شه‌ڕی ئۆسكار گه‌رم بووه‌

شه‌ڕی ئۆسكار گه‌رم بووه‌
ساڵانه‌ به‌ر له‌ راگه‌یاندنی براوه‌كانی خه‌ڵاتی ئۆسكار به‌ ماوه‌یه‌ك، ناوی پاڵێوراوان راده‌گه‌یه‌نرێت ئه‌مه‌ش ركابه‌ریی نێوان ئه‌ستێره‌كان زیاد ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی هۆڵیود هه‌میشه‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینن رۆژێك له‌ رۆژان براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ بن و ناویان بچێته‌ نێو مێژووی گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین خه‌ڵاتی هونه‌ری سینه‌ماییەوە. ئه‌م ساڵ پاڵێوراوان بوونه‌ته‌‌ دوو گرووپ یه‌كیان پشتگیریی له‌ جۆلیا رۆبێرتس ده‌كات كه‌ به‌ خاوه‌نی جوانترین زه‌رده‌خه‌نه‌ ناسراوه‌ له‌ جیهان و یه‌كێكه‌ له‌ پاڵێوراوه‌ به‌هێزه‌كان بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری باشترین ئه‌كته‌ری یاریده‌ده‌ر، گروپێكی دیكه‌ش كه‌ پشتگیرییه‌كی به‌هێزی جنیڤه‌ر لۆرانس ده‌كات كه‌ پار خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ترسی له‌ لای هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ دروستكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ستێره‌ی سینەمایی كینی لۆبیتا نیۆنگۆ كه‌ پێشتر پلیتی پاڵاوتنی گۆڵدن گلۆبی به‌ده‌ست هێناوه‌، خه‌ڵاتی ئۆسكار له‌ده‌ست جۆلیا و جنیڤه‌ر ده‌ربهێنێت. ‌لۆبیتا پاڵه‌وانی فیلمی (12 ساڵ له‌ كۆیلایه‌تی)یه‌ كه‌ بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵاته‌كان پاڵێوراوه‌ ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستێهنانی خه‌ڵاته‌كه‌ی زۆره‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئۆپیرا وینڤریی له‌ پاڵاوتن دوورخرایەوه‌، ئه‌گه‌رچی جۆلیا رۆبێرتسی پاڵه‌وانی فیلمی(ئۆگەست هەرێمی ئوشاگ) هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی زۆر به‌هێزی ده‌ستپێكردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا جنیڤه‌ر لۆرانسیش كه‌ له‌ پله‌ی دووه‌می پاڵاوتنه‌كانی گۆلدن گلۆب هات، هه‌ڵمه‌تێكی به‌هێزی ده‌ستپێكردووه‌ و خۆی به‌ شایسته‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ده‌زانێت، جنیڤه‌ر زۆر ترسی له‌ جۆلیا و له‌ سوپرایزێكی لۆبیتای كینی نییه‌، به‌ڵام ترسی گه‌وره‌ی له‌ دوو دڵیی لیژنه‌ی ئۆسكار هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ دوو ساڵ له‌سه‌ر یه‌كتر خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ یه‌ك ئه‌كته‌ر نه‌به‌خشن، چونكه‌ پێشتر پێنج جار میریل ستریت به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ خه‌ڵاته‌كه‌ بێبه‌ش كراوه‌، پاش چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و هه‌رچه‌نده‌ پاڵێوراوان تا رادده‌یه‌ك دیاریكراون، به‌ڵام تا رۆژی كۆتایی كه‌س نازانی كێ ده‌بێته‌ هه‌ڵگری ئۆسكاری 2013.
Top