كارۆل سەقر: ناكرێ هونەرمەند تەنیا پشت بە شێواز و ستایلێكی تایبەت ببەستێت
كارۆل پێیوایە ناكرێ هونەرمەند تەنیا پشت بە شێواز و ستایلێكی تایبەت ببەستێت و لەم بارەیەوە دەڵێ: بێ گومان هیچ هونەرمەندێك ناتوانێت پشت بە زمان و شێوازێكی تایبەتی گۆرانیی وتن ببەستێت و بیەوێ سەركەوێت بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی، من سەرەتا بە شێواز و گۆرانیی رۆژئاوایی دەستم بە كاری هونەری كرد، و زۆریش حەز دەكەم تێكەڵییەك هەبێت لە نێوان ئەو شێوازانەی پێشكەشیان دەكەم بۆ ئەوەی هەموو لایەك رازی بكەم، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت هونەرمەندان لە ئێستادا رووبەڕووی گرفتی زۆر دەبنەوە، یەكێك لەو گرفتانە كە ئێستا بە زەقی دیارە، نەبوونی كۆمپانیای هونەرییە وەكو پێویست كە هونەرمەندان پشتی پێ ببەستن و ببن بە سپۆنسەری بەرهەمەكانیان، بۆیە دەبینین زۆربەی هونەرمەندان بەشداری لە ئاهەنگەكاندا دەكەن یان كۆمپانیای هونەرییان دامەزراندووە.
كارۆل راوێژ كردن بە كەسانی شارەزا و پسپۆر لە بواری هونەری بۆ هونەرمەند بە كارێكی زۆر پێویست دەزانێت هەر ئەمەشە وای كردووە كە لە زۆربەی كارەكانیدا پشت بە هاوسەری ببەستێت كە ئەویش هونەرمەند و موزیكژەنێكی بەتوانایە لە لوبنان و لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەوەی بۆ من مایەی خۆشحاڵییە هاوسەرم هونەرمەندە و منیش متمانەی تەواوم بە تواناكانی و شارەزایی ئەو هەیە لە گشت بوارەكانی ژیاندا، هەر بۆیەشە من هیچ كارێكم بەبێ رەزامەندی ئەو ئەنجام نادەم، بەڵام ئەویش داواكانی من رەت ناكاتەوە و ئەگەر پێویست بە راوێژ هەبێت ئەوا بە هەردووكمان هەوڵ دەدەین باشترین رێگەچارە بدۆزینەوە، هەروەها هاوسەرێكی دڵسۆزە بۆ من و بەرپرسیاریەتیی بواری هونەری و ژیانی خۆشم وەكو پێویست هەڵدەگرێت، لەوەش زیاتر زۆربەی هونەرمەندانی دیكەش لە كارەكانیاندا پشتی پێ دەبەستن و راوێژی پێدەكەن .
سەبارەت بە سەركەوتنی لوبنانییەكان لە بواری میدیا و هونەردا كارۆل دەڵێ: لوبنانییەكان سەركەوتوون لەو كارانەی ئەنجامی دەدەن ئەوەی من بە باشی دەزانم ئەوەیە كە تەنیا لە یەك بواردا ناخوولێنەوە، زۆر ئەكتەر هەیە روو لە بواری گۆرانی دەكات یان نمایشكاری جلوبەرگە، روو لە گۆرانی و نواندن دەكات ئەمەش نیشانەی توانا و بەهرەیانە هیوادارم بەردەوام بن.
كارۆل ئاماژە بۆ دیاردەی لاسایی كردنەوە دەكات و رایوایە ئاساییە ئەگەر هونەرمەند لە ئاهەنگێكدا گۆرانییەكی كۆن یان لاسایی بڵێتەوە، بەڵام كاتێك بگاتە ئاستێكی بەرزی هونەری و تەقلید نەكات بە شتێكی هەمیشەیی و ئیدی نەك تەنیا لە ئاهەنگەكان بەڵكو لە سیدی و بەرهەمەكانیش شتی لاسایی كردنەوەی تێدا هەبێت و رەنگە ئەو كات خزمەت بە هونەرێكی بیانی بكات و لە هونەری رەسەنی خۆی دووركەوێتەوە و نەتوانێت وەكو پێویست تەقلید بكات ئەو كات زیان بە گۆرانییە راستەقینەكەش دەگەیەنێت، كارۆل هەروەها دەڵێ: ئەگەرچی ئەم دیاردەیە هەیە و بەشێك لە گۆرانیبێژان پشتی پێ دەبەستن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاری نەكردۆتە سەر بواری هونەری و رۆژانە هونەر لە بەرەو پێشچووندایە و بەردەوام هونەرمەندی بە توانا دەردەكەون كە شایەنی رێز لێگرتن و هاندانن، جەماوەریش هەست بەمە دەكات بۆیە دەبینین هەندێك هونەرمەند بە هۆی بە هرە و توانای هونەری بەرزی خۆیان هەر زوو دەبنە خاوەن جەماوەرێكی زۆر، بێ گومان هەر جەماوەریشە سەنگی مەحەك بۆ هەر هونەرمەندێك بۆ نموونە ئەگەر هونەرمەندێك لە هەموو بوارێكەوە كەموكوڕی نەبێت، بەڵام دەنگی وەكو پێویست نییە، ئەوا هەرچییەك بكات ئەوا ناتوانێت جەماوەر بۆ خۆی پەیدا بكات، بە پێچەوانەوەش هونەرمەند هەیە بە یەك گۆرانی دەبێتە خاوەن جەماوەرێكی زۆر، من حەز لە هەموو جۆرە ستایلەكانی گۆرانیی وتن دەكەم بۆ ئەوەی دڵی زۆرترین جەماوەر رازی بكەم، ئەگەر جەماوەر لە كارەكانم رازی بێت ئەوا منیش لێیان رازیم و هەوڵ دەدەم كاری باشتر پێشكەش بكەم، كارەكانیشم زیاتر بە قەناعەتەوە دەكەم هەر گۆرانییەكی ئەگەر بزانم لە گوتنیدا سەركەوتوو دەبم و ئاوازەكەیم بە دڵ بێت ئەوا هەوڵ دەدەم پێشكەشی بكەم.
سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆیشی كارۆل دەڵێ: هیوادارم هەمیشە بتوانم كاری هونەری وا پێشكەش بە جەماوەرەكەم بكەم كە لێم رازی بێت، وبتوانم منداڵەكانم بەشێوەیەكی زۆر راست و دروست پەروەردە بكەم وخەڵك بەخۆشی و ئومێدەوە لە دواڕۆژیان بڕوانن.
هەمیشە هەوڵ دەدەم تا زۆرترین راددە خۆم ماندوو بكەم بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانەی كە هەمە و پێویستیان بە ماندوو بوونی زۆر هەبێت، چونكە من پێموایە هونەرمەند بۆ ئەوەی سەربكەوێت هەمیشە پێویستی بە بابەتی نوێی فكری و فەلسەفی و گەڕانی زۆر هەیە، كاتێك كارێك پێشكەش دەكەم كە زۆر ماندووی كردبم و سەركەوتنیش بەدەست بهێنم، ئەو كات زۆر دڵخۆشم، چونكە هەست دەكەم ماندوو بوونەكەم بەفیڕۆ نەچووە، وەك هەر مرۆڤێكم كەسێكی ئاساییم، رق و قینەم بەرامبەر بە هیچ كەسێك نییە بەتایبەتی هونەرمەندان و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم، بەپێی بارودۆخی ژیانی خۆم بەرنامە دادەنێم و هەوڵ دەدەم بە هیچ شێوەیەك شیرازەی خۆم و منداڵەكانم تێك نەچێت، چونكە منداڵ هەمیشە پێویستی بەوە هەیە دایكی لەگەڵیدا بێت بۆ ئەوەی هانی بدات وبۆیە هەوڵ دەدەم بتوانم باڵانسێك لە نێوان ژیانی هونەری خۆم وەكو هونەرمەندێك و ژیانی ئاسایی دروست بكەم.