەدەستهێناوه. چەندین پارچە ميوزیكی بۆ هونەرمەندانی كوردی و عێراقی و بیانی ئامادە كردووە.
شانبەشانی چەندین موزیسیانی عێراقی و بیانی بەناوبانگ موزیكی پێشكەش كردووە، ئێستا لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێیە و وەك ژەنیاری كەمان لە یەكێك لە تیپەكانی سیمفۆنیا لە چالاكییە هونەرییەكانی بەردەوامە.
Top