سه‌یران ئه‌حمه‌د:هه‌ر گۆرانییه‌ك گوزارشت له‌ژیانی هونه‌رمه‌ند بكات سه‌ركه‌وتووترده‌بێت

سه‌یران ئه‌حمه‌د:هه‌ر گۆرانییه‌ك گوزارشت له‌ژیانی هونه‌رمه‌ند بكات سه‌ركه‌وتووترده‌بێت
كچێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و له‌ سه‌ره‌تای پێ نانه‌ نێو بواری هونه‌ر و گۆرانی كوردییه‌، تا ئێستا چه‌ند كلیپێكی هه‌یه‌، به‌ڵام خۆشه‌ویستیی بۆ هونه‌ر و ئه‌و توانا هونه‌رییه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی چاوه‌ڕێی پاشه‌ڕۆژێكی باشی لێده‌كرێت له‌و بوار ئه‌گه‌ر بتوانێت به‌رده‌وام بێت و په‌ره‌ به‌ تواناكانی خۆی بدات، سه‌یران ئه‌حمه‌د له‌ دایكبووی شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ باشوور له‌ شاری هه‌ولێر ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، سه‌ره‌ڕای په‌یدا كردنی بژێوی ژیانی و زه‌حمه‌تییه‌كانی ژیان، به‌ڵام ئه‌و مكوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئیدی تواناكانی خۆی نه‌شارێته‌وه‌ و به‌ ده‌نگی خۆی خزمه‌ت به‌ هونه‌ری كوردی بكات.



هه‌ر كه‌سێك كه‌ ده‌ست به‌ كاری هونه‌ری ده‌كات به‌ جۆرێك و له‌ ته‌مه‌نێك دێته‌ نێو بواره‌كه‌كه‌وه‌ كه‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر، زۆربه‌یان هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ریكی كاری هونه‌رین و له‌ ته‌مه‌نێكی زوودا هاتنه‌ نێو بواره‌كه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تاكانی گۆران وتنی، سه‌یران خان ده‌ڵێ: هه‌ست ده‌كه‌م سه‌ره‌تاكه‌م باش بوو و به‌ سه‌ركه‌وتووی داده‌نێم، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نێكی زوودا حه‌زم له‌ گۆرانی وتن بوو به‌تایبه‌تی گۆرانیی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كان و زۆر جار گۆرانییه‌كانم ده‌وته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ هاوڕێ و خزم و كه‌سه‌كانم كه‌ گوێیان له‌ ده‌نگم ده‌بوو، پێیان ده‌وتم مادام ده‌نگت ئاوا خۆشه‌ بۆچی گۆرانی ناڵێی، ئه‌مانه‌ زیاتر هانیاندام بۆ ئه‌وه‌ی خۆم ماندوو بكه‌م، به‌ڵام تا دوو ساڵ پێش ئێستا نه‌متوانی توانا هونه‌رییه‌كانی خۆم ده‌ربخه‌م ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، به‌ڵام من له‌ دڵه‌وه‌ خۆشه‌ویستیم بۆ هونه‌ر هه‌یه، هه‌شت ساڵه‌ من له‌ كوردستان نیشته‌جێم، كه‌ یه‌كه‌م جار هاتم كه‌سانێكی وام نه‌ده‌ناسی كه‌ له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ هاوكاریم بكات، هه‌روه‌ها بۆ په‌یدا كردنی بژێوی ژیان من نه‌ك نه‌متوانی وه‌ك هونه‌رمه‌ند ده‌ربكه‌وم، به‌ڵكو نه‌متوانی درێژه‌ به‌ خوێندنیش بده‌م.
ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستكردنی به‌ كاری هونه‌ری و دواكه‌وتنی له‌ ده‌رخستنی تواناكانی سه‌یران ده‌ڵێ: من پێشتر له‌ بواری ریكلام كارم كردووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا ئه‌وانه‌ی كه‌ دركیان به‌ تواناكانی منیش كردبوو حه‌زیان نه‌ده‌كرد من وه‌كو هونه‌ر ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌ ئیره‌یی پێ بردن، یاخود حه‌زیان ده‌كرد من له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام بم له‌ كاره‌كه‌ی خۆم، هه‌روه‌ها زۆر كه‌سیشم نه‌ده‌ناسی كه‌ له‌ هونه‌ره‌وه‌ نزیك بن یان هونه‌رمه‌ند بن، كه‌ باسی ئه‌وه‌شم ده‌كرد كه‌س پشتیوانییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردم، من ئه‌وه‌ نزیكه‌ی 3 ساڵه‌ هاتوومه‌ته‌ نێو بواری هونه‌ری ئه‌وه‌ی پێشبینیم ده‌كرد ئه‌وه‌ بوو كه‌ هونه‌رمه‌ند كه‌سێكه‌ له‌ شێواز و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌بێ جیاواز بی له‌ كه‌سانی تر، به‌ داخه‌وه‌ ئێستا زۆر كه‌س هه‌ن كه‌ هه‌ندێك ناوبانگیان له‌ رێگای هونه‌ره‌وه‌ په‌یدا كرد ئیدی خۆیان به‌ كه‌سانی گه‌وره‌تر له‌ مرۆڤه‌كان داده‌نێن و بیریان ده‌چێته‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند به‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ گه‌وره‌ نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هونه‌ر نه‌بێت ئه‌وانیش مرۆڤی ئاسایین و له‌ رێگای هونه‌ره‌وه‌ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی هه‌یه‌ بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات غروریان پێوه‌ دیار بێت.
ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌یران كاری له‌گه‌ڵ كردوون زۆر جار داوایان لێكردووه‌ كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌گه‌ڵیان له‌ كار كردن، به‌ڵام سه‌یران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ند ئازاده‌ له‌گه‌ڵ كێ كار بكات و هاندان و جوانی و باشی كاره‌كان له‌ رووی تێكست و ئاواز به‌ پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی داده‌نێت بۆ كار كردن له‌گه‌ڵیان و ده‌ستخۆشی و سوپاسی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ داوایان لێیكردووه‌ دۆیتیه‌كیان له‌گه‌ڵ بكات ئه‌گه‌رچی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی باش نه‌بوو ره‌تی كردۆته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و بڕوای به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاری دووه‌می پێویسته‌ زۆر له‌ كاری یه‌كه‌می باشتر بێت ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بێت یان ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی كاری یه‌كه‌میشی بێت ئه‌وا ئاماده‌ نییه‌ بیكات، چونكه‌ پێویسته‌ هه‌ر مرۆڤێك له‌ هه‌ر بوارێكدا كار بكات به‌تایبه‌تی له‌ بواری هونه‌ری پێویسته‌ رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و پێش هه‌نگاو بنێت نه‌ك بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كارێكه‌ جه‌ماوه‌ر قبوڵی ناكات.
هه‌ڵبژاردنی تێكست یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌رگۆرانی و به‌رهه‌مێك له‌م بواره‌وه‌ سه‌یران ده‌ڵێ: له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر تێكستێك من سه‌ره‌تا تێكسته‌كه‌ به‌ وردی ده‌خوێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانم كه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی من ده‌مه‌وێ له‌و تێكسته‌دا هه‌یه‌ یان نه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی بیڵێم،‌ یاخود شتێكی خۆمی بۆ باس ده‌كه‌م كه‌ به‌سه‌رهاتێكی من بێت و داوای لێده‌كه‌م كه‌ تێكستێكم بۆ بنووسێت كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ بێت و گوزارشتی لێ بكات، من پێموایه‌ هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ستێكی راستگۆییانه‌‌ گۆرانیه‌كه‌ نه‌ڵێت یان خۆی له‌ ناو تێكسته‌كه‌دا نه‌دۆزێته‌وه‌ زه‌حمه‌تە به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌دای بكات كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ و ئه‌و كات ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ قسه‌ كردن، به‌ڵام ئاوازی بۆ دانراوه‌ و ناتوانم ناوی بنێم گۆرانی، گۆرانی یه‌كه‌می خۆم كه‌ به‌ ناوی (بۆ كچێك) بوو ره‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ژیانی من بوو بۆیه‌ زۆری له‌سه‌ر داوای من و ته‌نانه‌ت له‌ دانانی تێكسته‌كه‌شیدا من به‌شدار بووم، چونكه‌ ئه‌گه‌ر من به‌و هه‌سته‌وه‌ گۆرانییه‌كه‌م نه‌گوتبا ره‌نگه‌ نه‌متوانیبا تێیدا سه‌ركه‌وتوو بم، مه‌به‌ستی من له‌و گۆرانییه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ناوبانگ ده‌ربكه‌م و ده‌ربكه‌وم، به‌ڵك ده‌مویست ئه‌وه‌ی له‌ ناخی مندایه‌ ده‌ری ببڕم به‌داخه‌وه‌ زۆر ئافره‌تی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌ربورده‌ی ژیانیان وه‌كو منه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ختتریش نه‌بێت، به‌ڵام ناتوانن یان نایانه‌وێ ده‌ری ببڕن، هه‌روه‌ها من ناتوانم له‌ گۆرانی وتندا مه‌رجی هیچ كه‌سێك قبوڵ بكه‌م ئه‌گه‌ر بڕوای ته‌واوم پێی نه‌بێت و بزانم نابێته‌ هۆی پێشكه‌وتنی هونه‌ری من.
هه‌ندێك له‌ ئافره‌ته‌ گۆرانیبێژه‌كان گۆرانییان بۆ كوڕ ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئایا ئاماده‌یه‌ گۆرانی له‌و شێوه‌یه‌ بڵێت سه‌یران ده‌ڵێت: تا ئێستا بیرم له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانم گۆرانی بۆ هه‌ر كوڕێك بڵێم، چونكه‌ من نازانم له‌ ناخی ئه‌و كوڕه‌دا چی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێت خۆشم بوێت یان بتوانێت ژیان خۆی له‌ تێكستێكدا بۆ من بنووسێته‌وه‌ ئه‌و كات ده‌توانم و ئاماده‌ بیڵێم واته‌ له‌ گۆرانییه‌كدا باسی به‌سه‌رهاتی ژیانی كوڕێك بكه‌م ئه‌وه‌یان زه‌حمه‌ت نییه‌ و ده‌توانم بیڵێم، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ گۆرانی ئه‌وینداری بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ گۆرانی بۆ سروشت و جوانی وڵات و نیشتیمان بڵێم، چونكه‌ ئه‌ركی هه‌موو كوردێكه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندیشه‌وه‌‌ شانازی به‌ كوردبوونی خۆیه‌وه‌ بكات و ئێستا له‌ به‌رنامه‌مدایه‌ گۆرانییه‌ك بۆ هه‌ولێر و كوردستان بڵێم.







Top