تالـیا :خەونی بە پاڵەوانی جمناستیكەوە دەبینی نەك گۆرانی و سینەما
تالیا لە 26/8/1972 لەدایكبووە و بچووكترین خوشكەكانییەتی(لاورا، ئەرنیستا،گابرییلا، فریدریكا) خێزانەكەیان لە پێنج خوشك و دكتۆر ئەرنیستۆ سۆدی باوكی و یۆلاندا میریندای دایكی پێكهاتبوو، تەمەنی تالیا 5 ساڵ بوو كاتێك باوكی كۆچی كرد ئەم رووداوەش كاریگەرییەكی دەروونی زۆر سلبی لەسەر تالیا هەبوو و بۆ ماوەی یەك ساڵ بێ دەنگ بوو، تەنانەت لەگەڵ دایك و خوشكەكانیشی قسەی نەكرد بۆیە دایكی ناچار بوو بیباتە لای چەند پزیشكێكی دەروونی، دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی دەروونی تالیا دەستی بە خوێندن كرد تا سەرەتا لە قوتابخانەی فەرەنسی لە مەكسیك خوێندی و لە ئەكادیمیای رۆزسلانج كۆتایی بە خوێندن هێنا.
سەرەتا هیوا و ئاواتەكانی تالیا ئەوە بوون كە ببێتە پاڵەوانێكی یاریی جومباز هەر بۆیەش پەیوەندیی بە قوتابخانەی ( دی نیلی هاپی) یەوە كرد،بەڵام ئەو كات لاورای خوشكی كە لە بواری شانۆ كاری دەكرد لەگەڵ خۆی دەیبرد بۆ بیننی چەند نمایشێكی شانۆیی ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تالیا هەبوو و خەونی بەوەوە دەبینی كە لە بواری گۆرانی و شانۆدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەمەش وایكرد كە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا فێری ژەنینی پیانۆ ببێت و هەموو هیوا و ئاواتی تالیا ئەوە بوو رۆژێك لە رۆژان ببێتە ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهان.
بەر لە مردنی باوكی لە تەمەنی 4 ساڵیدا بۆ یەكەم جار لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی منداڵاندا دەركەوت، هەر ئەو كات زۆر كەس پێشبینی پاشەڕۆژێكی پڕشنگداریان بۆ دەكرد، دوای دوو ساڵ لە تەمەنی 6 ساڵیداو دوای رزگاربوونی لەو بارودۆخە دەروونییەی تووشی هاتبوو بە هۆی مردنی باوكییەوە، پەیوەندی بە تیپێكی مۆسیقا و گۆرانی منداڵانەوە بە ناوی (Din Din) ەوە كرد، ئەو كات تیپەكە چوار ئەلبوومی تایبەتی منداڵانیان بڵاو كردەوە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە قوتابخانەی (Tara Parra) بەردەوام بوو لەسەر مەشقی هونەری و لەسەر دەستی مامۆستا فلۆرینس ریگس وانەی خوێند كە وانەی بە زۆر لە هونەرمەندی ناودارەكانی جیهان داوە وەك مایكڵ جاكسۆن و مادۆنا و چەندانی دیكە، لە ساڵی 1983 بەشداریی لە دڕامای ( چیكۆڵادس) دا كرد ودوای ئەوەی پەیوەندیی بە شانۆوەكرد، رۆڵی پاڵەوانی لە شانۆگەری ( ڤاسیلینا) كە رۆڵێكی كۆمیدی بوو، بینی .
ئەو شڵەژانەی كە لە ساڵی 1986 گۆرانی و مۆسیقای مەكسیكی تێیكەوت، دەرگای ناوبانگ و سەركەوتنی بۆ تالیا واڵا كرد و لەگەڵ تیپە مۆسیقییەكەی كە بە( تیمبریكا) ناسراوە تا ساڵی 1990 لە لوتكەدا بوون، بەڵام دواتر چەند ناكۆكییەك كەوتە نێو ئەندامانی ئەو تیپە و بووە هۆی ئەوەی بە یەكجاری نەمینێ و ئەندامەكانی هەریەكەو لە شوێنێك گیرسایەوە، بەڵام تالیا بەوە رازی نەبوو و بڕیاری دا خۆی بە تەنیا بەردەوام بێت و خەونەكانی خۆی بەدەستی خۆی بەدەست بێنێت و یەكەم ئەلبوومی تایبەتیی خۆی بەناوی ( تالیا) بڵاو كردەوە بەمەش رێرەوێكی تایبەتی بۆ خۆی دیاریكرد و خۆی لە گۆرانی بە كۆمەڵ و سلبیاتەكانی رزگار كرد.
لە كاتی نواندندا تەنیا گوێڕایەڵی خواست و فەرمانەكانی وێنەگر و دەرهێنەر نەدەبوو، بەڵكو بەتەواوی دەچووە نێو ئەوكەسایەتییەی بەرجەستەی دەكات و بە شێوەیەكی زۆر نزیك لە راستەقینە دەچووە نێو ئەو واقیعەی كە لە ڕۆڵەكەدا دەیبینی، بۆیەش لە زنجیرەكاندا زوو دەچووە نێو دڵی جەماوەر و كاریگەریی بە تەواوی بەسەرییەوە دیاربوو،تالیا بۆ یەكەم جار توانیی زنجیرەی ( رۆمان) لە ئاستی ناوخۆی مەكسیك بۆ دەرەوەی بگوازێتەوە و بیكات بە یەكێك لەو هونەرانەی كە جەماوەرێكی بێ شوماری لە سەرانسەری جیهان هەبێت، نەخاسمە لەو وڵاتانەی كە هونەرەكەیان زۆر پێشكەوتووە و لە وڵاتەكانی دیكەش كە ئاستی هونەریان زۆر بەرز نەبوو وایكرد بە هۆی ئەم زنجیرەیەوە بگەنە قۆناغی رەخنەگرتن، بە نواندنی ڕۆڵی كچە پلیت فرۆشەكە لە ماریمار مەرسیدس و ئەو كچە بێ كەسوكارەی لەگەڵ داپیرە و باپیرەی دەژیا لەسەر كەناری دەریا لە ( ماریمار) تالیا توانی سەرنجی ملیۆنەها كەس لە هەردوو كیشوەری ئەمریكا و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسیا بۆ خۆی رابكێشێت و ناوبانگێكی جیهانی بۆ خۆی پەیدا بكات تا وای لێهات بەم دواییە زنجیرەكانی بە سیانەكەی ماریا ناسراون لەسەرتاسەری جیهان ئەمەش پاڵپشتێكی دیكە بوو بۆ سەركەوتنەكانی لە بواری گۆرانیی گوتن، تالیا هەر بەوەش نەوستاوە بەڵكو بەم دواییە كتێبێكی تایبەت بە منداڵانی بڵاوكردۆتەوە.